کێ واڵتەر بنیامینی کوشت؟

پێشڕەو محەمەد

ڕاستییەکی زۆر بنچینەیی و پرسیارێکی زۆر تایبەت بۆ دەستپێکی بابەتەکەمان، ئەگەر واڵتەر بنیامین – وەک دەزانین و پێمان گوتراوە – لە (پرتبۆ) خۆی کوشتووە، ئەی چۆن – بە ئەگەرێکی زۆرەوە – ڕێی تێدەچێت هەر لەوێ لە گۆڕستانێکی کاتۆلیکی ناوچەکە نێژرابێت؟ وەک دانیشتوویەکی ناوچەیی بە (دەیڤد ماواس) فیلمساز و فۆتۆگرافەری ئەرژەنتینیی، دەڵێت ئەمە هەروا بەسانایی «شایانی بیرلێکردنەوە نییە»، چونکە هرگیز نەبووە هیچ کردەیەکی خۆکوژیی لە گۆڕستانە کاتۆلیکییەکاندا بنێژرێت.

فیلمە دۆکۆمێنتارییە سەرنجڕاکێش و نایابەکەی دەیڤد ماواس بەناوی «کێ واڵتەر بنیامینی کوشت؟» (Quién mató a Walter Benjamin?)، ٢٠٠٥، کە دووبارە بونیادنانەوەیەکی سەخت و قورسی ئەو شتەیە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەسەر بنیامیندا هاتووە، تەنانەت فیلمەکە ناسنامەی بکوژەکەشی دیاریدەکات (ئەگەرچی ئەو کەسە بە هاوشانی گروپێکی فراوانتر جوڵاوەتەوە کە پۆلیس، قەشە، دادگا و زۆر بەتایبەت خاوەنی هۆتێلەکە کە بنیامین ئەو شەوە تیایدا ماوەتەوە، بەشدارییان کردووە). ئەو کەسەی خراوەتە ژێر پرسیارەوە دکتۆرێک بووە لە پۆرتبۆ و هاوکات ڕابەرێکی فالانژی ناوچەیی (نوسخەی فاشیزمی ئیسپانیی کە لە ١٩٣٣دا دامەزراوە) بووە. ناوی (دکتۆر گۆرگۆت) بووە. دامەزراندنەوە و بونیادنانەوە بنچینەییەکەی ماواس لە پەنجا خولەکدا ڕێکخراوە.

سەرەتا گەڕانەوەیەکی خێرا. (لیزا فیکتۆ) کە وەک ڕێنیشاندەرێکی پەنابەرە سیاسییەکان خزمەتی دەکرد و پەڕیبووەوە بۆ ئیسپانیا، دەڵێت ئەوان لە ٢٦ی سێپتێمبەردا بەرەو سنوور بەڕێکەوتن. مادام ئەوە نازانرێت ئایا بنیامین لە شەوێک زیاتر لە هۆتێلەکەی پۆرتبۆ ماوەتەوە یان نا، ئەم بەروارە دەبێت بەروارێکی دروست بێت. بنیامین لە ٢٧ی سێپتێمبەردا دەمرێت. (هێنی گورلاند)، هاوسەری داهاتووی (ئەریش فرۆم)، کە لەگەڵ بنیامین بەڕێکەوتن و لەگەڵ کوڕە هەرزەکارەکەیدا (جۆزێف) سنووریان بڕی، لە نامەیەکدا لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا دەنووسێت کە ئەوان لە ئێوارەدا گەیشتنە سەر سنوور و «ڕۆیشتینە بنکەی پۆلیس تا داوای مۆری چوونەناوەوە بکەین». ئەوان هەرلەوێ پێیان گوترابوو کە کەسە بێدەوڵەتەکان چیتر ناتوانن بە سنووری ئیسپانیادا گەشت بکەن و لە بەرەبەیاندا سنوورداش دەکرێنەوە. ئەوان بە قوڵیی نیگەران و خەمۆک دەبن. شەوەکە لە دوو هۆتێلی ناوچەکە لەژێر چاودێریی پاسەواندا بەسەر دەبەن. پاشان «لە سەعات ٧ی بەرەبەیانییدا [بەیانیی ڕۆژی ٢٧!!] فراو [خانم بە ئەڵمانیی] (لیپمان) بانگی کردم بنیامین داوای کردبووم. پێیگوتم کە هەموو مۆرفینەکانی لە ئێوارەوە خواردووە و دەبێت من بابەتەکە وەک شتێکی نەخۆشیی بخەمەڕوو؛ نامەیەکی پێدام کە بۆ (ئادۆرنۆ) نووسرابوو… پاشان یەکسەر لەهۆش خۆی چوو. بەدووی دکتۆردا چووم، دکتۆر باسی لە نیشانەی جەڵتەی مێشک (cerebral apoplexy) کرد؛ ئەو کاتەی داوام لە کەسەکانی ئەوێ کرد کە دەبێت بنیامین بە پەلە ببرێت بۆ نەخۆشخانەیەک، دکتۆر هەموو بەرپرسیارێتییەکی ڕەتکردەوە».

ئەوەی لەم لێکدانەوە و گێڕانەوەیەدا پەرێشانمان دەکات ئەو ڕاستییە ڕواڵەتییەیە کە بنیامین لە سەعاتی ١٠ی شەوی پێشوودا هەموو مۆرفینەکانی بەکراهێناوە، کەچی بایی ئەوەندە لەسەرخۆ بووە قسە بۆ گورلاند لە سەعات ٧ی بەیانیی ڕۆژی دواتردا بکات. تەنانەت (ڕۆلف تیدەمان) (سەرپەرشتیاری بەرهەمەکانی بنیامین بە زمانی ئەڵمانیی) بە ماواس دەڵێت «لەبیرم دێ کاتێک ئەوەم خوێندەوە پڕ لە گومان بووم. پرسیارم لە دکتۆرێک کرد ئایا شتی وەها ڕێی تێدەچێت یان نا». (نارسیس باردالە)، شارەزایەکی بواری دەرمان، بە جەختکردنەوەی تەواوەتییەوە گوتی «ئەو کەسەی بڕیار دەدات لە شەودا خۆی بکوژێت و ١٠، ١٥ یاخود ٢٠ مۆرفین بخوات، هەرگیز ناگاتە سەعات ٧ی ڕۆژی دواتر یاخود ٩ی بەرەبەیان».

بنیامین، گورلاند و کوڕەکەی، ڕوون و ئاشکرایە، لەژێر چاودێریی پاسەواندا بردرابوونە هۆتێلی دو فرانکیا. خاوەنی هۆتێلەکە (خوان سونێرە پلاناس) (Juan Suñer Planas) بوو. بە گوێرەی (فرانسێسک ڕۆسا)، بەتەمەنترین کەسی ناو فیلمەکەی ماواس کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە، «سونێرە لە سەروبەندی جەنگدا چووبووە ناو ڕیزی فاشیستەکانەوە و ببووە بەرپرسی دادوەری جەنگ؛ هاوسەرەکەی (ئێڤا ڕافریگاو) فەڕەنسیی بوو». (سونێرە و هاوسەرەکەی هەردووکیان دوای جەنگ بەرەو فەنزوێلا هەڵدێن، تا خۆیان لە فەڕەنسییەکان بشارنەوە دەستگیر نەکرێن). یەکێکی دیکە لە چاوپێکەوتوان، (خوان ڕامۆن کاپێلا) ئەوەی بەبیر دێتەوە پرسیاری لە سونێرە کردووە ئایا بنیامین خۆی کوشتووە یان نا. پێیدەگوترێت کە بنیامین نەخۆش کەوتووە و «دکتۆرێکیش چەندین جار سەردانی کردووە». (وەسڵی دکتۆرەکە بەرواری ٢٨ی سێپتێمبەری بەسەرەوەیە و ٧٥ پێستا [پارەی ئیسپانیی کە تا ساڵی ١٩٩٩ کاری پێکراوە و بەهای ٧٠ پێستا دۆلارێکی ئەوکات بووە و بەهای دۆلاریش لە ١٩٤٠ بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمڕۆی هەبووە] «بووە بۆ ٤ سەرلێدان و دەرزیلێدان، پشکنینی فشاری خوێن و خوێنبەربوونی بەڕێز. و.ب (Mr. W.B)ی گەشتیار»). لە ڕاستیدا سونێرە بوو دکتۆرەکەی هێنابوو. ئەگەرچی ئەوە دکتۆری گوندەکە (ڕامۆن ڤیلا مۆرێنۆ) بوو کە ئیمزای لەسەر بەڵگەی وەفاتنامەی بنیامین لە ٢٧ی سێپتێمبەردا کردووە، ڤیلا لە تەواوی ڕۆژی پێشوودا (پێنج شەممە) لە دەرەوەی پۆرتبۆ بووە، سەردانی ماڵباتی براکەی لە فیگوێراس کردبوو. هەرگیز ڕێگای تێناچێت ڤیلا ئەو دکتۆرە بووبێت کە لە ڕۆژی پێنج شەممەدا «چەند جارێک» سەردانی بنیامینی کردبێت. لە ڕاستیدا، کاتێک بیستبووی کەسێک لە گوندەکە مردووە، تەواو تووشی نیگەرانیی و نائومێدیی ببوو. (ئانا کایکساس)، کارمەندێکی پێشووی هۆتێلێکی نزیک کە ڤیلای دەناسی، نەیدەتوانی باس لەوە بکات کە بۆچی هێندە نیگەرانە. دەکرێت هۆیەکی جێی باوەڕ ئەوە بێت کە ڤیلا بانگ نەکراوە سەردانی بنیامین بکات کاتێک هێشتا لە سەعاتەکانی ئێوارەی ٢٧ی سێپتێمبەردا ڤیلا کاتی بۆ سەردانکردنی ئەو هەبووە. ماواس بابەتەکە زیاتر دەپشکنێت و بۆی دەردەکەوێت کە ئەو دکتۆرەی لە ڕاستیدا سەردانی بنیامینی کردووە دکتۆر گۆرگۆت بووە، ئەو کەسەی ڤیلا حەزی بەچارەی نەدەهات و ئەویش ڕقی لە ڤیلا بووە.

(پێدرۆ گۆرگۆت) (Pedro Gorgot) کە بەشی پزیشکیی لە بەرشەلۆنە و پاریس خوێندبوو، لە سەروبەندی جەنگدا دەچێتە ناو فاشیستەکانەوە. لە ١٩٤٠دا، دوای سەرکەوتنی فرانکۆ، گۆرگۆت دەگەڕێتەوە پۆرتبۆ، لەوێ هاوشانی سەرۆک شارەوانیی و قەشەی ئەوێ، دەبێتە یەکێک لە ڕابەرە فاشیستییەکانی ناوچەکە. دکتۆر-سەرۆک شارەوانیی-قەشە. ئەمە کرۆک و ناوکی لقی فاشیستیی پرۆتبۆ بوو، واتا فالانژی ناوچەکە. گۆرگۆت ڕابەرەکە بوو؛ ماڵی سەرۆک شارەوانییش شوێنی کۆبوونەوەیان بوو؛ و قەشەکەش فاشیستێکی کۆنەپارێز بوو بەناوی (باوکە ئەندرێ فرێکسا) کە لە دەستی کۆمارییخوازەکانی ئیسپانیا ڕایکردبوو و بۆ ماوەیەک لە فەڕەنسا لە تاراوگەدا دەژیا.

ئەم بەشەی دۆکۆمێنتارییەکە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن کە لێرەدا هەم نووسراوەتەوە و هەمیش وەرگێڕدراوە:

گویکسێرێسی سەرۆک شارەوانیی لەو شەقامەدا دەژیا کە هۆتێلەکەی لێبوو؛ ڕاستەوڕاست بەرانبەر بە دەرگای هۆتێلەکە. هۆتێل کۆمێریکۆ لە ڕامبلا بوو، ١٠٠ مەتر دوو لە هوتێل دو فرانکیا. «ئەمە ئەو شوێنە بوو سەرۆک شارەوانیی لەگەڵ ئەندامانی فالانژ کۆدەبووەوە. ئەوان کۆبوونەوەکانیان لێرە ئەنجام دەدا، لەم ژوورەدا» (سیمۆ گرانۆلێرەسی کرێکاری پێشووی هۆتێلەکە وادەڵێت). لە هەمان ئەو ژوورەدا گفتوگۆیەک دەبیستتن دەڵێت ئەوان لە شەڕی ئەو ڕزگاریان بووە. «ئەمە هەموویەتی». کێ ڕابەری فالانژ بوو لەو کاتەدا؟ «پێموایە لەو کاتەدا دکتۆر گۆرگۆت بوو». ماواس پرسیار لە ئەنتۆنیۆ لاسیرا دەکات، دەتوانیت ئەوەت بەبیر بێتەوە کە چ دکتۆرێک سەردانی بنیامینی کرد کاتێک خۆی کوشت؟ لاسیرا وەڵام دەداتەوە: «پێموایە دکتۆر گۆرگۆت بوو. گۆرگۆت».

بکوژانی بنیامین بەپەلە بوون ڕێکارەکان و ڕێوڕەسمەکانی ناشتنێکی خێرا تەواو بکەن. «ئەو ڕووداوە [ناشتنی بنیامین] پڕیەتی لە ڕێکاری هەڵە و نادروست. ئەگەر تەماشای تۆماری مردنەکە بکەن، دەبینن هەموو زانیارییەکان لە هەمانکاتدا نەنووسراون. ناوی دادوەر دواتر خراوەتە سەر بەڵگەنامەکە، کە ئەمە زۆر بێ مانایە» (فرانسینا ئالسینا وادەڵێت). لە ڕاستیدا، «ئەو دادوەرەی بەڵگەنامەکەی داڕشتبوو بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە ژێر زەخت و فشاردا بووە. فشار لە سەرەوە. بە مانایەکی دیکە، پێیگوترابوو ،شتەکە کورت بکەرەوە و تەنها زانیاریی گشتیی لەسەر ئەم پیاوە بنووسە،» (نارسیسۆ ئالبا، وانەبێژ لە پێرپینیان وادەڵێت).

دواجار، سەبارەت بە هۆتێل دو فرانکیا، «چەندین ئەڵمانیی لەوێ بوون، چونکە خواردنەکەی نایاب بوو» (لاسیرا دەڵێت). لای (نۆڤێل ماواس) دەڵێت، کەسێک پێیگوتبووم کە لەو ساڵانەدا دەنگۆیەک لە گوندەکەدا هەبوو کە خانم سێنورە پەیوەندیی لەگەڵ ئەڵمانەکاندا هەبووە، زانیاریی پێداون، لە وەڵامی ئەمەشدا دەڵێت «ئەمە ئەو شتەیە خەڵک باسی دەکەن، کە خانم سێنورە دەکرێت پێدەری زانیاریی بووبێت، یاخود با بڵێین خائینێک. ئەمە دەکرێت، دەکرێت، دەکرێت». ئالبا دەپرسێت، دوای تێپەڕینی ساڵانێک چی بەسەر سێنورەدا هات؟ «کاتێک جەنگ تەواو بوو سێنورە چوو بۆ ڤەنزوێلا، بەڵام بۆ مەبەستێک ئەو چوو بۆ ڤەنزوێلا، بە هەمان ئەو هۆیەی ئەڵمانەکان ڕایانکرد کاتێک دەگیران و لە نۆرمبێرگ یان لە شوێنی دیکە دادگایی دەکران… ژیانیان لە مەترسییدا بوو، چونکە دەسەڵاتدارە فەڕەنسییەکان چاویان بەدووی سێنورەدا دەگێڕا، بەدووی ئەو خەڵکانەدا دەگەڕان بە دادگایان بسپێرن. لەبەر ئەوەبوو بەهۆی خیانەتییەوە دەبوو بۆ ماوەیەک خۆی بشارێتەوە» (ئالبا وادەڵێت).

بێگومان گیشتاپۆ دەیزانی بنیامین لە شاری ماغسێی، لە فەڕەنسا، ڕایکردووە. لە فیلمەکەی (ماواس)دا هاتووە، و لە ڕۆسا دەپرسێت «ئایا نازییەکان لە پرتبۆ هەبوون؟ نا! نا! لە پرتبۆ نازیی لێ نەبوون». پاشان ماواس لە ڤالاس دەپرسێت، لە سەرەتای ١٩٤٠ەکاندا گیشتاپۆ لە پۆرتبۆ هەبوو؟ بەڵێ، بەڵێ، بە نهێنیی، بە شاراوەیی. خۆیان وەک کڕیار یان فرۆشیار گۆڕیبوو. گیشتاپۆ لێرە بوو». (پاتریک فۆن تسو مۆیلن) دەڵێت «دەمانزانی لانیکەم ئەندامێکی گیشتاپۆ لە پۆرتبۆ هەبوو کە بەرپرس بوو لە ناسینەوە و گەڕان بەدووی هەموو ئەو کۆچبەرانەی دەیانویست ئیسپانیا ببڕن (ئەوان یونیفۆرمی ئیسپانیان لەبەرکردبوو، لە کاتێکدا لە ئیسپانیی نەدەچوون و هێندەش بە باشیی بە ئیسپانیی نەدەدوان)».

یاوەرە گەشتیارەکانی بنیامین لە دوانیوەڕی ٣٠ سێپتێمبەردا بە سەلامەتی گەیشتنە لیشبۆنە. بنیامین ڤیزای چوونە ئەمریکای پێبوو هەروەها ڤیزای پەڕینەوە لە ئیسپانیا و پۆرتوگالیشی هەبوو. بەرنامەی دانابوو لە لیشبۆنەوە بە کەشتیی بڕوات بۆ ئەمریکا.

لێرەوە دەتوانن سەیری ئەم دۆکۆمێنتارییە بکەن:

https://www.youtube.com/watch?v=shqVaAnuPOA

Check Also

كتێبە زۆر خراپەكان

– فردریك نیتشەی نەفرەتی، مارتن هایدیگەری درۆزن، میشێل فوكۆی دێوانە – شوان ئەحمەد بەرایی: وەك …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *