دوو شه‌ممه‌, نیسان 29, 2024
frku

”بۆچی ژن بەشداریی فیکری کەمە، یاخود وەبەرچاو نییە؟”

لەژێر ئەو ناونیشانە تەوەرێکمان کردۆتەوە و بانگەشەی نووسەران و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە خۆیاندا ڕادەبینن تەنانەت چەند دێڕێک لەو بارەوە بنووسن.

کەتان خادمی

Image: Rawpixel

کەمی قەڵەمی ژنی کورد لە بواری فیکرو فەلسەفەدا کۆمەڵێک هۆکاری لە پشتە.

– تایبەتمەندی سایکۆلۆجیەتی ژن بەگشتی لە دنیادا،  ژنان زیاتر لە دەربڕینی زمانی ئەدەبدا سەرکەوتووبوون، چونکە خودی ژن کەسێکی میهرەبانەو بە میهرەبانیشەوە دەست بۆ هەموو کایەیەک دەبات، ڕای خۆی دەر دەبڕێت.

– لە کۆمەڵگەی کوردیدا پەیوەندی بە مێژووی نووسینەوەیە. میژووی قەڵەمی فەلسەفە تازەیە، لەچاو ئەدەب، گەلی کورد، ئەگەر سەیری سەدەیەک بەر لە ئێستا بکەی، نەک ژنان قەڵەمی پیاوانیش هەژارن لەو بوارەدا.

– بارودۆخی سیاسی هەمیشە کوردی سەرقاڵ کردووە بە بابەتە سیاسیەکانەوە.

– کاتێک دەڵێن قەڵەمی ژن کەمە لەبواری فیکریدا، ئەوە ناگەیەنێت کە قەڵەمە جدییەکانی ژنان لە بواری شیعرو چیرۆک و ڕۆماندا خاڵین لە فیکرو فەلسەفە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەندێک نووسینی ئەدەبی ژنان هەن لێوان لێون لە بابەتی فیکری. بەڵکو ڕەخنەگری جیدی کەمە.

– سەرقاڵی ژن بە زۆر بوارەوە وەک ئەرکە کۆمەڵایەتیەکان، کە دەرفەتی کەمتری هەیە بۆ دەستبردن بۆ بواری فیکر، چونکە فیکرو فەلسەفە زۆرترین کاتی دەوێت.

– هۆکارێکی تر بریتیە لە میژووی قەڵەمی ژنان. هەر لەمێژەوە بە ئەدەب دەستی پێکردووە، ئەمە بووتە ڕێخۆشکەر تا ژنان لەسەر ئەو ڕێچکەیە بڕۆن.

ئەوەی ئێستا دەبینرێت لە باشوری کوردستاندا ئەمە ئاسایی نیە، کە سوپایەک لە ژن شیعر دەنووسن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکراوەکانی کوردستان.

دلێر محەمەد نوری

Image: Maklay62

بەشداری فیکری واتا مرۆڤ کاتەکانی بە بیرکردنەوە و شیکردنەوە بەسەر دەبات، ئەوجا لەهەر کایەیەک لە کایەکانی ژیان بێت. بۆ پرۆسەی بیرکردنەوەش مرۆڤ پیویستی بە مۆتیڤ و کاتە. مۆتیڤ واتا پاڵنەر ئیدی پاڵنەرەکە ناوەکی بێت یان دەرەکی بێت گرنگی بێپایانی هەیە لەوەی وا لە کەسەکە بکات کە کردەی بیرکردنەوە و شیکردنەوە بە ئەرکی خۆی بزانێت.

مرۆڤ چ پیاو چ ژن بوونەوەرێکی بیرکەرەوەن، مرۆڤەکان لە دانیشتنەکان و کۆڕ و کوبوونەوەکانیاندا، تەنانەت لە وتووێژەکانی ژنانی سەر تەنوربان و ژنانی گەڕەکیش هەمیشە خەریکی لێکدانەوە و شیکردنەوەو بیرکردنەوەن، ئەوجا بەرهەمی ئەم بیرکردنەوانەش سادە و مەودا کورت بن یان نا. بۆئەوەی بیرکردنەوەکانیش کاریگەر بن پێویستیان بە پاشخانی مەعریفی و تاقیکردنەوە کەسییەکان و گەڕانی فیزیکی و نافیزیکیش هەیە. لەوانەش گرنکتر، تەرجەمەکردنی ئەنجامەکانی ئەو تێفکرینەیە بۆ دەنگ و ڕەنگ و نووسین تاکو بگاتە ئەوانی دیکە و خەڵکانێک لە دەوری دروشمەکانی ئەو تێفکرینە کۆبکاتەوەو کاریگەری و گۆڕانکاری دروست بکات.

ئێستاش بەکورتی دەپرسم: ئایا ژنی کورد بەهەمان شێوەی پیاوی کورد ئازادە لە گەڕان و تاقیکردنەوەی کەسی و لە بەدەستهێنانی پاشخانی مەعریفی و لە جورئەتی تەرجەمەکردن بۆ نووسین یان بۆ دەنگو ڕەنگ؟

ئەگەر بزانین کە سیستمی پەروەردەی نەریتی ئایینی و پەروەردەیی کۆمەڵگای کوردی ناهەقی و جیاکارییەکی کوشندە دەکات لە نێوان ڕەگەزی کوڕ و کچ، بەوەی هەر لەو کاتەوەی کوڕ سمیڵ بۆر دەکات ئیتر پانتایی ئازادییەکانی بەرەو فراوانی هەڵئەکشێت بەرانبەر بە کچ هەر کە مەمکەکانی گەشە دەکەن ئیتر ئازادییەکانی  وردە وردە ڕووەو تەسکبوونەوە دەڕوات. ئەمە یەکەم ڕێگری ژنانە لە بەدەستهێنانی پاشخان و تاقیکردنەوەو گەڕان و کوشتنی مۆتیڤیشە بەوەی کاری بیرکردنەوە و تەگبیری ژیان بۆ پیاو جێبهێڵێت.

فاکتەری کات زۆر گرنگە؛ ئایا ئەرک و وەزیفە کۆمەڵاتییەکانی ژیان هەر چێشتخانە و ساڵۆنی لەدایکبوونەوە تا دەگاتە گارگە گەورەکانی تەکنەلۆجیا و ژوورەکانی بڕیارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و مەعریفییەکان بەیەکسانی لە نێوان ژن و پیاو دابەشکراوە؟ ئایا فرەکاتی پیاو بەهی ژن بەراورد دەکرێت؟

وەڵام و شیکردنەوەی ئەو پرسیارانە ئەو نیشانەی پرسیارەی سەرەوەمان بۆ دەگۆڕێت بە خاڵ. دەنا هەموو ئەو پرسیارە مەعریفییانەی پیاوێک دەیورووژێنێ بۆ واڵاکردنی دەرگای بیرکردنەوە دەرزی ئاسا هەستی مەعریفی بژەنن؛ ژنێکیش دەتوانێت سوژن ئاسا هەمان هەستی مەعریفی بژەنێ و دەیان دەرگای بیرکردنەوەش بترازێنێت.

گۆی زەوی ئەمڕۆ کە ئیرەیی پێ نابرێت لە کاولکاری و پیسبوون بە پەتای جەنگ و دەردە ژینگەییەکان، هەمووی بەرهەمی مەعریفەی پیاوە، ئاخۆ لە نیوەی ئەو مەعریفە بەرهەمهاتووە خانەکانی مێشکی ژن بەکاربهاتایەو بە خامەکانی ژن بنووسرایە تۆ بڵێی گەردوون هەر بەم پۆخڵییەی ئێستای بووایە؟

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *