با بەس بێت

چرکەیەکی دەربڕین لەلایەن

شادی عبدالواحد


بە پێنووسە ڕەنگ شینەکەی، بە فکرە ڕەنگ ئاڵەکەی چ ناڵەیەك دەنەخشێنێت.

پەنجەی مۆر و ژێر دەستەیی لە ژووری ساردی دەنگدان لێک دەئاڵێنێت.

گوایە ئەمڕۆ ڕۆژی دەنگدانی مرۆڤایەتییە، بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوە و لە ڕقەبەرایەتییە، دڵنیایت کە دەتوانی چاکسازی بەرهەم بێنیت. یاخود فرمێسک لە چاوانی باوکی گەنجێك دەبارێنیت؟!

چەندیتر نابینا دەبیت، کەڕ دەبیت، لاڵ دەبیت، بێ هەڵوێست و نەوتی ئاگری دارستان دەبیت.

نە مەرحەمە شینەکان، نە سندووقە پڕ لە گوڵە بۆن خۆشەکان، تازە ناتوانن دڵە شکاوەکەی کچێکی چقڵ لە پەنجە تیمار بکەن.

 کە تازە خەنەبەندانی کردووە، تازە گوڵی نێوان دەستەکانی ئیشك کردووە.

ناتوانن تاڵە قژەکانی لە بڕین بوەستێنن تا ئەویش بۆ جارێکی تر ناز بکات و بڵێت دەمەوێت ببم بە پەری. ناتوانم دەرکەم لە دڵم ئەشقێکی بە دەردەسەری.

گوایە لەبەر سەرکردەکان، لەبەر زوڵم و ژێر دەستەیی لە کاتی کارکردن، لەکاتی پێ لێنان لە ئەڵغامە نەفرەتییەکان،

ئیتر جەستەی ئەشقەکەی پارچە پارچە بووە، تەنها کۆتا نیگای میهرەبانی بۆ بەجێ هێشتووە، ئێستا چیتر  دڵی لە سینەی لێنادات. هیچ ئەوینێك هیچ دەستبەسەردا هێنانێك تازە سەری لێنادات. ئاواتی یەکەمین کۆرپەش بوو بە خۆراکی پیاوە عەینەک لە چاو و ئۆتۆمبێلە جام ڕەشەکان.

ئەمجارەشییان، دەستدرێژی لە کچە بووک بەدەست و قردێلە لەسەرەکان، لێدانی ڕەنگی ڕەش لە لێوەکانیان. لکاندنی تەوقەی بێ ڕەوشتی لە قژی نێوچاوانیان بەرهەم هێنانی کۆرپەی بەقیژەی دایکە بچووکەکانیان.

کێ بەرپرسی ئەوانەیە، کێ باڵ لە مل و دەستنیشانکردنی ئەو هەموو کارەساتانەیە؟ هێشتاش هەر هەڵپەرکێ و شاییە، گوێنەدان بە میللەت و گەمژەیی و نەزانییە. داخوا کام ڕەنگ یەکەم دەبێت، کام ڕەنگ تاج لەسەر و حوکم دەر لەسەر تەخت دەبێت؟

ئێستاش دەتەوێت، چاکسازی بەدەست بێنیت؟!

 بە کەسانێك ئیللا خودا دەسەڵاتی لەسەر ماون، بێ باكن لە جەهەننەم و هەر لەسەر لێواری عەدەمییەت ماون، تۆسقاڵێك ڕەحم لە دڵ و جەستەیاندا نەماوە، هیچ ویژدانێك هیچ بوونیەتێك لە ئەقڵیاندا نەماوە.

لەولاوە پیاوە مێزەر لەسەرەکان، پشتێن پان و تفەنگ لە شانەکان، گوایە کوردپەروەری دەنوێنن. بۆ کەسانێك هەمیشە زوڵم و نا عەدالەتی دەخولقێنن.

لە لایەکیتر، فرمێسکی خێزانەکان، بێ ئومێدی دایکەکان، دڵسوتاوی باوکەکان، کچە گوڵ بەدەست و سپی پۆشەکان، کوڕە ماندوو و دەست سوتاوو و  ئیهمال کراوەکان، نیگای چاوەڕوانی منداڵە بێ باوکەکان، زەوی لە بۆشاییەوە دەلەرزێنن، هاوار و ناڵە لە ئەزەلەوە دەگەیەنن.

دەبێت چیتر مابێت نەچەشترا بێت، چیتر مابێت، لە جەستەمان نەچەقێنرابێت، چیتر مابێت لەگەڵ خوێنمان تێکەڵنەکرابێت.

چیترت بۆ هەڵڕژێنم؟ چ وشەیەکیتر لەسەر لێوەکانم بۆت بدرکێنم؟ هەتاوەکو لەو گەردوونە، بێ ئەمەلە کەمێك ویژدان لەسەر دڵت بنەخشێنم...

بۆ تێناگەیت، بۆچی هاوبەشی ئەو هەموو تاوانانەیت؟!

چەندیتر بێدەنگ دەبیت بێ هەڵوێست و بێ ویژدان و داگیرکەر دەبیت.

مەگەر چەندجار مرۆڤ دەژیت، چەند جار هەناسە و ئەوین پێشکەش دەکەیت، بەسە ئیتر پوچگەرایی

ئیتر زەوی ماندوو بووە، بێناز و بە ئازار لەوناوە بێهێز بە گریانەوە لار کەوتووە.

ئەویش کۆتا ویستی سکاڵا بۆ لای ئاسمان دێنێت. بێ باك لە جەهەننەم، تۆوی یاخیبوون لە یاساکان، لەسەر ئەرزی ئیشك دەچێنێت.

هەتاوەکو، کۆتا هەناسە ئاتاجی وڵامێکە، ئاتاجی هەستکردن بە یاسا دانانێکە، هەموو مرۆڤەکان یەکسان ببن، یەکڕیز لە ماف و لە ژیان ببن.

هەناسەیەك پێشکەش بکات، بارانێك بۆ دڵی جوانی ببارێنێت. گوڵی بۆن خۆش هەر وەکو شکۆفە لەسەر لێوەکانی بنەخشێنێت.

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …