بمخوازە بێ مارەیی !

سەرکەوت شەریف

چەند ڕۆژێکە هاشتاگی “تزوجني بدون مهر” کچانی لوبنانی بانگەشەی بۆ دەکەن، بۆتە بابەتێکی گەرمی سۆشیال میدیا. دواتر ئەم هاشتاگە پەڕییەوە بۆ چەند وڵاتێکی تری عەرەبی، لە ناویشیاندا میسر. بە حوکمی ئەوەی لەمیسر خوێندومە و دوو ساڵ لەوێ ژیاوم، کەمێ باسی زەواج و تێڕوانینی کچانی ئەوێ دەکەم بۆ زەواج.

سەرەتا کە چوومە ئەوێ، لەگەڵ هەندێ هاوڕێی تر چووینە خولێکی فێربوونی لەهجەی محەلی میسری. لەوێ زۆر کەم قسە بەزمانی عەرەبی فوسحه دەکرێت و گەر بێتو فێری لەهجەکەیان نەبیت، تەنانەت لە موناقەشەی خوێندنەکەشت تووشی گرفت دەبیت. ئەوجا ئەوانەی دەرسەکەیان پێدەوتین سێ مامۆستای کچی سینگڵ بوون. ڕۆژێکیان یەکێکیان لێی پرسین، زەواج چۆنە لای ئێوە (واتا کوردستان)؟ ئێمەش بۆمان باس کرد و ئاماژەیشمان بەوە دا کە فرە ژنییش بە یاسا قەدەغە کراوە، یەکسەر وتی چۆن قەدەغەیە! ئەوە پێچەوانەی شەرعە و ئەمانە… وتمان تۆ ئامادەی زەواجی سەر بەهەوێ بکەیت؟ یەکسەر وتی: “بەڵێ”. لەمەوە تێگەیشتم کە زەواج لەو وڵاتە قورسە و بەئاسانی نایەتەدی، چونکە زۆرینەی گەنجەکان بێ پارە و کارن.

زەواج لە میسر چۆنە؟

ئەوان لەسەر تەریقەتی ئیمامی حەنەفی و شافعین. ئەگەر کوڕێک بیەوێت هاوسەرگیری بکات، ماڵەوەیان دەبات بۆ ماڵی کچەکە و ئەڵقەیەک وەکو نیشانە دەکاته پەنجەی کچەکە. لە چەند مانگێکەوە تا ساڵێکیش زیاتر پێکەوە دەبن، پیاسە و گەڕان دەکەن، تا بزانن بۆیەک گونجاون یان نا، ئەگەر پێکەوە گونجان ئەوە مەلا دەبات و مارەی دەبڕێت و دەبێ بە هاوسەری، ئەگەر نەشگونجان ئەوە ئەڵقەی خۆی وەردەگرێتەوە و لێرە پرۆسەکە کۆتایی پێ دێت. بەو جۆرە زۆرترین کێشە لەم ماوەی نیشانەکردنە روو دەدات. هەندێ خێزان رێگا بە کچەکەیان نادەن کوڕەکە زۆر بیبینێت. نیوەی مەسرەفی زەواجەکە، یاخود بەشێکی، لەئەستۆی کچەکەیە، بۆیە باوکان و دایکانی ئەوێ لەگەڵ خەمی کۆکردنەوەی پارەی ماریی بۆ کوڕەکانیان، دەبێ بۆ هاسەرگیریی کچەکانیشیان کۆی بکەۆنەوە.

لێرەوە، ئەگەر زاوا ئەفسەری سوپا یان ئەمن بێت، ئەوا ماڵی کچەکە بەختیان هەیە و یەک هەفتە لە ماڵی خۆیان ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، چونکە ئەفسەری ئەو دوو دەزگایە لەوێ موچەیان زۆرە و دەسەڵاتداریشن. شەوی گواستنەوەی بوکەکەش ماڵی باوکی بە گڵۆپی زەرد و سور دەڕازێننەوە و دەست دەکەن بە گۆرانی چڕین و مۆسیقا ژەنین، کە تەواوی گەڕەکەکە گوێی لێیە، سەرەتا قورئانی دەکەنە سەر و دوایی دەبێ بە گورانی و هەرا.

بەکورتی کۆمەڵگای میسری کۆمەڵگایەکی ئاڵۆز و پێکداپژاوە، هەتا لەوێ نەژیت نازانی هاوسەرگیری چەند قورس و ئاڵۆزە. گەورەترین دیپلۆمیش بۆ کچەکانیان هاوسەرگیرییەکی باشە.

بەو بۆنەیەوە هەر ئەو دوو ساڵەی من لەوێ بووم، دە کوڕی کوردی دەڤەری هەولێر و سۆران هاوسەرگیرییان لەگەڵ  کچانی میسریدا کرد، هەندێکیان جیابوونەوە و هەندێکی تریشیان تاکو ئێستاش بەردەوامن.

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …