سێشەممە, تشرینی یه‌كه‌م 14, 2025
frku

كتێبی ڕەخنەیی ”گرفتی دەق لە ڕۆمانی كوردیدا”

كتێبی گرفتی دەق لە ڕۆمانی كوردیدا. كتێبێكی ڕەخنەیی ئەدەبییە و تایبەتە بە ڕۆمان، لە نووسینی دڵشاد كاوانی. ئەم کتێبە پڕۆژەی ئاگا بۆیەكەمجار چاپ و بڵاوی كردووەتەوە. ئەم کتێبە (146) لاپەڕەیە. لە دووبەش پێکهاتووە:

بەشى یەکەمیان خوێندنەوە و توێژینەوەى ڕەخنەیین، لە دەوری چوار ڕۆمانى کوردی، دوو قەڵەمى پێش ڕاپەرین و دوو قەڵەمى دواى ڕاپەڕین؛ ئەو دەقانە بە نموونە وەرگیراون.

بۆ ئەم مەبەستە دڵشاد كاوانی نووسەری كتێبەكە ڕایگەیاند: هەر چوار ڕۆمان لەپاڵ جوانییەكانیاندا كۆمەڵێك كەموكوڕیان هەن، كە نووسەرانیان درکیان پێ نەکردووە و لەم كتێبە وەك كاری ڕەخنەیی پەنجەى خراوەتەسەر.

ڕۆمانەكانیش پێكهاتوون لە ڕۆمانی هەیئەی سەلام عەبدوڵڵا. لەدایکبوونى دووەم. پێشڕەو عەبدوڵڵا. کانێ بچووکێ جوان عوسمان. خەونەکانى مەتڕان. زرار سەرتاش. بایۆڕۆمانى غه‌مبار. ئیبراهیم عومەر مەلازادە.      

 هەروەها  گوتی: بەشى دووەمى کتێبەکە سێ پەیامی ئەدەبین، دەربارەی نووسینی زانستی ڕۆمان، هەروەها ڕەگەز و بنەما زانستییەكانی ڕۆمانی تێدا خراوەتە ڕوو. دوو پەیامەکەى دیکە بۆ ئەو ڕۆماننووس و کتێبانە نووسراوە کە بەر لە چاپبوونی کتێبەکان، بە مەبەستى پێداچوونەوەى ئاراستەى خاوەنەکانیان کراوە.

لە كتێبی گرفتی دەقدا هاتووە، گەورەترین هەڵەى ڕۆمان نووسین لەوەدایە کە دەقاودەق لاسایی ڕۆمانى جیهانیی بکرێتەوە. زۆربەى ڕۆمانە بەناوبانگەکانى دونیا، بەتایبەتیی ڕۆمانى ڕۆژاوایی کە بە زمانێکى سادە بابەتێکى قووڵ باس دەکەن. وەلێ ڕۆمانى کوردیی بە زمانێکى قووڵ و ئاڵۆز، شتێکى سادە دەگێڕێتەوە. ئەم شێوازە لە دەربڕینى دەقى ئەدەبیدا بۆ هەردوو لا ڕاستە. پەیوەندیی بە ئازادیی و پێشکەوتنى کۆمەڵگەکەوە هەیە، چونکە پانتایی ئازادیی و پێشکەوتن لە نووسیندا پەیوەستە بە نەریتە باوەکانى کۆمەڵگە و دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو گەلە کە ڕۆماننووس تێیدا لەدایک دەبێت.

كتێبی گرفتی دەق لە ڕۆمانی كوردیدا دووەمین كتێبی ڕەخنەیی نووسەرە لەبارەی ڕۆمانەوە.

دڵشاد کاوانی

نووسەر

Check Also

”سەرهەڵگرتن” مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت

نوێترین بەرهەمی داستان بەرزان یادداشتەڕۆمانی (سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت) نوێترین کتێبی شاعیر و نووسەر …