کاتێک ئایین لە سیاسەت مارە دەکرێت!

دلێر محەمەد نوری


سیاسەت وەکو پارەدارێک و بەرژەوەندی خوازێک، بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە میهرەبانێکی پەروەردەکاری گوێڕایەڵی پارە پەرستی ماڵداریکەری وەکو ئایین هەیە.

هەر کاتێک سیاسەت لە باوەڕی ڕاستی مرۆڤانە و ئازادانە و دیموکراسییانەی خۆی لایدا و لە قومارخانەکانی دونیا پێکی نەوتی هەڵقوڕاندەوە و پارە و سەروەتی میللەتی تەخشان و پەخشان کرد و گەندەڵی تاوەکو بیناقاقای هات و خەڵکی هەژار و بێداک و بێ باوک و بێدەرەتان خست، ئیتر کاتی مەرگی دێت و ‘ڕەعیەت’ جموجۆڵی تێدەکەوێت تا پلەی پەلاماردانی. لێرەوە، سیاسەت پێویستی بە هاوکاری ئایینە تا ڕەعیەتی بۆ هێور بکاتەوە و هیوابڕاوی ئەم دونیای بە هیوای دونیای دوایی پێ بگۆڕێتەوە. چاوی پێ بنووقێنێ لە ئاستی سیاسەت و خواروخێچێکانی سیاسەت و نەبوونی و هەژاری. ستەمی سیاسەتی بە غەزەبی خوا لە خودی میللەت خۆی بۆ لە قەڵەم بدات، لە کاتێکدا خۆی قوربانی دەستی سیاسەت و ئایینە. کاتێک سیاسەت سەرکێشی دەکات و بە ڕێگەیەکی چەوتدا ئەڕوا و ناتوانێ بگەڕێتە بۆ دواوە، بۆ ئەوەی خۆی ڕابگرێ پێویستی بە ئایینی ماڵداریکەر و گوێڕایەڵە. لێرەوە، پێویستی هاوسەرگیری بەرژەوەندیخواز دێتە ئاراوە. ئەم هاوسەرگیرییەی سیاسەت و ئایین هەم تەمەنی ئایین دڕیژە دەکاتەوە و هەم گیانی سیاسەت لە فەوتان دەپارێزێت. تاکە هەڵخەڵەتاوی نێو ئەم پڕۆسەی هاوسەرگیرییەش میللەتە.

لەم جۆرە هاوسەرگیرییە هیچ گەشەیەکی مرۆیی و میللی ڕوونادات، تاکە شتێک کە ڕوو دەدات دوو لایەنی ناو ئەم پڕۆسەیە کە سیاسەت و ئایینن، خزمەت بە بەرژەوەندی و ئابووری یەکتری دەکەن. بیانوو و هۆکار بۆ مانەوەی یەکتری دەهێننەوە.

            بۆ نموونە بۆ ئەوەی میللەت لە شۆڕش دژی سیاسەتی گەندەڵ و ستەمکار دووربخرێنەوە، ئایین ژیانی دونیایی لای میللەت بێبایەخ و سفر دەکاتەوە. دەسەڵات بە غەزەبی خودایی لە میللەت ناوزەد دەکات. داوای لێ دەکات بگەڕێنەوە لای خودا بەڵکو بەزەیی پێماندا بێتەوە و خۆی چارەی دەسەڵاتمان بۆ بکات. میللەت مەمنوونی برسێتی و نەداری ئەکات و ناوی دەنێ سەبری ئیمان. برسێتی و قات و قڕی و کێشەی سیاسی و ئابووری ناو دەنێت تاقیکردنەوەی خودایی و میللەت سەرگەرمی کێشەی خێزان و ئەخلاق و ئیمان دەکات. خۆشگوزەرانی ژیان بیری تاکەکان دەباتەوە و بەهەشتی پڕ حۆری و خۆراک و شەراب دەکاتە ئامانج. دەسەڵات و سیاسەت دەکات بە قەدەری ئیلاهی سەپاو و گوێ لێگیراو. ئازادی و هونەر و غەیرە دین دەکاتە دوژمن و ڕێگری ئیمان. سیاسەت بەمە کێی بوێ لە ڕێگەی هاوسەری ئیمانەوە ڕیسوای دەکات. میللەتیش دەکات بە مەڕی گوێڕاڵی بێ وزە و بێ هێزی گۆڕانکاری. بەرانبەر هەموو ئەم  چاکانەی ئایین سیاسەتیش لە داهات و ئابووری و دەسەڵات بەشی ئایینیشی لێ دەدات. لە کوێ ئایین پێویستی بە بیانووی مانەوە و گەشەکردن بوو دەسەڵات کۆمەکی پێ دەکات. بۆ نموونە داخستنی باڕ و یانەی شەوانە، ڕێگری لە کۆڕ و سیمیناری زانستی و ڕۆشنگەری، قەدەغەی کتێب و سانسۆری فیلم و داڕشتنی یاسا بە دڵی ئایین و…هتد.

سیاسەت لە هەر لێدانێک لە ئازادی تاکەکەسی و دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینێک، پەنا بۆ بیانووی زۆرینەی ئایینی و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەبات و هەر ئەمەش دەبێت بە بیانوویەکی باش بۆ مانەوەی ئایین بە پێوە لە مینبەرەکان و مانەوەی قەرەباڵغی لە دەوری وتارەکانی.

            ماوەتەوە بڵێم هاوسەرگیری سیاسەت و ئایین هاوسەرگیرییەکی نەزۆکە و هیچ بەرهەم و هیچ گەشەیەکی کۆمەڵایەتی و هزری و داهێنانێکی لێ شین نابێت و ئەم هاوسەرگیرییە تەنها دەبێتە مایەی پێکەنینی سیاسەت و ئایین بە خەمۆکی و گوێڕایەڵی بێ هۆشی میللەت.

گەر سەیرێکی مێژووی سعودیە و میسر بکەین دەبینین ساڵانێکی زۆر سیاسەت و ئایین دەستییان تێکەڵ کردبوو لە سەر جەستەی میللەت دەژیان. لە میسردا ئەزهەر بوو بوو بە خاوەنی ئەخلاق و ژیانی میللەت و دەسەڵاتیش بە خاوەنی ئابوری و سیاسەت. لە سعودیاش ژیانی خەڵکی بە دەستی موفتیێەکانی سعودیە بوو و نەوت و سیاسەتیش لە دەستی دەسەڵاتدا بوو. ئەوان خەریکە وردە وردە هەموو شتێک دەگەرێننەوە دەستی سیاسەت و ئایین دەخزێننەوە شوێنی خۆی، بەڵام سیاسەتی کوردی تازە بە تازە خەریکە مارەی خۆی لە ئایین دەبڕێتەوە.

Images: https://pixabay.com/fr/

Arek Socha

ha11ok

Check Also

بۆ پلەی گەرمی لە ئەوروپا لە چاو کیشوەرەکانیتر  زیاتر بەرز دەبێتەوە؟

د. مەدیحە سۆفی شارەزاکانی بواری میتیۆرۆلۆژی ئاماژە بەوە دەدەن؛ کە ئیتر لەمەودوا، کەشوهەوای گشتی لە …