بەداخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ ٩/١٠/٢٠٢٠ شاعیر، نووسەر و چالاکی دیاری بواری مافی ژن، خاتوو مەهاباد قەرەداخی، ژیانئاوایی لە دونیای ئەدەب و دۆزی ژن کرد.
ناوەندی ڕۆشنبیری کوردی و دۆزی ژن، یەکێک لە قەڵەمە گرنگەکانی خۆیان لەدەست دا. مەهاباد قەرەداخی خاوەنی بەرهەمێکی زۆرە لە شیعر و چیرۆک و وەرگێران و رۆمان و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی…هتد.
خاتوو مەهاباد لە تەمەنێکی زۆر منداڵیەوە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە و سەرەتاکانی بە شیعری بەرگری دەستی پێکردووە. دواتر لەگەڵ گەورەبوون و پێگەیشتنی کەسایەتی و فیکری بابەتەکانی هەمەجۆر بوون. هەر ئەو سەرەتایانەی شیعری بەرگری بۆتە هۆی گرتنی و زیندانیکردنی و حوکمدانی بۆ ماوەی ساڵێک لەلایەن (محکمة الثورة). بە ئازادبوونی لە زیندان بەردەوام دەبێت لە خەباتکردن و بڵاوکردنەوەی شیعر.
نووسینە ئەدەبیەکانی مەهاباد قەرەداخی، سەبارەت بە کێشەی ژن و نائومێدی و خەمی نیشتمانن. دونیابینی سەبارەت بە کێشەی ناعەدالەتی جێندەری و ستەمکردن لە پێگەی ژنی داهێنەر و تێکۆشەر لەپێشەوەی نووسینەکانێتی. ئەم خەمخۆرییە بەخۆڕایی سەرچاوەی نەگرتووە، ئەو ژیانە پڕ کارەسات و پڕ ئازارەی مەهاباد پێیدا تێپەڕیوە، بۆتە هاندەری بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی باش لە کتێبی جۆراوجۆر.
جیاوازی ئایدیۆلۆژی هۆکارنیە بۆ هەند وەرنەگرتنی کار و خەباتی بەردەوامی خاتوو مەهاباد. بەهەمان شێوەش ڕەوتی فیکری سیاسی مەهاباد ڕیگر نەبووە لەوەی بوێرانە بۆ دۆخی ژن تێبکۆشێت و دەنگ هەڵبڕێت. لەو بارەیشەوە دەیان نووسین و کتێبی هەیە، چالاکانە لە نێوان سوێد و کوردستان کاری کردووە، بێجگە لەوەی کە دەیان کۆڕ و کۆنفرانسی ئەنجام داوە و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی…
خاتوو مەهاباد مێژوویەکی پڕ بەرهەمی بۆ تاقانە کچەکەی و ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی بەجێهێشت کە دەگەنە ٣٢ بەرهەم. بەداخێکی ئەم ژیانئاواییەی نووسەر و چالاکوانی ژنان خاتوو مەهاباد جێی غەم و پەژارەیە، مایەی تێڕامانە لە ڕەوتی نووسین و ڕۆشنبیری کوردی و دۆزی ژن.
نووسەران و چالاکوانانی بواری ژنان:
- بەیان سەلمان، ڕۆمانووس، پاریس/ فەرەنسا
- هۆزان مەحمود، نووسەر و چالاکوانی لەبارەی تیۆری و پراکتیکی جەندەر و فیمێنیست. ئەڵمانیا
- ئەڤین عەزیز، كردارناس و توێژەری بواری جەندەر. سوید/ ستۆكهۆڵم
- شارا تاهیر، دەرونناسی کۆمەڵایەتی. سوێد
- ئاڤان عومەر، هونەرمەندی شێوەکار. هۆڵاندا
- ڕێگا ڕەوف: نووسەر و کۆمەڵناس
تێبینی: بۆ زانیاریی زیاتر و وردتر دەربارەی نووسەر مەهاباد قەرەداخی، فەرموون لینکی سایتی کوردپیدیا:
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&q=200910301151472149