بڕوا کەمال
ئیخوان موسلیمین، لەساڵی 1928، لە شاری ئیسماعیلیە له میسر، لە سەردەستی حەسەن بەننا دامەزرا. ئامانجی بریتیبوو له سەرلەنوێ گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی، چاکسازی لە کۆمەڵگا، پەروەردەکردنی گەنج لهڕێگهی شهریعهو برەودان بە ئیسلامی سونەگەرایی. ئەم ڕێخراوە لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی میسردا، پشکی گەورە بەردەکەوێت. چونکە کەوتە شەڕە چەقۆی دوورودرێژ لەگەڵ دەوڵەتی میسردا، بەتایبەت لەپاش سەرهەڵدانی شۆرشی تەمووزی 1952. یەکەم پێکدادانی نێوان ئیخوان و جەمال عەبدولناسر، دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوی مەشینە، لەساڵی 1954. لێرهشهوه، ئهندامانی ئیخوان موسلیمین دووچاری شاڵاوێکی بەرفراوانی قۆڵبەستکردن بۆنەوه، كهتا ساڵی 1965 بەردەوام بوو. یەکەم مورشیدی ئیخوان حەسەن بەننا بوو.
حەسەن بەننا کێیە؟
حەسەن بەننا ئەحمەد عبدڕەحمان بەننا، ساڵی 1906 لەدەڤەری مەحمودیە، سەربەپارێزگای بوحەیرە لهمیسر، لەخانەوادەیەکی ئاینی هاتۆتەدنیاوە. لەقوتابخانەی ڕەشاد ی ئاینی خوێندوویەتی. قۆناغی ئامادەیی لەمەحمودیە تەواوکردوە. لەگەڵ قوتابیەکانی هاورێی دا ڕێخراوی ئەخلاقی ئاینی دائەمەزرێنن. ساڵی 1920 لە دەمەنهور له میسر چووهتە خانەی مامۆستایان. لەتەمەنی 14 ساڵیدا تەواوی قورئانی لەبەرکردوە. لەساڵی 1923 لەقاهیرە تۆڕی پەیوەندیەکانی لەگەڵ زاناو ڕۆحانیەکاندا بەرفراوان کردوە. لەشاری ئیسماعیلە بۆتە مامۆستا. لەوێ پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هاوشاریەکانیدا بەستوە. سەرئەنجام سالی 1928 ڕێخراوی ئیخوان موسلیمین لەگەڵ شەش کەسی تردا دامەزراندوە. لەساڵی 1932 ڕووی کردۆتە قاهیرەو ئەم شارەی کردۆتە ناوەندی گشتی ئیخوان موسیلمین. لەوێشەوە بەچڕی کەوتۆتە گەڕان بۆ بانگەوازی ڕێخراوە ئیسلامیەنوێیەکەی. لەڕێگەی گوتار و نوسینەکانییەوە، له میسر وڵاتانی ئیسلامی کاریگەری گەورەی بەجێی هێشتووە. ساڵی 1949 لەشەقامی ڕەمسیسی میسر، لەبەردەم ڕێخراوی لاوانی مسوڵمان، لەتەمەنی 42 ساڵیدا تیرۆركرا.
ڕوانینی حەسەن بەننا بۆ چەمکی دەوڵەت
حەسەن بەننا خاوەنی بیرو تێڕوانی خۆی بوو بۆ دەوڵەتداری. دەوڵەت و چەمکی دەوڵەتی ئیسلامی ئیخوان زیاتر ئیشی لەسەر تاک دەکرد. هەروەکو حەسەن بەننا خۆی دەیوت یەکەم جار کەسێکی مسوڵمان پاشتریش گەلێکی مسوڵمان ئینجا حکومەتێکی مسوڵمان کەڕێبەرایەتی خەڵک بکات. لێرەوە ڕوانینی حەسەن بەننامان بۆدەردەکەێت بۆ چەنکی دەوڵەت و سیاسەت کەخۆی لە دوو خاڵ دەبینێتەوە:
یەکەم: تێگەیشتن لەئیسلام وەک سیستەمێکی گشتگیر. واتە دژی جیاکردنەوەی ئاین و دەوڵەتە لە سیاست و ئیجتیهاد کردن لەچوارچێوەی ئەو تێگەیشتنەدا. حەسەن بەننا پێی وایە دەوڵەتی ئیسلامی قەڵایەکە ئوممەت دەپارێزێت و پاسەوانی ژین و ئاینە. دەوڵەتی ئیسلامی بەلای بەنناوە، بنەمایەکی سەرەکییە لەبنەماکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئیسلامی لەسەردەمی هاوچەرخدا.
دەوڵەتداری لەئەندێشەی حەسەن بەننادا، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خوودی ئیسلامهوە هەیە. كه دەبێت هەڵگری سێی تایبەت مەندی سەرەکیی بێ، یەکەم: دەوڵەتی بانگەواز، بەوپێیەی بانگەواز بنەمای دەوڵەتە دەوڵەتیش پاسەوانی بانگەوازە. دووهم: دەوڵەتێکی جیهانی، ئەم دەوڵەتە بەلای حەسەن بەنناوە بە سێ ڕەهەندهوه گرێ دراوە، یەکەم: ئیسلام دەوڵەتی بانگەوازی پەیامە و دەبێت دەوڵەتی ئیسلامی لەناو دەوڵەتەکاندا خاوەن پێگەی خۆیی بێت. لە ستەمکاری ڕزگاری ببێت. هەروەها دەستوەرنەدات لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتی تر و دیسان پارێزگاری ئوممەت بکات.
دووهم: ئەم دەوڵەتە بە شوناسهوە گرێدراوە. بەشێوەیەک کە چەمکی برایەتی ئیسلامی میحوەرێکی سەرەکییە بۆ ڕێخستنی تەواوی مرۆڤایەتی، لەژێر بەیداخی ئیسلامییدا. دەولەتی ئیسلامی بە دەسەڵاتی شەریعەتەوە بەستراوەتەوە واتە شەریعەتی ئیسلامی بە باڵادەستی شەریعەتی ئیسلامی بەستراوەتەوە.
سەرئەنجام حەسەن بەننا لەبەر ڕۆشنایی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر، بە پەیڕەوکردن لە ئیسلامی بزاڤگەریی، کە خۆی لە ڕێخراوی ئیخوان موسلیمین دەبینێتەوە، داوای گەڕاندنەوە بۆ ئیسلام و تێگەیشتن لە ئیسلام بە شێوەی ڕاستوودروست وهەوڵدان بۆ چەسپاندنی دەکات. بەننا لە ڕێگەی سێ پایەی سەرەکییەوە کار بۆ گێڕانەوەی ئیسلام دەکات، یەکەم: ئیخوان موسلیمین بڕوای وایە حکومەتە ئیسلامیەکان گشگیرن بۆ ڕێخستنی کاروباری ئەم دنیا و ئەودنیای خەڵکییە. دووهم: ئیخوان بڕوای وایە تەعالیمە ئیسلامییەکان قورئان و فەرموودە دەبێت تێگەیشتن لە ئیسلام بە شێوەی تێگەیشتنی سەلەفی ساڵح بێ بۆ ئاین.
ئیخوان پێیش ئەوەی حەرەکەیەکی سیاسی بێ، حەرەکەیەکی ئاینییە. کار بۆ ئەوە دەکات ئاینی ئیسلام حکوم بکات. ئەمەیش زۆر هەڵەیهو ئەم هەڵەیش بەڕوونی دەرکەوت کاتێک لەساڵی 2011 ئیخوان لە میسر لەدوای بەهاری عەرەبی دەسەڵاتی گرتەدەست. بەڵام زۆری نەبرد لە لوتکەی دەسەڵات هاتەخوارەوە و شکستی خوارد. چونکە هیچ ئامانجێکی سەردەمییانەی نەبوو بۆ بەرێوەبردنی دەسەڵات. دواجار دهگهینه ئهو ئهنجامهی كه ئیخوان پرۆژەیەکی پەروەردەییە نەک پڕۆژەیەکی سیاسی.
سوودم لەم سەرچاوەیە وەرگرتوە:
– بەرزانی مەلا تەها، ئاین و مەزهەب لە کێشمەکێشمی سیاسەت و ئایدۆلۆژیادا، ٢٠١٩.