دوو شه‌ممه‌, نیسان 29, 2024
frku

سەرنجێک دەربارەی سایکۆلۆجیای سیاسی کورد و گرێی سەندرێلا

موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

موحەمەد ڕ. ئەحمەد

زۆربەمان چیرۆکی سەندرێلا دەزانین، کچێکی شۆخ و شەنگە لە کۆشکێک دەژیت، دایک و زڕ خوشکەکانی زۆر لەگەڵی خراپن. ئەمیش چاوەڕێی سوارچاکێک دەکات وەک ھێزێکی دەرەکی کە لە دەرەوەدا بێت و ڕزگاریبکات لەو ژیانە ناخۆشەی کە تێیدایە و بیخاتە ژیانێکی خۆش. بە گوزارشتێکیتر سەندرێلا وەک کچێک پشت بەخۆی نابەستێت بۆ ڕزگارکردنی خۆی و ڕووبەڕووبونەوەی نەھامەتیەکانی ژیانی، بەڵکو چاوەڕێی ھێزێک دەکات لە دەرەوەی خۆی تا ژیانی بگۆڕێت بەرەو باشتر.

گرێی سەندرێلا گرێی زۆربەی کچانە، ئەم گرێیەش لە لاوازی و ھەستی خۆبەکەمزانینەوە دێت. زۆربەی کچان بەتایبەتی بەر لە شووکردنیان زۆر نیگەرانن لەبەرامبەر ڕووبەڕووبونەوەی ژیان و ترسیان لێی ھەیە، ھەست بە بێتوانایی و لاوازی دەکەن کە بەتەنھا ناتوانن ڕووبەڕووی ژیان ببنەوە، بۆیە ھەمیشە چاوەڕێی پیاوێک دەکەن بێت و شووی پێبکەن تاوەکو لە پاڵیدا وەک ھێزێک ھەست بە ئاسایش و پاڵپشتی بکەن و وەک سوارچاکێک ببێتە فریادڕەسیان.

لەم ڕووەوە دەتوانین لێکچواندنێکی تەواو بکەین لە نێوان سایکۆلۆجیای لاوازی و خۆبەکەمزانینی کچان و سایکۆلۆجیای ژێردەستەیی خۆبەکەمزانینی کورد.

ھەرچەندە ھەندێک لە ڕۆشنبیر و نووسەرانمان بە پێچەوانەوە پێیانوایە کورد خۆی زۆر بە گەورە دەبینێت لەچاوی زلھێزە دەرەکیەکان و ململانێ نێودەوڵەتیەکان، پێیانوایە کورد خۆی فریوداوە وا ھەست دەکات پێگەی جیۆ سیاسی و ئابووریەکەی ھەمیشە جێگای بایەخی زلھێزەکانن، بۆیە زلھێزەکانن ھەر بەگرنگی و بەبایەخەوە لە کورد دەڕوانن و بێدەربەست نابن لەبەرامبەریان و کورد ئامادەی ھەیە لە پلان و بیرکردنەوە و خەیاڵدانی زلھێزەکان و فەرامۆش ناکرێت.

ئەمە ڕاستە، بەڵام گەر لە ڕووی سایکۆلۆجیەوە لێی بڕوانین ئەمەش ھەر لە خۆ بەکەمزانینەوە دێت نەک خۆ بەگەورەزانین.

وەک چۆن زۆرێک لە کچان ھەست بە ترس و لاوازی دەکەن لەھەمبەر ڕووبەڕووبونەوەی ژیان بۆ ئەمەش چاوەڕێی پیاوێک دەکەن تاوەکو بێت و لەپاڵیدا ھەست بە ئاسایش و ئارامی پاڵپشتی بکەن. وە ھەمیشە پێیانوایە جێگای سەرنجڕاکێشانی پیاوانن و پیاوان خۆیان دێن ڕزگاریان دەکەن و گرنگییان پێ دەدەن.

بەھەمان شێوە چونکە نەتەوە سەردەستەکان پێشتر و ئێستاش خۆیان لەوسەری دونیا دێن بۆ لای  نەتەوە بندەستەکان و تەماحیان لە خێرو بێری ئەو نەتەوە بندەستانە ھەیە و گرنگییان پێ دەدەن وەک چۆن پیاوان تەماحیان لە جوانێ ئافرەت ھەیە و گرنگییان پێ دەدەن و دێنە خوازبێنیان. بۆیە پێیانوایە زلھێزەکان ھەمیشە خوازبێنیکارێکی باشن بۆ ئەوان گەر بتوانن سەرنجیان ڕابکێشن!

 لە ئەنجامدا نەتەوەی بندەست ھەمان سایکۆلۆجیەتی ئەو ئافرەتە لاوازانەیان دەبێت کە دەیانەوێت بەجوانیەکەیان ببنە جێگای سەرنجی پیاوێک و شوی پێ بکەن، تا لە پاڵیدا ھەست بە ئاسایش و ئارامی بکەن و ترسی بڕەوێتەوە لە ھەمبەر ڕووبەڕووبونەوەی ژیان.

کوردیش ھەمان دۆخی سایکۆلۆجی ھەیە، خۆی زۆر لەوە کەمتر دەبینێ کە پشت بخۆی ببەستێ بۆ خۆ ڕزگارکردنی بەڵکو چاوەڕێی ھێزێک دەکات لەدەرەوەی خۆی. پێیوایە پێگەی جیۆ سیاسی و ئابووریەکەی زۆر جێگای بایەخی زلھێزەکانە. توانیویەتی بەکاریبھێنێت بۆ سەرنجڕاکێشانی زلھێزەکان. ڕۆژێک دێت زلھێزەکان وەک سوارچاکێکی فریادڕەس دێن ڕزگاری دەکەن لە دەست زڕ دایک و زڕ خوشکەکانی!

بەم شێوەیە ئەو نەتەوە بندەستانی ھاوشێوەی کورد وەک ئافرەتانی لاواز خۆیان ناتوانن ڕووبەڕووی ژیان ببنەوە بەتەنھا و پشت بەخۆیان ببەستن بەڵکو چاوەڕێن تا خێرو بێر و پێگەی جیۆ سیاسی و ئابووری وڵاتەکەیان ببێتە جێگای سەرنجڕاکێشانی نەتەوە سەردەستەکان تاوەکو بێنە ناو وڵاتەکەیان و گرنگییان پێ بدەن و لەپاڵیاندا ھەست بە ئاسایش و پاڵپشتی بکەن.

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …