فەیسبووک، سەرنجێک

فەیسبووک؛ وەک شوێنی خۆڕووتکردنەوە!

تـوانــا ئـەمیـن

Image: Pete Linforth

دڵ لە دڵ نەدەن، ئەوەیان ناڵێم كە ڕووتبوونەوە؛ كردنەوەی زنجیری پانتۆڵ و ترازانی ستیانە لە شان و خزانی دەرپێكورتە بۆ ئەژنۆ… نـا، لەڕاستیدا ڕووتبوونەوە پێچەوانەی خۆداپۆشین نییە، بەڵكو پۆشین فۆرمێكی تری ڕووتییە، پۆشین ڕاكردنە لە شووناس، ڕووتیی دروستكردنی ناسنامەیەكی پۆشراوە لەسەر خۆمان. سروشت خۆی ڕووتە، ئەو هەموو ئاژەڵ و باڵندە و ماسییە هیچیان لەبەردا نییە؛ تەماشا بکە دۆلفین بە پێستێكی پریسكەدارەوە ڕووتوقووتە… پۆشین لە هونەرە تازەكانی ئەو دواییانەی مرۆڤە، كە ئێستا بەپێچەوانەوە و هێواش هێواش دەمانەوێ جلەكانمان داكەنین و هەر جارە و پارچەیەكیان فڕێ بدەین، وەك ئەوەی بمانەوێ بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا، سەرەتای خۆمی خۆمان! لەسەر كراسە ڕەشە تەنكەكەتەوە تاتۆ دەكەیت، بە جلەوە خۆت دەشۆیت و سووریت لەسەر ئەوەی بە پۆشتەیی بچیتە هۆڵی سەوزی نەشتەرگەری. وەك ئێرانی جبە و سێدارە؛ ناچاریت بە عەباوە لە دەریادا مەلە بكەیت… بەڵام تۆ هەر ڕووتی، تۆ لە فەیسبووكدا هەر هێجگار ڕووتیی… ڕووتییەكەی ئێرەت فیگەری ڕوونی بەرچاوی كۆلێكتیڤە، تۆ وا دەزانی پۆشتەیەكی پریڤاتی، كەچی ڕووتێكی پەبلیكی… كردنەوەی ئەكاونتێك لە فەیسبووك ئەندامێتی نییە لە تۆڕێكی كۆمەڵایەتی، بەڵكو لە تۆڕكەوتنێكی كۆمەڵایەتییە بەڕووتیی… دڵت دانەچڵەكێ، دانیشتنت لەبەردەم شاشەی كۆمپیوتەرەكەتدا بۆ ئێمەی تەماشاكار؛ ڕووتبوونەیەكی سێكسواڵی نییە، واتا تۆ ئێستا كە ڕووتی؛ وەك ژنێك ڕووت نیت، ئێمە لەبەرانبەر تۆدا؛ لەبەردەم پیاوێكی تووكندا نین، ئێمە نازانین ژێندەری تۆ چییە، بۆ ئێمەی لاپرەسەن ئێستا تەنیا (ڕووتیی) شووناسی تۆیە. بەڕای چكۆلانەی من؛ هاتن بۆ فەیسبووك، كردنەوەی پەنجەرەی ژووری نووستنە، ڕووتبوونەوەیەكی ئاشکرایە، وەك ئەوە تۆ لەسەر دەم بە جلی خەوەوە ڕاكشابیت و غەریبەیەكی ئێسكقورسی چاوبز سەیرت بكات… ترازانی حەرەمە بە دەستی سپی خۆت، وەك ئەوەی لە ماڵەكەی خۆتدا بەڕووتیی سەرخەوێك بشكێنی و چاو بكەیتەوە و ببینی؛ هەموو عالەم لەسەر سەرت خڕبوونەتەوە و لەبەرانبەر تۆدا چاویان لە كالانە ترازاوە… وەك ئەوەی لەژێر دووشەكەتدا، ئێمەشی لێ بین! ڕووتبوونەوە لە فەیسبووكدا پرۆتوستۆكردنی تەنیایی نییە وەك بارێكی ڕۆحیی، ئەوەندەی مەحكومكردنی ناوەوەتە بە خۆت لە دژی خۆت…!

فەیسووك ڕێگای خۆڵاویی چەند سەدەیەكی كورتكردەوە بۆ شاشەیەک. (مارك زوكەربێرگ)، (دامەزرێنەری فەیسبووك) وەك جادووكەرێكی زیرەك؛ هەر جلەكان نــا، پەنهانیی پێ داكەندین… ئەوەی ئەو كردی، هیچ ئاین و ئایدۆلۆژیا و قوتابخانەیەكی فیكری پێی نەكراوە! هیچ ڕەوتێك لە مێژوودا نەیتوانیووە لە ماوەی ١٠ ساڵدا؛ یەك لەسەر حەوتی هەموو مرۆڤایەتی بخاتە بازنەكەی خۆیەوە و بیانكات بە هەوادار، كەچی زوكەربێرگ كردی…! ئەو پیاوە بزنسمانێك نییە تەنها سەروكاری لەگەڵ پشك و دراودا هەبێت، نــــا… ئەو پیاوێكە بە غروورێكی شاهانەوە، لەبەردەم بازاڕێكی گەورەی بە مۆدێلكردن و فرۆشتن و گۆڕێنی ئەخلاقی ئێمەدا، بە پێكەنینەوە وێستاوە! لە جیهانەکەی ئەم پیاوەدا کە ناوی فەیسبووكە؛ تۆ ئازاد نیت، تۆ لە تۆڕێكدایت لەبەرانبەر هەرشتێكدا لە سێ بژاردە زیاترت نییە، یان بەدڵتە (Like)ی دەكەیت، یان زیاتر بەدڵتەوە ئەتەوێ ئەوانیتریش ئەم پۆستە دڵخوازەی تۆ ببین(Share)ی دەكەیت، وەیان لە كۆتاییدا بۆت هەیە (Comment) سەرنجێك بنووسیت! ئێمە ئەمڕۆ لەڕێی سكرینەكەتەوە لە فەیسبووك؛ دەزانین چیت خواردووە، لەگەڵ كێ بوویت و لەكوێ بوون، ئەمشەو چی دەكەن، بەرنامەی سبەینێتان چییە… ئینجا هەر لەم شاشەیەوە دەزانین؛ چەند گرامێك چاوت نیشتووە، لەچاو مانگی پێشوو بڕێ قەڵەوتر بوویت، لە باكگراوندی وێنەكانتەوە، هەموو میوە نایلۆنەكانت دەبینین… وێنەكەی پشتی سەرتان لە ژووری نووستن، كە نیوە ڕووت باوەشت كردووە بە هاوسەرەكەتدا، مۆمدانە قاوەییەكە، توێژێك لە تۆزی سەر گوڵەكانت، كە بە هۆی ئێرەوە بیرت چووە بیانسڕیتەوە، جا ئێمە كوێی یەكتر نابینین؟! ئەگەر لات وایە پۆشتەی، پۆشتەیەكی ڕووتوقووتی، ئەوەتا من لەبەرانبەرت دانیشتووم و بەكەماڵی دڵ بەڕووتیی دەتبینم. ئەگەر ناتەوێ هیچ شوێنێکت دەربکەوێ؛ تکایە فەیسبووکەکەت داخە!





توانا ئەمین

نووسەر

Check Also

چۆن بابەتی فەیسبوک هەڵبژێرین؟

بەیان سەلمان Image: Samer Daboul فەیسبوک پانتاییەکی بەتاڵ و بێ ناوەڕۆک نییە هەتا نەزانین چۆن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *