گفتوگۆ لەگەڵ لەیلا سلێمانی

شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی
لەیلا سلێمانی لەدایكبووی ساڵی 1981. بەڕەگەز مەراكیشیەو هەڵگری ناسنامەی فەرنسییە. نوێنەری تایبەتی ئیمانویل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسایە، لەڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ فرانكفۆنیەت. ژۆرنالیست و ڕۆماننوس و مافناس و و چالاكوانێكی دیاری فەرەنسایە. خاوەنی چەند بەرهەمێكە: (لای لایە، لە پاركی دیۆەکەدا، سێكس و ئەو درۆ و دەلەسانەی پێیەوە پەیوەستن).

ساڵی 2016 وەك سێیەمین كارەكتەر و وەك یەكەمین خانمی عەرەب، لەدوای هەریەك لە (تاهیر بن جەلۆن و ئەمین مەعلوف)، لەبەرامبەر نووسینی ڕۆمانی(لای لایە) خەڵاتی گۆنكوری فەرەنسی بەدەست دێنێت. هاوكات ڕۆمانی (لە پاركی دیۆەکە)یش خەڵاتی (فلور)و خەڵاتی (مەئمونیە)ی ساڵی 2015 پێدەبەخشرێت و بەوەش دەبێتە یەكەمین ژنە براوەی ئەو خەڵاتە. دەربارەی (خوێندنەوە)، ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵدا سازداوە.
دەقی گفتوگۆكە
ئەوە كام كتێبەبوو ژیانی تۆی گۆڕی؟
– هەتا ئێستاش ئەودۆخی شڵەژان و شپرزەییەم لەبیرە، كاتێك بۆیەكەمجار ڕۆمانی (ئانا كارنینا)ی ڕۆماننوسی ڕوسی لیۆ تۆلستۆیم خوێندەوە. ڕۆمانێكی عەجیب و غەریبە. سەرەتا لە مەغریب خوێندمەوە.
حەزت دەكرد كام كتێبە تۆ بتنووسیایە؟
– ناتوانم لە دووبارە خوێندنەوەی ڕۆمانی (بلۆند)ی جۆیس كارۆڵ ئۆتس، ڕابوەستم. ڕۆمانەكە باسی چیرۆكی ژیانی مارلین مۆنرۆ دەكات. ئەو خانمەی سەرسام بووم پێی. بەخەمەكانی و بەجوانیە بێ حەدو حیسابەكەی و بەو ژیانەی پڕی بوو لە تەلیسم و نهێنی.
وەك نوسەرێك چ كتێبێك كاریگەری لەسەر جێهێشتیت؟
– ڕۆمانی (نامۆ)ی ئەلبێركامۆ. شێوازی ڕۆمانەكە سادەو ڕاستەوخۆیە.
ئەو كتێبە كامەیە كە لەسەردەمی منداڵیدا دڵخوازت بووە؟
– ( دەردی سەریەکانی سۆفیا)،ئەوەش كتێبێكە بۆ منداڵان. كۆنتێسە سیگۆر نوسیویەتی و هێریس كاستلی وێنەكانی كێشاوە.
كتێبێك نەتوانیبێت تا كۆتایی لەگەڵیدا بڕۆیت و تەواوی بكەیت؟
– كتێبی ( پیاوێکی بێ ئەدگار)، لە نووسینی ڕۆبێرت مۆزێل. سەیرمكرد كتێبێكی بێتامە، وەلێ لەوانەیە كاتێكی تر بچمەوە سەری و بیخوێنمەوە، چونكە چەند هاوڕێیەك زۆر باسی دەكەن.
– كامە كتێب بیركردنەوەتی گۆڕی؟
– كتێبی “پەیامێك دەربارەی خۆ بەكۆیلە كردن” كە ئێتیان دو لا بۆیسێی نووسیویەتی.
– ئەو كتێبەت كامەیە كە دەتەوێت بۆ هەمیشە لەبیرو هۆشی خوێنەرەكانتدا بمێنێتەوە؟
– هێشتا نەم نووسیووە.