د. مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا
بەشی یەکەم
هەموو ئاوڕدانەوەیەك بەرەو دواوە، جگە لە دیاریکردنی شوێنی وەستانی ئێستامان، ئەرکە کەڵەکەبووەکانی سەر شانیشمان پێدەناسێنێ، چەقی پەیامێکی گرنگ دیاری دەکات و دەیخاتە توێی جێبەجێکردنەوە، ئەو ئەرکانەی، ئەوەندەی وابەستەی کاریگەری نێوان (خود و دەوروپشتن) پێکەوە، ئەوەندە وابەستەی تەنها خودی مرۆڤ خۆی نین.
لە میانەی ئەو ڕەخساندنە تەکنیکی و زانستیەی ئێستاشەوە کە بۆ مرۆڤی ئەم سەدەیەدا هاتووەتە کایەوە، ئەو ئاسانکاریانەی لە ئێستادا لەتوێی تەکنیك، ئامادەکردن، پەیوەندی، گەیاندن و ڕاگەیاندندا هەن؛ ئەو هەلەی فەراهەم کردووە و توانراوە تا ڕادەیەك، گۆڕان، نەك تەنها لە توێکڵ، بەڵکو لە کاکڵی ناوەوەی زۆر بوار و دۆخی ژیاندا بکرێ، ئەگەر کۆمەڵگا بە قۆناغی ئاسایی خۆیدا تێپەڕ بووبێ، پێگەیشتبێ و ئاستی بیرکردنەوەی کاڵ وکرچ نەبێ و خاوەن هزر و فەلسەفەیەکی نوێ بێ.
هەندێ لەو گۆڕانانەی، گۆڕانی بنەڕەتی نین، بەپێی پێداویستی قۆناغەکە نین و نەیانتوانیوە یا نەلواوە ڕۆبچنە ڕەگ و ڕیشەی دیاردە نەخوازراوەکانەوە و بنبڕی بکەن، ئەوانە یا زۆربەیان گۆڕانی نیوەچڵ بوون، یا شێوە بازدانێك بوون بەسەر ڕیزبەندی قۆناغە سروشتیەکانی کۆمەڵگادا. جاری وا بووە بە ناکامڵی کۆمەڵگای لە قۆناغێکەوە بەرەو قۆناغێکی تر تاوداوە و چەندەها ڕێگای پێچاوپێچی، لە جیاتی ڕاستەڕێ، بۆ هاتووەتە پێش و قوربانیەکی زۆریشی بەخشیووە. ئەو قوربانیەش بێگومان هەموو ئەندامانی کۆمەڵگاکە دەگرێتەوە، چ ژن چ پیاو، چ مناڵ، وەلێ بە دڵنیاییەوە، ژن زۆرترین بڕی باجی دەکەوێتە سەر. لە هەندێ کۆمەڵگاش ئەو پەڕینەوەیە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر (واتە گۆڕانەکان) گۆڕانی ئاسایی، سروشتی و هێدی بوون، چونکە کۆمەڵگا خۆی بۆ ئامادە کردووە و پێش وەختیش نیشانەکانی ئەو گۆڕانانە بە سیمای تاك و ڕەوڕەوەی ڕۆژگارەوە دەرکەوتووە.
ئەو ئاوڕدانەوەیە بەرەو دواوە، لە لایەکەوە کلیلی کردنەوەی ئەو دەرگایەیە، کە مەودای لەدەستدانی ئەو زەمەنە سڕبووە دیاری دەکات، کە بەهەر هۆیەك بووبێت پلان و نەخشەکانی تێدا پوکابوونەوە؛ لەلایەکی ترەوەش بەهای ئەو گەنجینە شاراوانەمان بۆ دەردەخات، کە هێدی هێدی، سەنگی بوون و دروستبوونی هەنگاوەکانی بەردەوامی تێدا حەشار دراوە. دیقەتدان لەو ئاوڕدانەوەیە، مێژووی توانا نادیارەکان، دەستڕەنگینی، سەلیقەیی، بەهرە، تێکۆشان، بەرگەگرتن و ورەی ژنی کوردمان لە ڕابوردوودا پێدەناسێنێ، بەتایبەت میناکردنی ماندوبوونی هەندێ ژنی ونبوو؛ کە پشت و پەنای هەموو سەرکەوتن و گۆڕڕانێك، یا دەستپێکی هەموو گەشە و سەرهەڵدانێك بوونە، بێ ئەوەی ڕۆشنایی و ئاماژەی بەدواداچوونێکی بەرکەوتبێ، بێ ئەوەی ڕۆڵی تۆمار کرابێ، بێ ئەوەی چووبنە توێی پاڵەوانێتی و یادەوەری مێژووەوە. ئەو ئاوڕدانەوەیە، دەبێ ئەو هێزە ونبووە، بە تۆزوخۆڵی بیرچوونەوە داپۆشراوە، بدۆزێتەوە و سەرلەنوێ مێژووی ژنی کورد و ڕۆڵی لە تەونکردنی ڕایەڵەکانی کۆمەڵگادا زیندووکاتەوە و بە ئێستای بناسێنێ، ئەو هۆکار، ڕێگر و بەربەستانەش، شیکاتەوە کە نەیانهێشتووە بەگوێرەی دۆخی ئەو دەمە چەکەرە بکات، یا چەکەرەی کردووە و ئەو دۆخە نەڕەخساوە کە ببێتە پێناسە و سیمای ئەرێنی ژن لەو کاتەدا و یەکسەر شکاوەتەوە. هەر ئەو شکانەوەیەش چەندەها مەودای ویستووە تا هەڵساوەتەوە و دوبارە بڕوا بە خۆبوون و بوێری بنجیان داکوتیوە و بە هەنگاوەکانی خۆی ئاشنابووەتەوە.
لێرەدا، بابەتەکە دەبێتە ئەرکی ئاوڕدانەوەیەك لە دوێنێ و دەستنیشانکردنی ئەمڕۆ و دیاریکردنی ئەرکی سبەینێ، هەر ئەم ئاوڕدانەوەیەش، دەبێ ببێتە وەرچەرخانێکی وا، کە نەیەڵێت نەوەکانی داهاتوو دووبارە ببنە هەڵگری ڕەگوڕیشەی ئەو ڕوانگە دواکەوتووەی کە ژنان بە ئۆبێکت دەهێڵێتەوە.