پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

توند و تیژیی بێدەنگیی

بەیان سەلمان


لە نێوان بەگشتیکردنی خوو و سروشتی ژن، وێنەی دایکایەتی، وێنەی ژنێتی، وێنەی فریودەر، وێنەی تێکۆشەر و جەنگاوەر و هتد. چۆن ژن لەنێو بەکەتەلۆگکردنی ئەو وێنانەی بەسەر کەسایەتیدا سەپێندراوە خۆی بدۆزێتەوە؟

ئەمڕۆ مرۆڤەکانی نێو چوارگۆشەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرەوڕووی توندوتیژییەکی بێوێنە بوونەتەوە، ژنان لەنێوانیاندا پشکی شێریان بەر کەوتووە. لەلایەکەوە وەکو مرۆڤێکی کوردی ستەملێکراو، لەلایەکیشەوە وەک هەموو رەگەزی مێ، یاخیبوون و ڕاپەڕین زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتۆتەوە.

ئەم نووسینە لە خاڵێکی تایبەت سەبارەت بە دەبڵ مۆڕاڵی پیاوانی کوردی باشوور دەدوێت. لە سەرێکەوە ئەو داکۆکییە دەکەن بۆ مافی ژن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات؛ لە سەرێکیشەوە دژایەتی و نەیاری ئەو ژنانەی کوردستانی باشوور دەکەن کە داکۆکی لە سادەترین مافی خۆیان و ژنانی تر دەکەن و بە ڕووی گەشەکردنیان دەوستنەوە.

لەم دەقەدا پێویستە لەسەر خاڵێکی سەرەکی بوەستین، ئەوەش توندو تیژیی بێدەنگییە لە ئاست هەموو ئەو ڕووداوانەی بەرەوڕووی ژنان دەبنەوە.

سەرەتا بێدەنگییەک پابەندە بە گۆشەگیریی ژن، ئەم لایەنە کۆمەڵ کاری لەسەر دەکات بۆ ئەوەی قوڵتری بکاتەوە. ژن نەوێرێت لەو ستەمکاریانەی بەرەوڕووی دەبنەوە بدوێت. بەو شێوەیە، کاتێک بەرەو توندو تیژیی جەستەیی و دەروونی دەبێتەوە ئازارەکانی تەنها بۆخۆی هەڵدەگرێت. لە ترسی ئابڕوچوونی و لەبەر بەرگریی دەروونی لە پێش چاوی کەسوکاری و منداڵەکانی دەیشارێتەوە، بەڵام بە هەر هۆیەک بێت، دەرچوون لە هەمان بێدەنگیی دەیخاتەوە بەرامبەر بە جۆرێکی تری توندو تیژیی؛ لە ڕوانگەی نووسەرانی بابەتی ”ئارگومێنتی چەقبەستن، بەرخۆدان، بێدەنگی: توندوتیژی دژی ژنان” دەڵێن، ”شکاندنی بێدەنگی، هەروەها توندوتیژییە دەرهەق بە خودی بێدەنگی. ساتێکی مەترسیدارە بۆ لایەنی دەروونی قوربانییەکە، ئەگەرچی هەمان فاکتەر دەتوانێت ببێتە هۆی دەرچوون لە سووڕی توندوتیژیەکە.” بە بۆچوونی ئەو نووسەرانە، بێبەشکردنی ژن لە قسەکردن هەروەها دەچێتە نێو باوترین جۆری توندو تیژیی دەروونی و مۆڕاڵ و دیاردەی کۆنتڕۆڵکردنیان؛ چونکە ئەم توندوتیژییە ئەو پرۆسانە ئاشکرا دەکات کە کاریگەرییان لەسەر بونیاتنانی سوبژێکتیڤیەت هەیە (پەنابردنەبەر ئینکاریکردن، هەستکردن بە نامۆیی، بە شەرمەزاری، بە تاوانباری، دووفاقی لە ناخیدا، بۆ نموونە وەیەکدادان لە نێوان ئەوەی بەرەوڕووی بۆتەوە و ئەوەی ناچارە بیشارێتەوە، ترس، لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون). بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەگەر ژن بەرەوڕووی توندو تیژیی ببێتەو، گرنگە خۆی لە جۆرێکی تری توندو تیژیی تر بدات بە شکاندنی بێدەنگییەکەی. چونکە ئەوە ڕێگایەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و سزادانی تاوانبار و وەستانەوە لە دژی ئەو دیاردەیە بۆ ئەوەی حاڵەتی تر ڕوو نەدات.

بێگومان بێدەنگکردنی ژن پرۆسەیەکە کە کۆمەڵ بە چاکیی پلانی بۆ داڕشتووە و بەشێکیشە لەو توندو تیژییەی دژی پەیڕەو دەکرێت. هەمان ئەو بێدەنگییە لەلای قوربانیەکە، ژن، دۆزەخێکە بە چرکە تێیدا دەژی، بەڵام لەلای کۆمەڵی ستەماکاران سەهۆڵبەندانێکە کەس ناتوانێت بەفری ئەو بێدەنگییە لە ئاست ناڕەوایی بشکێنێت. ئەو دەبڵ مۆڕاڵەی باسمان کرد خودی ژنانی تری ئەو گەلکۆمەیەی کۆمەڵیش دەگرێتەوە، چونکە بە هەمان ڕێسای ناڕەوایی و لە ترسی لایەنگرتنی ژنانی قوربانی ئەویش جۆرێکی تری بێدەنگیی هەڵدەبژێرێت. تەنانەت هەندێ جار دەچێتە پاڵ ئەو کۆمەڵە ستەمکارە بەوەی بەشدار دەبێت لە سەپاندنی ئەو هاودژیە لە بۆچوونی ڕۆژهەڵات و باشوور. بەو واتایە، پەیڕوی رەوشتی باو و نەریت دەکات بەرابەر بە کرانەوەیەک کە بە ناڕەوشت هەژمار دەکرێت. ئەوەی لە ڕۆژهەڵات ڕوودەدات وەک داکۆکیکردن لە مافی ئازادبوونی نەتەوەیەک سەیر دەکرێت؛ ئەوەی لە باشوور ڕوو دەدات، مەبەستی سەرەکیمان لە لایەنی تێکۆشانی ژنە بۆ وەدەستهێنانی ئازادی تاکێتی، بە شێوێنەری ڕێچکەی ڕەوشتە و بە پێویستی دەزانن سەرکوت بکرێت تاکو تەشەنە نەکات.

بێگومان زەحمەتە بۆ پیاوانێک، کە کۆمەڵ پەروەردەی کردوون لەسەر واتای پیاوەتی، هارمۆنییەتێک لە نێوان ئەو هەموو هاودژییەدا دروست بکەن. دۆخی ئاسان پێداگرییە لەسەر مانەوە و چەقبەستنی ژن لە باشوور بەرابەر بە گۆڕانی هەلومەرجی ژنی ڕۆژهەڵاتی؟! دەکرێ بڵێین دۆخێک لە ئارادایە کە بە پێویستییەکی محاڵ پێناسەی دەکەین. واتە پێویستییەک بخوڵقێت بۆ جەغتکردن لە گۆڕانکاری دۆخی مرۆڤەکان بە گشتیی، چونکە پیاو لە نێوان هەستێکی سەرەتایی بۆ مانەوە لە هەمان هەلومەرجی پێشوو و هەلومەرجێکی نوێی پێویست بۆ داهێنانی گۆڕانکاریی خۆی نادۆزێتەوە. دەبێ بشڵێین کە ئەو دەبڵ مۆڕاڵە پەیوەستە بە هاودژییەکی سەیریش لە نێوان خۆویستی و خۆشەویستی ئەوانیتر. کەسی خۆویست بێجگە لە قازانجی کەسی خۆی ئەویتر نابینێت، ئەوەش وا دەکات بەلایەوە ئاسان بێت بوونی بەرامبەرەکەی بسڕێتەوە. بلێز پاسکال لە ”بیرکردنەوەکان”دا دەڵێت، ”مرۆڤ تەنها قامیشێکە، لە سروشتدا لاوازترینە؛ بەڵام قامیشێکی بیرکەرەوەیە. پێویست بەوە ناکات هەموو گەردوون خۆی پڕ چەک بکات بۆ ئەوەی بێشێلێت: هەڵمێک، دڵۆپێک ئاو، بەسە بۆ کوشتنی. بەڵام، کاتێک گەردوون دەیشێلێت. مرۆڤ، تەنانەت لەوەی دەیکوژێت ساناتر دەبێت، چونکە ئەو دەزانێت کە دەمرێت، تاقە سوودێکیش کە گەردوون بەسەر ئەوەدا هەیەتی، هیچ نەزانینێتی. بۆیە هەموو شکۆی ئێمە لە بیرکردنەوەدایە. هەر لەوێشەوە دەبێت هەڵسینەوە، نەک لە فەزا و ماوەدا، کە نازانین پڕیان بکەینەوە. بۆیە با کاربکەین بۆ ئەوەی بە باشی بیربکەینەوە: ئەمەش پرەنسیپی مۆڕاڵە.”[1] ئەم بڕگەیە لەو دەقەی پاسکاڵ، نموونەیەکە لەسەر هاودژیی مرۆڤ، لەلایەکەوە مرۆڤ دەچوێنێت بە لاوازی قامیشێک، کە دەکرێ بشێلدرێ و بشکێندرێت و لاوفاو بیبات؛ لەلایەکیشەوە هێزێکی باڵای هەیە چونکە بیر دەکاتەوە و هۆشی بە دەوروبەرێتی. ئەم بیرکردنەوەیەشە کە شکۆی پێ بەخشیوە. بەڵام، کاتێک بیر لەو ڕستەیە دەکەینەوە، دەپرسین، ئەی ئەگەر مرۆڤ بیر نەکاتەوە؟ بێگومان ئاکامی لەوەدا کورت دەکرێتەوە کە هۆشی بە جۆری مەترسیەکان نیە و ئەو دەبەڵ مۆڕاڵە نابینێت کە دەکەوێتە ناوی. ئیدی ئەو شکۆیەی مرۆڤ هیچ بەهایەکی نیە! بە واتایەکی تر، مرۆڤێک بیر نەکاتەوە و دوای هەست و سۆز و توڕەیی و قین و ئێرەیی بکەوێت، بە بوونەوەرێکی دڕندە هەژمار دەکرێت کە لایەنی ئەقڵانی بەسەر هەستەکانیدا زاڵ نیە. تەنانەت لە ناو هەستیشدا هیچ سۆزێکی نیە بۆ ژیانی مرۆڤ، ئەوەشە کە بەرەو خۆویستیەکی بێ وینە دەیبات.  

ئاماژە بەوەش دەکەم، کە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا لە خێرایی گەشەکردنی ناوەستێت، ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر هەموو داهاتووی فیکری مرۆڤ دەبێت. هەموو ئەو تیۆریانەی سەبارەت بە مرۆڤ هاتوونەتە ئارا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێتەوە و مرۆڤی ئەمڕۆ لە ناو سەرجەمی ئەو هاودژییانەدا دووبارە دەخوێندرێتەوە. مرۆڤەکان دووئەوەندەی تر لە ناخیان و کەسایەتیاندا پارچە پارچە دەبن، ئیدی لە ناو ڕووکەشی ئەو خێرایی گەشەی تەکنەلۆجیایە لەلایەک و بیر و باوەڕی پێشینە باو و نەریت و ڕێسای کۆمەڵێکی باوکسالار لەلایەکی دی، خۆیان بۆ کۆنتڕۆڵ ناکرێت. لە ئاکامدا بەهای مۆڕاڵیش دەگۆڕێت، چونکە مرۆڤەکان پا بە پای ئەو گەشەکردنە خێرایە فریا ناکەون وردە وردە خەسڵەتەکانی کۆمەڵەکەیان بگۆڕن؛ هاوکات محاڵە بگەڕێنەوە دۆخی سەرەتایی پێش گەشەکردن. ئا ئەو دۆخە نوێیەشە کە هەلومەرجی مرۆڤەکان لە داهاتوودا دیاری دەکات، دەبێتە سەرمایە، ئەوجا یان قازانجی زۆری لێ دەکەن یان ئەوەتا زیانی زۆریان پێ دەگەیەنێت. بەگوێرەی فەیلەسوفێکی وەکو نۆوم چۆمسکی، لە ”دە ستراتیژیەتی زیرەکانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەماوەر” دەڵێ، ”(…) سەرقاڵکردنی جەماوەر، یەکێکە لە ستراتیژییە گرنگەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بەکۆمەڵ. لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە ئاراستەکردنی سەرنجی بینەرەوە هەیە بۆ بابەتگەلێکی ناپەیوەندیدار یان ئاسایی. بەم شێوەیە عەقڵی تاکەکان بە سەرقاڵ دەهێڵنەوە. هەروەها، بەمەبەستی سەرقاڵکردنی خەڵک بە کۆمەڵە زانیارییەک، بۆ نموونە گرنگییەکی زۆر بە ڕووداوە وەرزشییەکان دەدرێت، یان گرنگیی بە نمایش و بابەتە سەرنجڕاکێشەکان دەدەن و هتد. دەرئەنجام، مرۆڤەکان کێشە ڕاستەقینەکانیان لەبەرچاو ناگرن.” ئەم وردبیینییەی چۆمسکی سەبارەت بە جەوهەری کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی، هەروەها لە (…) ستراتیژی لادانی سەرنجی گشتی جەماوەرە لە کێشە گرنگەکان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە دەستبژێری سیاسی و ئابووری بڕیاری لەسەر دەدەن، تێبینی دەکەین. ئەمەش بەهۆی لافاوێکی بەردەوامی سەرقاڵکردن بە زانیارییە بێ بایەخەکان ئەنجام دەپێکێت؛ بۆ ئەوەی ئەندامەکانی کۆمەڵێک گرنگیی بە زانیارییە بنەڕەتییەکان نەدەن، لە بوارەکانی زانست، ئابووری، دەروونناسی، بایۆلۆژیای ئەعساب و سایبێرنێتیکدا. سەرنجی جەماوەر بە سەرقاڵکردن بهێڵەرەوە، دوور بکەوەرەوە لە پرسە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکان: خەڵک سەرقاڵ بکە، سەرقاڵ بکە، سەرقاڵ بکە… چیتر کات بۆ بیرکردنەوە نامێنێت؛ هەتا دەگەڕێنەوە بۆ کێڵگەکە لەگەڵ ئاژەڵەکانی تر”.

گرنگە بڵێین مۆڕاڵ تاکە ڕەهەندێکە، هەڵگری فاکتەرێکی یەکێتییە لە نێو ئەندامەکانی کۆمەڵێکی داخراو، کە لەسەر بنەمای دڵسۆزبوون بۆ کۆمەڵێکی نەریتی، گروپێک، کۆمەڵەیەک، حیزبێک دامزراوە. ئەوانە فشاری بۆ دەبەن بمێنێتەوە لە ناو بازنەکانی هەمەئاهەنگیی خێزان، خێڵ، نەتەوە، یاسایەکی داڕێژراو و ڕێسایەکی باو… ئیدی ناتوانرێت ببڕدرێن بۆ ئەوەی بە ڕووی ڕەهەندی گشتگیریدا بکرێتەوە. بێگومان ئەو بەرەیە بەدوای ئەندامی نوێدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بازنەی کۆتەکان توندتر بکات و متمانەی خۆی لە نێویاندا جێگیر بکات. بەو جۆرە بیروباوەڕیان بە لایەنگریشیان زیاتر دەبێت. دواجار، لەبەر ئەو هۆیەش هەموو بیرۆکەیەکی کرانەوە بەرەو گۆڕانکاریی وەلاوە دەنێن. بێجگە لەوەی، لە چەشنی سوپایەکی سەربازیی زاراوەگەلێک بەکار دە‌هێنن کە سەرجەمی لە دەوری رەوشت و تێکدانی ڕێچکەی کۆمەڵ و تەنانەت لە دەوری ڕێچکەی ژیانیش دەسوڕێتەوە. بەڵام ئێمە باس لە کام ژیان دەکەین؟ ئەوەی کە بۆتی هەڵ دەبژێرن و داوات لێ دەکەن پەیڕەوی بکەیت یان ئەوەی خۆت هەڵی دەبژێریت؟ بێ گومان لەم دۆزەی دووەمیاندا کەسەکە بە یاخی و لادەر لە خشتە دەدرێت. ئەمەشە ئەو دوو فاقیی مۆڕاڵەی جەغت لە پەیڕەوکردنی دەکەن.

سەرچاوە و پەرواێزەکان:

– Extrait de « Armes silencieuses pour guerres tranquilles »Les 10 stratégies de manipulation de masse, selon Noam Chomsky: https://nospensees.fr/les-10-strategies-de-manipulation-de-masse-selon-noam-chomsky/

– P. Cluss et coll., « The process of change for victims of intimate partner violence : support for a psychosocial readiness model » Women’s Health Issues, 2006/5, vol. 16, p. 262-274. Opt. citée. Par : Maria Eugenia Uriburu, Laurie Laufer, Alain Vanier dans : Argument Impasses, résistances, silences : violences envers les femmes Cliniques méditerranéennes 2013/2 (n° 88), pages 5 à 8.  


[1] Blaise Pascal, Pensées, fragment 347, Èdition de Brunschvicg,

Images: https://pixabay.com/fr/

lava- kalhh

Qubes Pictures

Ernie A. Stephens

ar130405

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …