دوو شه‌ممه‌, نیسان 29, 2024
frku

”بۆچی ژن بەشداریی فیکری کەمە، یاخود وەبەرچاو نییە؟”

لەژێر ئەو ناونیشانە تەوەرێکمان کردۆتەوە و بانگەشەی نووسەران و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە خۆیاندا ڕادەبینن تەنانەت چەند دێڕێک لەو بارەوە بنووسن.

نیگار ئیبراهیم

سویسرا

Image: Pixabay

سەبارەت بەوەی کە بۆچی ژنان بەشداری هزرییان نییە لە کۆمەڵگەی کوردی؟ ئێمە دەتوانین ئەو پرسیارەش لەخۆمان بکەین کە بۆچی پیاوانیش یاخود مرۆڤی کورد نەک تەنها بەشداری، بەڵکو هزرینی سەبارەت بە خۆی و کۆمەڵگەکەی و کێشەکانی نییە؟ لە ناو ژینگەی ئێمەدا کە ناوینراوە ژینگەی ڕۆشنبیری کوردی زۆر بەکەمی دەبینین کە هزرینی پوخت و میتۆدیانە بوونی هەبێت. ئەوەی هەشە زیاتر بواری ئەدەب و شیعرە، یاخود وەرگێڕانە، ژمارەیەکی زۆر و بۆر کتێب و وەرگێڕان هەن کە وەک بابەتی هزری سەیردەکرێن، بەڵام گەر وردبینەوە، زۆربەی کۆپی-پەیستی دەرەکیە، کە زیاتر خۆی لە جوینەوەی تێگەی قەبە و درشتی باو دەبینێت، کە پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە واقیعی کۆمەڵگەی کوردی و کێشەکانیەوە نییە. هەروەها، زۆر لەوانەی کە خەریکی ئەدب و شیعرن خۆیان خزاندۆتە بواری هزرین مەبەستم پرسیارە هزری و کرۆکیەکانە، دەنا ئەدەبیش دەشێت هزرین بێت، یاخود یەکێک لە مۆرکەکانی هزرینە بێت و پێیانوایە کە دەتوانن قوڵ بهزرێن، لەکاتێکدا نە خاوەن میتۆدێکی ئیشکردنن و نە ئاڕاستەیەکی تایبەت بەخۆیان هەیە سەبارەت بە کێشەکان و پرسیارەکانی کۆمەڵگە، بەڵکو وەک گووتم جوینەوەی تێگە باوەکانە و لکاندنیەتی بە کۆمەڵگەی کوردی. ئەوە جگەلەوەی، زۆر دەگمەن ئەوانەی ناویان نراوە ڕۆشنبیر خاوەنی هەڵوێست و پڕەنسیپن، چونکە گەر ڕۆشنبیر بهزرێت دەبێت هەڵوێستی هەبێت سەبارەت بە دۆخ و کێشەکانی و ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژیت.

پەیوەست بە تایبەتکردنی پرسیارەکەش، بۆ ژن بەشداری هزری نییە؟ لەناو ئەو ژینگەیەی کە خۆی هەر لە ناوەڕۆکدا بێ هەزینە، ژن لەبەر ڕوانینی کۆمەڵگە و بەربەستەکان کە هەم خۆی و هەم کۆمەڵگەش بۆی داناوە دوورتریشە، من گەر ئەو پرسیارە لە خۆم بکەم ئایا ژنمان هەیە بهزرێت؟ دەکەومە بەردەم ڕامانەوە کە نازانم بڵێم کێ؟ چونکە کەس نابینم، ژنانیش وەک پیاوانی سەر بەو جیهانە خەریکی خەیاڵ هۆنینەوە و کوڕازەنەوە و چیرۆک و شیعری ڕۆمانسین، ئەوەش بێگومان لەژێر مێنتاڵیتی باودا کە باوکانەیە، یاخود پیاوانەیە، لێرەوە دەشێت ئەو پرسیارە بنەڕەتی و باوە بکەینەوە کە ئایا ژن بوونی هەیە؟

لە جیاتی ئەو پرسیارەی کە ژن بۆ هزرینی نییە؟ دەشێت بپرسین بنەڕەت و هزرینی من چییە وەک ژن؟ من کێم و لە کوێی ئەم جیهانەدام؟ واتا هەڵوێستگرتن سەبارەت بە “خۆ” .

ژنى کورد لەبەرامبەر هەژموونى سەرمایەدارییدا

داستان بەرزان

Image: Mohamed Hassan

      لە چاخە دێرینەکانەوە بەشداری ژنان لە کایە فیکریی و فەلسەفییەکاندا لەچاو پیاواندا لاوازە؛ ئەمەش ڕەنگە لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە پیاو بەهۆی ئەوەى هێزى فیزیکى لە ژن زیاتربووە، توانیبێتى دەستەڵاتى عەقڵیشی بەسەرییدا بسەپێنێت، دەنا زانست دەریخستووە ژنان لەسەر زۆر ئاست لە پیاوان زیرەکتر و بیرکەرەوەترن.

      نەبوونى پێغەمبەرانى ژن، کەمى فەیلەسوفانى ژن، بەشداریکردنى کەمى ژنان لە سیاسەت و زۆری پیاوانى پادشا و کاربەدەست لەچاو ژناندا… لە کۆندا زیاتر سەلمێنەری ئەو ڕاستتیەن کە چەمکى (نێرسالاریی) مێژوویەکى دوورتری هەیە، پاشان بەهۆی کەمێک لاوازبوونى ئەو چەمکە، لەڕووى پراکتیکییەوە دەبینین کە لە سەردەمە نوێیەکاندا، ژنانى فەیلەسوف و خاوەن فیکر سەرهەڵدەدەن. بۆ ئەمەش، ئەگەر چاوێک لە سەدە نوێیەکان بکەین، کەم نین ئەو ژنانەى بەشدارییەکى ئاکتیڤیان هەیە لە بەرەوپێشبردنى فیکری مرۆڤایەتیدا، ئەمە لەسەر ئاستى سیاسی و کۆمەڵاتیشدا هەروەهایە.

      ئەگەر ئەم بابەتە وابەستە بکەینەوە بە ژنانى کورد و کارانەبوونیان لە بواری فیکرییدا، وایدەبینم کارەکەمان قورستر بکات. ئەمەش، بەهۆی دواکەوتوویی کۆمەڵی کوردەوارییەوە، لە ڕابردوودا و ئێستاش، پاش ئەو هەموو گۆڕانکارییەى بەسەر دونیادا هاتووە و هاتنى هەژموونى جیهانگەرایی و تەکنەلۆژیا و تێکەڵبوونى جیهان لە تۆڕێکدا؛ هێشتا هێڵەکانى دواکەوتوویی و ڕوانگەى (پیاوسالاریی) لەسەرجەم ئاستەکانى کۆمەڵایەتى و سیاسی فەرهەنگیدا ئاکتیڤە و ژینگەیەکى وەها نەهاتۆتە ئاراوە کە ژنى کورد لە کیانى خۆی ڕاببینێت دیدگاى تایبەت بە خۆی بخاتەڕوو. چونکە ئەگەر هەیە لە سادەترین دەربڕیندا پێی بگوترێت ”تۆ ژنیت و چیتداوە لەم باسە!”. ئەمە هەمان ئەو دەربڕینەیە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا بەرامبەر پیاوانیش دەگوترێت، بەڵام ڕەنگە بە گوزارشتى دیکە، پاشان کامەیە ئەو ڕێژە زۆرەى پیاوى کورد کە بیرکەرەوە و خاوەن ڕوانینن؟ لێرەوە پێویستە لامان ڕوون بێت کۆمەڵگاى کوردى خۆی کۆمەڵگایەکى دژە بیرکردنەوەیە. کۆمەڵگایە بە درەنگ دەتوانێت هەنگاو بنێتە ناو بیرکردنەوە نوێیەکانەوە؛ ئەوەشی ئەو کارە بکات چارەنووسێکى تراژیک چاوەڕێی دەکات. لە مێژووشدا کەم نین ئەوانەى لەسەر بیرکردنەوە تووشی کێشە و کارەسات هاتوون و بە سەرهەڵگرتن و مردن لە مەنفا کۆتاییان هاتووە.

     ژنى کوردیش بۆخۆی ڕۆڵی هەیە لە خۆلاواز نیشاندان و بیرخەساندندا؛ تازە لە پاش ئەو هەژموونە زۆرەش کە سیستمى سەرمایەداریی لەگەڵ خۆیدا هێناوێتى بۆ نێو کۆمەڵگاى کوردى، زەحمەتە ژن لەوە تێبگات کە ئەویش پێویستە فیکری هەبێت، پێویستە ڕوانینى هەبێت، تاکو بتوانێت هەر نەبێت خۆی لە توندوتیژى و چەوساندنەوە و تەنانەت کوشتن بپارێزێت. وەک دەبینین لەنێو ئەو هەژموونەدا ژن شەڕ لەسەر ئەوە دەکات کە یەکەم مۆدێلیست و یەکەم کەس بێت کە جەستە و کیانى خۆی دەکاتە ئامرازێک بۆ نمایشی جلوبەرگ و ڕیکلام و… هتد. ئەمەش بێگومان لەگەڵ ئەوەى لە بەرژەوەندى سیستمەکەیە، هاوکات لە بەرژەوەندى پیاوانیشە، چونکە زیاتر ئەو تێڕوانینە تۆخ دەکاتەوە کە ئەو ژنە، با خەریکى خۆی و جوانى و ڕێکى جەستەى و ڕازاندنەوەى خۆی بێت و چیداوە لە بیرکردنەوە؟! ئەمەش جۆرێکە لە بەکاڵاکردن و بە کۆیلەکردن، بە شێوەیەکى مۆدێرن.

دواجار لە کوێشدا سیستمەکە کاری پێی نەما و پیاوان لەوە زیاتر نەیانویست، بە چەندین جۆر کاراکتەری تێرۆر دەکەن، تا دەگاتە تێڕۆری (جەستە و  و ڕۆحی)ش.

بیریشمان نەچێت (ئێمە لە کۆمەڵگایەکداین هەتاکو ئێستاش ژنان لەسەر سادەترین مافەکانیان ڕووبەڕووى کوشتن دەبنەوە!).

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *