هەردوو دیوی بانگخواز و نووسەر

دلێر محەمەد نوری


بانگخواز:

بانگخواز کەسایەتیەکی جێگیری نەگۆڕی متمانەبەخۆی، ڕەشباوەڕی ئایینییە. ئەو هاتووە، پەیامێکی ئایینی ڕووتی ئامادەکراوی نەسەلمێنراو لە ڕووی زانست و لۆجیکەوە، بگەیێنێت. هەر بۆ ئەوەی کە ئەرکەکەشی، زوو کۆتایی نەیەت، لووتی خۆی، لە زۆر مەسەلەی زانستی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و مرۆڤایەتیشەوە، وەردەدات. سەرچاوەی زانیارییەکانی بانگخواز لە یەک کتێبی ئایینی و هەزاران فەرموودەی زارەکی دەماودەمەوە، هاتووە. هەرچی بانگخواز ئەیڵێت، ئەیلکێنێت بە خودا و پەیامبەرێکەوە و ڕەتکردنەوەی یان گوومانکردن لێی، ئەکەوێتە خانەی خیانەت و دژایەتیی کردنی خالیقەوە. هەر بۆیە پەیوەندی مرۆڤەکان بە بانگخوازەوە، لە پەیوەندی نێوان بانگدەر و گوێگر تێناپەڕێت. واتا ئەو زانیاری دەدات و تۆش وەری دەگریت. هەر گفت و گۆیەکیش ڕوو بدات، دەبێت لە خزمەت زانیارییە جێگیرە بنچینەییەکەدا بێت، نەک گۆڕینی. کەواتا وتەکانی بانگخواز، هەمیشە حەقیقەتە و هەموو زانیارییەکی دیکە دەبێت، بە بەری ئەم ببڕدرێن و بپێورێن. پەیامی بانگخواز گریان و بێهیوایی و غەمناکی ئەمڕۆی ژیانە، لەپێناو گەیشتن بە  خۆشی و ئامانجێکی نەمر، کە دەکەوێتە دوای مەرگەوە. واتا ئەمڕۆی حەقیقەت لای بانگخواز خەوێکی ناخۆش و بەتاڵ و تێپەڕە. سبەینێی دوای مردن و کۆتایی دونیای نادیار،  ڕاستەقینەو ئامانجە. بانگخواز کاری بە شیکاری و تیوری و تاقیگە و ئامار و لێکۆڵینەوە نیە، چونکە پەیامەکەی ئەو، ئامادەیە و خودا وەکو هێلکەی پاککراو گەیاندوویەتی، هیچ پرسیار و گوومانێک هەڵناگرێ. بانگخواز گەیێنەرێکی بێ کاریگەرە، نەک لێکۆڵەر، لە بەرکەر و کۆپیکەرە، نەک بگۆڕ و پشتبەستوو بە فەلسەفەیەکی تایبەت. کاری بانگخوازی ئاسان و بێ تێچووە، ئەو لە بەردەمی کامێرایەک و بە مایکێکەوە، لە ژوورێکدا و لە شاشەی تەلەفزیۆن و مۆبایلەکانمانەوە و لە ڕێی تەکنەلۆژیای گەیاندن و ئینتەرنێتەوە، ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی زارەکی، بەبێ ئەوەی تەکلیفێکمان لێ بکات، دێتە بەردەممان. هەق وایە بانگخواز لە دوای خودا سوپاسی بەرهەمی نووسینی نەیارەکانی خۆی بێت، کە ئەم خزمەتە بەخۆڕاییەیان پێی گەیاندووە. بە کورتی، جەماوەری بانگخواز دەبێت گوومان و پرسیار لە خۆیان داماڵن و دانیشن و ڕووەو زەوی سەرداخەن و وەرگرن و لەبەر بکەن و وتەکانی بانگخواز بڵێنەوە. چونکە تا بیر نەکەیتەوە و نەخوێنیتەوە و گوومان نەکەیت تۆ وەرگرێکی باش و بە ئەمەکیت.

نووسەر:

نووسەر کەسایەتییەکی ناجێگیری گۆڕاوی نادڵنیایە و باوەڕی تەنها بە سەلمێنراوەکانە. نووسەران کەسانێکی زانستی و لۆجیکی و بە بنەمان. نووسەر پەیامێکی زانستی و فەلسەفی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و ئەدەبی و هونەری سەلمێنراوی پێیە. ئەرکی نووسەر گۆڕاو و ناجێگیر و بەردەوامە. هەتا ژیان بەردەوام بێت، پڕۆسەری نووسین و لێکۆڵینەوە قورستر و خێراتر دەبێت، بەڵام هەرگیز ناوەستێت. سەرچاوەی نووسەر، ملیارەها ساڵ مێژوو و کتێب و ملیۆنان لێکۆڵینەوە و تاقیگە و سەلمێنراو و پێدراو و تیۆرییەکان و دەیان هەزار ئەدیب و نووسەر و فەیلەسوفە و هەزاران ئایین و باوەڕی ئاسمانی و مرۆییە. هەرچی نووسەر دەیڵێت، بەڵگەدار و حەقیقەتی سەلمێنراوی نێو تاقیگەیە، یان لێکۆڵینەوە و شیکارییەکانی نێو گۆڕەپانی ژیان و ئامارەکانە، یاخود ئەو تیۆرییانەن کە پێویستیان بە بەڵگە و لێکۆڵینەوە و کاری زیاترە. نووسەر کەسێکی دوودڵە، گوومانکەرە، پرسیارکەرە، تا نەگاتە حەقیقەتی ڕەها، نایسەپێنێ بە سەر مرۆڤایەتیدا. هەر بۆیەش پەیوەندی مرۆڤەکان بە نووسەرانەوە، پەیوەندی نێوان نووسین و خوێنەری گوومانکەر و پرسیارکەرە. هەر بۆیە پرسیار و گوومانەکانی خوێنەر، نەک ڕەوا و ڕێگە پێدراوە، بگرە پێویستییە و دڵی نووسەر خۆش دەکەن و ڕووناکی زیاتر دەخەنە سەر حەقیقەتەکان. خوێنەر لێرە هەمیشە ڕازی نیە، بەڵکو کاری ئەو ڕەخنەگرتن و هەڵوێستەکردن و دەربڕینی بیروڕایە. پەیام و بەرهەمی نووسەر بۆ ئەمڕۆیە، بۆ ژیانە، بۆ گۆڕینە، بۆ بەردەوامبوونە. نووسین لە مردن و لە دوای مردنیش دەکۆڵێتەوە، بەڵام ژیان بۆ ئەو حەقیقەت و ئامانجە. کاری نووسەر ئاسان نیە و تێچووی زۆرە. ئەوەی نووسەر لە لێکۆڵینەوە و شیکاری و کتێبێکدا ئەمڕۆ پێشکەشی دەکات، گەلێ پێشتر لە پرسیاری و گوومانێکەوە یان لە خەمێک لە خەمەکانی ژیانەوە دەستی پێکردووە. وەڵامدانەوە و ڕەواندنەوەی ئەو گوومانە، بووە بە پێویستی. ئامار و بیرکردنەوە و شیکاری و تاقیگەی بۆ ئامادەکراوە، تا لە دەرگای حەقیقەتەوە چوونەتە ژوورەوە و بە وەڵامێک یان ئەنجامێک، خۆشبەختییەکیان بۆ مرۆڤایەتی، بۆ ژیان، بۆ ئەمڕۆ هێناوە. یان هەر نەبێ هەوڵیان داوە گرێی کوێرەوەرییەک بۆ مرۆڤ بکەنەوە. بەرهەمی نووسەر تا دەبێت بە نووسین کات و تێچووی وزەیەکی زۆری دەوێ. بە بیرکردنەوە دەست پێ دەکات و بە بەرهەمی کتێبێک کۆتایی دێت. کتێب دەگاتە سەر ڕەفەکان و لە چاوەڕوانیدا دەمێننەوە. ئەگەر خوێنەر هەوەسی گەڕان و خوێندنەوەی لا دروست نەبێت و تەکلیف لە خۆی نەکات و کتێب نەکڕێت، ئەوا کتێب و نووسین بە ئاسانی نایەنە لای کەس.

دوو پڕۆسە:

 ١/ پڕۆسەی مردوو: وەرگر و گوێگرێکی ئایینی تەنها گوێچکەی هەیە بۆ بانگخوازی هەڵیخات و ڕازی و قایل بێت لە غەفڵەتی بیرکردنەوەدا، ئەوەی بانگخواز دەیڵێت بە ئامادەکراوی وەریبگرێ و پیادەی بکات. گوێگر بەبێ هیچ کاردانەوەیەک پەیامەکان وەردەگرێت و کاریان پێدەکات. ئەوە بانگخوازە لەجیاتی ئەو بیردەکاتەوە و دڵنیایی خودایی دەداتێ لە ڕاستی و دروستی ئەوەی کە لە ژیاندا پەیڕەوی دەکات. بۆیە پەیوەندی نێوان بانگخواز و بانگ وەرگر پەیوەندییەکی مردووە و هەر لەپێناو مەرگیشە.

٢/ پڕۆسەی زیندوو: خوێنەر دەبێت ئارەزووی گەڕان و گوومان و خوێندنەوەی لا درووست ببێت. ئامادەبێت کتێب بکڕێت و بیخوێنێتەوە. ئەو مەرج نیە ڕازی ببێت. ئەو بۆی هەیە بگەڕێت، بپشکنێت، پرسیار بکات، گوومان بکات. نووسەر هەوڵ  دەدات دڵنیایی بداتە کەسەکان. لە کوێ وەڵامێکی پێ نەبێت، بەلەخۆبووردەوە دەڵێت نازانم. ئەو حەقیقەتی ئەمڕۆ دەڵێت بەپێی ئەو پێدراوەی ئەمڕۆ لە بەردەستیدایە. نووسەر دەرگای بیرکردنەوە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. بۆیە پەیوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر پەیوەندییەکی زیندووی پڕ لە ژیانە و لەپێناو ژیانیشە.

دەرگایەکی داخراو و یەکێکی کراوە:

ڕۆژێک لە چاوپێکەوتنێکدا، لە شێخ شەعراوی زانکۆی ئەزهەر دەپرسن، کە ئاخۆ فڵانە ڕۆمانی نووسەری میسری نەجیب مەحفوزی خوێندۆتەوە؟ لە وەڵامدا شێخ دەڵێت: ”من پەنجا ساڵیشە تەنها قورئانم خوێندۆتەوە.” پرسیارکەر بە دیوێکی دیکەدا، ویستوویەتی بڵێت، پەسەند نیە کەسێکی وەکو شەعراوی بێ ئاگا بێت لە خوێندنەوەی ڕۆمانی کەسێکی ناودار و پڕ مشت و مڕی وەکو نەجیب مەحفوز. هەر وەها شەعراویش بەو وەڵامەی خۆی، مەبەستی بووە بە جەماوەرەکەی بڵێت، هیچ کتێب و هیچ نووسینێك شایەنی خوێندنەوە نیە و چاو لە شێخی خۆتان بکەن و تەنها ئەم تاکە کتێبەکەی دڵخوازی خۆمان بخوێننەوە. شەعراوی جگە لە وەعز و وانە ئایینییەکانی نەبێت، خاوەنی هیچ کتێب و تەنانەت لێکۆڵینەوەیەکی ئایینیش نیە. ئەوەشی بە ناوی شەعراوییەوە لە کتێبدا کۆکراوەتەوە، لە زمانە سادەکەی خۆیەوە و لە بەر ڤیدیۆ و ئەو تۆمارانە نووسراونەتەوە و کراون بە کتێب، کە بڵاوبوونەتەوە. بە کورتی، شەعراوی سەربوردەی دەرگا داخراوەکەی هزر و بیرکردنەوەیە. بەڵام ئەگەر لە دەرگا کراوەکەی نەجیب مەحفوز بدەین، ئەوا ٢٢٣ چیرۆک ٥٥ کتێب و ٣٥ ڕۆمان و ٢٦ دەقی سینەمایی و ٧ دەقی شانۆیی و چەندانی دیکەش، دەرگامان لێ دەکەنەوە. نەجیب مەحفوز تاکە میسری وڵاتەکەی شەعراوی و بگرە تاکە عەرەبی مێژوووە کە خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبدا پێ بەخشراوە. نەجیب مەحفوز دەرگا کراوەکەی ڕووی ژیانە بە سەر کۆمەڵگای میسری و عەرەبیدا.

بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ، لە کۆمەڵگای میسرییدا، ڕاپرسییەک لە نێوان ئەو دوو کەسایەتییەدا بکەین، بەدڵنییاییەوە دەبینیین، دەیان جار هێندەی نەجیب مەحفوز، ئەو جەماوەرە، بێ هودە لە دەرگا داخراوەکە دەدەن، تا لێوەی بچنە ژوورەوە. دەرگاکەی نەجیب مەحفوزیش، کەمینەیەک نەبێت، زۆرینەیەک چوونەژوورەوە لەو دەروازەیەوە، هەر بە حەرامیش دەزانن.

لە فیس بووکدا، گەڕانێکی بەراوردکاریم، بۆ دوو کەسایەتی کوردی باشوور کرد. یەکیان بانگخواز و ئەوی تریان نووسەربوو. گەیشتمە چەند ئەنجامێکی تۆقێنەر. ئەوەش بەوەی کە:

١/بانگخواز حاجی کاروان، لە پەیجەکەی خۆی، خاوەنی یەک ملیۆن دواکەوتووە (فۆڵەوەر) و لە کورتترین  پۆستیدا، کە نزایەکی چەند وشەییە، نزیک بە یانزە هەزار لایکی بۆ هاتووە. لە کاتێکدا حاجی کاروان خاوەنی هیچ بەرهەم و پاشخانێکی مەعریفی و ڕۆشنبیری نیە. ئەو جگە لەوەی کەسایەتییەکی ئیسلامی سیاسییە و کاری بانگخوازی دەکات.

٢/دکتۆر مەرێوان وریا قانیعیش، خاوەن چەندین بڕوانامەیە و مامۆستای زانکۆیەکی هۆڵەندییە. خاوەن هەزاران وتار و لێکۆڵینەوە و سەددان کۆڕ و سیمینار و دەیان کتێب و نامیلکەیە. کەسێکی دیاری کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری و مەعریفی کوردستانە. قسەیەکی ڕەخنەگری جدی و ئامادەیە، خاوەن تێز و تێڕوانینی نوێی تایبەت بە خۆیەتی. بەڵام تەنها ٤٧هەزار کەس لایکی پەیجەکەیان کردووە. لە باشترین پۆستیدا لە فیس بووکدا، کە باس لەخەمێکی قووڵی گشتی دەکات، بە هەزار حاڵ ٤٥٠٠ لایکی بۆ چووە. لەمانەی سەرەوە دەگەینە ئەنجامێکی تۆقێنەر، کە ئەویش ئەوەیە کە:

لە کۆمەڵگای کوردی لە باشووری کوردستاندا، دەسەڵاتی سیاسی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی ڕووەو جەهل و نەخوێندەوارییە. ڕووەو مرۆڤی نامۆ بە کتێب و بێ پرسیار و بێ گوومانە. ئەمڕۆ لێرە پڕۆسەی بەگێلکردن و بە مەڕکردن ئامادەیە. ئەمڕۆ لەوێ تەنانەت ئەگەر بانگخوازێک چەند ساڵێک لە سودان یان میسر خۆی بە شەریعەت و ئایینەوە خەریک بکات، زۆر بە ئاسانی هەر لە پشتی مۆبایلەکەیەوە دەتوانێت هەزاران دکتۆر و پارێزەر و کرێکار و جوتیار و خوێندکار و نەخوێندەوار کۆبکاتەوە و ئاراستەیان بکات. هەر بۆیە کتێبەکان لە سەر ڕەفەی کتێبخانەکان تۆزی لێ دەنیشێت و پەیج و مینبەری بانگخوازەکان، ڕەواج پەیدا دەکەن.

Images: https://pixabay.com/fr/

愚木混株 Cdd20

Predra6_Photos

Gerd Altmann

Rheo

Jazella

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …