ڕاپۆرتی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی کەشوهەوا IPCC چ هۆشدارییەک بە جیهان دەدات؟

د. مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا

لەدوای کۆنفڕانسی یەکەمی ژینگەوە کە لە ساڵی 1972دا لە ستۆکهۆڵم، لەلایەن ڕێکخراوی نێونەتەوەییەوە ساز کرا، سەرەتای دەستپێکێکی زانستی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ژینگە هاتە کایەوە، هەروەها سەرەتای سیاسەتێکی نوێی ژینگە داڕێژررا، کە بتوانرێ لە پەیڕەوکردنیدا ژینگە بپارێزێت و ئەو کێشانەش دەستنیشان بکات کە دەبنە هۆکاری ناهاوسەنگی سروشت و تێکدانی ئیکۆسیستیمی زیندەوەر بەگشتی.

هەر لەو ساڵەدا یانەی ڕۆما، گرنگترین ڕاپۆرتی خۆی بەناوی (سنوورێک بۆ بەرهەمهێنان) بڵاو کردەوە، ئەم ڕاپۆرتە ئەو ڕاستییەی خستەڕوو، کە بەرهەمهێنانی بێ سنوور و گەشەسەندنی ڕەها، دەبێتە هۆی بەکاربردنی بڕێکی زۆری سامانی سروشتی، بەجۆرێک کە ڕەچاوی نەوەی داهاتوو ناکرێ، کە مافی بەرکەوتنی لەو بەشە سامان و داهاتەی سروشت هەیە، ئەم ڕاپۆڕتە تا ئێستاش کاریگەری هەیە لەسەر وشیاربوونەوەی مرۆڤایەتی و گرنگی پاشەکەوتکردنی ئەو داهاتە سروشتییەی، لە میانەی ژیانی مرۆڤدا دروست نابێتەوە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیاوە هەروەها بە پاڵپشتی سەرەکی وزەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی، ئەم پێشکەوتنە بێ قەیدوشەرتە؛ چ کاردانەوەیەکی نەرێنی لەسەر سروشت و ژینگە لەلایەکەوە و لەسەر زیندەوەر بەگشتی دەیبێت، تەواوی ئیکۆسیستیمی سەر گۆی زەوی شێواند، هاوسەنگی لە سروشتدا لەنگ کرد و گۆڕانێکی نائاسایی لە کەشوهەوادا هێنایە کایەوە، کە بووە هۆی ئەوەی جیهان ڕوبەڕووی چەندەها کێشەی ژینگەیی ببێتەوە، وەکو سوتانی دارستان، لافاو، وشکەساڵی، توانەوەی بەستەڵەک، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و چەندەها کێشەی گلۆبال لە جیهاندا.

لە ناوەندی سەدەی بیستەمەوە و لە میانەی ئەو توێژینەوە و بەدواداچوونانەی شارەزا و پسپۆرەکانی بواری کەشوهەوا، گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی؛ کە ئەتمۆسفێری گۆی زەوی بەبەردەوامی بەرەو گەرمبوونەوە دەچێت و لەو بڕوایەدا بوون، کە چالاکییەکانی مرۆڤ و زیادەڕەوی لە بەکاربردنی وزە بۆ بەرهەمهێنان، هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانە نەرێنییە بێت.

بۆیە لە ساڵی 1988دا پرۆگرامی نێودەوڵەتی ژینگە و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی میترۆلۆژی پێکەوە بڕیاری پێکهێنانی (ئەنجومەنی

حکومی نێودەوڵەتی بۆ کەشوهەوا)یان دا، بەو مەبەستەی بتوانن، لە دەرئەنجامی  لێکۆڵینەوە لەو توێژینەوانەی لەو بوارەدا دەکرێن، هۆکاری گەرمبوونی ئەتمۆسفێری بەرگەی هەوا و ڕێگە چارەکانی دیاری بکەن، ئەم ئەنجومەنە لە هەمان کاتدا، لە ژمارەیەکی زۆر و تایبەتمەندی زانا و پسپۆرەکانی ئەو بوارە و لیژنەیەکی حکومی پێکهاتووە.

لە ئێستادا 195 دەوڵەت ئەندامی ئەم ئەنجومەنەن، چەندەها پسپۆر و شارەزای بوارە جیاوازەکان پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکان دەکەن، دواتر دەرئەنجامەکان پێشکەش بە نوێنەری حکومەتەکانی نێو ئەو ئەنجومەنە دەکەن، واتە هەموو ئەو وڵاتانەی ئەندامن لەو ئەنجومەنە ئاگاداری ئەو دەرئەنجامانەن، کە دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئەگەری ڕوودانی ماکەکانی، پێشبینی دەکرێن.

کاری ئەم ئەنجومەنەش، خەمڵاندن و تەقییمی ئەو توێژینەوانەیە، کە لە تەواوی جیهاندا ئامادەدەکرێن و پاشان بۆ ئەم ئەنجومەنەی دەنێرن، دواتر کاردانەوەی دەرئەنجامی توێژینەوەکان ڕووندەکرێتەوە، لە کۆتاییدا ڕێگا چارەسەرەکان دەخرێنەڕوو. ئەم ئەنجومەنە خۆی هیچ توێژینەوەیەک ناکات تەنها دەرئەنجامی توێژینەوەکان تاوتوێ دەکات و لە ڕێی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلەوە بۆ جیهانی ڕادەگەیەنێت.

لە ساڵی 2007دا ئەم ئەنجومەنی حکومەتە نێودەوڵەتییە و جێگری ئەوکاتەی سەرۆکی ئەمریکا  ئێلگۆر، لەبەر ئەو هەوڵە زۆرەی، بۆ پاراستنی کەشوهەوا و بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی و ڕۆڵیان لە وشیارکردنەوەی جیهان بەرامبەر ئەم مەترسییە، خەڵاتی نۆبلی ئاشتیان پێبەخشرا.

ئەم دامەزراوەیەی کە سەر بە ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە، دەزگایەکە لە پێگەیەکی زانستییەوە هەڵدەستێ بە خەمڵاندنی هەموو ئەو کارە زانستیانەی کە لە بارەی قەتیسبوونی تیشکی خۆر و گەرمبوونەوەی هەوادا ئەنجام دراون لە جیهاندا، سەدەها توێژینەوەی جۆراوجۆر و لە بواری جۆراوجۆردا دەگاتە ئەو دامەزراوەیە، وەکو بواری فیزیک، جوگرافیا، کیمیا، بایۆلۆژی، دەروونی، زانستی سیاسی، ئابووری و ئیکۆنۆمی، دوا ڕاپۆرتیش، کە بەشی یەکەمی لە 9ی ئەوگوستی 2021دا بڵاوکرایەوە، شەشەمین ڕاپۆرتی ئەم ئەنجومەنە حکومی نێودەوڵەتییە بوو.

تاوتوێ کردنی توێژینەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەلایەن سێ گروپی ئەم ئەنجومەنەوە دەکرێ کە بریتین لە:

گروپی یەکەم: ئەم گروپە هەڵدەستێ بە شکردنەوەی فیزیکی زانیارییەکانی نێو ئەو توێژینەوانە و داتاکان بەجۆرێک دادەڕێژێت، کە بەراوردێک بکات لە نێوان جیاوازیی زانیارییەکانی ئێستا و لەپێشتر، بۆ نمونە بەراوردی ڕێژەی دووەم  ئۆکسیدی کاربون لە هەوادا یا بەراورد لە نێوان ڕوبەری بەستەڵەکی باکور لە ئێستا و ڕابوردوودا، واتە ئەم گروپە دەرئەنجامە زانستییەکانی توێژینەوەکان بە ژمارە ئاشکرا دەکات.

گروپی دووەم: دووەم قۆناغی کارکردنی ئەم ئەنجومەنە بریتیە لە خستنەڕووی کاریگەری و کاردانەوەی دەرئەنجامی ئەو توێژینەوە زانستییانەی، بە کردار لە زۆربەی شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا کراون و ڕەنگدانەوەی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و پاشان لەسەر کۆمەڵگا، سروشت و سەرجەم ئیکۆسیستیمی زیندەوەرەکان لەسەر گۆی زەوی.

گروپی سێیەم: هەوڵدان بۆ دیاری کردنی ڕێگەچارە و چۆنییەتی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو گۆڕانانەی، کە لە ئێستا و داهاتوودا ڕوبەڕووی جیهان بە گشتی دەبنەوە، دیارە کەمکردنەوەی سوتاندنی وزەی بەردین و بەرهەمهێنانی وزەی سەوز، یەکێکە لە ڕێگەچارە سەرەکییەکان و لەبەر ئەوەی کێشەی سەرەکی گۆڕانی کەشوهەوا، کێشەی بەکاربردنی وزە و زیادبوونی گازە زیانبەخشەکانە بەتایبەتی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. ئەم گازانە سیفاتی کیمیاوی و فیزیایی هەیە، سیفاتە کیمیاییەکانی ئەم گازانە وا دەکەن، کە ئەو گەرمییەی خۆر، کە لە شێوەی شەپۆلی درێژدا گل دراونەتەوە، هەڵمژن و پاشان

دەرئەنجامی بەشی یەکەمی ڕاپۆرتی شەشەمی ئەم ئەنجومەنە، دەرئەنجامی تاوتوێکردنی 14000  توێژینەوەی زانستی بوو، 234 پسپۆر و شارەزا لە 65دەوڵەتەوە ئەم توێژینەوانەیان هەڵسەنگاندووە، ئەم شارەزا و پسپۆرانەش %28ی ژن و %72ی پیاون، دیارە خەمڵاندن و هەڵسەنگاندنی ئەم توێژینەوە جیاوازانە و بەو ژمارە زۆرە، کە لە هەموو گۆشەیەکی جیهانەوە ئامادەکراون، کارێکی ئاسان و بێ گرفت نییە بەڵام هەمیشە کاری زانستی کاتێ بە ژمارە و داتای تۆکمە ئەنجام دەدرێ، دەرئەنجامێکی ڕاست و کردەیی دەبێ، بۆیە لە هەڵسەنگاندنی ئەم کارە زانستیانەدا دەرکەوت کە:

یەکەم: ئەتمۆسفێری گۆی زەوی بە بڕی 1,1 پلەی سەدی گەرمتر بووە لەچاو سەردەمی پێش پیشەسازی.

دووەم: ڕێژەی گازە زیانبەخشەکان، بەرزترین ئاستی هەیە لە چاو دوو ملیۆن ساڵی پێشوو.

سێیەم: ئاستی ئاوی دەریا لە ماوەی سەد ساڵی پێشوو، زۆر خێراتر بەرزبووەتەوە لەچاو سێ هەزار ساڵی پێشوو.

چوارەم: ڕوبەری بەستەڵەکی باکور، کەمترین ڕوبەری هەیە لەچاو هەزار ساڵی پێشوو.

پێنجەم: ئاستی توانەوەی چاڵە بەستەڵەکەکان، لەچاو دوو هەزار ساڵی پێشوو، زۆرترین ڕێژەی هەبووە.

ئەم دەرئەنجامانە بەگشتی، کاریگەریترین کاردانەوەی دەبێ لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا، کە خۆی لە بارانی بەخوڕ، وشکەساڵی، گەرمای چڕ و درێژخایەندا دەبینێتەوە، ئەم گۆڕانە ڕادیکالانە هەموو گۆی زەوی و هەموو کەسێک دەگرێتەوە، سروشت بەگشتی ناهاوسەنگ دەکات و دەریا و ئوقیانوسەکان گەرمتر دەبن بەشێوەیەک ئۆکسجینی تێدا کەمتر دەبێتەوە و سیفاتە کیمیاییەکەی ترشەڵۆکتر دەبێت، هەروەها دیاردەی سوتانی دارستان زیاتر و بەردەوامتر دەبێت.

گەر لە ئێستاوە، دەردانی ئەو گازە زیانبەخشانە بە توندی کەم بکرێتەوە، دەتوانرێ ڕێژەی گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی لە ئاستی1,5  پلەی سەدی تا ساڵی2050  ڕابگیرێت، ئەگەر نا تا ناوەندی ئەم سەدەیە پلەی گەرمی بۆ 2  پلەی سەدی لەچاو پێش سەردەمی پیشەسازی بەرز دەبێتەوە،  ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ کە چالاکی مرۆڤ و بەرهەمهێنان بەبێ بەرپرسیارێتی و دەردانی زۆری ڕێژەی گازە زیانبەخشەکان و بە تایبەت گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانەیە، کە مرۆڤایەتی وێران و ژیان نائارام و ئیکۆسیستیمی زیندەوەر دەشێوێنێ.

یەکێک لە هەنگاوە باشەکانی ئەم ڕاپۆڕتە ئەوەیە، کە زیاتر لە 40%ی توێژەرەکانی سەر بە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان یا وڵاتانی نیوەی خوارووی گۆی زەوی تێیدا بەشدار بوون، ئەمەش بە کۆمەڵێ تازەگەری و پێوەری نوێوە بەشداری ئەم دەرئەنجامەیان کردووە و هەلومەرجی کەشوهەوا و جوگرافیای ناوچەکانی خۆیان ئەم هەڵسەنگاندنەیان دەوڵەمەنتر و وردتر کردووە، پاشان توێژەر و چاودێر و شارەزایانی ئەم ئەنجومەنە ڕەشبین نین، لەوەی نەتوانرێ ڕێگە لە گەرمبوونەوەی زیاتری ئەتمۆسفێری گۆی زەوی بگیرێت، هەروەها ئەو 195 وڵاتەی ئەندامن، هەموو نوێنەریان لەو ئەنجومەنەدا هەیە و هەموو ئیمزای ئەم ڕاپۆرتەیان کردووە و دەزانن گۆڕانی کەشوهەوا، کردەی چالاکییەکانی مرۆڤە و هۆکاری ڕوودانی  ئەو کارەساتانەن وەکو لافاو، سوتانی دارستان، وشکەساڵی، بارانی بەلیزمە، لەناوچوونی فرەزیندەوەر، توانەوەی بەستەڵەک، گەرمای چڕ و زۆر کارەساتی دیکە.

ڕوودانی ئەو پێشهاتە وێرانکەرانەی؛ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ڕوودەدەن وەکو وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو، سوتانی دارستان و لافاو و جۆرەها کاردانەوەیتر، کاریگەری لەسەر تێکچوونی ئاسایشی ئاو، ئاسایشی خۆراک، کەمبوونەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی و سەقامگیری کۆمەڵگا و بەرهەمهێنان هەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر ئاوارەبوون و تێکچوونی شیرازەی نیشتەجێبوون هەیە، بۆیە جەخت کردن لەسەر وابەستەبوون بەو چارەسەرانەی کە لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا دەخرێنە ڕوو، هەوڵدانە بۆ ڕزگارکردنی سروشت لە ناهاوسەنگی، پاراستنی ژینگەی مرۆڤ و ئیکۆسیستیمی زیندەوەر بە گشتی، بەرقەراربوونی ئاشتی، سەقامگیری باری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی ژیانێکی جێگیر و ئاسایی بەبێ کۆچ و کۆچڕەوی کە لە ئێستادا بەهۆی کاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەواوە، هەندێ لە دانیشتوانی جیهان وەکو پەناهەندەی ژینگەیی ناچاری کۆچکردنن.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …