پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

”زانینی زگماكی و زانینی ئەزموونی”

د. ساماڵ مانیی

مەبەست لە زانینی زگماكی، ئەو زانینەیه‌ كە پێوەی لەدایك دەبیت؛ لە کاتی لەدایکبوونەوە هەتە. جیاكردنەوەی ئەم زانینە و زانینی ئەزموونی؛ زانینێك كە بەدەستدێت لە ڕێی فێربوون و ئەزموونی ژیانەوە. سەرئەنجامی دیبەیتێكی مێژووییە لە فەلسەفەدا، ئەو فەیلەسوفانەی ناوەکیین (ئینتێرنالیستین)، سەر بە ڕێبازی ناوەكیین، پێیان وایە كە زانین زگماكییە و مێشكی مرۆڤ وەك سندوقێكی پڕ زانینە كە لەدایك دەبێت، زانینی زگماكی لە مێشك و زەینی مرۆڤدا چەسپیوە هەر لە كاتی دروستبوونییەوە، لە كاتی لەدایكبوونییەوە.

بەرامبەر بەمان، فەیلەسوفی زۆر زیاتر هەن كە پێیان وایە زانین زگماگی نییە، بەڵکوو توانای وەرگرتن زگماکییە، زانین پاش لەدایكبوون لە ڕێی فێربوون و ئەزموونی ژیانەوە بەدەست دێت.

ئەم دیبەیتە فەلسەفییە لەسەر ئه‌وه‌ی گوایا زانین زگماكییە، زۆر درێژەی كێشا لە مێژووی فەلسەفەدا، تا سەدەی بیستی خایاند و لە كۆتایی سەدەی بیستیشدا جارێكیتر گرنگیی پێ درایەوە و دیبەیتەكە دەرەوەی فەلسەفەشی گرتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی زانستی زمان و سایكۆلۆجیدا.
یەكێك لەوانەی كە ناویان لەم مەسەلەیەدا دیارە، هەم فەیلەسوفە و هەم زمانناسە، ئەویش (نۆوم چۆمسكی)یە، ئارگیومەنتەكەی چۆمسكی لەسەر ئەم مەسەلەیە ئەوەیە، كە توانای مناڵ لە گەشەكردنی ئاسایی و بێگرفتدا، واتە لە تەندروستی باشدا، لە وەرگرتن و فێربوونی زمانی سروشتی مرۆڤدا، هەردەم ناتەواو دەبێت بەبێ یاریدەرێكی ناوەكی لەم وەرگرتن و فێربوونەدا. لەمەدا تەنانەت ئەو زانیارییە كەمانەش كە هەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ستروكتوورێكی زمان هەیە كە ناوەكی و زگماكییە لە مرۆڤدا. لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێم، كە خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئارگیومەنتەكەی چۆمسكی كراوە و مەسەلەی ئەوەی تا چەند چۆمسكی پشتگیری لە كەمپی ئەوانە دەكات كە پێیان وایە زانین زگماكییە، شایانی دیبەیتە. چونكە بە لای منەوە ئەوەی چۆمسكی دەیڵێت، گەر بەراوردی بكەین بەوەی كە كەمپی ”زانین زگماكییە” دەیڵێن، ئەمەی چۆمسكی كورت دەهێنێت و ناكرێت بە پشتگیریكردن لە كۆی پرنسیپەكەی ئەو كەمپەی كە پێیان وایە هەموو زانین زگماكییە، ئەمە لەبەر ئەوەی ئەو كەمپە لە ناوەرۆكی تیۆرەكەیاندا ‘فێربوون’ لە ئەزموونەوە ڕەت دەكەنەوە؛ بۆ پشتگیریكردن لەم ناوەرۆكە توندەی ”زانین زگماكییە” یاخود ”هەموو زانین زگماكییە” پێویستی بە سەرئەنجامێكی زۆر بەهێزترە لەوەی كە چۆمسكی لە ئارگیومەنتەكەیدا دەیڵێت.

گەرچی بۆچوونەكەی چۆمسكی سوودی زۆر لێ وەرگیراوە سەبارەت بە مەسەلەی زگماكیبوونی زانین، لە ڕاستییشدا دەكرێت ئەو تێڕوانینەی چۆمسكی سوودبەخش بێت بۆیان، بەڵام من پێم وایە كە چۆمسكی هەندێک كەمتر لەو ناوەرۆكەی ئەوان پەسەند دەكات. ئەوەی چۆمسكی دەیڵێت، زیاتر دەچێتە دوو خانەی ترەوە: یان دەكەوێتە خانەی ئەوانەوە كە پێیان وایە توانای زگماكی هەیە و ئەمەش جیایە لە زانینی زگماكی. یان دەكەوێتە خانەی ئەوانەوە كە پێیان وایە زانین دەكرێت بەشێكی زگماكی بێت و بەشێكی لە ئەزموونەوە بە دەست دێت، ئەمەشیان هەر جیاوازە لەوەی کە كەمپی ”زانین زگماكییە” دەیڵێن.

نموونەیەكی دیار كە دژ بە بۆچوونەكەی چۆمسكییە، دەروونناسێكی ناسراوە بە ناوی (فرانك سكینەر) كە بە گرنگی دەزانم باسی بكەم. سكینەر یەكێكە لەو دەروونناسانەی جێدەستی دیارە لەو ڕەوتەی كە بە ڕەفتارگەری (بیهەیڤییەریزم) ناسراوە. ئەو لە ئارگیومەنتەكەیدا دەڵێت كە هەموو زانینێك، بە زانینی زمانیشەوە، بەرهەمی فێربوونە و لەژێر كاریگەری ئەو ژینگەیەدا كە تیایدا دەژین و لە ڕێی بەسەرداسەپاندن و پاداشتەوە فێریان دەبین؛ لای سکینەر زانین لە ئەزموونەوە دروست دەبێت.

زۆرتر لە فەیلەسوفان و دەروونناسان و زمانناسان و بیرمەندانی بوارەكانی تر هەن كە دەڵێن، زانین لای مرۆڤ بەرهەمی هەردووك لە زگماكی و ئەزموونە، ئەم دیبەیتە هێشتا بەردەوامە…

لە بەشی دووەم: ناوبەشی دووەم، کتێبی ئەپیستیمۆلۆجی کلاسیک، لە ”هەگبەی زانین” دەرهێنراوە. ٢٠١٨

Check Also

کتێبی ڕەخنەیی ئاست و ئاستەنگ

لەبەردەم ڕۆمان و چیرۆکی نوێی کوردی کتێبی ”ئاست و ئاستەنگ” کتێبێکی ڕەخنەیی ئەدەبییە، کە خوێندنەوە …