لە زستانی گەرم و هاوینی ساردا

کورتە چیرۆک

یوسف اسماعیل عەزیز


ئەو دانیشت و بە پەلە پروسکێ کورسیەکەی لەبەردەم دانا، چاوەنۆڕی ڕوونیشتنەکەی نەکرد، بە ئاسپایی لێی پرسی: چیڕۆکی ژیانی تۆ چییە؟ ژیانی من وەک خامەیەک لە پیتەکانی ڕۆژگاری بەدبەختی تێک ئاڵاوە، هەر لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا هەست بە یەکەم جیاوازی تەمەنی خۆم کرد. کاتێک ڕووی کردە کتێبخانە و لە سوچێکی کتێبخانەکەدا دەستی بە خوێدنەوەی ڕۆمانێکی خەیەڵی کرد، من کتێبەکەی بەردەمم پشت گوێ خست، چاوەکانم پەیوەست بوون بە سەیرکردنی ئەو؛ کچێک بوو کە بە قووڵی چووبووە نێو دونیای ڕۆمانەکە و لەگەڵ وشەکانی دەجەنگا.

هەوڵەکانم بۆ خۆ نزیککردنەوە لەو زۆر سەرقاڵی کردم، لە کاتی دەرچوونم لە ئامادەیی، پاشان کە وەرگیرام لە بەشێکی هەرەباشی زانکۆیەکی ئەم شارە، لەبەر چاوەکانی ئەو، باشترین بەشم وەلاوە نا، تاکو بتواتم ڕۆژانە لە کلاس چاوم پێی بکەوێت. دوای تێپەڕینی نیوەی ماوەی خوێندن، ڕۆژێک لە کتێبخانەی زانکۆکەمان ئەو کچەی کە هەموو بیر و کارەکانمی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو، بە نیگا و قسە شیرینەکەی پرسی ئاخۆ خوێنەری ئەم کتێبە بوویت؟ بەلای تۆوە تا چەند گرینگە خوێنەری ئەم پەرتووکە ببیت؟!

خوشەویستی ئەو بۆ کتێب زیات لە پێویست بوو، چاوە سەوز و جوانەکانی لەبەر خوێندنەوە هیلاکی کردبوو، هەتا زیاتر تێکەڵدەبووم لەگەڵی هەستم بە کەسەیەتی خۆم دەکرد، ساڵەکانم وەک هەفتێیەکی تەمەنم بەڕێکرد، جیاواز لە هاوڕێیەکانی ئەو من گرنگترین هاوڕێی ئەو بووم.

بوێری هەموو شتێکم هەبوو کە بۆ چاوەکانی باس بکەم، جگە لەوەی کە هەستێکی شارەوەی ناخم وەک ئاگڕێکی گەشی بە بەبڵێسە کە ترس و لەدەستدانی ئەو نەم دەتوانی بۆی دەرببڕم، ئاڵودەبوونی من بەس چاوەکانی ئەو نەبوو، لەگەڵ خۆیدا منی خستە نێو دونیای کتێبەوە کە زیاتر لە پێویست وەک ئەو خوێنەر بم و ئامادەیم هەبێت بۆ کتێبکە نوێکان.

من هەموو کاتەکانی تەمەنمدا ڕقم لە قوتابخانە و خوێندن دەبوویەوە، زۆرم دەخوێند بەهۆکاری ئەوەی کۆتایی بە ژیانی خوێندن بهێنم، بەڵام لەگەڵ ئەودا هەمیشە حەزم بەخوێندنەوە و چوون بۆ دەوام هەبوو.

ڕۆژە پشوەکانی دەوامم لەگەڵ ئەودا بەسەر دەبرد لە کتێبخانەکان، جیاوازی زۆرم لەو کچەدا دەبینی ئایە بۆچی وەک ئەوانی تر نییە؟ کە حەز بە جلی جوان و شوێنی خۆش و کڕینی هاندی چاک دەکەن.

هەرچی خۆشەویستە هەمووی لە کتێبەکانی کۆکردبویەوە، من نەم دەتوانی بەرگەی ئەو حاڵە بگرم چونکە ئەم ساڵ کۆتا ساڵی زانکۆ بوو، لەبەر خۆمەوە گوتم، ”ئاخۆ گەر ئەم ساڵ پێی نەڵێم لەدەستی دەدەم؟” هاورێیەکی کۆنی منداڵییم بیرهاتەوە کە هەمیشە کێشەکانی خۆمم بۆ باس دەکرد و ئەو زۆر بە دڵسۆزانە چارەسەری بۆ دۆدۆزیمەوە؛ لە شوێنێک بانگهێشتم کردو باسی ژیانی ئەم چوارساڵەی خۆم بۆ گێرایەوە، گوتم، ”دەبێت چارەیەکم بۆ بدۆزیتەوە کە بتوانم و بوێرم داوای خۆشەویستی لەم کچە بکەم…”

زۆر بە سادەی وەڵامی دامەوە، ”ڕۆمانێکی خۆشەویستی بۆ بکە دیاری لەگەڵیدا دەسکێک گوڵیشی بۆ بەرە، ڕۆژە پشوەکانیش بیبە بۆ شوێنە ئارامەکانی شار و تاقە گوڵێکی بۆ بەرە.”

من هیوایەک لە دڵم دروست بوو، لەگەڵ یەکەم بینینم دوای دانیشتنەکەمان گوڵم پێشکەشکرد، لەنێو زەرفێکی سووری نەخشێندراو، ئەویش زۆر بە خۆشحاڵییەوە وەریگرت، ڕۆژەکان تێپەڕ بوون و من بەپێی ئەو قسە و ڕێگایانەی هاوڕێیەکەم نەخشەی بۆ کێشام، توانیم ئەوەی لە دڵمدایە بۆی باس بکەم.

بەڵام مەودای خۆشەویستی نێوانمان زۆری نەخایەند، داوایی لێکردم کۆتایی بە خۆشەویستی نێوانمان بهێنم و هاوسەرگیری بکەین. من بووم بە دوو لەت، لایەکم ئامادەی هاوسەرگیری نەبوو، لەبەر هۆکاری ئەم وڵاتە، نیشتمانی ئێمە هەموو شتێکی خۆشدەوێت جگە لە ئێمەی هاوڵاتیانی ئەم خاکە! دوای تەواوبوونی زانکۆ هیچ ڕێگایەک نییە بۆ کۆتایی هاتنی نەهامەتیەکان و بحەسێیتەوە و ڕەنجی ئەو ساڵانەی خوێندن وەربگریتەوە، بە پێچەوانەی ئەم کارە دەبێت ملی ڕێگا بگری و لەسەرتای ژیان دەست بە کرێکاری بکەی، ژیانمان تا کۆیایی هەر سەرەتایە دونیاێکی پڕ لە کێشە کە هەمووی لە ژیانی مندا ئاڵاوە.

داوام لێکرد کەمێک پەلەنەکات چونکە من هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆم نییە کە ژیانێکی خۆش دروست بکەم، هەر پێم دەکرێت ژیانێک وەک کرێکارێکی شار دروست بکەم، کە ڕۆژێک نانێکم هەبێت ئاخۆ دەبێ سبەی نانێکم هەبێت!؟

دووبارەی لێکردمەوە، ”باوکم کەسێکی توڕەو توندە، کە قسەیەک دەکات کەس بوێری ئەوەی نییە کە وەڵام یاخوت ناڕازی بوونت هەبێت. ترسم لەوە هەیە کاتێک دووبارە داواکاری هاوسەرگیری هاتەوە پێشەوە من لەسەر قسەی باوکم هاوسەرگیری بکەم.

هەڵبەتە قسەکانی ڕاست دەرچوون و دوای سێ مانگ هەموو شتێک کۆتایی پێهات.

(ئەوجارە لێی پرسیم و گوتی: باشە هەر ئەمە بۆتە هۆکاری تەنهایی و بێ کەسیت؟)

من خۆم و وێنە کۆنەکانی ئەو بە قسەهاتین و گوتمان، ”نەخێر بەهۆی ئەوەی دوای ماوەیێک کە وەک بڵێی ڕاهاتبووم و ئەوم لەبیر دەکرد، تا ئەو ڕۆژەی هاتمە ماڵەوە و دایکم بەرەو پیرم هات و گوتی، ”کوڕی خۆم ئەمڕۆ کچێکی گەنجی زۆڕ جوان هات بۆ ماڵەکەمان و نامەی بۆ هێناویت. منیش خێرا نامەکەم لە زەرفەکەی دەرهێنا و دەستم کرد بە خوێندنەوە. بۆی نووسیبووم، ”خۆشەویستم، ئازیزی ژیانم، ئەی ئەو کەسی فێری خۆشەویستی پاکی ژیانت کردم، دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد لەگەڵ ئەو پیاوەی کە تەنها بەناو پێی دەڵێن پیاو، هیچ شتێکی بۆ گرنگ نییە ئەوە نەبێت کە خۆی پێی خۆشە، داوام لەتۆ هەیە کە فریام بکەوی من لەو ژیانە ناتوانم چیتر بەرگەی بگرم، هەمیشە جنێو و قسەی نەشیاوم پێ دەڵێت، قسەکانی من هیچ گرنگییەکی نییە بۆ ئەو، من چاوەڕێی تۆ ناکەم تا خۆشت بوێمەوە، چونکە من ئەو شانسەی پێشووم لە دەست دا. بەیانی کاتژمێر دە سەر لە بەیانی، لای تاوەری حەمیدی دەلاک چاوەڕوانی دەبم.”

کاتێک ئەو نامەیەم خوێندەوە زۆر شۆک بووم، نەم دەزانی ئاخۆ بەیانی چی دەگوزەرێ و چی دەبێت، من هەتا بەیانیەکەی چاوم نەچووە خەو. کاتژمێرێک پێش ئەو کاتەی بۆی نووسیبووم لەوێ بووم، کە هیچ سەرو شوێنێکی ئەو دیار نەبوو، تا کاتێک هەموو بازار کۆبوونەوە و جموو جۆڵ کەوتە نێو خەلکەکە، گوتم چی بووە؟ وتیان کەسێک دەیەوێت لە بەرزی بالەخانەی حەمیدی دەلاک خۆی هەڵدەداتە خوارەوە. خێرا خۆم گەیاندەوە پێش باڵەخانەکە، بینم ئەوەی کە چەند ساڵە وەک جەستەیەکی خۆم خۆشم ویستووە لە بەرزیەوە هەوڵی ئەوە دەدات کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، هەر کارێکی کردم بێ سوود بوو، لە چرکەیەکدا خۆی هەڵدایە خوارەوە، کاتێک گەیشتمە سەری هێشتا زیندوو بوو. هاوارم کرد و داوای هاوکاریم کرد، بەڵام خەلکەکە هەموو بەلایەکە بڵاوبوونەوە، کەس هەستی مرۆڤایەتی نەبوو! کەس نەیتوانی ڕزگارمان بکات و بیگەیەنمە نەخۆشخانە، هەر لەوێدا گیانی سپارد.

بۆیە ئێستا خووم بە تەنیایی گرتووە، دەبینم مرۆڤەکان چەند دڕندەن، چەندە بێ هەستن، چەندە ئاژەڵێکی خراپن… تەنهاییەکەم لەگەڵ هیچ مرۆڤێک بەش ناکەم؛ بێ دەنگیی و تاریکیی یەکەمین کاری منە.

١١/١/٢٠٢٣

باشوری کوردستان – هەولێر

Images: https://pixabay.com/fr/

Goran Horvat

Check Also

زیندان و کۆڕەو

دۆستۆیڤسكی، بەیان سەلمان   رەفیق سەعید بەراوردێك لە نێوان دوو كتێب كە جیاوازی نوسینیان سەدەیەكە …