قەیرانى ئیسلام و ماف و ئازادییە دیینیەکان

هاوڕێ ئەحمەد

ئەوەى زۆر روونە ئەوەیە کە ئەم پەرچەکردارەى دژى فەرەنساو ماکرۆن هەیە، تورکیاو ئەردۆگان دنەى دەدەن، فەرەنسا لە هەموو بەرەکاندا دژى پەلکێشییەکانى ئەردۆگانە، لە یۆنان و لیبیاو غازى دەریاى ناوراستەوە بگرە تا دەگاتە سوریاو عێراق و هەرێمى کارەباخ، لە هەموو ئەو بەرانەدا تورکیا وەکو هێزێکى ئیسلامی و لەژێر دروشمە دینییەکاندا مانیفێستى تمووحە سیاسییەکانى دەکات، خۆى وەکوو خەلیفەی موسڵمانان پیشاندەدات، بە دروشمەکانى ختووکەى موسڵمانان دەدات، ئیسلامى خستووەتە خزمەتى ئەجێنداى سیاسى خۆیەوەو جیهانى ئیسلامیش هەتا ئیستا نەیتوانیوە رایوەستێنێ، چەند سەدەیە لە ئەوروپادا دین لە دەوڵەت جیاکراوەتەوە، ئەویش لە سادەترین پێناسەدا بۆ ئەوەى دەوڵەت شەرعییەت لە دینەوە وەرنەگرێت، رێک ئەوەى کە ئیسلام هەتا ئێستا نەیتوانییوە دەستى بۆ بەرێت، گەر ئەمە قەیران نەبێت چییە؟ بەڵام لە قوڵاییدا ئەوە وڵاتە سیکۆلارەکانە ماف و ئازادییەکان دەپارێزن بە ماف و ئازادییەکانى موسڵمانانیشەوە، بۆ من فەوزاى سیاسى و کێشمەکێش و ململانێى ناو فەزاى مەجازى راگووزەرەو کەمترین کات دەموەستێنێت، گرنگتر، ئەو سیستەمەیە کە بە هێواشى و رێکى کاردەکات. لێرەدا کەیسێکى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا رووندەکەمەوە، ئەوسا هەڵیبسەنگێنن، لە کوێ هێندە رێز لە ئازادى دینى دەگیرێت؟

دواى دە ساڵ لە پرۆسەى دادبینیکردن، لە مانگى مارسى پارساڵ دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا (بارەگاى سەرەکى لە فەرەنسایە) بڕیارى لەسەر پڕکێشمەکێشترین دۆسیەى پەیوەست بە ئازادى رادەرین و پیرۆزییە دیینیەکانەوە دەرکرد، دۆسیەکە لە نێوان ئافرەتێکى تەمەن ٤٨ ساڵى بە رەگەز نەمسای و وڵاتى نەمسا بوو، ئافرەتەکە لە ساڵى ٢٠٠٩ چەند سیمینارێکى لەژێرناونیشانى “چەند زانیارییەکى سەرەتایی لەسەر ئیسلام” لە یەکێک لە ناوەندەکانى پارتێکى راستڕەوى نەمساوى پێشکەشکردبوو، سیمینارەکان بەشێوەى کراوەیی و بۆ ھاوڵاتیانى نا ئەندامى ئەو پارتە بوو، یەکێک لە ئامادەبووان رۆژنامەنووسێکى مەسیحى بوو، کە دواتر هەر ئەم رۆژنامەنووسە کەیسەکەى بردە بەردەم داواکارى گشتى نەمساو داواکار داواى یاسایی دژى ئەم ئافرەتە جوڵاند بە تۆمەتى بەکارهێنانى وشەى نەشیاو بەرانبەر محەمەدى پێغەمبەرى موسڵمانان، ئافرەتەکە لە سیمینارەکەیدا دەڵێت:

“یەکێک لە کیشە گەورەکانى ئێستا ئەوەیە کە محەمەد وەک پێغەمبەرى موسڵمانان بە کەسێکى ئایدیال و گەورە دەبینرێت، بۆیە زۆرێک لە پیاوە موسڵمانەکان دەیانەوێت وەکوو ئەو بژین، بەڵام ئەمە بەپێى بنەماکانى کۆمەڵگە و یاساى ئێمە قبوڵکراو نییە، ئەو ژمارەیەک زۆر ژنى هەبوو، حەزى لەوەبووە کە لەگەڵ منداڵدا بێت، کەواتە بەپێى ستانداردى ئێمە ئەو کەسێک نییە کە بێخەوش بێت، ئەمەش کێشە گەورەکەى ئێمەو ئەوانە لە ئەمرۆدا، ئەو کە تەمەنى ٥٦ ساڵە لەگەڵ منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵە هاوسەرگیرى دەکات و دواتر لە تەمەنى ٩ ساڵیدا دەیگوازێتەوە، تۆ ئەمە چۆن ناو دەنێیت؟ پێم بڵێ؟ ئایە ئەمە pedophilia (ئارەزووى سێکسکردن لەگةڵ منداڵدا) نییە؟”

دادگاى نەمسا بڕیاردەدات کە قسەکانى ئەم ئافرەتە تاوانەو بە شێوەیەک بووە کە ویستوویەتى ئەوە پیشان بدات کە پێغەمبەرى موسڵمانان مەیلى سێکسى لەگەڵ منداڵدا هەبووە و شایەنى پەرستن و رێزگرتن نییە، سیمینارەکەشى لە ناو فەزاى گشتیدا بووە و کۆڕەکەى تەنها بۆ چەند کەسێکى تایبەت بەو بوارەوە نەبووە، دادگاکەى نەمسا لە درێژەدا دەڵێت هاوسەرگیرى لە نێوان پیاوێکى گەورەو کچێکى بچوکدا پیدۆفیلیا نییەو لەناو زۆرێک لە بنەماڵە دەسەڵاتدارو ئیمپراتۆرەکانى ئەوکاتى ئەوروپاشدا هەبووە، دواتر ئافرەتەکە لە دادگاى تەمیز داواى چاوپێداخشانەوە دەکات لەسەر بنەماى ئازادى رادەربڕین و ڕاستى زانستیی کە لە کۆرەکەیدا باسیکردووە، چەندین بەڵگە پێشکەشى دادگا دەکات، بەڵام لە هەمووى گرنگتر، وردى پوختى بڕیارى دادگاى تەمیزە، دادگاى تەمیزى نەمسا هەمان بڕیار وەکوو خۆى قبووڵدەکات و داواى ئافرەتەکە رەتدەکاتەوەو لە درێژەى بریارەکەیدا دەڵێت، کاتێک ئەم ئافرەتە سیمینارەکانى پێشکەشکردووە کاتى هەڵبژاردنى نەمسا بووەو بۆ پارتێکى سیاسى پێشکەشى کردووەو دەنگدەرى لاوى تێدا بووە، ئەمەش بە ماناى ئەوە دێت کە گفتوگۆکە بۆ جیاکاری و هەڵاوێردن بووە، نەوەک لەپێناو زانست و چاکەى گشتى و چەسپاندنى بنەماکانى دیموکراسی، هەروەها دەڵێت هۆکارى پشت ئەم قسانە بۆ بەرەنگاربوونەوەى هاوسەرگیرى منداڵ نەبووە.

لەبەر ئەوەى سیستەمى دادوەرى ئەوروپا فرە رەهەندو فرە چاودێرە، دواتر ئافرەتەکە بەپێى یاساى مافى مرۆڤى ئەوروپا لە دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا داواى چاوپێخشانەوە دەکات و دەڵێت دادگاى وڵاتەکەى کە نەمسایە ماف و ئازادییەکانى پێشیلکردووەو ئەوەى ئەم کردوویەتى تاوان نییەو دەچیتە چوارچێوەى ئازادى رادەبرین و قسەى زانستیەوە، پاش چوار ساڵ لە دادبینى، دادگاى مافى مرۆڤ لە بریارەکەیدا دەڵێت کاتێک رەخنەى دینى بچێتە چوارچێوەى گفتوگۆى زانستی و لە پێناو باشترکردنى ژیان و لە خزمەتى بنەماکانى دیکوکراسی و مافى مرۆڤ بێت ئەوە دەچێتە چوارچێوەى ئازادى رادەربرین و هەمووان مافیانە رەخنە بگرن، بەڵام لە کەیسێکى لەم چەشنەدا هەتا ئەو شوێنەى باسى پێغەمبەرى موسڵمانانى کردووە ئەوا سنوورى ئازادییەکانە تەنها ئەوە نەبێت لە وەسفى پێغەمبەرى موسڵمانانا وشەى پیدۆفیلیای بەکارهێناوەو بەشێوە راستیەکەى بەکارى نەهێناوە کە هاوسەرگیرییە لەگەڵ منداڵدا، ئەمەش دەرخەرى ویستى جیاکاریکردنە دژى ئەوانى تر. دواتر دادگا بە پێى یاسا بە پێبژاردن سزایدا.

بۆ ئەمان رەخنە و ئازادى لە خۆراک لە پێشترە، هەمیشە باڵانسى لە نێوان ماف و ئازادییەکانى رادەربرین و ماف و ئازادییە دینەکاندا راگرتووە، تەنها بیر لەوە بکەرەوە، چەندجار مەلاکان لە مزگەوتەکانەوە سوکایەتى بە دینەکانى تر دەکەن، چۆن لە شاشەى تیڤیەوە دژى هەموو بنەماکانى مافى مرۆڤ دنەى هاوڵاتیان دەدەن، لە چەندین کۆر و کۆبوونەوەدا سوکایەتى بە پیرۆزییەکانى ئەوانى تر دەکرێت، تەنها جیاوازییەک ئەوەیە لێرە سیستمێک ئازادییەکانت دەپارێزێت و لەوێ سیستەمەکە لە قەیراندایە!

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *