ڕامانێک لە دید و بۆچوونەکانی
نەوزاد جەمال/ بەیان سەلمان
لە بەرهەمەکەیدا باس لە تەماشاکردن لەچاوی پیاوەوە بۆ ئافرەت دەکات، هەڵبەت ئەوەندەی من لەو تێزەی ئەو تێگەیشتبێتم، کاریگەریەکی فەلسەفەی لەسەرە بەتایبەت (لێڤیناس). من وەک ئەویترو ئەویتریش وەک خۆم ببینم، مەرجێکی ئۆنتۆلۆجی و ئیتیکەی بۆ پەیوەندی من و ئەو.
هەڵبەت بۆ تێگەیشتن لە ئەویتر، دەبی ئەویتر راڤەکەم، ئەمەش هەر بە ئەندێشەیی نابێ، بەڵکو دەبێ خۆم بخمە جێگەو شوێن پێی ئەو، واتە ئەو زەمینە ئۆتنۆلۆجی و سیاسی و کۆمەڵایتەی و وکولتوریەی کە ئەوی تێدایە. پێشمەرجی ئەم جێگۆرکێ ناخەکییە ئەوەیە، کە من خۆم لەو قاڵب و پێوەرانەی هەمە بۆ ئەویتری خۆم ئافرەت، دابڕنم، رووتکەم. لەپێناو ئەوەی کە ئەو وەک خۆی کەهەیە تەمشاکەم و ببینم.
لێرەدا جیاوازی هەیە لەنێوان تەماشکاردن و بینین، تەماشاکردن نوارین و چاوخستنە سەر فۆرمێکی دەرەکی شتەکان، بابەت و کەسەکان، واتە هەستەکی دەرەزەینیە. چونکی لە ئاستی چاودایە. وەلێ بینین، واتە پاشئەوەی تەماشات کرد، ئەو وەکئەوەی کەهەیە ببینی، لەدەرەوەی بریارەپیشوەخت و پێشەکیانەی کەهەیە لەسەر کەسەکە. بۆیە لێرەدا تێگەیشتن و بینین بریتین لەراڤەیەکی هێرمەنۆتیکی- لێکدانەوەیی.
ئەگەر لە کۆنتێکستی (نانسی هیوستن)دا باسی بکەین، گرفتی پیاو ئەوەیە تەماشای ژن، ئافرەت دەکات، بەڵام نایبنێت. تەماشا مەخزوونێکی کو‌لتووریی پڕکراوە لە پێوەری و پێودانگی کە پاشخانێکی کولتووری و ئاینی و ئەفسانەیی کۆمەڵایەتی بەرهەمی هێناوە، لێرەوە کاتێ پیاو تەماشای ئافرەت دەکات، ناتوانێ ئافرەتەکە وەکخۆی تێبگات و بینبنێت. لەبەرئەوە، هەلسەنگاندی پیاو بۆ ئافرەت لەدوو حاڵەتی پرۆجێکشن تێناپەرێت بۆ تەماشکراوەکە (ئافرەتەکە):
- پەسەندکردنی، ئەوەش لەبەرئەوەی ئەو ئافرەتە وەڵامدەرەوەی ئەو چاوەروانیەی کە پێدراوێکی کولتووریە لەناخی پیاودا پێی گۆشکراوە.
- رەتکردنەوە، کە بەپێی ئەو پێوەرە پیاوسالاریانەی لێوەی دەنوارێتە ئافرەت. ئەو پیناسانەی کەهەیە بۆ پیاوە، بەلام ئافرەتی پێ دەخوێنرێتەوە: لاواز، پێچەوانەی ئازا‌و بوێری پیاوە. بۆیە هەڵسەنگاندنی پیاو بۆ ئافرەت بە نێگەتیڤی واتە نەبوونی ئەو سیفەتە پیاوانەیە کە لە مێینەدا نییە!
کەواتە پرۆسەی تەماشاکردن، ئەگەرچی بەچاو یا هەستەکانی تر ئەنجام دەدرێت، کوێریە، نابیناییە لەبەرامبەر ژن دا. بەدەربرینێکی تر؛ سڕینەوەی ئەوی ترە- ژنە.
دیارە بۆچوونی نانسی هیوستن لێرەدا جوانە، کە پیاو لە تەماشاکردن تەنها جەخت لە وێنەدەکات. واتە دەیەوێ ئەو وێنەیەی زەینە کە کو‌لتوور خۆراکدەرێتی بچەسپێنێت. لێرەوە، مادام پەیوەندی پیاو بە ژن لەڕێگەی پرۆسەی تەماشاکردنەوەیە، ئەو تەماشاکردنە بێجگە لە بینین وێنەیەکی پێشەکی لە ئەندێشەی خۆیدا هیچیتر نابینێ بە واقیعی. کەواتە دابڕانێکی ئۆنتۆلۆجی دێتە ئاراوە: وێنە (رووخساری فیزیکی) جێگەی هەقیقەت-ژن- دەگرێتەوە. ژن لەبوون دەخرێ کاتێک دەبیتە وێنەیەکی قەشەنگ و سەرنجڕاکێش.
بۆیە وێنەی ژن لەچاوی پیاودا، بەرهەمی وێناندن و وێناکردنێکی کولتووریە کە لە نەست و تیرکەرەی غەریزەی نێرایەتیە. کەواتە کێشەی ژن و پیاو، نایەکسانی ئەو دووانە دەگەریتەوە بۆ پێکدادان و لێکدژی نێواین دوو وێنەی جیاواز: وێنەی ژن بۆخۆی، وێنەی ژن لە چاوی پیاودا، ئەگەر بەڕای نانسی وای لێکدەینەوە.
سەلمێنەرێکی دیکەی ئەم بۆچوونەی نانسی ئەو راستیەیە، کە پیاو لەتەماشاکردندا، تەنها دەروانێتە تەن، جەستەی ژن. بەشێوەیەکی تر بڵێین: ژن وەک جەستەیەکی تەماشاکراوە. بۆیە پیاو لە پرۆسەی تەماشاکردندا، تەنها نەک جەستە خۆی، بەڵکو وێنەی قاوخ، رواڵەتێکی دەبینێ وەک ئەوەی خۆی پێشتر پێیوایە کە دەبێ چۆن بێت. ئەمە زۆر لە تێگەیشتنێکی ئەفلاتونیەوە نزیکە، کە لە ئەفسانەی سیمبۆلی ئەشکەوتدا باس کراوە. وێنەی فۆرمەکان، دەبنە ڕاستی. لێرەوە کولتووری- نەریتی- وێنەپەرستی سەر هەڵدەدات چ لە نیگارکێشان یا فۆتۆگرافی و وێنی سینەمادا.
لەو ڕوانگەیەشەوەیە ئەو تێزەی نانسی هیوستن پشتگیرییە بۆ بابەتێکی گرنگی پرسی ژن و لە چەند ڕووییەکییەوە دیو‌روژێنێت. هیوستن پێیوایە که له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی مرۆڤایه‌تی حه‌زو ته‌ماشا به‌یه‌که‌وه به‌ستراون. پیاو هه‌میشه ته‌ماشاکه‌ره و ژن ته‌ماشاکراو. پیاو فێری نهێنی ژیان ده‌بێ، ژنیش ئه‌و نهێنیه‌یه. پیاو وێنه‌ی جه‌سته‌یه‌کی به‌پیت ده‌کێشێ، په‌یکه‌ر سازده‌کات، ژنیش ئه‌و جه‌ستیه‌یه. راسته ژنیش ته‌ماشا ده‌کات و ته‌ماشای ژنی دیکه‌ش ده‌کات. پیاویش هه‌روه‌ها ته‌ماشای پیاوی دی ده‌کات، به‌ڵام ته‌ماشای پیاو جیاوازه، له دێرزه‌مانه‌وه بۆ مه‌به‌ستێکی بیۆلۆژی پرۆگرامکراوه، ئامانجی خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی له‌دوایه. لێره‌دا چاوی نێر ته‌ماشای له‌شی مێ ده‌کات نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. به‌و پرۆگرامکردنه‌ش ژنان ده‌بنه‌وه ئاوێنه‌ی خۆیان، چوونکه له چاوی پیاواندا خۆیان ده‌بینن، چاوی پیاو ده‌بێته وێنه‌ی راستی ئه‌وان. میکانیزمی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش پیاوان به ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. هه‌ر وه‌ک له‌لای شامپانزی که له نێوان خۆیاندا له‌سه‌ر مێیه‌ک به‌شه‌ڕ دێن، به‌هێزترینیان به‌سه‌ر لاوازترینیان زاڵ ده‌بێ، لێره‌شدا مه‌سه‌له‌که ئاناتۆمیه که ده‌بێته چاره‌نووسی ئه‌و ئاژه‌ڵانه. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای جل‌و به‌رگی ره‌نگاوره‌نگی ژنی ئه‌مڕۆش بکه‌ێن ده‌بینین هه‌مان جۆری به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه که له‌لای ئاژه‌ڵ به‌دی ده‌کرێت. هیوستن به‌م بیروڕایه پێ له‌سه‌ر لایه‌نی بیۆلۆژی مرۆڤ داناگرێ، به‌ڵکو ئه‌و لایه‌نه ده‌خاته ڕوو که هاودژێک له کۆمه‌ڵدا هه‌یه له نێوان بوونی یه‌کسانی و نمایش‌کردنی جه‌سته‌ی ژن. جه‌سته‌ی ژن به هه‌موو شێوه‌یه‌ک تیشکی پرۆژیکتوری ده‌خرێته سه‌ر، هه‌ر ئه‌مه‌شه که شیزوفرینیای کۆمه‌ڵێکی مۆدێرن ئاشکراده‌کات. ته‌نانه‌ت کۆنتڕۆڵکردنی دایکایه‌تی به‌ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی ژنانیش رێگر نیه به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی ملێۆنه‌ها ژن نه‌شته‌رگه‌ریی جوانی له‌شیان بکه‌ن و سیلیکۆن بخه‌نه مه‌مکیان، ئه‌وه‌نده‌ی جوانی له‌شولاریان به‌لاوه گرنگتره هه‌ستکردن به‌خۆشی مه‌مکیان زۆر بایه‌خی له‌لایان نیه، ئا ئه‌مه‌شه ژن ده‌کاته ئامرازێک بۆ پیاو، ته‌ماشا ئه‌وه‌ی دروست کردووه.
لەلایکەی ترەوە، بە پێی فەیلەسوفی فەرەنسی (ئیریک مارتی) لە کتێبی “زایندەی مۆدێرنەکان”، جەغت لەسەر ئەوە دەکات کە، وشەی جەندەر لە سەرەتای سەدەی بیستویەک بەباشیی کێشی خۆی وەرگرت. لە فەرەنسا، لە ساڵانی کۆتایی پەنجاکان تاکو نێوەندی هەشتاکان بیریارانی زۆر زیرەک دەرکەوتن کە هەمەجۆرییەکی فیکرییان هێنایە گوڕەپانی ڕۆشنبیریەوە، هاوکات جۆرێک لە سەرپێچیکردنی تێدا بوو، بەڵام بە هەڵسەنگاندن و بە دابڕان لەگەڵ ئەوەی لە پێش خۆیان بوو، هەروەها سەرچاوەی خوێندنەوەکانیانیشیان هاوشێوە بوو، وەک خوێننەوەی لاکان و فروید و مارکس… بە گەشتی کولتوورێکی هاوبەشیان هەبوو، کولتووری دوای شەڕی جیهانی، ئەگەرچی هەر یەکیان تایبەتمەندێتی خۆیشی پاراستبوو. بێگومان لەپێش هەموویشیەوە کاریگەری ستروکتوورالیستەکانیان بەسەرەوە بوو، کە بەرەو پرسیاری سێکس و جیاوازی سێکس و هاورەگەزی بردوونی. لێرەوە بابەتی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ورد لە بارەی جەندەر و کاریگەریی بەسەر دیدگا و گۆڕانی کۆمەڵگاکان خرانەکار. هەندێکی تریش وەک ئەمەریکیەکان، لە نموونەی (گاێیل ڕۆبین) و بەتایبەتی (جودیت بەتلەر) لە کتێبی “پاشگەزبوونەوە لە ڕەگەز” ئەوە نیشان دەدات کە پەیوەندی نێوان ڕەگەزەکان نەک تەنها پلەبەندییەکە لە نێوان ڕەگەزەکان، بەڵکو وابەستەییەکیشە کە هێندە ئاسایی کەراوەتەوە هەتا بۆتە بابەتێکی سادە و دۆخە ڕاستەقینەکە نابیندرێت.
سەرچاوە:
– نانسی هیوستن، ” ڕەنگدانەوە/ تەماشاکردن لە چاوی پیاوەوە” درێژەی ئەو ڕانانی کتێبە لە گۆڤاری سەردەمی ژن، ژمارە دوو، سلێمانی، ٢٠١٢
– Eric Marty, Le sexe des Modernes, Éditions du Seuil, 2021.
– Judith Butler, Défaire le genre, Éditions du Seuil, 2021.
– Nancy Huston, Reflets dans un œil d’homme, Éditions, Actes Sud, France 2012.