چی هەڕەشەیە بۆ سەر سروشت؟ سوتانی جەنگەڵی ئوسترالیا بە نمونە

د. مەدیحە سۆفی

Image: Gerd Altmann

لە فیلمە بەناوبانگەکانی ساڵی ٢٠٠٤ دا فیلمێك بەناوی دووسبەی  (The Day After Tomorrow) ، کە فیلمێکی ئەمریکیە لەلایەن دەرهێنەر (ڕۆڵاند ئێمریش)ەوە نووسراوە و دەرهێندراوە. تەواوی دەرئەنجام و ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە شێوەی فیلمێکی زیندوودا وێنا دەکات؛ یەکێکە لەو فیلمانەی لە ڕوانگەی ژینگە بەگشتی، پاراستنی ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا، شێواندنی ئارامی ژیان، تێکچوونی ئیکۆسیستیم و قڕانی زیندەوەرە دەگمەنەکاندا شێوازێکی تەکنیکی و ئەدەبی و زانستی تێهەڵکێشی یەکتر کردووە و لە میانەی هونەرێکی سینەمایی زۆر پوختدا، شێواندنی جیهانی لەمەڕ ئاکامی هەڕەشەکانی سروشتەوە بۆ سەرجەم زیندەوەری سەر گۆی زەوی خستووەتەڕوو، دەرئەنجامەکانیشی لە ژێر سێبەری کاردانەوەکاندا شی کردووەتەوە.

ئەم بەرهەمە سینەماییە، زۆر بەوردی باس لە ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات، زۆر ڕاشکاوانە چەوسانەوەی مرۆڤی لە ژیر هەڕەشەی سروشتدا وێنا کردووە. باس لە داڕمانی کەڵە شەختەی بەستەڵەك و تایفۆن و لافاو و گەردەلوول و باڕێزە و ڕەشەبای توند دەکات. باس لە بومەلەرزە و وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوە دەکات. تووڕەبوونی سروشت  و هەڵگەڕانەوەی دژ بە مرۆڤ دەهێنێتە گۆ. نائارامی جیهان و بێ دەسەڵاتی سەرنشینی سەر گۆی زەوی لە توێی ڕۆڵی ئەو ئەکتەرانەدا، وەکو هۆشدارییەك، کە مرۆڤ خۆی هۆکاریەتی، دەخاتەڕوو.

 کارەساتە سروشتیەکان، کە لە دەرئەنجامی جەختی زیاتری سەرمایەداری؛  بۆ وەبەرهەمهێنان و قازانج و ڕکابەری  یەکتر پەیڕەوی دەکەن، لەو فیلمەدا زۆر بە ئاشکرا ڕاستیەکان دەسەلمێنن. کاریگەری توڕەبوونی سروشت و تۆڵەی سروشت لە مرۆڤ لە ڕێی نمایشکردنی کارەساتە سروشتیەکان و ڕۆڵی ئادەمیزاد تیایدا، هاوپێچ دەکرێت. ڕەوی پۆلەمەل و وێڵبوونیان بەرەو نادیاری گەرمیان و کوێستان دەبێتە تەمێکی قورس و ناخ دەهەژێنێ.  ئەم فیلمە خەیاڵ نیە، ئەگەرچی بە بۆچوونی هەندێ کەس زیادەڕۆیی تێدا کراوە، بەڵام بەڵگەکان تەواو ئەو دەرئەنجامانە دەپێکن کە زانست و توێژینەوە زانستیەکان دەمێکە پێی گەیشتوون؛ لەم فیلمەدا، زانست و ئەدەب دەبنە دوو تای ترازوو و یەکتر هاوسەنگ دەکەن.

کاتێ توێژینەوەیەكی زانستی، پاش نووسینەوەی و بەراوردکردنی و چەندەها جار پێداچوونەوە و وەرگرتنی ڕای چەندەها شارەزا و پسپۆڕی ئەو بوارە، دەخرێتە ئاراوە و ڕەزامەندی ئەوەی پێدەدرێت کە ببێتە بابەتێك لە بابەتەکانی گۆڤارێکی زانستی؛ بە واتای ئەوەیە کە پێداویستی کات و شوێن، خزمەتی مرۆڤایەتی و هەموو زیندەوەر، پاڵنەر و هاندەری بووە و ڕەوایی  بەو بیرۆکە و توێژینەوانە داوە. ئەگەر نا، هەر کارێکی جیدی لەو جۆرە توێژینەوانە جگە لەوەی کاتێکی زۆری پێویستە و تاقەت هەڵپڕوکێنەرە؛ ئەرکی داراییشی دەکەوێتەسەر، بۆیە توێژینەوەی پڕ لە زانست و حەکیمانە، نە لەخۆڕا و نە بۆ کات کوشتن و نە بۆ ڕەزامەندی لایەنە و نە بۆ ڕازاندنەوەی ڕووی سەنتەر و ئینسکلۆپیدیادا و ناوەندەکان نییە، بەڵکو بۆ سەنگی سەلماندنی بۆچوونە زانستی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەکانە؛ بۆ سەلماندنی دانانی بەردی دڵنیاییە بۆ بنەما سەرەکییەکانی پێشکەوتن و پەرەسەندن و گەشەسەندن، چونکە تەنها زانست، زانستێکی پشتبەستوو بەو تیوریانەی لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی ئێستا بەیەك دەخۆن، لەگەڵ سبەینێ هاوتا دەبن. بۆ داهاتووش کاژێك لە نوێخوازی بەبەردا دەکەن، دەتوانن قورسایی جەستەی ڕۆتین بەرەو تازەگەری ببەن و لەگەڵ ڕەوڕەوەی گەشەی ئەمڕۆدا ڕایبهێنن. زانستیش تەنها دەروازەی بەردەستە کە لەو زەلکاو و گۆمە لێخن و ژیانە سواوەوە، بتگوێزێتەوە ئەوەبەر. ئەوبەرێکی وا کە ستایلێکی ژیانەوە و شیاوی وات بۆ بخوڵقێنێ، کە ئەمڕۆت لە دوێنێ و ئەمساڵت لە پار نەچێت، خولانەوەی خلۆکەی بیر و بۆچوونت بەرەو بیرۆکەی تازەتر و گونجاوتر و گەشتر ببات، کە مانەوە و خوسانی حاڵەتی ئێستات بە تەواوەتی ڕەت بکاتەوە.

کۆمەڵێ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زۆر بەبەها و لەسەر بنەمای زانستی، بوونی بەڵگە، کردار و تۆماری ستاتیستیك کە ژمارەیان دوازدە هەزار توێژینەوەیە و لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ – ٢٠١١ دا ئامادەکرابوون و لە ژیر ناونیشانی (گۆڕانی کەشوهەوای گلۆبال)دا لێکۆڵینەوەیان کردبوو؛ دەرکەوت کە دەرئەنجامی ٩٧٪ ی ئەو توێژینەوانە بەڵگەی تەواویان هەیە کە هۆکاری قەتیسبوونی گەرمی خۆر و گەرمبوونەوەی گۆی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا کردەی چالاکی مرۆڤ خۆیەتی، کە لە بواری ئابووری و بەتایبەت بواری وزە و بەرهەمهێنانی کاڵا و بەرهەمەوە لە فابریك و کارخانەکان و بەرهەمهێنانی وزەدا ئاکتیڤ دەبێت[[1]]

ڕێژەی ٤٪ ی گڕتێبەربوونی چڕەدارستان و جەنگەڵ و گژوگیا، دیاردەیەکی سروشتیە و لە هەندێ حاڵەتدا بۆ پاراستنی سروشت و بەردەوامیدان بە گەشەسەندنە[[2]]. بۆ نمونە بۆ سوتاندنی توێکڵی ئەستوری ئەو تۆوانەی لە درەختەکانەوە دەکەونە سەر زەوی و دەرکەوتنی تۆوەکەی و دووبارە چەکەرەکردنی، هەندێ جاریش بەهۆی هەورەبروسکەی سروشتیەوە، بەشێك لە ڕووبەری دارستان و جەنگەڵ گڕی تێبەردەبێ. ئەمەش تاڕادەیەك کۆژانەوەی کۆنتڕۆڵ دەکرێ، لێ سوتانی دارستان وەکو ئەوەی لە ئیستادا لە ئەمازۆن و ئوسترالیادا هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی چالاکی مرۆڤ بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بواری ئابووری و بەرهەمهێنان و قازانج و چڵێسی فابریك و کارخانە و خاوەن سەرمایەدارەکانی کۆمپانیای وزە.

سوتانی دارستانەکانی پورتوگال لە ٢٠١٧ و لە ئیسپانیا و یۆنان ساڵی ٢٠١٨ و لە ئەڵمانیا لە ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دا، یەکەم هۆشداری نەبوون، کە ببنە بەڵگەی ئەوەی؛ کە گۆڕانی کەشوهەوا ڕاستیە و دروستکراو نیە. لە ئێستایشدا ئەو ڕاستییەی، کە جیهانی ڕاچڵەکاند، بووە مانشێتی ڕاگەیاندن، لە دەنگوباسدا بووە سەردێڕی یەکەم، لە دەرگای شارەزاکانی بواری ژینگەی دا، بووە دەنگۆیەك ترسی خستە دڵی دانیشتوانی کیشوەرێك لەلایەکەوە و کیشوەرەکانی دیکەی کردە پاسەوانی دەنگوباس، ئەویش سوتانی جەنگەڵەکانی ئەمازۆن و بەتایبەتی ئوسترالیا بوو، هەڵبەت ئوسترالیا لە سێپتەمبەرەوە گڕ بەربووەتە جەنگەڵ و دارستان و گژوگیاکەیەوە، جگه‌ له‌وه‌ی زیاتر له‌ 25 که‌س بوونه‌ته‌ قوربانی، وێنه‌ی که‌نگرووی سوتا و کواله‌ی هه‌ڵپڕوکاو سوتانی زیاتر لە نیو ملیارد گیانەوەی جۆراوجۆر و لەناوچوونی نزیکەی دەهەزار هیکتار زەوی و زار، هاوسۆزی زۆر خه‌ڵکی له‌خۆی کۆکردووه‌ته‌وە و بووەتە پرسیارێکی سەرەکی: ئایا دەمانەوێ سروشت وێران بکەین؟

Image: Comfreak

ئەگەر بڕێك لە دەرگای زانست بدەین، دەتوانین بڵێین کە بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی ئەو گازە زیانبەخشانەی لە هەوادا هەن، بەتایبەت دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میتان، کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە گلدانەوەی تیشکی خۆر هەیە و ڕێگرن لە تیشکدانەوە و گەڕانەوەیان و دەبنە هۆی قەتیسکردنی گەرمی خۆر و هێشتنەوەی لە بەرگەی گۆی زەویدا، پاشان گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری بەرگەی زەوی. ئەمەش کاردانەوەی لەسەر توانەوەی بەستەڵەکی هەردوو جەمسەر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ئۆقیانوسەکان و لافاو، لە هەندێ شوێن بەهۆی وشکەساڵی و کەمی بارانەوە؛ ئاکامی ئاگرکەوتنەوە و ئاوارەبوون و نائارامی و پەرتەوازەیی لێ دەکەوێتەوە. بەدڵنیاییشەوە تێکدانی ئیکۆسیستیمی هەموو زیندەوەری لێ دەکەوێتەوە، جگە لەناوچوونی بەشێك لەو فرەزیندەوەرانەی کە زۆر دەگمەنن.

لە کاتێکدا، کە ڕێژەیەکی زۆر لە نەوت و گاز و خەڵوز بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاربهێنرێ، بەردەوام دارستانەکان ببڕدرێنەوە، ژمارەی بەخێوکردنی ڕەشەوڵاخ زیاد بکات، بەرهەمهێنانی کارخانە و فابریکەکان و ژمارەی دانیشتوان هەر لە زیادبووندا بن، پەنانەبرێتە بەر تەکنەلۆژیای نوێ بۆ سودوەرگرتن لە وزەی خۆر و وزەی باو تەواوی وزەی دووبارە، شارە گەورەکان گەورەتر و ڕووبەری سەوزایی کەمتر بێتەوە، بێ گومان ئەم دەرئەنجامانەی گۆڕانی کەشوهەوا کە سوتانی جەنگەڵ و دارستان یەکێک لەو دەرئەنجامانە دێتە کایەوە، کە چەندین ساڵە شارەزا و پسپۆرەکانی بواری زانست جەختی لەسەر دەکەنەوە و هۆشداری دەدەن.

 ئوسترالیا خۆی کیشوەرێکی کەم ئاوە، بارانی کەمتر بووەتەوە و وەرزی وشکەساڵی تێدا دووبارە دەبێتەوە. جگە لە هۆکارە گشتیی و جیهانیەکان، کۆمەڵێ هۆکاری تر هەن کە تەشەنە بەو ئاگر کەوتنەوەیە دەکەن کە لە سێپتەمبەرەوە بەردەوامە، وەکو هەڵکردنی بای بەبەردەوام، کەمی شێ لە هەوادا، کەمی باران، وشکی گژوگیا، بەرزی پلەی گەرمی ناوچەکە.

پرۆفیسۆر (نەجیب لەتیف)، توێژەری زرنگی کەشوهەوا لە ئەڵمانیا دەڵێ : “پلەی گەرمی لە باشوری ئوسترالیا بەردەوام ڕیکۆرد دەشکێنێ و لە ناوەندی مانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٩ دا گەیشتە ٤٩،٩ پلەی سەدی، ئەمەش ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ وشکەساڵی و دواتر ئاگرکەوتنەوە، جگە لەوەی بەشێکی ئوسترالیا دەکەوێتە سەر ناوقەدی ئەو هێڵی پانیەی سەر گۆی زەوی، کە بەرزترین پلەی گەرمی و ئەگەری وشکەساڵی پێکەوە دەخەمڵێنێ.”[[3]]

پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ژینگەی گونجاو، کە لەگەڵ جوگرافیا و کەشوهەوای ئەو کیشوەرە و پێودانگی مەرجەکانی پاراستنی ژینگە بگونجێ، کارێکی پێویست و هەنوکەییە. کاتێك ئەو سیاسەتە دەتوانێ پێناسەی خۆی پەسەند بکات کە ئەو سیاسەتە توانیبێتی بوونەوەر و خاك و ئاو و هەواکەی، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و سیاسی، پاراستبێت؛ واتە بووبێتە شوورای ڕەتکردنەوەی هەرچی زیان و هەڕەشەیە بۆ سەر سروشت پاشان بۆ سەر بوونەوەری سەر گۆی زەوی،  کەچی لەگەڵ ئەو بارودۆخە ناهەموارەی  ئوسترالیادا، کە تا دێ کێشەکانی ژینگەی تیادا زیاتر دەبن، حکومەتەکەی لەبەرهەمهێنانی خەڵوزی بەرد بە بڕی زۆر بەردەوامە و سیاسەتێکی ژینگەی دروست و پوختی، لە چوارچێوەی یاسایی و پاراستندا نەگرتووەتەبەر، بۆیە لێرەدا لۆژیکێك دەبینین لە تووڕەبوونی دانیشتوانی ئەو کیشوەرە بەرامبەر حکومەتەکەی.

ئەگەرچی تا ئێستا سوتاندن و گڕتێبەردانی کێڵگە و دەشتایی و دارستانەکان لە ئوسترالیا، دەمێکە وەکو باو و وەکو بەشێك لە بەردەوامی ئەو ئیکۆسیستیمە دادەنرێت، چونکە هەندێ تۆوی درەخت که‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌ر زه‌وی، بەتایبەتی درەختەکانی وەکو یوکالپتۆس، کڵاوە و توێکڵی دەرەوەی زۆر ئەستورە و دوای ئەو  سوتاندنە تۆوه‌که‌ی ئازاد ده‌بێ و توێکڵەکەی دادەماڵێ و دووبارە له‌ شوێنی خۆی دەڕوێتەوە و ڕووبەری دارستانەکانی پێ قەرەبوو دەبێتەوە؛ جگە لەوەی هەر لە کۆنەوە سوتاندنی چڕە گژوگیا و دەشتایی بۆ ڕێخۆشکردن و ڕاو، وەکو نەریتێکی ئەو ناوچەیە باو بووە، به‌ڵام نه‌بووه‌ته‌ هۆی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له‌م جۆره‌ی کە لە ئیستادا کۆنتڕۆڵی زەحمەتە.

ئەم ئاگرکەوتنەوەیە، جگە لە زیانەکانی بۆ ژینگە و ئیکۆسیستیمی هەموو زیندەوەر بە گشتی، بووە هۆی لەناوچوونی نزیکەی نیو ملیار ئاژەڵ بە هەموو جۆرەکانیەوە، زیادبوونی ڕیژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوا، پیسبوونی خاك و خۆڵ و ئاو و هەوا، له‌ناوچوونی هه‌ندێ زینده‌وه‌ری ده‌گمه‌ن، سوتانی نزیکه‌ی ده‌ ملیۆن هیکتار زه‌وی و زار، تێکدانی لانە و هێلانەی باڵندەکان و وێرانبوونی بێستانی میوە و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و داڕمانی خانوبەرە و ئاوارەبوون و سەرلێشێوان.

چڕه‌ دارستانی یوکالپتۆس، تا ڕاده‌یه‌ك به‌رگری ده‌که‌ن و قه‌ده‌ سوتاوه‌کانیان داده‌ماڵن و پاش ماوه‌یه‌ك زیندوو ده‌بنه‌وه. به‌ڵام، چڕه‌ دارستانه‌کانی ئاستی هێڵی ئیستیوایی وه‌کو غوندوانا، که‌ به‌شێکن له‌ که‌له‌پوری جیهانی و له‌ یۆنسکۆ به‌ که‌له‌پوری نێونەتەوەیی دانپێدانراون، که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر هێرشی ئاگر و مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌؛ جگه‌ له‌وه‌ی پێکهاته‌ی گه‌ڵای ئه‌و دره‌ختانه‌ چه‌وری تێدایه‌ و ڕۆڵی چه‌رخ ده‌بینن، کڵپه‌ ده‌که‌ن و دەوروپشتی خۆیان دەسوتێنن، خێرایی ئاگر که‌وتنه‌وه‌که زیاتر ده‌بێ، وه‌کو زنجیره‌یه‌ك بەردەوامی بەو گڕە دەدەن و هاوپێچی ئاگرەکەی ده‌که‌ن،. ساڵی 2019 وشکه‌ساڵێکی بێوێنه‌ بوو له‌ مێژووی ئوسترالیا و له‌ مێژووی ستاتیستیکی داتای که‌شوهه‌وادا.

ڕاپۆڕتی ده‌سته‌ی ژینگه‌ له‌ ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی لە ئەوگوستی ساڵی ٢٠١٩ دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، که‌  وشکه‌ساڵی له‌و ناوچانه‌ی بارانی که‌مه‌ وه‌کو له‌گه‌نه‌ی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و کالیفۆڕنیا و ئوسترالیا، زیاتر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و توندتر ده‌بێت؛ له‌ هه‌مان کاتدا پله‌ی گه‌رمی به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌چێت. ئه‌م دوو فاکته‌ره‌ش به‌ دڵنیاییه‌وه دەبنە هۆکاری ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ و تێکدانی ژینگەی زیندەوەری ئەو ناوچانە[[4]]

پەراوێزەکان

  1. 1.      https://iopscience.iop.org/article/10.1088/1748-9326/8/2/024024/pdf
  2. Peter Hirschberger, Wälder in Flammen,  WWF Deutschland, Berlin,  Studio, 2016, S.5
  3. https://www.nzz.ch/panorama/buschbraende-in-australien-wueten-weiter-nzz-ld.1521094#subtitle-was-ist-die-ursache-f-r-die-br-nde-second
  4. https://www.spiegel.de/wissenschaft/mensch/buschbraende-in-australien-klimawandel-dazu-sagen-wir-lieber-nichts-a-1296269.html

سەرچاوەکان

  1. 1.        https://iopscience.iop.org/article/10.1088/1748-9326/8/2/024024/pdf
  2. Peter Hirschberger, Wälder in Flammen,  WWF Deutschland, Berlin,  Studio, 2016, S.5
  3. https://www.nzz.ch/panorama/buschbraende-in-australien-wueten-weiter-nzz-ld.1521094#subtitle-was-ist-die-ursache-f-r-die-br-nde-second
  4. https://www.spiegel.de/wissenschaft/mensch/buschbraende-in-australien-klimawandel-dazu-sagen-wir-lieber-nichts-a-1296269.html

[1]   https://iopscience.iop.org/article/10.1088/1748-9326/8/2/024024/pdf

[2] Peter Hirschberger, Wälder in Flammen,  WWF Deutschland, Berlin,  Studio, 2016, S.5

[3] https://www.nzz.ch/panorama/buschbraende-in-australien-wueten-weiter-nzz-ld.1521094#subtitle-was-ist-die-ursache-f-r-die-br-nde-second

[4] https://www.spiegel.de/wissenschaft/mensch/buschbraende-in-australien-klimawandel-dazu-sagen-wir-lieber-nichts-a-1296269.html

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *