عەلی حەسەن

کاغەزەکانی بەدەم سەرنجێکی هەوەسئامێزەوە لەسەر مێزەکە دانا، پاشان وەک ئاماژەیەک بۆ کارە بەدخووەکانی، دەستی بۆ ڕوومەتی کیژەکە برد: ”بەڕاستی ئەوەندە جوانیت شایەن خزمەت کردنیت. ئەو پرچە تێگەڵەت وەک شەپۆلەکان، ئەو لێوانەت بۆ خۆیان گیراوەی ئاوی گوڵن، لەسەروو ئەوەش، بەو لەش ولارە سەرنجڕاکێشەت چۆن داوات لێ نەکەم لەگەڵمدا قاوەیەک بخوێتەوە!”

مامۆستای نەفرەتی، چاوی تەنیا بەشوێن هەوەس و بەتاڵکردنەوەی غەریزە تێرنەکردووەکەیەوەیەتی، ئەو چاوەکانی تەنیا درز و ڕانی کیژەکان دەبینێت، کوڕانی قوڕبەسەریش، هەر هێندەی پووشێک سەنگیان هەیە. ئەو بەشوێن ئەوەدا دەگەڕێت خۆی بەتاڵبکاتەوە، جا ئەگەر بۆی بلوێ، هەر لەوێدا کاری خۆی دەکات. کیژەش دیارە خاوەنی خۆی دەناسێت، وەک ڕازیبوونێک بۆ پێشنیارەکەی مامۆستا، نیگایەکی عازەبانەی تێ گرت: ”نا، سوپاس، پێویست بە قاوە ناکات، تەنیا ویستم بزانم لە کوێدام و چەندم دەوێت بۆ تەواوکردنی قۆناغەکەم.“ مامۆستای بەدخوو، وەک هەموو جارێک لە قسە فریودەرەکانی خۆی بەردەوام بوو: ”نا، ئەگەر پێویست بکات خۆم دەرت دەچێنم. فەرموو با بڕۆین بۆ ژوورەکەم، لەوێ دەتوانین بە ئاسوودەییی قسەبکەین.“

ئەو جۆرە بەناو مامۆستایە، بۆیان بلوێ تەنگ بە خانمانی خزمەتگوزاریش هەڵدەچنن تا بەمەبەستی خۆیان بگەن. کەرامەت لای ئەوان تەنیا لە سێکسدایە، هەر کەسێکیان زیاتر تێیدا بتوێتەوە، کەرامەتی زیاترە. هەندێ جار، بە ڕاستییەکی ڕەخنەئامێزەوە دەست دەکەن بە توانج و سەرزەنشتکردنی یەکتر. چەند خولەکەکێک پێش دیمەنەکە، یەکێک لە مامۆستاکان بە هاوڕێ دکتۆرەکەی وای دەگوت: ”ها ها ها ها ها، من خۆم دەمزانی چۆنی پێ ڕادەبوێرم، تۆی دکتۆریش تا ئێستا نازانی چۆن قومار بە مەمکی کیژە خوێندکارەکانتەوە بکەیت! بۆیە پێویستە لە منەوە فێری ڕابواردن بیت. من لە پاش تەواوبوونی وانەکەم، بەبیانووی وانەوتنەوەوە دەتوانم لە ژوورەکەمدا بە هەوەسی خۆم لەگەڵیدا جووتبم و پڕ بەدڵ ڕاببوێرم، ئەوەش ڕوونەدات، ڕۆژانە ماچێکم هەر دەست دەکەوێت، شەوانیش بە وێنەی سێکسی خوێندکارانم خەو دەمباتەوە، وای لێهاتووە ڕۆژیش لەنێو جەستە گەرمەکانیاندا دەکەمەوە، ها ها ها ها ها.”
ئەوی تریان، کە چەند ساڵێکە وەک مامۆستا لەلایەن دەوڵەتەوە دامەزراوە، یەکێک بوو لە ئامادەبووانی ئەوێ، زۆر بە کونجکاوی و نەزانینەوە هاتە قسە: ”منیش بێبەش نیم لەو چێژە، وەختێکە چەند کیژێکم بە باسی مەعریفە و، ئامۆژگاری و ڕێنماییەوە سەرقاڵکردووە، تا بڵێی ساویلەکەن!”
”ئەوانە خۆشیان دەزانن من وەک تۆ نیم، تۆیەک کە تەمەنێکت هەیە، بەڵام لەبەر خاتری ئەوەی لێرە بۆت دەلوێت سێکس بەدەست بهێنی، هاوسەرگیری ناکەیت، بەڵام من خاوەن ژن و منداڵم، لەسەر ئەوەشەوە لە ئەمانە تێرنابم، بۆم ڕێکبکەوێت یەک یەک لەگەڵیاندا جووت دەبم. بەم بیانووەوە لە پەنای خۆمدا داڵدەم داون، ڕۆژانەش کاتیان لەگەڵدا بەسەر دەبەم، هێدی هێدی تا دەستم لە سنگیان گیر دەبێ، دواتر کاری خۆم دەکەم. هەندێ کیژ هەن، چەند خاوەنی مەعریفەش بن، زۆر ساویلکە و گەمژەن، یان هەر بەڕاستی خۆشیان ئەمەیان دەوێت! بۆیە منیش بێ دڵییان ناکەم، تێر پیاسە دەکەین، قسان دەکەین بەو شێوەیەی که من دەمەوێت، بشمەوێت لەگەڵ خوشکەکانی دیکەشیاندا شەو تا بەیان ڕادەبوێرم.”

دکتۆریش بەدەم قاقایەکی درۆزنانەوە گوتی: ”ها ها ها، جا ئەوە کەی هێندە کێشەیە، تۆش لەگەڵیان ڕابوێرە، قەیدی چییە، مەگەر تۆ ناتەوێت خۆت بەتاڵبکەیتەوە! پاشان بەرەڵایان بکە، ئەوانە گەمژەن گەمژە، تەنیا بۆ سێکس کراون و بەس، هەرکە لە دەرگای زانینگە چوونە دەرەوە، هەمووشتێک لەبیر دەکەن.”
دیارە ژوورێک بەسە بۆ ئەوەی ئەوان بگەن بە حەزەکانیان ”نا، فەرموو کچی جوان، تکائەکەم.” جوان! بەڵام گەمژێنراو و فریودراوی دەستی چێژ، ئەو ڕۆژەی سەرمایەداری هات و بەختەوەری لە چێژدا کورتکرایەوە، ڕەوشت مرد. ”ئێرە شوێنێکی گونجاو نییە مامۆستای بەڕێز!”
دیارە کیژە دەیەوێت لە شوێنێکی شیاودا بگەن بە چێژ، بەڵام بۆی نالوێت، مامۆستاش کاری خۆی دەزانێ، چەند ساڵی لە ژوورێکدا بەو دۆخەوە تێی پەڕاندووە، کیژی ساویلکەش دەیەوێ بەو جۆرە هەوەسی خۆی تێربکات. ”بێخەمبە کچی جوان، ئێرە تەنیا تایبەتە بە من، هیچ کێشەیەک ڕوونادات لەوە دڵنیابە.”
وەک بەکرێگیراوێک، ”باشە. ڕازیم، بەڵام مەرجێکم هەیە، جگە لەوە؛ هەرکە تەواو بووین دەبێ زوو ئێرە بەجێ بهێڵم.” دیارە هەر لە ئێستاوە لە خەمی کارە بەدخووەکانیدایە. ”تۆ بڵێ، با من دەق جێبەجێی بکەم.” مرۆڤی لەو جۆرە، خۆیان دەزانن چیان دەوێت: ”دەبێ دەرمچێنی بەوەی کە خۆم دەمەوێت. تەنانەت داوا بکەیت لە دکتۆر و مامۆستایانی دیکەش ئەوە بکەن کە من دەیڵێم، ئەگەر خراپترینیشبم، تێدەگەیت چی دەڵێم؟” جەنابی هەوەسباز لاری نییە: ”قسەی جەنابتە خاتوونی خاوەن ماڵ.”

ژوورێک، کە تەنیا خودا دەیزانێت چەند کیژی تری تێدا فریودراوە! چەند تاوانی تر! ناپاکی لە چەند حێزان! چەند ئەرک و پیشە! چەند ڕاستگۆیی! جگە لە کۆمەڵگە و تێکشکاندنی یاسای ئەرک و زانینگە، نەهێشتنەوەی شکۆی مرۆڤبوون و کۆمەڵگەی پڕ لە حەژمەت. لە ڕاستیدا ئەمە فریودانی تاکێک نییە، بەڵکو فریودانی یاسا، ئەخلاق، خێزان و کۆمەڵگە و مرۆڤبوونە، بەڵکو بە ویستی خۆ چوونە بۆ نێو بازنەی بەدڕەوشتی. دەبێت ئەم مرۆڤانە سزایان چی بێت! دەبێت لە کوێی مرۆڤبووندا بن! پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار، پێش ئەوەی پەیوەندییەکی ئەرکی و پیشەییی بێت، پەیوەندییەکی پەروەردەیی و ئەخلاقییە. ئەوان لەژێر پەردەی زانین و پەروەردەدا، جڵەویان دەکەوێتە خوار ناوکیانەوە، بۆیە هەر زوو جڵەو لەدەست دەدەن. گرنگ نییە بۆ ئەوان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەرکەکانیاندا بکەن، بەڵکو دەیانەوێت بەم ئەرکە، پێداویستییەکانی دیکەش پڕ بکەنەوە. لەپێش کۆلێژەکەدا، بەدەم گفتووگۆی نێوانیانەوە، دوو هاوڕێی تا بڵێی بەدبەخت، پێ دەچێ تەنیا شتێک ئەوانی بە زانینگەوە بەستبێتەوە “کاتبێت” ئەگینا دوو بیری گەورە، لە ژینگەیەکی لەو شێوەدا هەڵناکەن، هەرچەند تا بڵێی دوو مرۆڤی لێهاتوون، خاکینە و شارەزا لەوەی لەوەی تێیدان، بەڵام پەراوێزخراون. ئەویتریان بە سەرسوڕمانێکەوە بە هاوڕێکەی گوت: ”بەس نییە مرۆڤێک هەیە خۆشمان بوێت! ئەدی چیمان کردبایە لەم سووکوڕسوایییەدا؟” هاوڕێکەی دیاربوو شتێکی لە بابەتەکە دەزانی: ”بۆ؟ مەگەر تۆ هەر ئەو ئافرەتەت خۆشناوێ کە بڕیار بوو خۆشی بوێیت؟” ئەویش هەروەک پێشتر بزەیەکی هاتێ و لێوەکانی بەسەر یەکدا دان، دیسان بە سەرسوڕمانێکەوە: ”مەگەر لەو زیاتر میهرەباێکی دیکە شک دەبەم!” دیار بوو ئاگاداری هەندێک ڕووداو نەبووبوو که ڕوویان دابوو. هاوڕێکەی مەبەستی دڵڕەنجانی نەبوو، بەڵام؛ زۆر بە نیازێکی پاکەوە هاتە زووبان: ”هەی قوڕبەسەر، بۆ مەگەر ئاگادارنیت ئەوەی خۆشت دەوێ چ کارێکی قێزەونی کردووە؟” زۆر بە واقوڕماوی: ”بۆ؟ چی ڕوویداوە؟” چیرۆکەکە دەستی پێکرد: ”گەمژە، ئەو، لە دۆخێکدا… نازانم چۆن پیتی بڵێم؟… لەگەڵ مامۆستاکەیدا بینراوە، تۆش هاتوویت دەڵێی ‘خۆشم دەوێ!’ پاشان قسەی هەرچیوپەرچی بۆ من دەکەیت! لێگەڕێ بابە گیان، ئەمانە تەنیا مرۆڤگەلێکی ساختە و هیچوپووچن، تۆی تەنیاو قوڕبەسەر چیتداوە لەم بێنەوبردەیە، عەرەبانەکەت ڕاکێشە، تۆ جگە لە قوڕبەسەرێک هیچی تر نیت، تۆ هیچ نیت جگە لە مرۆڤێکی پاکوبێگەرد، بەڵام بێ ئاوەز، چوونکە کەوتویتەتە ژێر کاریگەری کەسێکی ناشیاو، کە نەک تەنها جەستەی خۆی؛ جەستەی خەون و جەستەی عیشق و خۆشەویستی و جەستەی هەزار تابلۆی شەو و جەستەی ڕۆژ و جەستەی وشەکانی تۆشی لەگەڵ یەکەم ماچی زەوقدا فرۆشتووە. هەی لە من قوڕبەسەرتر! پێم بڵێ تۆ چیتداوە لە خۆشەویستی، کە سڵ لە کڕینی پیاڵەیەک چا ئەکەیتەوە؟!”

لاڵ و خاکبەسەر بە زەوێکەدا کەوت. ”هەستەوە بابە گیان، هەستەوە کاکی خۆم، هەی لە من بێ داڵدەتر! چیت بەسەرهات… خودا مرۆڤایەتی لەناو بەرێ، وەک چۆن لەناوی برد… هەستەوە.”
ئەو هیچی نەبوو لەدەستی بدات، جگە لە تەنیایی نەبێت. ڕقئەستوور بەرانبەر هەموو پیاوێک، تەنانەت خۆشی. بڕوا بەوە بهێنە ئافرەتان ساویلکە نین، بەڵکو بەدبەختن.
Images: https://pixabay.com/fr/
Michal Jarmoluk
macroworlds
Barrie Taylor
OpenClipart-Vectors
Jose Antonio
PIRO