نووسەر: برایان ترەیسی
وەرگێڕ: لەیلا قادری
پێشەکیەکی کورتی وەرگێڕ
ئەو كتێبە چكۆلە و بە ناوەرۆك گەورەیە، وەبیر ژنانی دێنێتەوە كە خاڵە بەهێزەكانی خۆیان لە بەرچاو بگرن و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەهێزتریان بكەن. باس لەوە دەكات كە ژنان نابێ هەستی متمانە بە خۆیان بێتە خوارێ.
برایان ترەیسی كەسایەتییەكی ناسراوە لە بواری كەڵكوەرگرتنی باشتر لە كات و چاكسازیی كردەوەی تاكەكەسی.
ئەو، هەموو ساڵێ زۆرتر لە سەدهەزار كەس فێری بنەما و شێواز و تەكنیكەكانی چاكسازی كردەوەی تاكەكەسی دەكات. ئەو مرۆڤ فێر دەكات كە چۆن دەتوانن هاوكات لەگەڵ سازكردنی هاوسەنگی لە ژیانیاندا، پێشكەوتنی خۆیان دوو یان سێ بەرامبەر بكەن.
ئەم كتێبە چكۆلە بە ناوەرۆك گەورەیە، بە فێركردنی ڕەمز و ڕازەكانی سەركەوتن بۆ ژنان لە ژیان و لە كار و هەروەها باشترینی ئەو بیر و باوەڕ و شێوازانەی تا ئێستا دۆزراونەتەوە، دەخاتە ڕوو.
نووسەر لەم کتێبەدا بە بڕگەی کورت کورت چەغت لە بیرۆکەکانی دەکات و ئێمەیش تەواویی کتێبەکە وەک خۆی لێرەدا بە چەند بەشێک دەیخەینە ڕوو.
بەشی دووهەم
پێشكەوتەكانتان لە ژیاندا، هەموو كات بە باشتر كردنی وێنەی زەینی خۆتان دەست پێدەكات.
***
بەردەوام زەینتان بە وێنەی تەندروستی، شادی و بەختەوەرییەك پڕ بكەنەوە كە ئاواتی ئەوتان هەیە.
***
سەركەوتنی پیشەیی كاتێ دەست پێدەكات كە كاری هەرە باشتان بە دروستی دیاری بكەن.
***
شێوازی قسە كردنتان لەگەڵ خۆتان لە 95٪ جارەكان، دیاریكەری هەستەكانتانە. بەردەوام ئەو شتانە دووپات بكەنەوە: «كەیفخۆش و شادمان و دڵخۆشم.»
***
چ شارەزایی و تواناییەك تا ئێستا بۆتە هۆی سەركەوتنتان؟
***
ئەگەر هەر ئەمڕۆ، یەك میلیاڕد تمەنتان بۆ دەرچێ و موختار بن هەر ئیشێكی پێتان خۆشە هەڵیبژێرن، چ پیشەیەك هەڵدەبژێرن؟
***
خەیاڵاتێكی گەورە لە سەرتاندا پەروەردە بكەن. پێتان وابێ لە هیچ بوارێك، سنووردار نین و پاشان بەر لەوەی بەتەمای كارێكی گونجاو بن، بەرنامە بۆ كارێك دانێن كە بەجێ و دروستە.
***
چ مەبەستێكە كە ئەگەر پێی بگەن، زۆرترین كاریگەریی ئەرێنی لە سەر ژیانتان دەبێ؟
ئەنجامدانی چ كارێك هەمیشە بۆتان سادە و ساكارە، بەڵام بۆ كەسانی دیكە كارێكی چەتوون و دژوارە؟
***
بە شتێكی هەرەباشی خۆتانەوە دەست پێبكەن، پیشە، ژیان و شوێنی كاری هەرەباشتان تەوسیف بكەن.
***
بۆ ئەوەی خەونەكانتان وەڕاست بگەڕێ، ئێستا دەبێ چ هەنگاوێك هەڵێننەوە؟
***
ڕەنگە گرینگترین وشە بۆ سەركەوتن و بەختەوەری ئەمە بێ: «بتهەوێ!»
ئەو شتانەی دەتانهەوێ، لە خەڵك و كەسانی دیكە داوا بكەن. یارمەتییان لێ وەرگرن. زانیاریی پێویست وەدەست بێنن، ڕاوێژیان لەگەڵ بكەن. داوای تێبینییەكانیان بكەن و قەت لە ویستن و پرسین مەترسن.
***
بە ئەدەبەوە پرسیار بكەن. بە تاسەوە پرسیار بكەن. لێبڕاوانە پرسیار بكەن. دۆستانە پرسیار بكەن. كونجكۆڵانە پرسیار بكەن و لە بیرتان نەچێ داهاتوو بە دەست ئەو كەسانەوەیە كە دەپرسن.
***
بۆ وەدەست هێنانی ئەو كارەی پێتان خۆشە، تێبكۆشن. ئەو حەقدەستە وەرگرن كە داخوازی ئەون. بەرپرسایەتی و پلە و پایەیەك وەرگرن كە بە دڵتان بێ.
***
هەرچەند كار و پیشەكەتان باشتر و وردتر دەستنیشان بكەن، بە ئاسانی وەدەستی دێنن.
***
لە ڕێی پلانداڕشتن، لێكۆڵینەوە و كەڵكوەرگرتن لەو ڕێكارانەی لە بواری پێشكەوتنی پیشەییدا هەن، كۆنتڕۆڵی ڕێگای ژیانتان لە دەستدا دەبێ.
***
بەر لەوەی بچنە نێو وتووێژی كارییەوە، پێرستێك لەو پرسیارانەی ئەگەری لێپرسینیان هەیە، وێڕای وەڵامەكانیان ئامادە بكەن.
***
بەر لە وتووێژ، كاروباری سەرەتایی پێویست ئەنجام بدەن: لە بابەت ئەو ناوچەیەی دەتانهەوێ ئیشی تێدا بكەن، پشكنین بكەن.
***
بەردەوام لە سەر هێڵی پێوەندییەكانتان كار بكەن. 85٪ تاكەكان لە ڕێی پێوەندی و ناساندنی كەسانی ترەوە، دەچنە سەر كار.
***
پاش وتووێژەكەتان، بۆ ڕێزلێنان و سپاس، نامەیەك بۆ ڕێكخراوەكە بنێرن. ئەو كارە زۆر جاران دەتوانێ بارودۆخەكە بە قازانج و بەرژەوەندی ئێوە بگۆڕێ.
***
ئەگەر بەڕاستی دەخوازن لە ڕێكخراوەیەكدا كار بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن توانایی و شارەزاییەكانتان بسەلمێنن، پێشنیاری مانگێك كار بەبێ حەقدەست بدەن.
***
لە ماوەی كاتژمێرەكانی كاردا، بەردەوام سەرقاڵی كاركردن بن. تێبكۆشن لە شوێنی كارەكەتان نێوبانگتان بە «بەكارترین كەس» بڕوا.
***
كاتێك وەك پڕكارترین كەسی ڕێكخراوە نێوبانگتان ڕۆیی، باشتر لە هەر شێوازێكی دیكە دەكەونە بەر سەرنجی بڕیاردانانی ڕێكخراوەكە.
***
فورمۆلی سەركەوتن لە كاردا ئاسانە: بڕێك زووتر لە خەڵك، كارەكەتان دەست پێبكەن، كەمێك زۆرتر لە خەڵك تێبكۆشن و بڕێك درەنگتر لە خەڵك، شوێنی كارەكەتان بەجێ بێڵن.
***
بەر لە هەر كارێك، فێر بن بە كامپیۆتێر كار بكەن و تێبكۆشن تێیدا شارەزا بن. دەنا ناتوانن كاری شیاوی خۆتان بدۆزنەوە.
***
بۆ ژنێكی سەركەوتوو، خوێندن قەت كۆتایی نایە. تێبكۆشن هەموو ڕۆژێك بابەتێكی نوێ فێر بن.
***
هەموو ڕۆژێ، كاتژمێرێك بۆ موتاڵا كردن لە بواری كاری خۆتاندا تەرخان بكەن. بەمجۆرە دەتوانن حەوتووی كتێبێك و ساڵی پەنجا كتێب بخوێننەوە.
***
تا ئەو جێیەی بۆتان دەلوێ، ئەو قۆناغە فێركارییانەی قازانجی بۆتان هەیە، تێپەڕ بكەن، بە تاسەوە وەشوێن ئەو سمینار و كلاسانەوە بن كە دەتوانن یارمەتیدەرتان بن.
***
بە گوێڕاگرتن لە بەرنامە تۆماركراوەكانتان لە كاتی لێخوڕیندا، ماشێنەكەتان بكەنە ماشێنێكی فێركاری.
***
بە چڕبوونەوەی بەردەوام لە سەر كردەكانتان و هەروەها بەرهەمەكانتان، بە خێراییەكی زۆرترەوە كارەكانتان بەرنە پێش.
***
بە باشی لە كاتەكانتان كەڵك وەرگرن، هەر چركەیەكی بە دەرفەتێك بزانن.
***
بەر لە هەر كۆبوونەوەیەك، خۆتان تەیار بكەن. چونكە لە كۆبوونەوەكەدا هەموو سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئێوەن. بەتایبەت بەڕێوەبەرەكەتان.
***
ئەو كەسانەی لە كۆبوونەوەكاندا لە دەربڕینی بیروڕاكانیان دەترسن، لە ڕوانگەی خەڵكەوە، ئەوانە كەسانێكن كە هەستی هاوكارییان تێدا نییە.
***
بۆ وەئەستۆ گرتنی كاری زۆرتر، داواكار بن و بەردەوام بەرپرسایەتی نوێ وەئەستۆ بگرن.
***
ئەگەر هەموو تواناییەكەتان ئەوەندەیە كە ئێستا لە كارتان كردووە، كەوایە بەرهەمی كاری ئێستا و داهاتووتان جیاوازییەكی زۆریان پێكەوە نابێ.
***
سەركەوتنتان لە ژیاندا پێوەندی ڕاستەوخۆی بەو كارەوە هەیە كە ئێستاكە ئەنجامی دەدەن، كارێك كە پاش ئەو كارە ئەنجام دەدرێ و ئەو كارانەی بڕیارە لە داهاتوودا ئەنجام بدرێن.
***
ئەگەر زۆرتر لە حەقدەستەكەتان كار نەكەن، قەت ناتوانن داوای حەقدەستێكی زۆرتر لەوەی ئێستا وەریدەگرن، بكەن.
***
ئەوپەڕی كەڵك و بەهرە لە بەڕێوەبەرەكەتان وەرگرن، لە هەر هەل و دەرفەتێكدا بۆ بەهێزكردنی شارەزایی و تواناییەكانتان كەڵك وەرگرن.
ئەگەر ئەمڕۆ بۆ ئەو كارەی ئێستا هەتانە، بانگێشت كرابان، ئایا قەبووڵتان دەكرد؟ ئەگەر وەڵامەكەتان بەڵێیە، بۆچی؟ ئەگەر نایە، لەبەرچی؟
***
دوای ئەم كارانە، دەتانەوێ چ بكەن؟ گۆڕانی كار و پیشە حەتمییە، بەڵام زۆربوونی داهات هەمیشە دەسبەجێ پاش گۆڕانی كار مەیسەر نابێ.
***
حەقدەستی زۆر باش، بە كاری زۆر باش و حەقدەستی مامناوەندی بۆ كاری مامناوەندی دەدرێ.
***
خەرج و تێچوونە پێویستەكان بدەن. لە بابەتە پێویستەكاندا خۆبەخش بن و هەر جۆرە لەمپەرێك لە سەر ڕێگاتان لاببەن، تا لە كارەكەتاندا باشترین بن.
***
گرینگ نییە لە كوێڕا هاتوون، ئەوە گرینگە كە بۆ كوێ دەچن.
***
هەر مەبەستێك دەتوانن بۆ ژیانتان دیاری بكەن و بۆ گەیشتن بەو مەبەستە، هەموو بابەتێكی پێویست فێر بن.
***
كاری ژیانتان باشتر دەبێ كە بۆخۆتان باشتر بن. ئەوكات سەركەوتنتان بێسنوور دەبێ.
***
كەم هەڵدەكەوێ باشبوون بۆ سەركەوتن بەس بێ. زۆر باشبوون بكەنە پێوانەی خۆتان و لە مامناوەند بوون خۆ بپارێزن.
***
داهاتوو هی ئەو كەسانەیە كە دەست لە ململانێ ناكێشنەوە. هەرگیز دەست لە باشتر بوون هەڵمەگرن.
***
حەقدەستەكەتان پێوەندی ڕاستەوخۆی بە كار و پیشەكەتانەوە هەیە. تا چ ڕادەیەك بە باشی بەڕێوەی دەبەن و تا چ ڕادەیەك چەتوونە بۆ ڕێكخراوەكەتان، كە كەسێكی دیكە بێنێتە سەر جێگای ئێوە.
***
تەنیا هۆكارێك كە دەتوانێ ئاسایشی پیشەیی پێكبێنێ، ئەوەیە كە تا چ ڕادەیەك دەتوانن كارەكەتان بە باشترین شێوە بەڕێوە ببەن.
***
كارەكەتان هەرچییەك بێ، سەرەتا دەبێ ببنە تاكێكی بەنرخ لە ڕێكخراوەكەدا، ئەوكات هەبوونتان لە ڕێكخراوەكەدا دەبێتە شتێكی پێویست.
هەموو كات تێبكۆشن لە كارەكەتاندا تا ڕادەیەك وەپێش ئەوانی دیكە بكەون. ئەوكاتە خەڵك ناتوانن ململانێتان لەگەڵ بكەن.
***
لە هەر پیشەیەكدا بن، ئەركی سەرەكیتان هەمیشە وەرگرتنی ڕەزامەندی كڕیارە. كڕیاری ئێوە كێیە؟
***
كڕیار و خوازیارتان كەسێكە كە پێتانەوە گرێ دراوە. ئێوەش بۆ سەركەوتن، بەوەوە گرێ دراون.
***
گرینگترین كڕیارتان، بەڕێوەبەرەكەتانە. چ بابەتێك ڕەزامەندی و خۆشحاڵیی ئەو پێكدێنێ؟
***
گەورەترین لەمپەر بۆ سەركەوتن لە پیشەكەتاندا، نەبوونی ئاگاداری لەو چاوەڕوانییانەیە كە لێتان دەكرێ. لەو بابەتەوەخاترجەم بن، دڵنیا بن كە لەو بابەتەدا زانیاریتان هەیە.
***
هەمیشە تێبكۆشن لە سەر بناخەی ئەو پێشێتییە[1] كار بكەن، وا بەڕێوەبەرەكەتان بۆی دیاری كردوون. ئەو پێشێتیانە كامانەن؟
***
خراپترین چەشنی تێپەڕكردنی كات، هەر ئەوەیە كە كارێكی بێ نرخ و ناپێویست بە باشترین شێواز ئەنجام بدەن.
***
تەرخان كردنی كات بۆ ئەنجامی كارێكی كەم گرینگ، داهاتووی پیشەكەتان دەخاتە مەترسییەوە.
ئەوە چ كارێكە كە ئەگەر بە باشی ئەنجامی بدەن، كاریگەرییەكی بەرچاوی لە سەر پێشكەوتنی ڕێكخراوەكەتان دەبێ؟
***
توانایی دیاری كردنی ئەولەوییەتەكان و پاشان دەست پێكردنی خێرا بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانتان لەو بابەتەدا، دەبێتە هۆی پێشكەوتێكی بەرچاو و خێرا لە كارەكەتاندا.
***
زانست، هێز و تینە، زانست یان شارەزایی پسپۆڕی لە چوارچێوەی كاریتاندا، دەبێتە هۆی ئاسانكاری بۆ پێشكەوتنتان.
***
هێمانی متمانە بەخۆبوون و ناسینی دروست، كردەوەی زۆر باشە.
***
پسپۆڕی و كارامەیی بۆ پێشكەوت لە كاردا، پێویستە.
***
داوا لە بەڕێوەبەرەكەتان بكەن بۆ پێشكەوتی كارەكەتان، ڕێنموونیتان بكات، ئێوەش تێبكۆشن ڕاسپێرییەكانی لە كار بكەن.
***
جلوبەرگتان زۆر بە وردی هەڵبژێرن. شێوازی جل لەبەر كردنی ئێوە دەبێ بتوانێ هێز و تواناییتان تێدا پێكبێنێ.
تەڕپۆش بن. لە ڕێبازی سەركەوتندا، شێوازی جلپۆشینتان دەتوانێ لە سەدا 95 كاریگەری لە سەر خەڵك هەبێ.
***
خەڵك خوازیاری پێشكەوتی كەسانێكن كە وەك خۆیان جل لە بەر دەكەن.
***
بە شێوەیەك جل لە بەر بكەن كە لەگەڵ كارە خوازراوەكەتان بگونجێ. نەك لەگەڵ ئەو كارەی ئێستا دەیكەن.
***
شێوازی جلوبەرگتان لە هەر بابەتێكەوە، دەبێ وەك ئەو ژنانە بێ كە لە شوێنی كارەكەتان پلە بەرزەكانیان پێیە.
***
خێرایی، لە تایبەتمەندییەكانی پاش دەیەی نەوەدی زایینییە. هەركات دەرفەتێكی بەجێتان بۆ ڕەخسا، خێرا بڕۆن.
***
بۆ وەدەست هێنانی ئەو كارەی دڵتان پێوەیەتی، شارەزایی و زانیارییە پێویستەكان دیاری بكەن و پاشان بۆ وەدەستهێنانەكەی، دەست بكەن بە تێكۆشانێكی سەخت و بێوچان.
بەرپرسایەتی تەواوتان دەرهەق بە ڕێكخراوەكەتان هەبێ. ئەوانەی بەرپرسایەتی وەئەستۆ ناگرن، داهاتوویەكی باشیان نییە.
***
كاتێكی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانتان تەرخان بكەن. هاوكارە دزەكەرەكانتان هەموو هەڵسوكەوتی ئێوە دەخەنە ژێر چاوەدێری خۆیانەوە.
***
«هەموو كەس لە هەموو شتێك دەگا.» قەت قسەیەك مەكەن كە دەتانهەوێ كەس نەزانێ و وەك ڕازێك بمێنێتەوە.
***
لە شوێنی كار، وەك یاریزانی تیمێك كار بكەن. لەگەڵ گشتیان هاوكاری بكەن و پشتیوانی لە سەرجەم هاوكارەكانتان بكەن.
***
دەرهەق بە بەڕێوەبەر و هاوكارەكانتان بەئەمەگ بن. هەموو كات، كەسێك هەیە گوێ بۆ قسەكانتان ڕابگرێ.
***
سپاس و پێزانینی خۆتان ئاڕاستەی ئەو كەسانە بكەن كە یارمەتییان داون. لە چاوپێكەوتنەكاندا هەست بە ئەمەگناسی بكەن.
***
ئەگەر بوونە كەسێكی بەنرخ و پڕبایەخ بۆ بەڕێوەبەر و ڕێكخراوەكەتان، بۆ داهاتووی كاری خۆتان، هێز و توانایی پێك دێنن.
***
هەرچی كارەكەتان باشتر بەڕێوە ببەن، توانایی و هێزی زۆرتر وەدەست دێنن.
***
هەرچەند كەسانێكی زۆر خۆشیان بوێن و ڕێزتان بۆ دانێن، زۆرتر دزە دەكەنە نێویان و زۆرتر بۆ ئەنجامی كار وەدەست دێنن.
***
هەرچی زۆرتر خەڵكتان خۆش بوێ و پشتیوانییان لێ بكەن، بەهێزتر دەبن و توانایی ڕەخنەكردن لەواندا وەدەست دێنن
***
هەرچی زۆرتر خۆتان خۆش بوێ و زۆرتر ڕێز بۆ خۆتان دانێن، خەڵكیشتان زۆرتر خۆشدەوێ و زۆرتر ڕێزیان بۆ دادەنێن و لە ئاكامدا سەركەوتووتر دەبن.
***
[1] اولویت