ژیاننامەی کۆڕەو

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی”ئەو ھەورە کپە”ی نووسەر و ڕۆماننووس بەیان سەلمان

رەفیق سەعید


نازانم ! ئەگەر ھیچ نوسەرێکی تر نوسیبێتییەوە، بەڵام نووسەر خاتوو بەیان سەلمـان ئەرکی کێشاوە و لە جیاتی چەند ملیۆن کەس و زۆربەی ھەموو کوردان ژیاننامەی کۆڕەوی نوسیوەتەو لە سەر ئەو ڕووداوەی کە ھەر گیز بیر ی ئەو نەوەیە ناچێتەوە پێویستی دەکرد بیری ھەموو مرۆ ڤایەتی نەچێتەوە کە چۆن بەشێک لە مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی تیایا ژیاوین، بۆ نەوەکانی دوا ڕۆژ کتێبێکی ئاوا زۆر گرنگە. لە ھەمووشی گرنگتر کە بە عەرەبی نووسیویەتی، ئەو نەوە نوێیەی گەلی عەرەبی ئاشنای ڕووداوەکان بن بزانن نزیکترین مرۆڤەگەلێک کە لە دراوسێی خۆیانن لە ژێر سایەی دەوڵەتێکی فاشیستی عەرەبییەوە چ کارەساتێکیان بەسەر ھاتووە؟

ئەوەی بۆمن جێگای تێڕامان بوو ئەو ژیاننامەی کۆرەوە تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوێک، یان کارەساتێک نییە و بەس.  نازانم پێش من ئەو پرسیارە لە نووسەر کراوە یان نا؟

بۆچی ناونیشانی «ژیاننامەی کۆڕەو»ی وەگرتووە ناوی «ڕۆمانی » لێ نەناوە؟

ڕاستە باسی کارەساتێک دەکات، بەڵام زۆر وردبۆتەوە لە ڕووداوی بچووکی ناو کۆی کارەساتەکە بەگشتی، کە بەکۆ باسی ڕووداوێک نەکات ناچێتە خانەی مێژووەوە، یان دکۆمێنتارییەوە، ھەر کەسێک بیخوێنێتەوە دەزانێت ئەوە تەکنیکی ڕۆمانە کە خەیاڵ ئەگەر زاڵیش نەبێت بەسەر ڕووداوەکە ئەوە شان بەشانی دەڕوات، وەک ئەوە وایە مرۆڤە واقیعیەکان کاراکتەری دروستکراوی نووسەر بن و خۆی مرۆڤەکانی تر پاڵەوانە فەنتازیەکان بن .

ھەروەھا زۆر لە تێکستەکانی ناو گێڕانەوەکە فلسەفیانە نووسراوە و وا لە خوێنەر دەکات بە قووڵی بیری لێبکاتەوە و نەتوانێت ھەروا بە سادەیی بەسەریا بڕوات .

زۆرێک لە ئێمە راستیەکە مان بینیوە و لەو واقیعەدا ژیاوین ھەر کەسێک لەو ڕۆژگارەیا نە بووبێت وبەشداری ڕووداوەکە نەبووبێت و بیخوێنێتەوە بە دڵنیاییەوە وەکو ڕۆمان حیسابی بۆ دەکات. بەتایبەتیش حەدەسەکان بە کراوەیی ماونەتەوە ئەو بەتەواوەتی گومان لادەبات لەوەی کە ئەوە تەنیا ڕووداوێک یان چیرۆکێکی سادە بووبێت. خۆ ئەگەر بەشداریش بوبێت و ئاگاداری ورد و درشتی کارەساتەکەش بووبێت، کاتێک ئەو کتێبە دەخوێنێتەوە قووڵ دەچێتە ناوی، دڵنیام نووسەر خۆشی گەر وەک خوێنەر بیخوێنێتەوە ھەست دەکات ئەوە فەنتازیای وردەکاری ڕوودانی شتە بچوکەکانە لەناو بەسەرھاتێک کە ناوێکی گەورەی ھەیە بۆ ھەمووان، وا دەچێتە ناو بابەتەکە وە ھەرگیز ناڵێی تێکستێکە لە راستیا ڕووی دابێت بە بێ بیرژردنەوەی خەیاڵ تێکستێکی وای نوسیبێت،

خۆی بیر دەچێتەوە کە ئەو کاراکتەرە خۆیەتی و خۆی نووسەرەکەیە، ھەردەم وایە بۆ ژیانی خۆت ھەڵوێستە ناگریت بۆ خۆت بگریت، ھەر کاتێک ھەستت کرد کە ئەوە کارەساتێکە بەسەر کۆمەڵێک مرۆڤدا ھاتووە قورگت پڕ دەبێت لە گریان، دڵت بۆیان دەسوتێت،

ڕووداوی وردەکاری کۆرەوەکە گەلێک زۆرن نووسەر لێیان ورد دەبێتەوە و تەکنیکی ڕۆمان زاڵدەبێت بەسەر نوسینەکەدا نەوەک وەک ئەوەی لەواقیعەکەیا بووە مێژوو بگێڕێتەوە، یەکێک لە شێوە گێڕانەوەکەی ئەوە کە ھەرگیز ناتوانی وەک چیرۆکێکی سادە بیخوێنیتەوە لە کاتی رووداوەکەدا خەیاڵ دەیگێرێتەوە بۆ ڕابردووی ئەو کاتەو بەجوانی تێکھەڵکێشی دەکات. لە کاتێکدا سەر سنوور دەگێرێتەوە بە دوای ئەوەیا دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی نزیک کە لەگەڵ چرکە ساتەکانی ڕاپەڕێنەکەی کەرکوک ماڵوێرانییەکانی ئەوێ دەگێڕێتەوە و لە شوێنێکی تردا پێمان دەلێت لە ھەموو شوێنێکی دونیا ئازار و غەمگینی و ھەژاری و چەوسانەوە بوونی ھەیە، ئەگەر لە پاریس یان لە ھەرشوێنێکی دونیا بێت. چونکە دیارە گێڕانەوە لە شێوەی مێژوودا ڕۆژێک لە ڕۆژان خەڵکانێک ھەر دەبن وەکو گومان بۆی بڕوانن.

مرۆڤەکان دەڕۆن ھەر دەڕۆن، کەس و کارەکان توشی لێکدابڕان دەبن، خەڵک بە کۆمەڵ جەنجاڵە، ھەموو لەیەکترەوە نزیکن، ھەنگاو دەنێن، یەکتر نابینن، ھەموو بەردەوامن لە ڕۆیشتن و لە یەکترەوە دوورن.

نووسەر باسی خۆی دەکات یان من یان ئێمە یان ھەموومان، چارەنوسیێکی سەیر بوو ڕاکردنی گەلێک و ھەموو مرۆڤەکان کە لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەھاردا شەو و ڕۆژ ئاسمان لەو دەڤەرانەدا کون دەبێت ئاو بە لافاو دێتە خوارە وە و بەشی دەیان ساڵ باران ببارێت، ئاو و ھەواکەی و خەڵکێکی زۆری لەسەرمان ڕەق بۆونەوە، سەدان منداڵانی شیرە خۆرە لە برسانا زریکەی گریانیان بەو زوقم و سەر مایە دەنگی دەدایەوە، نابەرابەریەکانی ژیان لە ھەموو دونیادا کە بۆ ھەندێک بەھەشتەو بۆ ئەوانیتر جەھەنەم و خراپتر ئەوەیە خاڵی سەرەکی بێ بەھا بوونی ژیانی چەوساوە و ژێردەستەکان ھەربۆیە مرۆڤ لە بەردەوامبوونی ئەو گۆڕانە ناوەستێت و بەرگریکردن لە ژیان بوونێک کە مانایەکی ڕاستەقینە بگێڕێتەوە بۆ تاکەکان ئەو ململانێیە وادەکات ڕقەکان دەکەونەکار، کۆنەپەرستی، راسیستی شوێنی ئاشتی و پێکەوە ژیان دەگرێتەوە، مافی مرۆڤ و ژیانێکی ئاسوودە بوونی نابێت.

خوێن ڕێژی درێژەی دەبێت و بەبێ گیانی لێبووردەیی لە ھەموو دونیادا مرۆڤەکان بەر ھاڕینی مەکینەی چەوسانەوە دەکەون.

نووسەر لە واقیعەکەدایە ناوەکانیش واقیعن، بەڵام دەڵێی لە خەیاڵ دایھێناون، بوون بەو بوونەوەرانەی لای خوێنەر دەبن بە کاراکتەری خەیاڵی کە دروستکراون و فەنتازیا ئەوەیە یەکێک لە تەکنیکەکانی تێکستێک بۆ ڕۆمان کە لە شێوەی چیرۆک و مێژوو گێڕانەوە جیای دەکاتەوە.

بەدرێژایی تێکستەکە بۆ ژیان دەگەڕێت نەک بۆ کاولکاری، ئازار دەکێشێت، خەفەت دەخوات کە دەبینێت قوربانییەکانیش دەبنەوە بە جەلاد و زۆر دڕندانەتر .

نووسەر لە گەردون ڕادەمێنێت پرسیاری لێدەکات بێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە ڕوو لە ئاسمان دەکات وەک ئەوە وایە پێی بڵێ: ئەرێ ڕاستە تۆ ھەیت ئەم ھەموو منداڵ و ئینسانە پەککەوتانە نابینیت!؟ گومان لە بوونی دەکات لە کاتێکی زۆر کورتی بێھیواییدا سەر بەرز دەکاتەوە و کە باران ھەناسەی لە ھەموویان بڕیوە و دەڵێ «ئاخر ئەوە تاقە شتێکە پێت دەکرێت». ئەو کاتانەی کە باوەڕ بەوە دەکەیت کە ھیچ ھێزێک بوونی نییە ژیان بگۆڕێت ھەر ئەوە دەمێنێتەوە بڵێیت ئەوە مرۆڤەکانن دونیا دەگۆڕن بە شەڕانگێزی بۆ لەناوبردنی یەکتر و بەردەوامی باڵادەستی خۆیان. ێتر دەبێت ڕۆحی بەرگری و مانەوەی کە ئەوەی ژیانی ئەوانیتر نەسڕنەوە پشت بەخۆیان ببەستن و بۆ ژیان بگەڕێن ھەر وەکو ئەو کۆڕەوی کوردانەی کە ھەموو ئەوانەی لە سەرەتای نەوەدەکان ھاتبوونە ژیانەوە بینیمان، کە دەڵێت «خودی خۆر لە یاداشتیدا ئێمەی بیر دێتەوە» کەواتە ڕووناکایی ژیان لە شوێنێکەوە ھەر دێت و دەبێ ھیوایەکت ھەبێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ھەر دەبێ بێت.

ھەموو نووسینێکی جوان بەدەر نییە لە شیعریەت، ئەم نوسینەی بەیان خانیش جوانی خۆی تێدایە. لە شوێنێکدا باسی سروشت و جوانیەکانی نیشتیمان دەکات، بە عەشق وەسفی دەکات و دەڵێت «خاکێک بوو ھەموو وەسفێیکی لە خۆی کۆکردبۆوە، جوانییەکی ڕەسەن دڵی پیاوێکی کوردی ھەبوو ساتێ دەکەوێتە داوی خۆشەویستی »لە شوێنێکی تردا دەڵێت «خۆر خۆی پێچایەوە و بەرە بەرە گەرموو گووڕیکەی نەدەما لاربووەو و سەری نایەوە و نوقمی خەوێکی قووڵ بوو، تاکو لە شوێنێکی تری دنیا سەر دەربھێنێت، کە ژیان لەلایان گوڕ و تینێکی باشتری ھەبێت؟ دەکرێت وابێت»، «سەیری بریقەدانەوەی ئەستێرەکانم دەکرد، لە تیشکدانەوەیان باڵادەستی سروشتم دەبینی» ئەو تێکستە شیعریانە بەڵگەن بۆئەوەی بسەلمێنن کە ئەوە تەنیا نووسینێکێ سادە نییە.

ھەردەم لە نوشوستەکانا ئازارەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام ئازارێک بوونی درێژخایەنی نییە ھەر دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان زەحمەت و تاریکی کۆتاییان بێت و زەردەخەنە جێگای بگرێتەوە.

نووسەر زۆر باش ھەست بەو پەیوەنییانە دەکات و لەناو تێکستەکەیا ئەو دۆخە بەرجەستە دەکات و تێدەگات کە مرۆڤ بوونەوەرێکی سەیرە، لە کاتی تەنگانەکاندا زۆر کەمن ئەو کەسانەی گیانی لێبووردەن و یارمەتی کەسەکانی تر بدەن، تەنانەت خەندەیەکیش بۆ مرۆڤەکانی تر ناکەن، کە ڕەنگە زۆر باش بیانناسێت و ئەویش ھەر لەو شوێنەوە ھاتبێت وا ئەوانی لێوە ھاتبن، لەو ھەلومەرجانەیا پەیوەندییەکان جۆرێکی ترن، بەئاسانی ھەستی پێدەکەیت کە جیاوازە لەگەڵ کاتە سروشتییەکان. لە ھەمانکاتدا و لەو ڕۆژانەی کە تروسکاییەک نییە بۆ ئەو خەڵکە بێچارەیە نووسەر ڕۆحێکی زیندوو دەکات بەبەر تێکستەکەیدا دیسان چاوەڕوانی ژیانێکی نوێ دەکات، کە لەسەر ئەو سنوورە و ماوەی ھەموو کۆڕەوەکە بۆ خۆر دەگەڕێن، ئەگەر بەدوای ژیاندا ناگەڕێت ئەی بۆچی کە ترسی سوپای ڕژێمی فاشیستی بەناچاری ھەر بەپێ لە مردن ڕادەکەن و ڕوو لەو کێوانە دەکەن و بۆ سنووری وڵاتانی دراوسێ ملدەنێن!

لەم کتێبەدا کە ڕێگای ژیان ئەوەندە بەر تەسک دەبێتەوە، بەڵام نووسەر پەی بەزۆر لایەنی ژیان دەبات و ژینگە دۆستی خۆی ناشارێتەوە کە دەڵێت «ئەو درەختانەی لە دەستی قەسابخانەی مرۆڤ ڕزگاریان بوو» ئەوە ھەقدانە بە سروشت کە لە ڕاستیا دەبێ بپارێزرێت تەنیا مرۆڤە جوانەکان ئەو ھەستە بەرزەیان ھەیە کە ژیان بە مانای تەواوەتی نرخی خۆی دەبێ ھەبێت ئەگەر مرۆڤ بن یان ڕووەک و گیانداران.

لە دوای ھەموو ڕێگا ئەستەمەکانی ژیان تروسکاییەک ھەر دێت وەک ئەو دەرکەوتنەی خوێندکارێک کە بەدوای خانەوادکەیا دەگەڕێت یەکێ لەمامۆستاکانی خۆی دەبینێت یارمەتیان دەدات و لەو تەنگانەیە کە تیایدا تۆزێک دەیانگەشێنێتەوە باشتر بوو لەو دۆخەی پێشتر تێیدا بوون، ئەو پەیدا دەبێت و دوای گفتوگۆیەکی قووڵ ئەوانیش لەگەڵ خۆی سوار دەکات و دەڕۆن. ئەو مامۆستایە خودی نووسەر خۆی بوو.

مرۆڤ بوون لای ئەو بوونەوەرێکە ناخۆشیەکان لەبیر دەکات ئەگەر بەسەر خۆشیدا ھاتبن بەوەیا دیارە دەزانێت کەساسی کە لە ھەرشوێنێکی دونیا بێت ھەر کەساسیە. نمونەی خۆی دێنێتەوە کە ئێستا لە وڵاتی مۆزەخانەو شارستانییە و ژیانێکی سروشتی دەژی، کە زۆری جیاوازە لەو مرۆڤانەی ھیچ نوایەک و ھیچ ئیش و کارێکیان نییە و بەلایانا تێپەر دەبێت،ھەر وەکو خەڵکانی تر بێموبالات خۆی دێتە بەرچاو بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەو ڕەوەی کە بەسەر خۆی و میللەتەکەی ئەوا ھاتووە و سروشتە شاراوەکەی مرۆڤ پێناسە دەکات، کە مرۆرڤ بوونەوەرێکی سەیرە لە بەرژەوەندی خۆیدا رەحم بەھیچ بوونوەرێک و گیاندارێکی تر ناکات.

ھەر بۆیە کارەساتی لە شێوەی کۆڕەوی کوردان لە سەرتاپای دونیا ڕوو دەدات. ئەم تێکستەی نوسەر گوزارشت لەوە دەکات وەک ڕۆمانی«سەدساڵ لە تەنەنھایی» کە گوزارشتە بۆ ئەوەی گەلێک لەناو خاکەکەی خۆیدا ئاوارە بێت.

ھەر لەوساتانەدا کە دیسانەوە بێڕەحمییەکی گەورە دەبینێ، جەلادی تۆڵەسێن دروست دەبن، کە چەندین ساڵە خۆیان دەچەوسێنرێنەوە، کەچی ھەر کە ھەناسەی بەناو ئازادی ھەڵئەمژن ئەوانیش وەکو ئەو جەللادانەی کە خۆیان بوون بە قوربانی جێگاکانیان دەگۆڕنەوە و تۆڵە کردنەوە بە شێوەیەکی دڕندانەتر دەست پێدەکات. لە کۆتاییدا منیش دەمەوێت ئەوە دووبارە بکەمەوە وەک خۆی وتەنی «کین ئەم» ئێمەکێی؟

ژیاننامەی کۆڕەو جوانتر ئەوە دەردەخات کە ئەوە شۆرش نییە بە چەک بکرێت. تەنیا کۆمەڵە خەڵکانێکن تەنھا ئەوەی کە مەبەستیانە بۆ تۆڵەکردنەوە وبەرگریکردن لە خۆیان ھیچ پاشخانێک و پێشخانێکی بۆ ژیان بڕوانێت ئەوەیان نییە کە ھۆکارێک بن بۆ نەھێشتنی، یان کەمکردنەوەی ئەو ھەموو کارەساتەنەی بەسەر مرۆڤ گەلێک ھاتووە، تەنیا تۆلە سەندەنەوە نەبێت ئەگەر بەرامبەر بەڕژێمیش نەبێت لەگەڵ نەیارەکانی خۆیان لە شاخ و دوای دابەزینە ناو شارەکان درێغیان نەکردوو ە و چەندەھا کوڕی خەڵکیان بەیەکتر داوە بەشەڕ و ئەو ڕێژەیەی کە لە نێوان سیاسەتی ئەوان بوونە قوربانی لە شەڕی ناوخۆ ئەگەر زۆرتر نەبن کەمتر نین لە قووربانیەکانی ڕژێمی دیکتاتۆر.