فەیسبووک لە نێوان پانتایى تایبەت و گشتیدا

ناودار زیاد

لەم ڕۆژگارەدا، کە گەشە و فراوانبوونى ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا و دیجیتاڵ و ڕاگەیاندن گەیشتووەتە تڕۆپک. پرسى کاڵبوونەوەى پانتایی تایبەت، یاخود بەتایبەتیبوونى پانتایی گشتی پرسێکى مشتومڕئامێزە. پرسیار لەبارەى نەمانى هێڵ و سنوور و جیاکەرەوە لە نێوان گشت و تایبەتدا پرسیارێکى جدییە. پێش داهێنانى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزاى دیجیتاڵى و سایبەریى جیاکردنەوەى ئەم دوو پانتاییە لە یەکدى ئاسان بوو، بەڵام لەمڕۆدا بەهۆى ئاوێتەبوونیان ئاسان نییە و، چەندین پرسیار هەیە کە پێداچوونەوە بە ڕووبەرە گشتیى و تایبەتییەکاندا دەکاتە پێویستییەک: کەسێک پۆستێک لە فەیسبووکدا دەکات و دەنووسێت: بەنیازە بۆ سینەما یاخود بۆ کۆنسێرتێک بڕوات، ئایا ئەمە چالاکییەکى تایبەتە یاخود گشتى؟ خەڵکى کە هەواڵى گیانلەدەستدانى کەسانى ئازیزیان لە فەیسبووک ڕادەگەیەنن، ئایا ئەوە کردەیەکى تایبەتە یاخود گشتى؟ ئەدى ئەوەى ماڵ و چالاکییەکانى ناو ماڵ لە فەیسبووکەکەى پۆست دەکات؟ ئەمانە و چەندین پرسیارى دى بابەتى لێهزرین و توێژینەوەن، لەبەرئەوەى بەهۆى فەیسبووکەوە (وەک فەزایەکى مەجازیى) هەتا دێ شتە تایبەتییەکان بە گشتى دەبن. ئەگەر واز لە ڕاڤەکردنى ئەو تێگەیشتنەى (ژان بۆدریار) بێنین کە پێى وایە چیدى شتیک نەماوە بەناوى واقیع، بەڵکو ئەوەى هەیە زێدە واقیعە، واتا ئەو واقیعەیە کە لەلایەن وێنە و میدیا و سۆشیاڵ میدیا و تەکنۆلۆژیاى سایبەرییەوە داگیرکراوە و، دنیاى مەجاز واقیعى پەلکێشى خۆى کردووە، پەلکێشکردنى واقیع بە هەردوو پانتاییەکەوە، ئەوا پەراوێزێک هەر دەمێنێتەوە بۆ ئەوەى گوتە و کردە و چالاکییە گشتییەکان لە تایبەتییەکان جیابکەینەوە، بەو پێودانگەى هەر قسە و گوتە و ئایدیا و پرس و چالاکییەک ڕەهەندێکى گشتى هەبێت ئەوە دەچێتە خانەى گشتەوە. بە دەربڕینێکى تر هەر قسە و گوتە و ئایدیا و پرس و چالاکییەک لەپێناوى مەبەست و بەرژەوەندى و چاکە و ئامانجێکى گشتیدا بێت ئەوە دەچێتە خانەى ڕووبەرى گشتییەوە.

پاراستنى تایبەتمەندییەکانى ژیانى کەسیى و تایبەتى هاوتایە لەگەڵ بەهاى کەسەکە و بەرجەستەبوونە ئۆنتۆلۆژییەکەى، چونکە مرۆڤ بە سروشتى خۆى سەربەخۆیى و ئارامى و ئاسوودەیى لەوەدایە کە بازنە و چوارچێوە تایبەتەکەى پارێزراو بێت. هاوکات خاوەنداریەتیکردن لە بوون و بازنەى بوون خزمەت بە بەرژەوەندى و چاکەى گشتى دەکات، چونکە هەر کاتێک ناوچە و ڕووبەر و کایە گشتییەکان سەرقاڵبوون بە پرس و بابەت و گرفت و کێشە گشتییەکانەوە ئەوا ئەگەرى بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنى ژیانى کۆمەڵایەتیى زیاتر دەبێت. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر پانتایى و فەزا گشتییەکان بوون بە موڵکى تایبەتى ئەوا چاکەى گشتى و بەرژەوەندى گشتى دووچارى زیان و بەرکەوتن دەبێتەوە.

سەربارى ئەوە، کاتێک مرۆڤ سنوورەکان تێکەڵ دەکات و، مەودا و تخوبى ئەوانى تر پێشێل دەکات و، خۆى بۆ ئەوانی تر ڕووت دەکاتەوە. لە سەرێکەوە بەم کارەى سیحر و ئەفسوونی خۆى بەتاڵ دەکاتەوە، لە سەرێکى ترەوە ئەرکى شوێنبزر دەکات و دەیشێوێنێت و، چیتر مرۆڤ نازانێت کام شتە تایبەتە و، شوێن و پانتایی و فەزا تایبەتەکان کامانەن و جیاوازییان لەگەڵ گشتییەکاندا چییە، ئەمە هاوکات بەرجەستەکردنی خواستی سەرمایەداریشە، چونکە سەرمایەداری دەیەوێت هەرچی هەیە و نییە، تەنانەت چێژ و خۆشی و ئاسودەییە تایبەتەکانی مرۆڤیش چەند قات و کەڵەکە و قەبە بکات، واتا کەسێک کە تایبەتیترین وێنەکانی و ئەو خواردنەی دەیخوات، ئۆتۆمبیلەکەی، ماڵەکەی، باخەکەی، هەرچی هەیەتی و نیەتی، چی دەکات و بۆ کوێ دەڕوات، لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات، ئەوا دەیەوێت بۆ خۆی زیادیان بکات و چەند قاتیان بکات و گەورەیان بکات، ئەمەش کە جۆرێکە لە ڕیکلام و بانگەشەکردن کە بە قازانجى سەرمایەدارییە، چونکە بەم کردە و چالاکییانە کاڵا و ئامڕاز و بەرهەمەکان برەویان زیاد دەکات و مرۆڤ هەتا دێ وابەستە و گرێدراو و هۆگریان دەبێت.

سەربارى ئەوەى چیتر بە تێڕوانینى کۆن ناتوانین ڕاڤەى ئەم دوو ڕووبەرە بکەین، بەڵام تێکۆشان بۆ هێشتنەوەى سنوور لە نێوانیاندا لەپێناوى چاکەی گشتیدایە، چونکە چاکە و بەرژەوەندیى گشتى بە پانتایی گشتییەوە گرێدراوە نەک پانتایی تایبەت، بەڵام بەو پێیەی کە پانتایی گشتی تاڕاددەیەک داگیرکراوە، لەبەرئەوە ئەنجامدانی کردەی چاکە ئاسان نییە، چونکە هەر شوێنێک کە گشتییە کۆنتڕۆڵ و چاودێڕى لەسەرە – بەشێک لە قەیرانەکە لێرەدایە – ئەمە نەک تەنها فەیسبووک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵکو ڕووبەرە گشتییە بەرجەستەکانیش لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە واتا بەهۆى تەکنۆلۆژیاى دیجیتاڵەوە کۆنتڕۆڵکراون. ئەم کامێرایانە هەندێکجار ڕێگرن لە بەردەم کردەوەى چاکەدا. بۆ نموونە شەڕ لە نێوان دوو کەسدا ڕوودەدات بەڵام تۆ ئامادە نیت ناوبژیوانی بکەیت، چونکە کامێرای لێیە و ترست هەیە وەک شاهێد و گەواهیدەر لەلایەن دادوەرەوە بانگ بکرێیت. جاریواشە ئەگەر کامێرای لێ نەبێت تۆ ئامادە نیت چاکەکە ئەنجام بدەیت، بۆ نموونە کەسێک سەیارە لێی دەدات و سەیارەکە جێیدەهێڵێت، بەڵام تۆ ئەگەر دڵنیا نەبیت کە کامێرای لێیە ئەوا ناوێریت کەسەکە ببەیت بۆ نەخۆشخانە، چونکە دەترسیت تاوانەکە بەسەر تۆدا ساغبێتەوە. لە فەیسبووکیشدا بەو پێیەى پارتە سیاسییەکان و پاسەوانانى باوەڕى باو و کولتوورى باڵادەست هەمیشە ئامادەن بۆ لێپرسینەوە، بۆیە بەشێک لە تاکەکان بە سنورداریى چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن و خۆپارێزى دەکەن، لە بەرانبەردا خۆیان بە کردە و چالاکى تایبەتەوە سەرقاڵ دەکەن و فەزاى فەیسبووک دەکەن بە شوێنى چالاکییە تایبەتەکانیان.

نەک تەنها ئەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتییانە کاریگەریان لەسەر بەتایبەتیکردنى پانتایى گشتی هەیە، بەڵکو پاڵنەرى سایکۆلۆژیش هەن، لە دیارترینیان بریتییە لەو نەرجسییەتە بەهێزەى کە لە ناخى مرۆڤدا بوونى هەیە و، بە درێژایى مێژوو پێغەمبەر و بیرمەند و ئەدیبە هیومانیستەکان لە هەوڵدابوون بۆ کپکردن و خامۆشکردنى، چونکە نەرجسییەت بە ڕوانینى (ئەریک فڕۆم) ئەگەر بەرى پێ نەگیرێت یاخود لایەنە ئەرێنییەکەى پەرە پێ نەدرێت کە لە داهێنان و ئافراندندا جێکەوت دەبێت ئەوا سەر دەکێشێت بۆ چاوچنۆکى و ناخ پەرێشانى و گوشارخستنە سەر یەکدى. نەرجسییەت چ لە شێوەى تاک یاخود کۆمەڵدا بەو واتایەیە کە تەنها خۆت لا پەسەندە و خۆت پێ باشە و هەموو هەوڵێکت بۆ ئەوەیە ئەوانى تر دانت پێدا بنێن، ئەمەش وایکردووە لە ڕووبەرى فەیسبووکدا هەر کەس و لایەن و گروپ و حیزب و دامەزراوەیەک “بە یارى خۆیدا هەڵبڵێ”. تەنانەت نەرجسییەتى نەرێنى تا ڕاددەى توندڕەویى و دەمارگیریى و شێتیش دەڕوات، بەجۆرێک تەنها خۆت و سەرۆکەکەت و حیزب و ئایین و ئایدیۆلۆژیا و نەتەوەکەى خۆت دەبینیت (ئێوە کاتێک وەکو گروپێک لە خەڵکى، پێتان قووت ناچێت کچ و کوڕێک لە ڕووبەرێکى گشتیدا سەما بکەن کە لقێکە لە هونەر، خۆپەسندى و نەرجسیەتتان دەتانخرۆشێنێت تا دەگات بە تەکفیرکردن و قەدەغەکردنى). لە کاتێکدا ئەگەر پێمان وابێت ئەستەمە بەر بە نەرجسییەت و بەتایبەتیکردن لە فەیسبووکدا بگرین لەبەرئەوەى زۆرینەى خەڵک لەسەر خواست و ڕێککەوتنى خۆیان ئەم پانتاییە بەو شێوەیە بەکاردێنن. لە بەرانبەردا ئەو حەقیقەتەش هەیە ئەگەر بێتو ملیۆنان کەس ڕەفتار و بۆچوونێکیان هەبێت هێشتا مەرج نییە ئەو ڕەفتار و بۆچوونە ڕاست بێت، وەک چۆن سەدان هەزار کەس لە کۆمەڵگەى کوردیدا دەیان نەخۆشى فیکرى و سایکۆلۆژى و دەروونییان هەیە، بەڵام نە کەسیان خۆیان وەک نەخۆش دەبینن، نە ئەوانى تر وەک نەخۆش دەیانبینن، لە نموونەى نەرجسییەتى نەرێنى: دیماگۆجى، نەتوانایى لە دەربڕینى ناخ بە ئازادى، گرێى دەروونى هەمەجۆر، سەرکردەپەرستى، هەڵپە و دەسەڵاتخوازى – کە سەدان ساڵە زانست سەلماندوویەتى نیشانەى ناتەندروستى ناخ و عەقڵە- تاد. بەجۆرێک هەموو ئەمانە گەواهیدەرى ئەوەن کۆمەڵگەیەکى ناتەندرووستمان هەیە و ئەم ناتەندرووستییە کۆمەڵییە لە فەیسبووکیشدا وەک فەزایەکى گشتیى مەجازى ڕەنگیداوەتەوە.

لە کاتێکدا کۆمەڵگەیەک ئەگەر بیەوێت پێشبکەوێت و بەرەو شارستانیبوون بڕوات ئەوا دەبێت گوتار و چالاکى و کردە و ڕەفتارەکانى لە پانتایى گشتیدا ڕووە و ئەو ئامانج و بەها کۆمەڵایەتییانە بێت کە مایەى خۆشبەختى و ئاسوودەیین بۆ هەمووان، لە نموونەى ڕووبەڕووبوونەوەى نەخۆشى و هەژارى و گەندەڵى، بڵاوکردنەوەى مەعریفە و هونەر، بەرزکردنەوەى ئاستى وشیاریى، یەکسانى لە نێوان مرۆڤەکاندا، ڕاستگۆیى لە بەها و بانگەشە سیاسییەکاندا…تاد. وێڕاى ئەوەى بە وەرگرتنى کۆمەک لە تێڕوانینەکانى (یۆرگن هابرماس)ى فەیلەسوفى ئەڵمانی، فەیسبووک پێویستە شوێنى پەیوەندیکاریى نێوان تاکەکان بێت، پەیوەندیکارییەک لەسەر بنەماى گفتوگۆى عەقڵانى بێت، گفتوگۆیەکى عەقڵانى پشت بەستوو بە بەڵگە و ئەڕگیومێنت، بەڵام ئایا کۆمەڵگەى ئێمە لە کوێى تێگەیشتندایە لەم ئەرک و ڕۆڵە گرنگەى فەیسبووک وەک پانتاییەکى گشتى لە پێناوى کۆمەڵ و گرۆى مرۆییدا؟

Check Also

کەسایەتی دارتینیان لە نێوان خەیاڵ و ڕاستیدا

بەیان سەلمان زۆرن ئەوانەی ڕۆمانی ”سێ موسکیتێر”ی Les Trois Mousquetaires ئەلکسەندەر دومایان خوێندۆتەوە. هەمیشە گومانێکمان …