پێنج شه‌ممه‌, ئایار 2, 2024
frku

كەسانی وەك تۆ نامرن

(نەوال سەعداوی و فاتیمە مەرنیسی)

شوان ئەحمەد

ڕۆژی (30 -تشرینی دووەمی- 2018) سێیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی نوسەر و كۆمەڵناس و یەكێك لەژنە هەرە چالاكەكانی وڵاتی مەغریبە كە ئەویش فاتیمە مەرنیسییە ( 1940 -2015 ).

ئەڵبەتە قسەكردن لەبزاوتی فێمێنستی لە دنیای عەرەبیدا، بەبێ‌ ناوهێنان و بەسەركردنەوەی كەسانی وەك نەوال سەعداوی (لە میسر) و فاتیمە مەرنیسی (لە مەغریب)، كاری نەكردەیە. بەرهەم و نووسینەكانی ئەم دوو خانمە سەر بەگۆبەندە، ژێدەرێکی سەرەكی بوون بۆ بزوتنەوەی فێمێنستی و خەباتی ژنان لەپێناو بەدەست هێنانی مافەكانیان لەوڵاتانی عەرەبیدا.

سەعداوی و مەرنیسی، چ وەك وانەبێژێك لە هۆڵەكانی زانكۆدا و چ وەك نوسەرێك بە كتێبەكانیان و چ وەك توێژەر و چالاكوانێك، هەوڵێكی بێ‌ وچانیان داوە بۆ بەرەو پێشبردنی پرسی ژنان و بۆ دەسكاریكردنی هۆشیاری كۆمەڵگەی عەرەبی. هەر گۆڕانكاری و پێشكەوتنێك لەو بوارەدا بەدیهانبێت، كەم تازۆرێك نەخش و جێ‌ دەستی ئەوانی پێوە دیارە.

ئەم دوو خانمە لەشەڕێكی سەخت و بێ‌ وچاندابوون، دژی كۆنەپەرستی و دژی دەسەڵاتی سیاسی كۆنزێرڤاتیڤ و تۆتالیتاری وڵاتەكانیان و لەگەڵیشیدا، بەگژ ئەو سستم و گوتارە ئایینیەشدا چونەتەوە كەژنانی وەك بوونەوەرێكی كەم ئەقڵ و نوقسان ئەژماركردووە و لەپەراوێزی كۆمەڵگەدا دیلی كردن.

سێ‌ ساڵێك بەر لە ئێستا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا بۆ دواجار و لە تەمەنی حەفتا و پێنچ ساڵیدا فاتیمە مەرنیسی كۆچی دوایی کرد، نەوال سەعداویش وەك  هاوڕەگەزو هاوخەبات و هاوڕێیەكی لەمێژینەی، بەكورتە نوسینێك بەسەری دەكاتەوە و ڕێزی لێدەنێت. ئەوەی لەخوارەوە دەیخوێنیتەوە، دەقی ئەو نوسینەیە.

کەسانی وەک تۆ نامرن

شەوێكیان گوێم لە لێدانی دەرگای ماڵەكەم بوو لە گەڕەکی(جیزە). حەپەسام و وتم: (دەبێت جگە لە پۆلیس كێ‌ بێت بەبێ‌ مەوعیدی پێشوەختە، بۆ سەردانیكردنم هاتبێ‌؟). ئەوە لە كۆتایی شەستەكان یاخود سەرەتای حەفتاكانی سەدەی بیستەمدا بوو، واتە پەنجا ساڵ و زیاتریش پێش ئێستا بوو.

لە پشتی دەرگاکەوە پرسیم كێیە؟ دەنگی خانمێك هاتە گوێم كە بە شێوەزاری مەغربییانە پرسی: (ئەمە ماڵی نەوال سەعداویە؟).

دەرگام لێكردەوەو وتی، من توێژەرێكم لە وڵاتی مەغریب و ناوم فاتیمە مەرنیسی یە، لە زانكۆی (محەمەدی پێنجەم) لە شاری (ڕەبات) كتێبەكەت (ژن و سێكس)، بەخوێندكارەكانم دەڵێمەوە. بۆ ئەوەش هاتووە بۆ میسر، لەسەر داوای خوێندكارەكانی داوەتم بكات بۆ مەغریب، تا لە زانكۆ دەرسگوتارێكیان پێشكەش بكەم.

باسی ئەوەی بۆ كردم كە خوێندكارەكانی چەند پەرۆشی كتێبەكەمن و بۆخۆیشی كتێبەكە بە شۆرشێك دادەنێت لە بواری هزر و پرسی ئازادی ژناندا، بەوپێیەی بێ‌ چەند و چون دەست بۆ تابۆ سیاسی و ئابوری و سێكسیەكانی نێو كولتووری ئایینی دەبات لە وڵاتانی عەرەبیدا. وڵاتانێك كە لە ژێر باری گرانی سستمێكی سەرمایەداری باوكسالاری كۆلۆنیالستیدا دەناڵێنن و هەر ئەو سستمەشە، لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای دنیادا باڵادەستە.

ئەوكاتەی فاتیمە مەرنیسی هاتە لام، ساڵێك یان زیاتر بوو كتێبی (ژن و سێكس) بڵاو بووبووەوە، وەلێ‌ دەسەڵاتدارانی میسر (چ سیاسی و چ ئایینی)، فەرمانیان بەقەدەغەكردن و پێچانەوەی دا لە بازاڕەكاندا.

ئەوەبوو پیاوانی پۆلیس كەوتنە خۆیان و لە كتێبخانە و كوشك و ڕۆژنامەفرۆشەكانی سەرشۆستە و شەقامەكانی  قاهیرە و پارێزگاكانی دیكەدا، دەستیان بەكۆكردنەوەی كرد. بەڵام، چەند دانەیەكی ئاودیوی میسری كراو پاشان بە (ئاشكرا و بەنهێنی)، لەوڵاتانی دیكەی عەرەبیدا چاپكرایەوە. بەتایبەت لەبەیروت دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی لوبنان، قوڵیان لێهەڵماڵی و بەتیراژێكی زۆر بەدنیادا بڵاویان كردەوە.

یەكەمین دەرسگوتارم لە زانكۆی (محەمەدی پێنجەم) و لەسەر بانگهێشتی فاتیمە مەرنیسی، هەزاران خوێندكاری كەمەندكێش كردو ئەو خوێندكارانەش لە حەوشەكەدا لە دژی سەرۆكی زانكۆ گردبوونەوە، چونكە فەرمانیدا بوو بەداخستنی هۆڵە گەورەكە لێیان و تەنها هۆڵێكی بچوكی پێڕەوا بینیبوون. خوێندكارەكانیش بەوە تووڕەبوون و بەپاڵ دەرگای هۆڵە گەورەكەیان شكاند.

لەوەدابوو دەرسگوتارەكەم بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندان.

فاتیمە مەرنیسی ئایدیای ڕادیكالانەی فێری خوێندكارەكانی دەكرد، دژ بەچەوساندنەوەی ژن و ستەمكاریی سەرمایەداری كۆلۆنیالستی ئەوروپی و ئەمریكی. كتێبەكانیشی بە زمانی فەرەنسی بڵاودەكردەوە، پاشان وەردەگێڕدرانە سەر زمانەكانی دیكە، لەوانەش زمانی عەرەبی.

ئیتر بۆ ماوەی نیو سەدەو زیاتر بوو بە هاوڕێم و ئەو و چەندین ژنی دیكە لە تێكڕای وڵاتانی عەرەبی، هاوكارم بوون لە دامەزراندنی (ڕێكخراوی هاریكاریی ژنانی عەرەب)، لە سەرەتای  هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا.

ڕێكخراوەكە هێندەی سەرپێی خۆی كەوت و دەستی بەچالاكی كرد، ئیدی بەهەزاران ئەندامی لەدەور كۆبووەوە و چەندین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ ژنان ڕێكخست، تا ئەوكاتەی حكومەتی میسر بەبڕیارێكی نایاسایی دایخست.

لەبەرامبەر ئەوەدا ژمارەیەك پارێزەر لە میسر و وڵاتانی دیكەی عەرەبیدا، خۆبەخشانە هاتنە مەیدان و لە دادگای قاهیرە داوایەكیان لەدژی حكومەتی میسری بەرزكردەوە، وەلێ‌ هەرگیز نەمانتوانی مافی یاسایی خۆمان وەرگرینەوە.

فاتیمە مەرنیسی مامۆستا و نوسەرێكی لێهاتوو بوو. بەرهەمگەلێكی گرنگی لە بواری ئازادی ژناندا نووسیووە. هاوكات خوێن گەرمانە كتێبەكانمی بۆ خوێندكارەكانی ڕوون دەكردەوە و پشتیوان و هاو هەڵوێست دەبوو لەگەڵمدا، سەروەختێك لەمیسر زیندانی بكرامایە یان ناچار بكرامایە وڵات جێبێڵم.

ئێمە زۆر كات لە كۆنگرە نێودەوڵەتیەكاندا یەكترمان دەبینی، چ لە وڵاتانی عەرەبی یان لە شوێنانی دیكە. ئەوەم بیرناچێت كاتێك لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردووداو لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا بەرگری لێكردم.

ئاخر بەهۆی منەوە حەبیب بۆرقێبە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی لە تونس لەسەر كارەكەی دەركردبوو، چونكە لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا میوانداری كردبووم و منیش باسم لە بزوتنەوەی ژنان لە تونس و لە ژنە چالاكوانەكانی تونس كردبوو، بەڵام ناوی بۆرقێبەم نەهێنا بوو.

ئەفراندنی  ئەدەبی و ئایدیای شۆڕشگێڕانە دژ بە كۆلۆنیالیزم و سەرمایەداری پاتریاركی، ئەو تەوەرانە بوون كەبوو بوونە باعیسی دۆستایەتی پتەوی نێوان من و فاتیمە مەرنیسی، بەڵام لە هەندێ‌ بۆچوندا ناكۆك بووین.

من لە نوسین و دەرسگوتارەكانمدا ڕەخنەم لە هزری چینایەتی باوكسالاری دەگرت لەسەرجەم ئایینەكاندا، بەهەر سێ‌ ئایینە یەكتاپەرستیەكەشەوە (مەسیحیەت و یەهودیەت و ئیسلام).

دەساڵ لە تەمەنی خۆم تەرخانكرد بۆ تاو توێكردنی ئایینەكان و بەراوردكردنیان بەیەكتری. ڕێزم لەبیرو بۆچونە ئایینی و كولتووری و هونەرییەكانی فاتیمە مەرنیسی دەگرت كە جیاواز بوو لەگەڵ بۆچوونەكانی مندا. بەوانەشەوە كە حەزی لە نەخش و نیگاری هونەری پێشەنگا و جوانكاری ژنانەوە هەبوو.

بیرمە ڕۆژێكیان ئاوا لە ڕوخسارم وردبووەوە و وتی: (ئای نەوال، بۆ دەست بە خۆتدا ناهێنیت؟ گەر ماكیاژ بكەیت و چاوەكانت بەكل بڕێژیت، ئەوا دەبیتە شاجوان. پێكەنیم و پێمووت: ئاخر بۆچی ڕوخساری خۆم بەڕوپۆشێك لەو دەرمانانە بشارمەوە كە بەبۆچونی من، جیاوازی لەگەڵ ڕووپۆشی ئاینیدا نییە؟). هەر دووكمان دەستمان بەپێكەنین كرد.

  ئێمە هەردووكمان ڕێزمان لە بۆچوونە جیاوازیەكانمان دەگرت، دەربارەی چەمكی ژنانە و چەمكەكانی دیكە. دواین جار كە داوەتی كردم بۆ ماڵەوەیان لە شەقامی (بین الودان) لە شاری (ڕەبات)، ساڵێك بەر لە مردنەكەی بوو.

لەوپەڕی چالاكی و تەندروست باشیدا بوو. دانیشتنێكی لەگەڵ هەندێ‌ كەسایەتی مەغریبیدا بۆ ڕێكخستبووم لە ژن و لە پیاو، دانیشتنێك بوو هەم بیرو ڕامان تێدا ئاڵو گۆڕ كرد و هەم هەستی خۆشەویستی و دۆستایەتیش بەسەریدا زاڵ بوو.

سەروەختێك میوانەكان ڕۆشتن و دوو بەدوو ماینەوە، پێمووت: (فاتیمە تۆ لە مەغریبدا خۆشەویستیت و زۆرێكی زۆریش لە جیهاندا لەژێر كاریگەری خۆت و كتێبەكانتدان. وتی بەڵێ‌ وایە، بەڵام پیربووم و هەستدەكەم مەرگ لێمەوە نزیكە.. پێمووت: فاتیمە مردنی چی؟ كەسانی وەك تۆ نامرن).

Check Also

Image: Jose Antonio Alba

شایەدحاڵی چرکەیەکی مێژووی ژیانم

فریشتە فریشتە نازانم لەکوێوە دەست پێبکەم! گەر باس لە ساڵی لەدایک بوونم بکەم، ئەوا 31/8/1959 …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *