پشتیوان عەلی
مێژووی ئێمه به‌بێ ئه‌و هه‌وڵه كه‌مه‌ی هه‌ندێك له شاعیره‌كانی، فۆرمێكه له مێژووی چه‌كداری. ئه‌و مێژووه‌شی كه له قۆناغێكدا هه‌ژاریی زمانی شاعیره‌كانی ده‌ژیا، مێژوویه‌كه، كه شاعیره‌كانی شه‌ڕی په‌تیبوون و پابه‌ندبوون و مانه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یان ده‌كرد و له فۆبیای هه‌ر ناو و وشه‌یه‌كی بێگانه‌دا زمانیان به‌رته‌سكتر و ناگەشەكردووتر ده‌رده‌خست.
له وه‌سفی ئه‌م قۆناغه‌دا ده‌توانین بڵێین: له په‌نهانیدا زمان بواری خۆده‌رخستنی نەبوو، به‌ڵكو له‌خه‌می مانه‌وه‌دا بوو. گه‌ر دیقه‌تبده‌ین زمان له‌و قۆناغه‌دا له هەمووشت زیاتر له ململانێی ناوه‌كی داماڵراوه و تووشی نیشانه‌كانی له‌خۆداماڵینی غه‌ریبه هاتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی شیعر بۆ پرسێكی گشتی و گه‌وره‌تر تێكۆشابێت، خاڵی له هه‌موو پانتاییه‌كی تاكه‌كه‌سی ده‌رده‌كه‌وێت. له‌و قۆناغه‌دا زمانی ئێمه تووشی ڕه‌قهه‌ڵاتن بووه، وه‌ك كۆی كایه‌كانی تر، هێنده بێ ڕووداوه له‌بونیادێكی چه‌قبه‌ستوو زیاتر تێپه‌ڕناكات. بۆیه گواستنه‌وه‌ی زمان له قۆناغی پاسیڤێتییه‌وه بۆ قۆناغێكی نوێ ده‌بێته ڕووداو.
له‌به‌رئه‌وه له‌دوای ئه‌م قۆناغه‌وه(به‌ختیار عه‌لی) له‌و تایپه‌یه له شاعیر بۆ دونیای ئێمه، كه شیعری وه‌ك ئه‌نتاگۆنیزمێك ده‌رخست، چونكه زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعری، له ئه‌نجامی “تاك كڵێشه‌یی”دا تووشی هیچ پارادۆكسێك نه‌هاتبوو. بۆیه ده‌ركه‌وتنی ئه‌م شاعیره هاوكاتبوو له‌گه‌ڵ چه‌وساندنه‌وه‌ی شیعر كه هه‌موو ڕۆژێك له‌پێناو كاریگه‌ریی سۆزه سیاسییه‌كاندا لێی كه‌مده‌كرایه‌وه و به‌كارده‌برا. لێره‌وه‌یه كه دەڵێین (به‌ختیار عه‌لی) شاعیرێكه زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی، ناچار به‌ڕاچڵەكین و كرانه‌وه و لادان كرد. لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین زیاتر له‌ڕێی چه‌ند خاڵێكه‌وه خەسڵەتەكانی ئه‌م لادانه شیعرییه‌ی ئه‌م شاعیره ڕوون بكه‌ینه‌وه.
یه‌كه‌م: (به‌ختیار عه‌لی) له‌دایكبوونی شیعری به‌سته‌وه به‌سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆحێكی گەڕۆك و
ئازاده‌وه، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ده‌ركه‌وتنی ناكۆكیی داهێنه‌رانه‌ی شیعر، لەگەڵ
كۆی ئه‌و بونیاده جێگیره‌ی پێشتر شیعری پێنووسراوه و تێكست بیری تێدا كردووه‌تەوه. له‌به‌رئه‌وه ئیشكردنی (به‌ختیار عه‌لی) ده‌بێته تێپه‌ڕاندنی هێڵه گشتییه‌كانی ئیشكردنی شاعیرانی پێش خۆی. بۆ نمونه: بۆ (شێركۆ
بێكه‌س) نیشتمان
هه‌ر نیشتمانه جێگیر و
سیاسییه‌كه‌ی(
قانع) و (بێكه‌س)ه، كه دێت مانای سیاسیی دیكه‌ی بۆ زیاد دەكات،
به‌ڵام نیشتمان
بۆ (به‌ختیار عه‌لی) به‌جۆرێكی تره، كه دێت وه‌ك (شێركۆ) ڕەهه‌ندی سیاسیی تری لێ بارناكات، به‌ڵكو ده‌بێته تاراوگه.
دووه‌م: گوتاری شیعریی به‌ختیار عه‌لی، به‌سه‌ر ئه‌م میراته‌وه ده‌بێته بونیادێكی ناڕازی و گومانكاری به‌رده‌م شیعری پێش خۆی، به‌وه‌ی درۆی ده‌ركه‌وتنی ئاسۆی ڕوون و هه‌موو ئاگربه‌ستێكی ڕه‌ها و موژده‌یه‌كی سیاسیی ڕه‌تكرده‌وه، هات و گوتی “درۆیه ئه‌م ئاشتییه، به‌یانی جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێت.”.
سێیه‌م: سه‌رنجدانی شیعری به‌ره‌و فراوانكردنی پانتاییه داگیرنه‌كراوه‌كان برد، بەوەی شه‌ڕی شیعری له خورافاتی هێرشی ده‌ره‌كییه‌وه گۆڕی بۆ مه‌ترسیی سیستم، واتا ڕۆحی به‌ره‌نگاریی شیعری له به‌رگریكاریی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه گۆڕی، بۆ شەڕێکی تراژێدی تاکەکەسی لە سیستمدا.
چواره‌م: بڕیاردانی تێكستی له ئاڕاسته‌كردنی سیاسی و ئایدیۆلۆژییه‌وه گواسته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه شیعر ده‌بێت بڕیاری له‌سه‌ر بدات، واتا شیعری له پاشكۆیه‌تییه‌وه كرد به ناوه‌ندی بڕیار و ئازادی كرد.
پێنجه‌م: زمانی شیعریی له ڕاسته‌وخۆیی و هوتافكێشانه‌وه گواسته‌وه بۆ زمانی شفره و كۆده‌كان، واتا سیمبولی كرده‌وه، به‌مه‌ش شیعری تووشی “له‌ئاشنایی داماڵین” كرد.
شه‌شه‌م: ئاڕاسته‌كردنی شیعری له سه‌نته‌ره‌وه گۆڕی به‌هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له سه‌نته‌ر.
سه‌ره‌تای هه‌موو ئه‌م گۆڕانكارییه بونیادییانه‌ش له‌و بیرۆكه‌یه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن، “داهێنان-نوێگه‌ری”، كه خه‌مێكی به‌رده‌وامی ئه‌م شاعیره‌یه. بۆیه هاتنی (به‌ختیار عه‌لی)، كۆتاییهاتنە به فۆرمێك له شاعیر، كه ناكه‌وێته ناو قووڵایی زمان و فیكر و داهێنانه‌وه. به‌ڵكو وه‌ك پارێزه‌ری زمان لێره‌یه، نه‌ك نوێكه‌ره‌وه‌ی. له‌ناو نه‌ریتێكدا، كه هه‌موو هه‌وڵه نه‌زۆكه‌كانی له‌خۆگرتووه، بینین پانتاییه‌كی گه‌وره‌یه له‌ئاشنایی و دووباره‌كردنه‌وه. له‌به‌رئه‌وه هه‌وڵه داهێنه‌رانه‌كان له‌ناو ئه‌م نه‌ریته‌دا، هۆی سەرهەڵدانی نیشانه‌یه‌كی دوور و جیهانبینییه‌كی نائاشنان. له‌م ئاسته‌شدا تواناکانی دیوانه شیعری ”شه‌وێك ئاسمان پڕبوو له ئه‌ستێره‌ی شێت” ده‌ریده‌خات، (به‌ختیار عه‌لی) تائێستاش وه‌ك نوێگه‌ر بۆ ئێمه، هه‌ر پانتاییه‌كی نەگیراوه و وه‌ك هه‌میشه غه‌ریبه‌كه‌ی دونیای ئێمه‌يه.
پشتیوان عەلی
نووسەر