پێنج شه‌ممه‌, نیسان 25, 2024
frku

چۆن تەماشای ژن دەکرێت؟

د. ساماڵ مانیی


حیزبەکان ئەرکی سەرشانیانە ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن. گرنگ نیە لە پرسە سیاسیەکانی تردا هەتا چەند فڵان حیزب و فیسار حیزب باش ئیش دەکات لە مەسەلەی نەوت و گومرگ و باج و موچە و لەناوبردنی گەندەڵی و پێشخستنی ژنی ناو حیزبەکەی خۆیان. چونکە کە دێتە سەر پرسی ژن گرنگ نیە ئاراستەی حیزبەکان بەرەو ئاڵای شۆڕشی باشووری کوردستان بێت یان کوردستانی باشوور یان کوردستانی عێراقی عەرەبی. هەرچۆنێکی لێک بدەیتەوە بەهەر لایەکی سیاسیدا بیبەیت، نیوەی هەرکام لەو کوردستانەی هەر حیزبێک وێنای دەکات و پلانی بۆ دادەڕێژێت؛ ژنە. هەموو ژنی کورد لەناو یەک حیزبدا نین، هەموویان حیزبی نین، هەموو ژنی کورد لە خێزانی بەرپرسەکان و توێژی باڵای چەکدار نین لە کوردستاندا هەتا کەس پێیان نەوێرێت ئەگەر خراپەکاریش بکەن. هەموو دەزانین چ ژن بێت یان پیاو، زیاتر (گەر نەڵێم هەموو) پێگەی باشی بەڕێوەبردن و کارمەندیی و پێشخستن و ”یەکسانی جێندەریی” لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ ئەندامی حیزبەکانە لە باشووری کوردستان دا. لەگەڵ ئەوەشدا، حیزبەکان ئەندامەکانیان لە هیچ پۆستێکی بەرز و نزمدا نە ژنیان و نە پیاویان ئەرکی بەرپرسیاریاتیان بۆ دانانێن سەبارەت بە پرسی ژن. هەموو ڕۆژێک بە جۆرێک لە جۆرەکان نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن دەکرێت، چ ڕق لێهەڵگرتن بێت، چ سڕکردن و دواخستنی موعامەلات بێت، چ ڕێ لێگرتنی بێت، چ دەرپەڕاندنی بێت لە ئیشەکەیدا، چ بەکەم گرتنی بێت، چ بە شەق تێهەڵدانی بێت، چ کوشتنی بێت، چ ئیهانەکردنی بێت، چ بەزۆر حەزلێکردنی بێت، چ فریودانی بێت، هتد.

 لە هەموو دامەزراوەکاندا کە حیزبەکان و حیزبییەکان بەڕێوەیان دەبەن لە ژن و پیاویان. ڕێنمایی من بۆ حیزبەکان ئەوەیە، ئەگەر حیزبەکان (هەموویان و یەک بەیەکیان) ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن بە تێگەیشتنێک کە دژ بە ژن نەبێت، ئەوا لەسەدا نەوەدی هەموو کارمەندان و بەڕێوەبەرانی ناو هەموودام و دەزگا و دائیرەکانی کوردستان پەروەردە دەبن لەبەرئەوەی هەموویان (یان زۆربەی هەرە زۆرینەیان) حیزبین. ئیتر نمونە و هاوچەشنی ئەو ئەفسەرە شەقوەشێنەی ئەمڕۆ و ئەوی دوێنێ و ئەوانەی سبەینێ، نە لە دادگاکاندا و نە لە زانکۆکاندا و نە لە هیچ کام لە دام و دەزگا و دائیرەکاندا و نە لەسەر شەقامەکاندا نامێنن.  پرسی ژن، شەڕی نێوان ژن و پیاو نیە، شەڕی نەزانییە، پێویستی بە تێگەیشتنە، تێگەیشتنێکی تایبەت بە خۆی پێویستە کە سەبارەت بە پرسی ژنە. گرنگ نیە فڵانە ئەندامی حیزبێک ژنە یان پیاو کە پلە و پێگەی بەرز وەردەگرێت لە کۆمەڵگەدا، گرنگ نیە فڵانە ئەندامی حیزبێک چی دەزانێت سەبارەت بە پرسەکانی تری ناو کۆمەڵگە یان ناو حیزبەکەی خۆی یان سیاسەت بەگشتی. بەڵکوو کە دێتە سەر نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێینەی ناو کۆمەڵگە، پێویستە و دەبێت پەروەردەکراو بێت لەسەر پرسی ژن، دەبێت تێگەیشتنی هەبێت بۆ پرسی ژن. هەموو حیزبەکان، یەک بەیەکی حیزبەکان ئەرکی سەرشانیانە ئەندامەکانیان پەروەردە بکەن دژە ژن نەبن پێش ئەوەی پلە و پێگە و ئیشیان بدەنێ و بەڕەڵایان بکەنە سەر ژیان و گیانی خەڵکی لە دام و دەزگا و دائیرە و بەڕێوەبردنەکاندا. من بینیوومە کارمەندەکان لە فەرمانگە جیاوازەکاندا چۆن هێزی حیزبی بوونیان دژ بە ژن و خەڵکی بێ پشتیوان بەکاردەهێنن، چۆن یەک ڕەخنە لە نەکردنی ئیشی پێویست بگریت لە موعآمەلەیکدا بە ساڵ موعامەلەکەت ڕادەگرێت و بانگەوازی ئەوە دەکات لەبەر ئەوەی ڕەخنەت لێگرتووە، ئیتر دەنگۆ دەکات و ڕاپۆرتی حیزبیت لەسەر دەنووسێت کە تۆ دژ بە حیزبەکەیت و دەبێت هەموو ئەندامی حیزبەکەی یەکبگرن و دژایەتیت بکەن. نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن زۆر زۆر دەکرێت و کەمی دەبیندرێت، ئیتر بە پەلاماردانی جەستەیی بێت وەک لە زانکۆکاندا و لە دادگاکاندا دەکرێن، دواخستن و ڕێگریکردن لە موعآمەلات بێت، وەکو لە وەزارەتەکاندا دەکرێن، یان قسەکردنی تیژ و توانج وەک تیری سەردڵ بێت کە لە دەزگا ڕۆشنبیریەکاندا دەکرێن و بینیومانن، یان بەکارهێنانی لێکدانەوەی نادروست بێت، هتد. بەهەر شێوەیەکی کە ئەندامێکی حیزبی بۆی بکرێت دەیکات و ئازادە، هیچ رێگرێک نیە جگە لە تێگەیشتنی خۆی. لەبەر ئەمەیە دەڵێم: دەبێت و پێویستە و چارەسەرە، ئیش لەسەر تێگەیشتنی ئەندامەکانی ناو حیزبەکان بکرێت سەبارەت بە پرسی ژن/ پرسی جێندەر و جۆرەکانی نادادپەروەری بەرامبەر بە ژن، چونکە بەداخەوە تەنها ئەوانن ( تەنها حیزبیەکانن لە نێر و مێ) کە پێگە و ئیشی باشی کاریگەر و بەڕێوەبردنیان دەدرێتێ لەناو کۆمەڵگەی کورد دا.

Image: https://pixabay.com/fr/

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …