وردەکاری تیرۆرکردنی ساموێل پاتی بەپێی سەرچاوە فەڕەنسییەکان

karwan BAZYAN

کاروان بازیان

رۆژی ٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ ساموێل پاتی، مامۆستای مێژوو، جوگرافیا و پەروەردەی شارستانی، لە شاری كۆنفلان سانت ئۆنورين، لە دەوروبەری پاریس لە فەڕەنسا، لەلایەن تیرۆرستێکی ئیسلامی بەڕەگەز شیشانییەوە سەری پەڕێنرا، بەبیانووی پێشندانی کارێکاتێری محەمەد پێغەمبەری ئیسلام لە یەکێک لە وانەکان لەسەر ئازادی رادەبڕین.

کێ بوو ساموێل پاتی؟

 ساڵی ١٩٧٣ لە شاری مولانی سەربە ناوچەی پاریس لەدایک بووە. لە شاری لیۆن، لە فەڕەنسا لە بواری مێژوو و جوگرافیا خوێندنی تەواو کردووە. ماوەی پێنج ساڵە لە دواناوەندی پوا دولن لە شاری كۆنفلان سانت ئۆنورين دەرسی گوتۆتەوە. هاوسەرگیریی کردووە و خاوەنی یەک منداڵە کە تەمەنی پێنج ساڵە.

بەشایەدی چەندین خوێندکاری خۆی، ساموێل پاتی کەسێکی میهرەبان، بەسۆز و بەڕێز بووە لەبەرامبەر هەموو کەسێکدا. هەرگیز بەدوای کێشەدا نەگەڕاوە. پیشەکەی خۆی خۆشویستووە. سووربووە لەسەر ئەوەی خوێندکارەکانی فێربکات و بایەخی پێداون.

ساموێل پاتی
ساموێل پاتی

کێ بوو عەبدوڵا ئەنزۆرۆڤ؟

تیرۆرستەکە خوێندکاری ساموێل پاتی نەبووە.

ئەو تیرۆریستە ئیسلامییەیە کە ساموێل پاتی سەریبڕی. ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لەدایکبووە و بەڕەگەز شیشانییە. لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لەگەڵ خانەوادەکەی مافی پەنابەرێتیان لە فەڕەنسا وەرگرتووە. لە تەمەنی هەرزەکاریدا بەهۆی شکاندن و تێکدانی موڵکیەتی گشتیی و توندوتیژییەوە لەلایەن پۆلیسەوە ناسراو بووە. دانیشتووی ناوچەی ئیفرۆ بووە لە فەڕەنسا. خوێندکار نەبووە لەو خوێندنگایەی کە ساموێل پاتی مامۆستا بووە.

پێش کردەوە تیرۆرستییەکە چی روویدا؟

رۆژی ٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ ساموێل پاتی وانەیەک لەسەر پەروەردەی شارستانی پێشکەشی خوێندکارەکانی دەکات، کە وانەیەکە لە چوارچێوەی مەنهەجی خوێندن لە فەڕەنسا. بەشێکی ئەم وانەیە بریتییە لە باسکردنی سانسۆر لە چاوێکی مێژووییەوە، لەگەڵ ئاماژەدان بە فەیلەسوفی فەڕەنسی ڤۆڵتێر، کە لە سەردەمی خۆیدا قەدەغەبوو. هەروەها بەشێکی تری وانەکە تەرخانکراوە بۆ باسکردنی هێرشە تیرۆرستییەکانی ٢٠١٥ لە فەڕەنسا. بەشێکی تری وانەکە داوا لە خوێندکارەکان کرابوو بە شێوەیەکی ئازادانە ئەم رستەیە تەواو بکەن “ئازادی بریتییە لەو مافەی کە مرۆڤ دەیەوێت پراکتیزی بکات … “. هەر لە کاتی وانەکە مامۆستاکە دوو کاریکاتێری موحەمەد، پێغەمبەری موسوڵمانان، پێشانی خوێندکارەکان دەدات، کە لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٥ لەلایەن هەفتەنامەی شارلی ئیبدۆوە بڵاوکرانەوە و دواتریش کردەوە تیرۆرستییەکانی لێکەوتەوە بۆ سەر ئەو هەفتەنامەیە. هەر لە وانەکەدا تیشک خراوەتە سەر فیلمی “بێتاوانی موسوڵمانان” کە بوو بەهۆی پەڵاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری بەنغازی لیبیا و تێیدا باڵیۆزەکە کوژرا.

بەپێی زانیارییەکانی خوێندکارەکان هەموو ساڵێک ئەو وانەیە بەهەمان شێوە پێشکەشکراوە بەبێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکی سلبی لێکەوتبێتەوە.

لەو کاتەدا کە مامۆستاکە ویستوویەتی کاریکاتێرەکان پێشانبدات، بەئەدەبەوە داوای لە خوێندکارەکان کردووە ئەوانەی کە پێیانخۆش نییە بیبینن دەتوانن بە شێوەیەکی کاتی پۆلەکە جێبهێڵن. هەروەها پێشنیاری بۆ خوێندکارە موسوڵمانەکان کردووە لە کاتی پێشاندانی کاریکاتێرەکان ئەگەر دەزانن پێی نارەحەت دەبن و تووشی شۆکیان دەکات، سەریان بسوڕێن بەلایەکی تردا تا نەیبینن.

رۆژی ٨ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ باوکی خوێندکارێکی کچ، کە خوێندکاری ساموێل پاتییە، بە ناوی ئیبراهیم شنینە، بە شێوەیەکی توند لە فەیسبووک هێرشی کردووەتە سەر مامۆستاکە و تۆمەتباری کردووە بەوەی کە وێنەی پیاوێکی رووتی پێشانی خوێندکارەکان داوە و وتوویەتی کە ئەوە وێنەی “پێغەمبەری ئیسلامە”. باوکی کچەکە وتوویەتی گوایە کچەکەی بۆی باسکردووە کە لەو کاتەدا لە ناوپۆل بووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئیدارە و خۆێندنگاکە لەو رۆژەدا غائیب بووە کە دەکاتە رۆژی ٥ ی ئۆکتۆبەر ٢٠٢٠، واتا درۆی کردووە.

هەر لە پۆستەکەی فەیسبووکیدا شنینە داوا لە “براو خوشکەکانی” دەکات کە دەعوا لە دژی مامۆستاکە لە کۆمەڵەی دژی ئیسلامۆفۆبیا لە فەڕەنسا و دەزگا پەیوەندی دارەکان تۆماربکەن.

دوای ئەوەش بەلایەنی کەمەوە لە دوو ڤیدیۆی تردا هێرشکراوەتە سەر مامۆستاکەو بە “فاسق” و “نەخۆش” وەسفکراوە. یەکێک لە ڤیدیۆکان لە ٩ ی ئۆکتوبەر لەلان ژنێکی موسوڵمانەوە بڵاوکراوەتەوە. پاشان هەمان ڤیدیۆ لە پێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی مزگەوتی پانتان کە دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی پاریس، دواتریش لە ناوەندە ئیسلامییەکان و هەروەها بەشێوەیەکی فراوان لەسەر وەتسئەپ بڵاوکراوەتەوە. هەر ئەمەیش بووەت هۆی ئەوەی کە ئەو کردە تیرۆرستییەی لێبکەوێتەوە و تیرۆرستە شیشانییەکە بۆ گیان مامۆستاکە هانبدەن.

لەو کاتەدا، عەبدولحەکیم سەفریوی، کە کەسێکی ئیسلامیی رادیکاڵە، ڤیدیۆیەکی تری بڵاوکردەوە دژی مامۆستاکە. دواتریش لەگەڵ ئیبراهیم شنینە چوون بۆ لای بەڕێوەبەری خوێندنگاکە و داوایان کردبوو مامۆستاکە فەسڵ بکرێت. بۆماوەی چەند رۆژێک ئەم دوو کەسە هەوڵیاندا مامۆستاکە لە وەزارەتی پەروەردەی فەڕەنسا فەسڵ بکرێت. هەروەها ویستیان باوک و دایکی خوێندکارەکان لە بەردەم خوێندنگاکە دژی مامۆستاکە کۆبکەنەوە. هەوڵەکانیان بێ سوود بوو، تەنانەت کۆمەڵەی ئیسلامۆفۆبیا “کە بۆ بەرگریکردن لە مافی موسوڵمانەکان دامەزراوە”، هەموو ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە هاوکاری ئەم هەڵمەتەی کردبێت.

دواتر ئیبراهیم شەنینە بە هاوەڵی کچەکەی کە بەدرۆ وتبووی لەو رۆژەدا ئامادە بووە کە وێنە کاریکاتێرەکانی پێشاندراوە، لە پۆلیس سکاڵای لەسەر مامۆستاکە تۆمار کرد بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی “وێنەی رووت”. پاشانیش موفەتیشی ئەکادیمی دڵنیایی دەداتە مامۆستاکە.

لە ٩ ی ئۆکتۆبەر، بەڕێوەبەری خوێندنگاکە ئیمەیل بۆ باوک و دایکی خوێندکارەکان دەنێرێت، پێیانڕادەگەیەنێت کە لەگەڵ ساموێل ئامادەن گفتوگۆ لەسەر ئەو دۆخە بکەن.

لە ١٢ ی ئۆکتۆبەر باوکی یەکێک لە خوێندکارەکان ڤیدیۆیەکی تر لەسەر یوتوب بڵاودەکاتەوە. بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتی بەڕێوەبەرەکە بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێدەکرێت. هەر لە هەمان رۆژدا، لە پۆلیس “بەهۆی ناوزڕان و تەشهیر کردنەوە پێی” سکاڵا تۆمار دەکات، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەری قوتانخانەکەیش لەگەڵی رۆیشتووە.

رۆژی ١٤ دەبوایە باوکی خوێندکارە کچەکە لە پۆلیس ئامادەبێت، بەڵام ئامادە نابێت.

لە رۆژانی پێش کردەوە تیرۆرستییەکە، عەبدوڵا ئەنزۆرۆڤ لە رێگەی وەتسئەپەوە پەیوەندی بە  ئیبراهیم شنینەوە کردووە.

١٦ ئۆکتۆبەر: رۆژی کردەوە تیرۆرستییەکە

رۆژی ١٦ ی ئۆکتۆبەر، عەبدوڵا ئەنزۆرۆڤ لە شاری ئیڤرۆوە دەچێث بۆ شاری کۆنفلا سانت ئۆنۆرین، کە خۆێندنگای دواناوەندی پوا دولن ی لێیە، لەو شوێنەی ساموێل پاتی مامۆستا بووە. بە ئۆتۆمبیلی یەکێک لە هاوڕێکانی رۆیشتووە. عەبدوڵا ئەنزۆرۆڤ لەسەرتای دوای نیوەڕۆ گەیشتووەتە جێگاکە.

ناو و مامۆستاکەو خوێندنگاکەی زانیوە، بەڵام شێوەی مامۆستاکەی نە نانسیوە، هەربۆیە دەوروبەری سەعات دووی دوای نیوەڕۆ خوێندکارێکی دۆزیوەتەوە و پێشنیاری ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ یۆرۆی بۆ کردووە تاکو پێی بڵێت کامەیە ساموێل پاتی. خوێندکارەکە ماوەی سێ سەعات لەگەڵ تیرۆریستەکە چاوەڕێ بووە. تەنانەت لەو کەتەیشدا خوێندکاری تر هاتوون بۆ لای تیرۆرستەکە و ئەویش وتوویەتی “ئەیەوێت ڤیدیۆی پاتی بگرێت و لێی بدات و رەزیلی بکات و ناچاری بکات داوای لێبوردن بکات”.

سەعات ٥ ی ئێوارە، کاتێک ساموێل پاتی لە خوێندنگاکە دەردەچێت، عەبدوڵا ئەنزۆرۆڤ دوای دەکەوێت و پەلاماری دەدات و سەری دەبڕێت و دواتریش چەندین چەقۆ لەسەر و سک و سنگی دەدات. لە کاتی کردەوەکەش هاوار دەکات  “اللە اکبر”.

دوای چەند دەقەیەک هێزی لەناوبردنی تاوان دەگەنە شوێنی رووداوەکە و تیرۆرستەکە لە نزیک رووداوەکە دەبێت و دەمانچەیەکی پێدەبێت و خۆی نادات بەدەستەوە و هاواردەکات “اللە اکبر”، هەربۆیە هەرلەو شوێنەدا لەلایەن پۆلیسەوە دەکوژرێت. لەناو مۆبایلەکەشی تێکست و وێنەی قوربانییەکەی تێدا دۆزراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان سێ کەس هاوکاری بوون لەم کردەوە تیرۆرستییە. کچێکی تەمەن ١٩ ساڵان، کە رۆژێک پێش رووداوەکە لەگەڵی رۆیشتووە بۆ شاری روان بۆ کرینی چەقۆیەک، کە دواتر لە شوێنی رووداوەکە دۆزرایەوە. هەروەها گەنجێکی تر کە تەمەنی ١٨ ساڵ بووە و ئەویش هاوڕێیەتی تاوانبارەکەی کردووە بۆ دوو دووکانی چەقۆ فڕۆش لە شاری ئۆنی لە ناوچەی پاریس. هەروەها هاوڕێیەکی تریشی هاوکاری کردووە.

پێشتر پشتیوانی بۆ گرووپە تیرۆرستییەکان کردووە لە سوریا و ویستوویەتی سەفەر بکات بۆ “وڵاتی موسوڵمانان”.

ماوەی شەش مانگێک بۆ ساڵێک دەبێت فکری توندڕەوی هەڵگرتووە. بەڵام دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی فەڕەنسا بەمەیان نەزانیوە.

سەرچاوەکان:

https://www.lemonde.fr/societe/article/2020/10/21/attentat-de-conflans-lors-de-son-audition-samuel-paty-a-nie-avoir-voulu-stigmatiser-les-musulmans_6056814_3224.html

https://www.francetvinfo.fr/faits-divers/terrorisme/antiterrorisme/ce-que-l-on-sait-de-l-attaque-terroriste-contre-un-professeur-decapite-a-conflans-sainte-honorine_4144679.html

https://www.lci.fr/police/assassinat-de-samuel-paty-un-parent-d-eleve-au-coeur-d-un-engrenage-islamiste-2167536.html

https://www.lepoint.fr/societe/le-pere-qui-avait-diffuse-la-video-hostile-au-professeur-d-histoire-en-garde-a-vue-17-10-2020-2396817_23.php

https://www.lemonde.fr/societe/article/2020/10/19/apres-l-attentat-de-conflans-le-collectif-contre-l-islamophobie-en-france-dans-la-ligne-de-mire_6056529_3224.html

https://www.liberation.fr/france/2020/10/20/des-echanges-entre-l-un-des-peres-de-famille-et-le-terroriste_1803001

https://www.20minutes.fr/justice/2890291-20201021-attentat-conflans-samuel-paty-designe-comme-cible-selon-procureur-national-antiterroriste

https://fr.wikipedia.org/wiki/Attentat_de_Conflans-Sainte-Honorine

Check Also

هەڵکشانی پڕوپوچی -عەرەب و ئیسلام و خۆرئاوا –

د. هاشم ساڵح شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی كۆرنیلۆس كاستۆریادیسی بە ڕەگەز یۆنانی و هەڵگری …