کۆژین سدیق
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی جوگرافی پێکدەهێنێت، كه بریتییه لە: ئەفغانستان، پاکستان، ناوچەکانی قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. تەنانەت ھەندێجاریش وهك ڕۆژھەڵاتی نزیک ناودهبرێت. لەڕووی ھەڵکەوتەی جیۆپۆڵێتیک و ستراتیژییەوە، یەکێکە لە ناوچە گرنگ و دەوڵەمەندەکانی جیھان. لە مێژوودا، بەتایبەت لەدوای سەدەی بیستەوە، کێشە و ململانێی ئاڵۆزی زۆری بەخۆوە بینیوە. ئەمەش لە ئەنجامی چەندین ھۆکارە کە گرنگترینیان خۆی لە فرەنەتەوە، فرەمەزھەب، فرەزمان، فرەکولتوور، دەبینێتەوە. ههمیشه گۆڕەپانی ململانێکان بووه، بەتایبەتیش له نیوەی دووەمی سەدەی بیستەوه وەک چەقی ململانێکانی سەر زەوی ومەترسیدارترین و ئاڵۆزترین شوێن ناوزەنددەکرێت، هەروەها وەک خاڵی دەستپێکی جەنگێکی دیکەی جیھانی تهماشا دهكرێت.
ڕۆژھەڵاتی ناوهڕاست سەرچاوەیەکی گرنگی وزەی جیھانییە. خاوهنی ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە سامانی سروشتیه، بهتایبهتیش نەوت و غاز. ههربۆیه چاوی جیهانی لهسهره. داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوهڕاست و دەستوەردانی ھەمەلایەنە، زۆر پەیوەندیدارە بەو سەرچاوە گرنگانەی وزەوه. لە ئێستادا گرنگی غاز لەلایەن وڵاتان زۆر جێگای بایەخە. بە ھەرزانترین سەرچاوەی وزە ئەژمار دەکرێت. ئەوروپا و زۆربەی وڵاتانی جیھان زۆر پێویستیان پێیەتی. تائێستا ڕووسیا وەک تاکە فرۆشیاری بێڕکابەری غاز ھەناردەی ئەوروپا دەکات. جگە لە نەرویج و ھۆڵنداو بەریتانیا، تێکڕای ئەوروپای ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، ھیچ بەدیلێکی تریان نییە بۆ دابینکردنی ئەم سەرچاوە گرنگەی وزە.
ڕێژەی نەوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە %٦٦ ی نەوتی پاشەکەوتی جیھان دەخەمڵێنرێت. لە کۆتایی سەدەی بیستدا ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی سێ یەکی نەوتی جیھانی بەرھەم ھێناوه. دابینکەری سەرەکی نەوتە بۆ ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا و یابان. ئەوەش وایکردووە ھێزی ئابووری ھەندێک لە وڵاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی گەورەی لهسەر نەتەوتی ناوچەکە ههبێت. نەوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەزۆریی کەوتووتە وڵاتەکانی کەنداوهوه. لەبەرئەوە ھەر لە ساڵانی زووەوە وڵاتە زلھێزەکان ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەم ناوچەیە دەدەن. خەسڵەتی تایبەتی نەوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەوهیە کە دهرهێنانی زۆری تێ ناچیت. لە ھەر بیرێکی نەوت، بڕێکی زۆر نەوت دەردەھێنرێت و پێویست بە بیری زۆر و قوڵ ناکات.
گەلێک ھۆکارو فاکتەری بەھێز ھەن کە ڕێگەخۆشکەرن تا ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر ھەنگاو بنێت، لەوانە: ململانێی ھەریەکە لە وڵاتانی ئیران – ئیسرائیل؛ ئەمریکا – ئێران؛ ئێران- سعودییە و کێبڕکێی سەپاندنی ھەژموونی ھەریەکە لە ڕووسیا – ئەمریکاو کێشەی تیرۆر و پرسی کورد لهلایهكی تر.
ململانێی نێوان ھەریەکە لە ئێران و ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل. یەکێک لە دروشمە سەرەکیەکانی دەوڵەتی ئیران بریتیە لە (مەرگ بۆ ئیسڕائیل). ململانێی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە ناوچهكه بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات. بەتایبەت دوای ناساندنی (قودس)وەک پایتەختی ئیسڕائیل لەلایەن ئەمریکاوە. کە بەھەمو شێوەیەک ئێران ڕەتی دەکاتەوە ھەڕەشەی سڕینەوەی ئیسڕائیل دەکات. لە ھەوڵی ئەوەدایە لەڕێگەی بریکارەکانیەوە ئیسرائیل تەوق بکات. نەیارەکانی پڕچەک دهکات. لەلایەکی ترهوه ھەوڵی جێگیرکردنی سوپای (قودس) دەدات لە سوریا. ئیسرائیل بە مەترسییەکی گەورەی دادەنێت بۆسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی. لهبهرمبهریشدا ئیسرائیل ھەوڵی لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئیران دەدات.
ھەریەکە لە وڵاتی سعودیەو ئێران لە ملانێیەکی توندی مەزھەبی دان و ھەریەکەیان ھەوڵی سەرکەوتن بەسەر ئەوی دی دەدات. ئەمەیش تاڕادەیەکی زۆری ناوچەکەی بەرەو گرژی زیاتر بردووە.
لهدوای پارچەپارچەبوونی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییهوه، شەڕی ساردی نێوان ئێران و سعودیە باگڕاوندێکی مێژووی قوڵی ھەیە. ئەم دوو دەوڵەتە ڕاستەوخۆ ڕوبەڕووی یەکتر نەبونەتەوە، بەڵام لەڕێگەی وەکیلەکانیانەوە ململانێیەکی توندی ھەژمونگەرا ئیدارەدەدەن. ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژی (ھیلالی شیعی)، کە خۆی بە خاوەنی ھەریەک لە پایتەختی عێڕاق، لوبنان، سوریا، یەمەن و بەحرەین دەزانێت، کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات. سعودیە وەک سەرمەشق و فریادڕەسی سوننە مەزھەب، ھەوڵدەدات دەستێوەردانەکانی ئێران سنووردار بکات. لهولایشهوه ئەمریکا دەیەوێت سعودیە وەک قەڵغانێک بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و بەربەستێک بێت بەرامبەر ھەژمونی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە، کێشەی سەپاندنی ھەژموون و زیادکردنی ناوچەی ژێر نفوز، لەلایەن ھەریەکە لە دوو زلھێزەکەی جیھان – ئەمریکا و ڕووسیا – ناوچەکەی ناسەقامگیر كردووه. ئەمریکا دیارترین لایەنە کە ڕۆڵی نەرێنی ھەیە لە ناسەقامگیری ناوچەکە. بەرژەوەندی ئەمریکا پشت بەخواستی ئەو وڵاتە دەبەستێت لە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان. بەڵام سەرھەڵدانی جەنگی سارد لە نیوەی دوەمی سەدەی ڕابردوو بەخێرایی بەرژەوەندیەکانی لە ئابورییەوە گۆڕی بۆ بەرژەوەندی ستراتیژی و سیاسی و لەگەڵ دەوڵەتە ڕێکابەرەکەی ھەمیشە لە ململانێدیه تا ھەژمونی زیاتری خۆیان بسەپێنن.
لهناو ئهم كێشمهكێشمانهیشدا، پرسی کورد یەکێکە لە پرسە گەورەو ئاڵۆز و بەردەوامەکان. بەدرێژای چەندین ساڵه چارەسهرنەکراوه. ههربۆیه ناكرێت باسی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکەیت و باسی پرسی کورد نەکرێت. چونكه کورد کێشە بەردەوامەکەی ڕۆژھەڵاتی ناوهڕست و کێشەی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی چل ملیۆنییه، کە بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە.
کۆژین سدیق
رۆژنامهنووس