بۆچی وڵاتانی ئەوروپایی پەنابەرانی وڵاتە ئیسلامییەکان وەردەگرن؟

تاهیر ڕەحیم

ڕاستە ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتە ئیسلامییەکانەوە ڕوو دەکەنە ئەوروپا هەندێک کێشە دروست دەکەن، هەندێکیان دەبن بە مشەخۆر، ئێش ناکەن و تەمەڵ و تەوەزەلن، تەنیا وەک دەرۆزەکەر یارمەتیی دارایی لە شارەوانییەکان وەردەگرن و لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەن هیچ تێکەڵاوییەک و پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئەوروپییەکان نەبێت، تەنیا لە حاڵەتی پارە وەرگرتن نەبێت. بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاترش مناڵی زیاتر دروستدەکەن، نەک لەپێناوی زیادکردنی ڕێژەی موسڵمانان.

wikipedia

زۆربەی پەنابەران بێکێشەن.

ئەمانە لەڕووی شارستانییەوە کێشە دروستدەکەن وەک پابەند نەبوون بەپاک و خاوێنی و بەشدارینەکردن لە گەشەدانی ئابووری و ڕۆشنبیریی وڵات…تاد، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی پەنابەران بێکێشەن. بۆ نموونە، ملیۆنێک پەنابەری سوری، عێراقی، ئەفغانی، تورکی لەیەککاتدا ڕوویان لە ئەڵمانیا کرد، هەروەها دەیەها هەزاریش بۆ وڵاتاکانی تری ئەوروپا: فەڕەنسا، فنلەندا، سوید… لەو ژمارەیەیش کەمتر لە سەد کەسیان تێکدەرن و کاری تیرۆریستی دەکەن، ئەوانی تر، بەشێکی زۆریان ژیانی ئاساییی خۆیان دەبەنە سەر لە بەشە جیاوازەکانی کار، ئیش دەکەن و یان دەخوێنن. بەهۆی پلانی نوێیی ئەم وڵاتانەوە بواری فێربوونی زمان بۆیان ڕەخساوە کە زوو فێری زمان ببن، کە جاران ئەم فرسەتە بۆ پەنابەران نەڕەخسابوو یان زۆر بەرتەسک بوو، هەروەها ئەوانەی مافی پەنابەریشیان نییە ڕێگەیان پێدراوە کار بکەن.

ئەڵمانیا و وڵاتەکانی تری ئەوروپایی دەتوانن بە ئاسانی بێکێشە لە وڵاتەکانی تری ئەوروپا وەک ڕۆمانیا، بولگاریا، یونان یان کیشوەری ئاسیا وەک تایلەند و فلیپین لەجیاتی وڵاتە ئیسلامییەکان لەو وڵاتانەوە کرێکار بهێنن، بەڵام کێشەیان بۆ دروست دەبێت، چونکە ئەم وڵاتانە وەک عێراق، سوریا، یەمەن، ئێران… لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە وێران نین. کرێکارانی ئەم وڵاتانە، پاش ئەوەی پارە کۆدەکەنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، چونکە لە وڵاتەکەی خۆیان گەر کێشەی ئابووریش هەبێت ئەوە کێشەی کۆمەڵایەتییان نییە! لە وڵاتانی ئیسلامی، هاووڵاتی هیچ حیسابێکی بۆ ناکرێت. هیچ مافێکی شارستانی و هاووڵاتیبوونی نییە. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان وەک یەکێ لەو وڵاتانەی مرۆڤ بێئەندازە بەدەست سیستەمی گەندەڵییەوە دەناڵێت، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە وێرانە، تاک هیچ ئازادییەکی نییە تا دەستنیشانی ژیانی خۆی بکات، یان چۆن بۆ خۆی بژێت. ئەم دەردە هەموو تاکەکانی گرتووەتەوە. هەموو کەس خۆی لە ژیانی کەسانی تر، هەڵدەقورتێنێت، هەر لەدایک و باوکەکانەوە، تا خزم و دراوسێ و مزگەوت و سیستەمی حیزبایەتی، هەر هەموویان پێکەوە ڕێگرن لەبەردەم تاک بۆ ئەوەی بە ئازادی بۆ خۆی بژێت و ڕای خوی دەربرێت، تەنانەت ئازاد نییە چ جلوبەرگێک لەبەرکات.

ئەو موسڵمانانەی ڕوودەکەنە ئەوروپا چەند دەمارگیر و گۆشەگیر و دواکەوتووبن، بێئەوەی بەخۆیان بزانن ٢٠٪ دەگۆڕێن.

نەوەکانی ئێمە وەک کورد، یان موسڵمان نامێننەوە بگرە دەبن بە ئەوروپایی.

موسڵمانان گرنگترین شتێک کە هەیانە پێشکەشی ئەو وڵاتانەیان کردووە کە ئەویش مناڵەکانیانە.

بێگومان وێڕای جەنگ، زیندان، کوشتن و لەسێدارەدان، کاتێک تاکێک یان خێزانێکی وڵاتە ئیسلامییەکان ڕوو دەکەنە وڵاتانی ئەوروپایی هەرچی ماڵ و موڵکییان هەیە دەیفرۆشن تا خۆیان لەو ژیانە قوتار بکەن. ئەوان رێگایەک دەگرنەبەر ڕووی گەڕانەوەی زەحمەتە، ئینجا ئەوەندە بەزەحمەت دەگەن، کە دەگەنە ئەوروپا وەک ئەوە وایە لە دۆزەخ ڕزگاریان بووبێت و گەیشتبێتە بەهەشت! باوکەکان یان دایکەکان، ئەو وڵاتە بەجێناهێڵێن تەنها کاتێک دڵنییادەبن کە مناڵەکانیان گەورە بوون و جێگە و ڕێگەی خۆیان مسۆگەر کردووە، ئەوانیش پاش ئەوە دەگەڕێنەوە کە ئەزانن لەو وڵاتە خانەنیشینن ئەو کاتە بەبێ مناڵ دەگەڕێنەوە. بەڵام کاتێک گەڕاونەتەوە گرنگترین شتێک کە هەیانبووە پێشکەشی ئەو وڵاتانەیان کردووە کە ئەویش مناڵەکانیانە. ئەو موسڵمانانەی ڕوودەکەنە ئەوروپا چەند دەمارگیر و گۆشەگیر و دواکەوتووبن، بێئەوەی بەخۆیان بزانن لە‌۲۰٪ دەگۆڕێن. ڕازی دەبن بەوەی مناڵەکانیان لە قوتابخانەی تێکەڵا و بخوێنێت، کچەکەی لەگەڵ هاوپۆلەکانی تێکەڵاوبێت و بە جلوبەرگی نیمچەڕووت لە کەنار دەریا و مەلەوانگەکان مەلە بکات. مناڵەکانیشیان، لایەنی کەم، لە ٥۰٪ بۆ ۷۰٪ دەگۆڕێن. وەچەی سێهەمیش ئەگەر لە سەدا سەد نەگۆڕێت ئەوە لە سەدا نەوەد دەگوڕێت، واتا نەوەکانی ئێمە وەک کورد، یان موسڵمان نامێننەوە بگرە دەبن بە ئەوروپایی. وەچەی چوارەم بەتەواوەتی لەناو کۆمەڵگای ئەوروپاییدا دەتوێتەوە. تەنانەت ئەگەر نوێژ بکات و ڕۆژوویش بگرێت ئەوە عەقڵییەتی مناڵەکانی دەگۆڕێت وەک عەقڵیەتی ئەوروپایی لێدێت، چونکە لە پۆلدا ڕەنگە لەگەڵ هاوڕەگەزبازێک دانیشێت و بەلایەوە ئاسایی بێت. زۆربەی ئەوانەی گەنجن و بەتەنها دێن زووتر دەگوڕێن، چونکە هەر لەشوێنی خۆیان بۆ ئەوە هاتوون تێکەڵاوی ئەوروپایی و کچ و کوڕی ئەوروپایی بن. بەڵام گەنجێکی ڕۆمانی، بولگاری، یۆنانی و تایلەندی… ئەو کێشانەیان نییە، دوای ئەوەی پارەیەک پێکەوەدەنێیت دەڕۆنەوە، بەڵام پەنابەرە ئیسلامییەکان ناگەڕێنەوە. لەلایەک وڵاتەکەیان دۆزەخە و لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەوروپا بە چەندین شوێن و باری ترسناکدا تێدەپەڕن، لە زەینیدا نایەوێت جارێکی تر ئەوانە ببینێتەوە.

چەند ئەفسەری پلە باڵا، بەڵام زۆر کەمن، ناگەنە لە سەدا دوو بۆ لەسەدا پێنجیش. کاتێکش پێدەگەن و بەرپرسیارێتی وەردەرگرن، وەک ئەوروپاییەک هەڵسوکەوت دەکەن. ڕەنگە تووندوتیژ تریش بن، وەک سەرۆکی پێشووی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا کە تورک بوو، ئەوندە ئەو دژی سیاسەتی حکومەتی تورکیاییە هیچ سیاسییەکی تری ئەڵمانی ئەوندە دژی سیاسەتی تورکیا نییە.

نزیکەی هەشتا ساڵە پەنابەر ڕووی کردۆتە ئەوروپا، بەڵام چەند لەمانە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی وڵاتە ئەوروپییەکان هەبووە؟ لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین زۆر کەم. چەند ئەندام پەرلەمانی موسڵمان هەیە، چەند وزیر، چەند ئەفسەری پلە باڵا، بەڵام زۆر کەمن، ناگەنە لە سەدا دوو بۆ لەسەدا پێنجیش. کاتێکش پێدەگەن و بەرپرسیارێتی وەردەرگرن، وەک ئەوروپاییەک هەڵسوکەوت دەکەن. ڕەنگە تووندوتیژ تریش بن، وەک سەرۆکی پێشووی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانیا کە تورک بوو، ئەوندە ئەو دژی سیاسەتی حکومەتی تورکیاییە هیچ سیاسییەکی تری ئەڵمانی ئەوندە دژی سیاسەتی تورکیا نییە. ئەزدەمیر تەنها دژی سیاسەتی تورکیا نەبوو، بەڵکو دەیگوت سعودییە سەرچاوەی تیرۆرە، پێیویستە وڵاتانی ئەوروپا مامەڵەیان لەگەڵیدا بگۆڕن. یان (ئایان هەرسی عەلی) ئەندامی پێشووی پەرلەمانی هۆڵەندی موسڵمانێکی خەڵکی مەگەدیشۆی پایتەختی سۆماڵە، بەڵام بەکردەوە و بە فکریش دژی ئیسلام بوو. بۆیە ئەو کەسانە تەنانەت ئەگەر بەموسڵمانیش بمێننەوە نابنە مەترسی لە سەر ئەو وڵاتە، چونکە بۆچوونیان دەگوڕێت و لە چوارچێوەی یاسای ئەو ڵاتانەدا کار دەکەن کە ڕێگە بەسەپاندنی ئایین و توندوتیژی نادات. ڕێگە نادات منداڵ ناچاربکرێت بە ئایین یان دابونەرێتەوە.

لە وڵاتەکانی ئەوروپا چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردمان هەن، بەڵام وەک ئەوروپییەک هەڵسوکەوت دەکەن نەک وەک کوردێک یان موسڵمانێک.

لە وڵاتەکانی ئەوروپا چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردمان هەن، بەڵام وەک ئەوروپییەک هەڵسوکەوت دەکەن نەک وەک کوردێک یان موسڵمانێک.لەبەر ئەوە هەر موسڵمانێک بێئەوەی بەخۆی بزانێت بۆ ئەوروپاییەکان منداڵ دەخاتەوە، بەم کارەی گەورەترین خزمەت بە ئەوروپا دەکات، چونکە ژیان لەئەوروپا بەرەو ( تاکایەتی) دەڕوات. تاکی ئەوروپی دەیەوێت بۆ خۆی بژێت، نەک بەشێکی ژیانی بدات بە منداڵ، چونکە هەموو دایک و باوکێک بەشێک لە ژیانیان دەدەن بە منداڵ گەر سێ منداڵی هەبوو سێ بەش لە ژیانی خوی دەدات بە منداڵ. شتێکی کەمی بۆ خۆی دەمێنێتەوە. هەندێک جار بۆ خۆی ناژێت چونکە هیچی تێدا نامێنێتەوە، بەڵام تاکی ئەوروپایی بەوجۆرە بیرناکاتەوە و دەیەوێت بۆ خۆی بژێت. منداڵیشیان هەبێت نایەڵن لە یەک یان دوو مناڵ زیاتریان هەبێت. لەبەرئەوە ڕێژەی دانیشتوانی ئەوروپا ڕوو لە کەمی دەکات.

موسڵمانێک بەناو ئیسلام و ناوەڕۆک مەسیحی.

بەڕای من ئەوەی ئاینی لە ژیان پێ گرنگتر بێت، پێویست ناکات ڕوو لە ئەوروپا بکات، چونکە دوا ڕۆژی ئەم وڵاتانە بۆ هیچ ئایینێک نییە. تەنانەت بۆ ئایینی مەسیحیش. ڕاستە لەم قۆناغە مزگەوت لە ئەوروپا دروست دەکرێت، بەڵام لە چاو ژمارەی موسڵمانەکان زۆر زۆر کەمە، دووەمیش کۆنترۆڵ لەسەر هەموو مزگەوتێک هەیە کە ناتوانن بە ئاسانی باس لە هاندانی فرەژنی، لێدانی ژن، قاچ بڕین، دەست بڕین، پەنجەقرتاندن بکەن. باتوانن بانگەشە بکەن بۆ زۆرەملێ لە ئایین، جزیەو کۆیلە و سەبایە، غەنیمە، بەخراپ باسکردنی ئایینەکانی تر، ناتوانن لەمزگەوت داوا بکەن کچەکان نەنێرن بۆ قوتابخانە تاوەکو تێکەڵاوی کوڕ نەبێت، ناتوانن داوا لە موسڵمانەکان بکەن وەک پێغەمبەری موسڵمانەکان منداڵی نۆ ساڵی بهێنن و چاوی لێبکەن، ناتوانن بڵێن ئەوەی لە دەرەوەی هاوسەری سێکسی کرد زینایە و دەبێت قامچیباران بکرێت، بەکورتی بەناو ئیسلام و ناوەڕۆک مەسیحی.

Check Also

کەسایەتی دارتینیان لە نێوان خەیاڵ و ڕاستیدا

بەیان سەلمان زۆرن ئەوانەی ڕۆمانی ”سێ موسکیتێر”ی Les Trois Mousquetaires ئەلکسەندەر دومایان خوێندۆتەوە. هەمیشە گومانێکمان …