نووسەر: برایان ترەیسی
وەرگێڕ: لەیلا قادری
بهشی یهكهم
پێشەکیەکی کورتی وەرگێڕ
ئەو كتێبە چكۆلە و بە ناوەرۆك گەورەیە، وەبیر ژنانی دێنێتەوە كە خاڵە بەهێزەكانی خۆیان لە بەرچاو بگرن و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەهێزتریان بكەن. باس لەوە دەكات كە ژنان نابێ هەستی متمانە بە خۆیان بێتە خوارێ.
برایان ترەیسی كەسایەتییەكی ناسراوە لە بواری كەڵكوەرگرتنی باشتر لە كات و چاكسازیی كردەوەی تاكەكەسی.
ئەو، هەموو ساڵێ زۆرتر لە سەدهەزار كەس فێری بنەما و شێواز و تەكنیكەكانی چاكسازی كردەوەی تاكەكەسی دەكات. ئەو مرۆڤەكان فێر دەكات كە چۆن دەتوانن هاوكات لەگەڵ سازكردنی هاوسەنگی لە ژیانیاندا، پێشكەوتنی خۆیان دوو یان سێ بەرامبەر بكەن.
ئەم كتێبە چكۆلە بە ناوەرۆك گەورەیە، بە فێركردنی ڕەمز و ڕازەكانی سەركەوتن بۆ ژنان لە ژیان و لە كار و هەروەها باشترینی ئەو بیر و باوەڕ و شێوازانەی تا ئێستا دۆزراونەتەوە، دەخاتە ڕوو.
نووسەر لەم کتێبەدا بە بڕگەی کورت کورت چەغت لە بیرۆکەکانی دەکات و ئێمەیش تەواویی کتێبەکە وەک خۆی لێرەدا بە چەند بەشێک دەیخەینە ڕوو.
هێماكانی سەركەوتنی ژنان
لە كار و ژیاندا
نووسەر: برایان ترەیسی
هیچ كات خۆتان بە كەم مەزانن. كاتێ كەسێك دەتوانێ كارێك بەڕێوە ببا، بە شیمانەی زۆرەوە، ئێوەش دەتوانن ئەو كارە ڕاپەڕێنن.
***
تەنیا ئەو جەغز و سنوورانەی كە لە ڕاستیدا تواناییەكانی ئێوە بەرتەسك دەكاتەوە، هەر ئەوانەن كە بۆخۆتان سازتان كردووە.
***
لە وڵاتانی ڕۆژئاوا (وڵاتانی ئەمەریكی و ئەورووپی)، ژنان دوو هێندەی پیاوان كار و پیشەی نوێ دەخوڵقێنن و سێ هێندەی پیاوانیش پێشكەوتنیان وەدەس هێناوە.
***
لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ژنان تا ڕادەیەكی زۆر،بەهێزترین گرووپی شوێندانەرن.[1]
***
هەر لە وڵاتە یەكگرتووەكاندا، هەشتا لە سەدی ژنان ڕۆڵی بنەڕەتی و كاریگەریان لە سەر بڕیاردانەكانی كڕین هەیە.
***
ئەوڕۆ لە چاو هەر زەمانێكی دی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ژمارەیەكی زۆرتر لە ژنان بە پلەیەكی باڵاترەوە لە زانستگاكان و دامەزراوەكانی[2] ڕاهێنانی باڵا2 دەردەچن.
***
لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ژنان لە تەواوی بوارەكاندا خەریكی هەڵكشانن بۆ پلەوپاپەی سەرۆكایەتی. ئەو ڕەوتە خەریكە زۆر بە خێرایی گەشە دەستێنێ.
***
كاتێك دەتوانن ژنێكی بەكارهاتوو بن كە بەرپرسایەتی و ئەركی تەواوی ژیانتان و هەموو ئەو شتانەی بۆتان دێتە پێشێ، وەئەستۆ بگرن.
***
هەموو كات لە بیرتان بێ، گرینگترین وزەیەكی خوڵقێنەر كە دەتوانێ لە سەر ژیانتان كاریگەری هەبێ، هەر بۆخۆتانن.
***
«كەس ناتوانێ كارێك بكات كە ببێتە هۆی خۆ بەكەمدانانی ئێوە. مادام بۆخۆتان ئەو هەستەتان نەبێ و خۆتان بە كەم نەزانن.»
ئێلینۆر ڕۆزوێڵت
هەمیشە لە بیرتان بێ كە مرۆڤێكی زۆر باشن و تواناییەكی یەكجار زۆرتان هەیە، بەڵام هێشتا كەڵكتان لێ وەرنەگرتووە.
***
ئەوە بە خۆتان بسەلمێنن كە لە هەرجێیەك هەن و هەركەسێكن، ئاكامی ئەو بڕیاردان[3] و هەڵبژاردنەی خۆتانە.
***
بۆ چاكسازیی[4] بارودۆخی ژیانتان، خۆتان بۆ بڕیاردان و هەڵبژاردنە نوێیەكان تەیار بكەن.
لە بیانووهێنانەوە و داوای لێبوردن كردن و خەڵك بە تاوانبار زانین، دەست هەڵگرن.
***
لە هەر قۆناغێكی2 ژیاندا، مەبەستەكانی خۆتان بە تەواوی دیاری كەن و بۆ هەر كامێكیان پلان و بەرنامەیەكی نووسراو داڕێژن.
***
ژیانی ئامانجدار[5] دەبێتە هۆی ئەوەی وزە ببێتە كردەوە و تەواوی بەهرە2 و تواناكانتان وەگەڕ بخات.
***
بەڕاستی لە ژیاندا چتان دەوێ و ئەوڕۆ بۆ دەسپێكی3 گەیشتن بەو ویستە دەتوانن چ بكەن؟
***
متمانەتان بە خۆتان بێ و بەختەوەریی خۆتان بكەنە گرینگترین بنەمای4 ژیانتان.
***
مەبەستی ئێوە دەبێ پەرەسەندنی[6] بەهرەكانتان و گەیشتن بەو پۆست و پلەیە بێ كە دەتوانن بەڕێوەی ببەن.
***
ئەگەر بتانزانیبایە لە شكان نەهاتوون، ئەوكات چ خەیاڵێك لە مێشكتاندا پەروەردە دەبوو؟
***
گەیشتن بە ئاسوودەیی خەیاڵ، بكەنە مەبەستی بنەڕەتی[7] خۆتان و لە سەر بنەمای ئەو مەبەستە، بۆ ژیانتان پلان2 داڕێژن.
***
كاتێك پێتانوایە كەسێك یان شتێك ڕاستەقینەیە، هەرگیز چاوپۆشی لێ مەكەن.
***
«بۆ گەیشتن بەو شتەی تا ئێستا پێی نەگەیشتوون، دەبێ ببنە ئەو كەسەی هەتا ئێستاكە نەبوون.» (لی بڕاون، وتاربێژی گەورە)
***
بەردەوام بەو بوونەوەرە چاكەی لە ناختاندایە و دەیناسن، وەفادار بن.
***
بەهرە و تواناییە بژاردەكانتان دەستنیشان بكەن و پاشان بۆ پەرەپێدان بە تەواویان بە هەموو هێز و گوڕتانەوە بۆی تێبكۆشن.
***
بۆ داهاتوو و ژیانتان، وێنەیەكی ڕوون و بەرچاوتان هەبێ.
بەردەوام پێشكەوتنەكانتان هەڵسەنگێنن. ئاخۆ ئەو شتەی ئێستا پێوەی سەرقاڵن، دەتوانێ ڕێنموونیتان بكات بۆ لای مەبەستەكەتان؟
***
بۆ پێشكەوتن لە كاروباری تاكەكەسی[8] و پیشەیی خۆتاندا، دەبێ ئامانجەكانتان بە ڕوونی دیاری بكەن.
***
لە بازاڕی مامڵەدا، گەورەترین سەرمایە، توانایی بە دەستهێنانی پووڵە. هەموو ڕۆژێ بۆ پەرەپێدانی ئەو داهاتە تێبكۆشن.
داهاتووی هەرەباشی خۆتان بێننە بەرچاو، بە شێوازێك كە هەموو بوارەكانی ژیانتان لەو وێنەیەدا بێعەیب و بێ كەموكووڕی بێ.
***
خاڵی[9] دەسپێكی باشترین بڕیارەكان، خاڵی كۆتایی خراپترین بڕیارەكانە.
***
هەمیشە گرینگترین شت لە ژیاندا ئەوینە.
***
بەنرخترین خەزێنە لە ژیانتاندا، ئەو كەسانەن كە خۆشتان دەوێن و خۆشیان دەوێن.
یەكێك لە گەورەترین چێژەكانی[10] دنیا، بیرەوەرییە خۆشەكانن. بۆیە وا باشە خۆشترین و زیاترین بیرەوەری بەجێ بێڵن.
***
بەردەوام ببەخشن و لە بیر خۆتانی بەرنەوە، بەڵام وەرگرن و لە بیرتان نەچێتەوە.
***
نێوەكەتان، گرینگترین دەنگە لە ژیانتاندا، بە شانازییەوە بیهێننە سەر زمان.
ئەو لەمپەرە گرینگەی كەوتۆتە نێوان ئێوە و مەبەستەكەتانەوە، دەبێ دیاری بكرێ و هەر لەوڕۆوە بۆ لابردنی ئەو لەمپەرە، قۆڵی لێ هەڵماڵن.
***
كام شارەزایییە كە ئەگەر پەروەردە بكرێ، زۆرترین كاریگەری لە سەر ژیانتان دەبێ؟ وەڵامدانەوەی دروست بەو پرسیارە، هێمای سەركەوتنتانە.
***
بیر و بۆچوونەكانتان بێننە سەر كاغەز. مەبەستە بنەڕەتییەكانتان بنووسن و بێ پسانەوە پێیاندا بچنەوە و دووبارە بیاننووسنەوە.
یەكێك لەو ڕاهێنانە بەكەڵكانە ئەوەیە كە ئەو ئیشانەی گرینگی بۆتان نەماوە، وەلانێن و لە بەرامبەردا دەست بەو چالاكییانە بكەن وا بە لاتانەوە گرینگترن.
***
یەكێك لە هۆكارەكانی دابینكەری بەختەوەریی ئێوە، ئەوەیە كە بتوانن چالاكییەكانی ژیانتان ڕیزبەندی بكەن.
***
چ كار و ئیشێك دەبێتە هۆی پێكهێنانی شادی و بەختەوەری زۆرتر لە ژیانتاندا؟
***
لە پیشەكەتاندا بەردەوام ئەو پرسیارە لە خۆتان بكەن: «ئەو كارانەی توانیویە بایەخی من زۆرتر كەن، كامانەن؟» ئەوكات تەنیا خۆتان سەرقاڵی ئەو كارانە بكەن.
***
گەورەترین شارەزایی بۆ وەدەستهێنانی سەركەوتن، ئەوەیە كە بتوانن مەبەستەكانتان بنووسن و بۆ گەیشتن بەوان، بەرنامەكانیشتان بێننە سەر كاغەز.
***
بەردەوام لیستەی كارەكانتان بنووسن، پۆلێنبەندی بكەن و لە ئاكامدا، لە گرینگترینیانەوە دەست پێبكەن.
***
كەمترین مەرجی پێویست بۆ سەركەوتن لە هەر بوارێكدا، فێربوونی بەردەوامییە.
***
بە بەردەوامی و بێپسانەوە لە سەر پەرەسەندن و سەرلەنوێ چاكردنی كەسایەتی خۆتان تێبكۆشن.
***
بە باشترین شێوە ئاگاداری سڵامەتی لەش و جەستەتان بن. بۆ سەركەوتن و بەختەوەری هێز و شادی و تەندروستی پێویستە.
***
لە حاست دیاریكردنی مەبەستەكانتان، لێبڕاو بن، بەڵام لە حاستی شێوازی وەدەستهێنانی ئەوان خۆڕێكخەر بن.
***
مەبەستەكان خەیاڵاتێكن كە زەمانەكانیان سنووردارە. بۆ گەیشتن بە هەركام لە مەبەستەكانتان، ماوەیەك دیاری بكەن.
***
مەبەستێك كە واقیعبین نەبێ، هەر نییە. تەنیا ئەو دەرفەتەی بۆ گەیشتن بەو دیاری دەكەن، لەوانەیە واقیعبین نەبێ.
***
بۆ ئەوەی بتوانن هەموو توانایی و وزەی خۆتان لە كار كەن، دەبێ خەیاڵاتێكی گەورەتر لە سەرتاندا پەروەردە بكەن. بۆ وەدەستهێنانی دەرفەتی گونجاو، دەبێ بە شوێن دەرفەتی نەگونجاودا بگەڕێن. (كارێن ڕێیوێن، نووسەر)
***
ئەو شتەی لە هەموو شتێك زۆرتر لەگەڵ سەركەوتن و بەختەوەری هاومەبەستە، گەشبینییە.
***
دەتوانن هەر دەرفەتێكتان پێ ئەرێنی بێ، بەو مەرجەی وەك هەلێك بۆ پەرەسەندن و پێشكەوتن كەڵكی لێ وەرگرن.
ئەگەر لە هەر كەس و لە هەر بارودۆخێكدا بە شوێن دۆزینەوەی خاڵە ئەرێنییەكاندا بگەڕێن، دەتوانن بڵێن هەموو كات دەیاندۆزنەوە.
***
كاتێك خودا بیهەوێ خەڵات و دیارییەكتان بۆ بنێرێ، لە دووتوێی گرفتێكی دەپێچێ و بۆتانی دەنێرێ، هەرچی گرفتەكە گەورەتر بێ، دیاری و خەڵاتەكەش گەورەترە.
***
هەركات هەستتان بە ترس كرد، ئازایەتی بە بوێرانە ڕەفتار كردن لە خۆتاندا پەروەردە بكەن.
***
«كلیلی سەركەوتن ئەوەیە كە مەبەست و ئامانجەكەتان دیاری بكەن و ئەوكات بە شێوەیەك هەڵسوكەوت بكەن كە ئیتر ئەگەری تێكشكان و بەزین نییە و هەرواش دەبێ.»
(دوورووتی براند، نووسەری ئەمەریكی)
***
لە هەر ئەزموونێك، ئەزموونێكی فێركەر وەدەست بێنن. هەوڵ بدەن هەموو ناهومێدی و بەزینێك بكەنە ئەزموون.
***
پێوانەی سەرەكی چۆنیەتی ڕەفتار كردنتان وەك مرۆڤێك ڕادەی متمانەتان بە خۆتانە.
***
هەرچی زۆرتر خۆتان خۆشبوێ، باشتر تێدەكۆشن و هەرچی باشتر تێبكۆشن، زۆرتر خۆتان خۆشدەوێ.
***
وتووێژی ناخی خۆتان كۆنتڕۆڵ بكەن. بەردەوام لەگەڵ خۆتان بە شێوەی ئەرێنی و لێبڕاوانە بدوێن.
***
بە دووپاتكردنەوەی ئەو ڕستەیە ببنە گەشبینێكی پتەو و بەهێز: «خۆم خۆشدەوێ. خۆم خۆشدەوێ. خۆم خۆشدەوێ.»
***
هەموو ڕۆژێكتان بەم ڕستەیەوە دەست پێبكەن: «دەزانم ئەمڕۆ هەڵكەوتێكی باشم بۆ دێتە پێش.» دەبینن هەر واش دەبێ.
***
بە كوتنەوەی ئەو ڕستەیە، هەستی گەشبینی لە خۆتاندا بەهێز دەكەن: «دەزانم لە تەواوی بارودۆخەكانی ژیانمدا بە دەستكەوت و بەرهەمێكی زۆر باش دەگەم.»
***
لە ڕەخنەكاری و ئیدانە كردنی خەڵك و گلەیی و بناشت، خۆ بپارێزن. لە بەرامبەردا، تەنیا بیر لەو شتانە بكەنەوە كە بەڕاستی خوازیاری ئەوانن
***
دونیای بەرچاوی دەوروبەرتان، هەمیشە كاردانەوەی دونیای ناختانە كە لە بیر و هەستەكانتان پێكهاتووە.
***
بۆ ئەوەی بزانن دەبنە چ چەشنە مرۆڤێك، پێوەندی بەوەوە هەیە كە بیر لە چ شتێك دەكەنەوە. كەوایە بیر لەو شتانە بكەنەوە كە بەڕاستی دەتانهەوێن، نەك ئەوانەی ناتانهەوێن.
تاڵتان بێ و خۆشتان بێ، كەسانێك بۆ لای خۆتان ڕادەكێشن كە لەگەڵ بیر و بڕواكانتان سازگارن. ئەو بیر و بڕوایانە كامانەن؟
***
هەستی سات بە ساتی ژیانتان، پێوانەی كردەوەی چاك و خراپی خۆتانە و بەرپرسایەتی هەموو شتێك لە ئەستۆی خۆتاندایە.
***
ئیرادە بكەن كە گۆڕان بەدیبێنن، نەك قوربانیی گۆڕان بن.
***
كەس ناتوانێ هەستێكی تایبەتتان بۆ پێكبێنێ. بەڵكوو شێوەی كاردانەوە و وەڵامی خۆتان دەتوانێ ئەو هەستە جیاوازەتان تێدا دروست بكات.
***
ئێوە شایانی باشترین ژیانن. كەوایە بەرەوپیری بچن.
***
هەركە مەبەستەكەتان دیاری كرد، ئیرادە بكەن هەتاكوو پێی دەگەن، دەست لە پێشڕەوی هەڵنەگرن.
***
ئەگەر لە ناخی دڵەوە بڕواتان بەشتێك هەبێ، لە ئاكامدا وەڕاست دەگەڕێ.
ئەو وێنەیەی بۆ خۆتان لە خۆتانتان هەیە، دیاریكەری ڕادەی لەكارهاتوویی و شوێندانەریی ئێوەیە. چ وێنەیەكتان لە خۆتان هەیە؟
***
[1] شوێندانەر: تاثیرگذار
[2] مؤسسات 2. آموزش عالی
[3] تصمیمگیری
[4]. بهبود ٢. مرحلە
[5] . هدفمند ٢. استعداد ٣. شروع ٤. اصل
[6] . شكوفاشدن. گسترش یافتن 2. شكست ناپذیر
[7] . اصلی 2. نقشە، طرح
[8] . شخصی
[9] . نقطە
[10] چێژ: لذت
لهیلا قادری
وهرگێر و چیرۆكنووس