ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەمێکە گەیشتووەتە بەردەرگامان

بەشی دووەم

د. مەدیحە سۆفی

شارەزا و پسپۆرەکانی بواری ژینگە بە خستنەڕووی دەرئەنجامی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانیان ئەو ڕاستییە دووپات دەکەنەوە؛ کە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤەوەیە، ئابووری کلاسیک و بەکاربردنی وزەی بەردین (خەڵوز، نەوت، گازی سروشتی) پشکی سەرەکی لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای بەردەکەوێت. دوا ڕاپۆرتی IPCC بەڵگەی تەواوی ئەم سەلماندنەیە.

دەبێ زانست سەنگی مەحەکی ئەو بڕیارانە بێت، کە مرۆڤایەتی بەرەو ژیانێکی باشتر و ئاسوودەتر تاو دەدات، ئاسانکاری بۆ ڕێڕەوی ئەو تاودانە بنەخشێنێ و نەوەکانی دوای خۆی بە دەستکەوتی سودمەند ئاشنا بکات تا ئەوانیش سەرەداوی تازەگەری و بەردەوامی تێدا بدۆزنەوە. بۆیە زانست هەمیشە گومان لە کارەکاندا دەچێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆکاری بەردەوامیدان بە گەڕان و پشکنینی هەموو کەلەبەرێک، کە مرۆڤایەتی بخاتە بەرامبەر ئەگەرێکی نوێ و داهێنانێکی نوێتر، زانست هەرگیز کۆڵ نادات، بۆیە وەستان هەرگیز مۆری خۆی لەسەر دوا داهێنان جێناهێڵێت.

گۆڕانی کەشوهەوا؛ کە کێشەیەکی ژینگەیی جیهانییە و هیچ گۆشەیەکی سەر گۆی زەوی لە ماکەکانی بێبەش نابێت، بووەتە ناوەندی بابەتە هەنووکەییەکان و ەوە زیاتر ناتوانرێ نکوڵی لێ بکرێت، ئیدی سیاسەت و سیاسەتی ئابووری دەبێ ملکەچی دەرئەنجامەکانی ئەو هەموو توێژینەوە و لێکۆینەوانە بن، کە کراون و بەردەوام دەکرێن.

زانراوە کە پێکهاتەی هەوا بریتییە لە ٧٨٪ی نایترۆجین و ٢١٪ی ئۆکسجین، ئەوەی دەمێنێتەوە ١٪، لەو ڕێژەیەش ٠،٩٪ گازی ئارگۆنە، ئەو ٠،١٪ یش بریتییە لە گازە دەگمەنەکان، وەکو لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆزۆن، هەڵمی ئاو، و میتان، هیلیۆم و هەندێکیتر. ئم گازە دەگمەنانە، گازی پێویستن و بەو ڕێژە کەمەوەی لە سروشتدا هەن، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر سەقامگیرکردنی ژیان لەسەر گۆی زەوی هەیە، وەکو گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ نمونە. بەبێ بوونی ئەو ڕێژە کەمە لەو گازانە پلەی گەرمی لەسەر گۆی زەوی دەگەیشتە – 18 بەجۆرێک بۆ ژیانی بوونەوەر نەدەشیا، لەبەر ئەوەی ئەم گازانە توانای گلدانەوەی گەرمی خۆریان هەیە، هەر ئەوەشە پلەی گەرمی سەر گۆی زەوی لە ئاستی +15 ڕاگرتووە، واتە بوونی ئەو ڕێژەیە لەو گازانە کە توانای گلدانەوەی گەرمی خۆریان هەیە، ژیانی بە زیندەوەر بەخشیوە و بەردەوامی پێداوە و نەیهێشتووە گۆی زەوی شێوەی بەستەڵەک وەربگرێت، بەڵام ئەگەر ئەو ڕێژەیە هەر وەکو خۆی سروشتی بمێنێتەوە، ئەگەر زیاتر بێت و گەرمی زیاتر گل بداتەوە، واتە کێشەیەک دەکەوێتە ناو ئەو هاوکێشە هاوسەنگەوە و ناهاوسەنگی دەکات.

ئەم ڕێژەیەی سەرەوە، ئەو ڕێژەیەیە کە لە سروشتدا هەبوو و پێکهاتەیەکی سروشتی بوو، باوباپیرانمان لە زادەی ئەو هاوسەنگییەی سروشتەوە، توانیان لە وەرزە جیاجیاکاندا دانەوێڵە و بەروبوومی کشتوکاڵ بچێنن و پێداویستی خۆیان لە خۆراک و پۆشاک و حەوانەوە و سەقامگیربوون ڕایی بکەن، بوونەوەر توانی جێگیر و نیشتەجێ بێت، سەرقاڵی کشتوکاڵ و چاندنی بەروبووم بێت و وابەستەی داهاتی وەرزی خاک بێت. لە لایەکیترەوە، لە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی سروشت نەترسێت. لە دوای نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەوە، لەگەڵ دۆزینەوەی وزەی بەردین (نەوت و خەڵوز و گاز)، سەرهەڵدانێکی مێژووی لە بواری پیشەسازیدا سەریهەڵدا، ئەو ڕێژە سروشتییەی پێکهاتەی هەوا گۆڕا و ڕێژەی ئەو گازانەی گەرمی خۆر گل دەدەنەوە هەڵکشا، نەک هەر مرۆڤایەتی هەموو بوونەوەری ڕوبەڕووی کێشە کردەوە، بەرهەمهێنان و وەبەرهەمهێنان بەتایبەتی لە وڵاتە پیشەسازییەکاندا ڕۆڵی سەرەکی لەو گۆڕانەدا بینی.

گۆڕانی کەشوهەوا چییە؟

گۆڕانی کەشوهەوا، بەپێی پێناسەی ڕیکخراوی نێونەتەوەیی، بریتییە لەو گۆڕانە درێژخایەنەی، کە هێدی هێدی لە پلەی گەرمی هەوادا ڕوودەدات، ئەم گۆڕانە دەشێ هۆکاری سروشتی هەبێت وەکو پێش ملیۆنەها ساڵ، بەڵام ئەم گۆڕانەی ئێستا و بەپێی دەرئەنجامی توێژینەوەکان، لە دەرئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤەوە هاتووەتە کایەوە، کە خۆی لە سوتاندنی وزەی بەردین (خەڵوزی بەرد و نەوت و گاز) و دەردانی گازە زیانبەخشەکاندا، بەتایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، میتان و هەڵمی ئاو.

یەکەم سەرچاوەی وزە بۆ گۆی زەوی خۆرە، تیشکەکەی لە شێوەی شەپۆلی کورت دەگاتە سەر زەوی، بڕێکی زۆری ئەو تیشکە وەکو کاردانەوەیەک، دەگەڕێتەوە بەرەو ئاراستەی ئاسمان، بڕێکیشی پاش ئەوەی دەگاتە سەر زەوی و پەرت دەبێ و لە شێوەی شەپۆلی درێژ دەیداتەوە. ئەو گازە دەگمەنانە ڕێ بە گەڕانەوەی شەپۆلە کورتەکان دەدەن بەرەو ئاراستەی ئاسمان، بەڵام ناهێڵن شەپۆلە درێژەکان ئاودیوبن و گلی دەدەنەوە. ئەم شەپۆلە درێژانەی گەرمی، کە لەلایەن گازەکانەوە (وەکو گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، میتان، هەڵمی ئاو، ئۆزۆن)وە  گلدەدرێنەوە و هەڵدەمژرێن، دەبنە هۆی گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی، چەند ڕێژەی ئەو گازانە زیاد بکات ئەوەندە بڕی گلدانەوەی گەرمی زیاتر دەبێت، بۆیە زیادبوونی ئەو گازانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئەتمۆسفێری بەرگە هەوای گۆی زەوی.

لە سەدەی نۆزدەهەمدا زاناکانی فیزیک و کیمیا و ماتماتیک، لێکۆڵینەوەی زۆریان لە بارەی گازەکانەوە کردووە، یەکێک لەوانە زانای بەناوبانگ خاوەنی خەڵاتی نۆبل (سانتا ئاهرینیۆس) لە ساڵی ١٨٩٥دا، ئەوەی سەلماند کە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و هەڵمی ئاو، هۆکاری گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری گۆی زەوین، پرسیاری ئەم زانایە ئەوە بوو، چی ڕوودەدات ئەگەر ڕێژەی ئەو گازانە دوو ئەوەندە بن، لە میانەی تاقیکردنەوەکاندا بۆی دەرکەوت کە بەبەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەو گازانە پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە و بە کەمبوونەوەیان نزم دەبێتەوە.

لە ساڵی 2020 دا، ڕێژەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن 413,2 ppm بوو (هێڵکێشی ژمارە 1 لە خوارەوە)[1] ساڵی 2019  ئەو ڕێژەیە 410,7 ppm بوو[1[2] ]، لە سای 2015 دا بۆ یەکەم جار بڕی ئەم گازە گەیشتەppm 400 ، پێش شۆڕشی پیشەسازی ئەم ڕێژەیە 280 ppm ، لەو کاتەوە ئەم گازە لە هەڵکشانە، لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بۆ کەشوهەوا لە پاریس لە کۆتایی ساڵی 2015 دا، ڕێکەوتنێک مۆرکرا، کە تاکو ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەک، بەرزبوونەوەی پەی گەرمی بەرگە هەوای گۆی زەوی تا 1,5پلە بەرزبێتەوە، یا هیچ نەبێت نەگاتە دوو پلە. ئێستا بە پێی دوا ڕاپۆرتی IPCC ، تێکڕای پلەی گەرمی جیهان ١،٢ پلە بە بەراورد بە سەردەمی پێش پیشەسازی بەرزبووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو ڕێکەوتنە بێتە دی (کە شارەزاکان وای بۆ دەچن کە زەحمەت بێت)، دەبێ بڕی ئەو گازانە زۆر کەمتر بکرێنەوە، ئەمەش لەگەڵ هێزی بەرهەمهێناندا ناگونجێت و دەسەڵآتی سەرمایەداری وا بە ئاسانی ملکەچی ئەو بڕیارانە نابن کە زیان بە هەڕەمی ئابووریان بگەیەنێت.

لە مانگی مایسی ساڵی 2021دا زاناکانی ئەمریکا لە بواری کەشوهەوا و زانستی ئوقیانوسەکاندا NOAA بەرزترین ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان لە ئەتمۆسفێری هەوادا تۆمار کرد، لەچاو ئەو تۆمارکردنانەی لە ساڵی 1958وە دەکرێن، ئەو بڕەش بریتی بوو لە 419,13 PPM،ئەم دەرئەنجامە  ئەوەندەیتر جەخت لەسەر ڕاستی و دروستی ئەو دەرئەنجامانە دەکاتەوە، کە لە لایەن ناوەندەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، لەپێناو پاراستنی کەشوهەوا و مرۆڤایەتی و سەقامگیری هەموو بوونەوەر بە گشتی.

جیاوازی پلەی گەرمی لە نێوان چاخی بەفرین و چاخی گەرمی تەنها چوار پلەیە، ئەمەش لە میانەی هەزارەها ساڵدا ڕوودەدات، وەلێ ئێستا لە دوای سەرهەڵدانی پیشەسازییەوە تا ئێستا تێکڕای پلەی گەرمی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی 1,2 پلە زیادی کردووە، ئەگەر جیهان بەخۆیدا نەچێتەوە و چارەسەرێکی ئەم گۆڕانە نەکات، ئەوا لە مەودای سەد ساڵی تردا، تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەگاتە 3-4 پلە لە جیاتی ئەوەی لە بیست هەزار ساڵدا ئەو گۆڕانە ڕووبدات، دەبێ ئەوەش بگوترێت، گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن گازێکی تەمەن درێژە و زۆر لە هەوادا دەمێنێتەوە، واتە کەمکردنەوەی دەردانی ئەو گازە چەند کەم بێت، کاریگەری ئەو بڕە گازەی پێشتر دەردراوە، هەر لە هەوادا هەیە، بۆیە دەبێ ڕادەی کەمکردنەوەکەی ئەوەندە زۆر بێت، کە کاردانەوەی هەبێ لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا.

Chart, histogram

Description automatically generated

سەرچاوەکان:

  1. https://infothek.bmk.gv.at/co2-konzentration-trotz-corona-auf-rekordhoch/

100.html


[1] https://infothek.bmk.gv.at/co2-konzentration-trotz-corona-auf-rekordhoch/

[2] https://www.br.de/klimawandel/co2-emissionen-steigende-kohlendioxid-100.html

Check Also

دیراسەیەکی ستراتیژی بۆ ئاو لە عیڕاقدا

د. مەدیحە سۆفی هاتنەکایەوەی قەیرانی ئاو، کە هۆکارەکانی جۆراوجۆرن لەوانەش گرنگترینییان توندبوونی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا، …