ئەى دوای پۆستمۆدێرنیزم چی؟

گفتوگۆ لەگەڵ تێری ئیگڵتۆن

و. لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

پێشڕەو محەمەد

ڕەخنەگر و تیۆریزەكەری ئەدەبیی، تێری ئیگڵتۆن گفتوگۆ لەسەر تیۆری ئەدەبیی لە پەیوەندییدا بە ئاراستە فراوانترە سیاسیی و مێژووییەكان و پێداگریی ماركسیزمەوە دەكات. دەربڕین و دەركەوتەى كولتوور، هونەر و تیۆر لە سیاقی هەنوكەیی قەیران، نوێبوونەوەى خەباتی چینایەتیی و پاشەكشەى پۆستمۆدێرنیزمدا چی دەكەن و – ڕۆڵە ماتەوزە و پۆتێنشیەڵییەكەیان چییە؟

پرسیار: ئەلیخاندرۆ ریۆ: لە كتێبی ڕووداوی ئەدەبیات(2012)دا دەڵێیت تیۆری ئەدەبیی لە دوایین بیست ساڵی ڕابردوودا ماڵئاواییكردووە و لەڕووی مێژووییەوە پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان گۆڕان و وەرچەرخانەكانی ناو تیۆر و ململانێی كۆمەڵایەتییدا هەیە. ئایا تیۆر لە میانەى سەردەم و قۆناغەكانی ڕاپەڕین و شۆڕشدا گەشە بە باڵاترین خاڵی خۆی دەدات؟

وەڵام: تێری ئیگڵتۆن: تیۆری ئەدەبیی كاتێك بەتەوایی گەیشتە بەرزترین خاڵی خۆی، كە چەپی سیاسیی لە لوتكەدا بوو. سەرهەڵدانێكی سەرەكیی و بنچینەیی ئەم تیۆرە لە دەوروبەری 1965 تا ناوەڕاست یان كۆتایی 1970ـاكاندا هەبوو، كە كەم تا زۆر هاوكات بوو لەگەڵ ئەو زەمەنەى چەپ بەشێوەیەكی زۆر باش چەپێكی زیاتر میلیتانت و متمانەبەخۆبوو بوو، بەپێچەوانەى ئەمڕۆوە. لە 1980ـاكان بەدواوە، لەگەڵ باڵادەستتربوونی زیاتری سەرمایەداریی پێشكەوتووی پاش-پیشەسازیی، ئەم گەشەسەندنە زۆرە تیۆرییانە بەرەو خۆتەسلیمكردن بە پۆستمۆدێرنیزم ڕۆیشتن، كە، بەو جۆرەى فریدریك جیمسن ئاماژەى پێكردووە، لەنێو شتەكانی دیكەدا، [پۆستمۆدێرنیزم] بریتییە لە ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداریی دوایین.

بەدڵنیاییەوە تیۆری ڕادیكاڵ ئاوا نەبوو و پاشەكشەى نەكرد، بەڵكو فڕێدرایە پەراوێزەكانەوە و وردە وردە كەمتر خوێندكاران پێی ئاشنا بوون. فیمینیزم چاوەڕوانییە گەورەكانی ئەم دۆخە بوو، كە بەردەوامبوو لە كێشكردنی بڕێكی باشی گرنگی پێدان و پۆست-كۆڵۆنیالیزمیش، كە ببووە شتێكی وەك پیشەسازیی گەشەسەندوو، بەردەوامبوو لەوەى ئەم ڕۆڵە بگێڕێت.

نابێت لەمەوە بەم دەرەنجامە بگەین كە تیۆر لە جەوهەری خۆیدا ڕادیكاڵە. چەندین فۆرمی نا-ڕادیكاڵی تیۆری ئەدەبیی و كولتوورییش هەن. بەڵام تیۆر بەگشتیی كۆمەڵە پرسیارێكی بنچینەیی دەكات – زۆر بنچینەییتر لە ڕەخنەی ئەدەبیی باو. لەو شوێنەدا ڕەخنەی ئەدەبیی دەپرسێت “ڕۆمان بە مانای چی دێت” ئەوا تیۆر ئەم پرسیارە دەكات: “ڕۆمان خۆى چییە؟”

هەروەها تیۆر بیركردنەوە و ڕەنگدانەوەیەكی سیستەماتیكە لەسەر گریمانەكان، ڕەوت و پرۆسەكان و ئەو عورفانەى باڵادەستن بەسەر پراكتیكی كۆمەڵایەتیی یاخود ڕۆشنبیرییدا. واتا، ئەمە خاڵێكە لێیەوە پراكتیك كێشكدەكرێتە نێو فۆرمێكی تازەى خۆ-پەرچاندنەوە و بیركردنەوە لەخۆ، خۆیشی وەك ئۆبژێكت و بابەتێكی لێكۆڵینەوەى خۆی وەردەگرێـت. ئەمەش بەزەرووریی شكڵ و شێوەى كاریگەرییە وێرانكار و ئاوەژووەكان وەرناگرێت؛ بەڵكو بەمانای ئەوە دێت كە پراكتیك بە هەڵسەنگاندن و دووبارە نرخاندنەوەى هەندێك لە گریمانە بنچینەییەكانی خۆی بەشێوەیەكی تازەى ڕەخنەیی، ناچارە گۆڕان بەسەر خۆیدا بهێنێت.

پرسیار: لە كتێبی ئایدیۆلۆژیای جوانیناسیی(1990)دا دەڵێیت چەمكی ئەدەبیات دیاردەیەكی هەنوكەییە، كە وەك سەرپەنایەك بۆ بەها سەقامگیرەكان لە ڕۆژگارە نادڵنیاكاندا دەركەوتووە. بەڵام هەروەها ئاماژە بەوەش دەكەیت كە جوانیناسیی (ئێستاتیكا) بووەتە فۆرمێكی بەناوەكییكردن و ناواخنكردن (internalization)ی بەهایە كۆمەڵایەتییەكان و ئامرازەكانی بەوێنەییكردنی یۆتۆپیاكان و خستنەژێرپرسیاری كۆمەڵگای سەرمایەداریی. ئایا هێشتا هونەر ئەم ڕۆڵە دژبەرئاسایە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەگێڕێت؟

وەڵام: هەم چەمكی ئەدەبیات و هەم ئایدیای جوانیناسیی لەڕاستیدا لەڕووی سیاسییەوە دوو دەروازە یان خاوەن دوانە-كەنارن. كۆمەڵە مانایەك هەن تیایاندا ئەوان خۆیان لەگەڵ هێزە باڵادەستەكاندا دەگونجێنن و ئەو شێوازانەى دیكە كە تەحەدایان دەكەن – ناڕوونییەك كە سەبارەت بە زۆرێك لە بەرهەمە هونەرییە فەردییەكانیش ڕاستە. چەمكی ئەدەبیات دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قۆناغەى كاتێك هەست بە زەروورەتی بەرگریكردن و پاراستنی بەها تایبەتە داهێنەر و خەیاڵییەكان لە كۆمەڵگای ڕوولەهەڵكشاوی كۆنەپارێز و میكانیكیی دەكرا. ئەمەش كەم و زۆر لەگەڵ لەدایكبوون و دەركەوتنی سەرمایەداریی پیشەسازییدا دووبەرابەر بووەتەوە. ئەدەبیات ڕێگای بەمجۆرە بەهایانە داوە وەك ڕەخنەیەكی بەهێز لە نەزمی كۆمەڵایەتیی بجوڵێنەوە. بەڵام بەهەمان شێوە، ئەدەبیات ئەو بەهایانەى ژیانی ڕۆژانەی كۆمەڵایەتیی دوورخستەوە و هەندێكجار قەرەبوویەكی خەیاڵیی بۆ فەراهەمكردن. واتا بەشێوەیەكی تەواو ئایدیۆلۆژیانە جوڵایەوە و ڕەفتاری كرد.

جوانیناسیی ڕووبەڕووی چارەنووسێكی هاوشێوە بووەوە. لەلایەكی دیكەوە، ئەوەى پێیدەگوترێت سەربەخۆیی بەرهەمی ئێستاتیكیی، وێنەیەكی خۆ-دیاریكردن و سەربەستیی لە كۆمەڵگایەكی ستەمكاردا بەدەستەوە دا. هەروەها لەڕێگای سروشتە هەستەوەرییەكەى خۆیەوە تەحەدای عەقڵانییەتە ئەبستراكتەكەى خۆی كرد. بەم مانایە ئێستاتیكا دەكرا یۆتۆپیی بێت. بەڵام لەهەمانكاتدا، خۆ-دیاریكردن لەنێو شتەكانی دیكەدا، وێنە و نیگارێكی بكەری چینی ناوەڕاست بوو، كە پەیڕەوی لە یاسا نەدەكرد، بەڵكو تەنها لە خۆی.

بێگومان ئەم ناڕوونییانە ئەمڕۆش لەگەڵ ئێمەن. لە كۆمەڵگا پێشكەووتووە سەرمایەدارییەكاندا، كە خودی ئایدیا و بیرۆكەى زانستە مرۆییەكان لەژێر هەڕەشە دایە، ئەوە شتێكی زۆر بنچینەیی و گرنگە چالاكییەكانی وەك لێكۆڵینەوەى هونەر و كولتوور زیندوو بكرێنەوە كتومت بەوهۆیەى ئەوان هیچ ئامانجێكی ڕاستەوخۆی پراگماتیكییان نییە. بەم شێوەیە، ئەوان عەقڵانییەتی بەرژەوەندخوازیی و ئامرازگەرایی ئەمجۆرە ڕژێمانە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. لەبەرئەوەیە سەرمایەداریی لەڕاستیدا هیچ كاتێكی بۆ ئەمانە نییە و تەنانەت هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە ئێستا زانكۆكان دەیانەوێت لەبەرنامەی خۆیان لایانبەرن.

لەلایەكی دیكەوە، بیری سۆسیالیستیی، هونەر و كولتوور وەك بنچینەییترین ڕەهەندەكانی خەبات ناخاتە كۆتاییەوە. كولتوور، لە مانا ڕۆژانەییەكەى وشەكەدا، شوێنێكە دەسەڵات تێیدا نیشتەجێ دەبێت، تۆوی خۆی دەچێنێت. بەبێ ئەمەش، دەسەڵات تەواو دڕندە و ئەبستراكت و ڕووتە لە بردنەوەى وەفاداریی جەماوەریی. كەچی، سەرمایەداریی پۆستمۆدێرن هەڵەدەكات كە پێیوایە كولتوور بنچینەییترین و بناغەییترین شتی ناو پەیوەندیی مرۆییە. بوونی مرۆڤ لەنیگای یەكەمدا ئاژەڵێكی سروشتیی و ماتریالییە. مرۆڤەكان جۆرێكی ئەو ئاژەڵانەن ئەگەر بیانەوێت بمێننەوە پێویستیان بە كولتوور (بە مانا فراوانەكەى وشەكە) دەبێت؛ بەڵام ئەمەش لەبەرئەوەى سروشتە ماتریالییەكەیان وەك جۆرێك، ئەو شتەیە كە ماركس پێیدەڵێت بوونی جۆریی ئەوان.

پرسیار: لە كتێبی ڕووداوی ئەدەبیاتدا پەرە بە بیرۆكە و ئایدیای بەرهەمی ئەدەبیی وەك “ستراتیژی”یەك دەدەیت – ئەو پێكهاتەیەى كە بەهۆى كاركرنەكەیەوە وەك جۆرە “وەڵام”ێكی تایبەت بەرانبەر بە پرسیارەكانی واقیعی كۆمەڵایەتیی دەردەكەوێت. چۆنچۆنی دەكرێت ئەم پێناسەیەى بەرهەمی ئەدەبیی لەگەڵ “سەربەخۆیی” بەرهەمدا، وەك دیاردەیەكی خۆ-حوكمڕان ئاشت بكرێتەوە؟

وەڵام: پێموانییە بەزەرووریی هیچ ناكۆكییەك لەنێوان ستراتیژ و سەربەخۆییدا هەبێت. دەكرێت ستراتیژێك خۆی سەربەخۆ بێت، بەومانایە كە ستراتیژ بڕگە و بەشێكی دیار و بەرچاوی چالاكییە كە ڕێسا و شێواز و میتۆدەكانی تایبەتن و لەناوەوەى خۆیدان. پارادۆكسی بەرهەمی هونەر، لەم گۆشەنیگایەوە، ئەوەیە كە لەڕاستیدا كار لەسەر شتێكی دەرەوەى خۆی دەكات، واتا لەسەر كێشەكانی ناو واقیعی كۆمەڵایەتیی، بەڵام تەواو “سەربەخۆیانە” لە مانای دووبارە پێداچوونەوە و وەرگێڕانەوەى ئەم كێشانە بۆ نێو زاراوە تەواو دیار و بەرچاوەكانی خۆی دەجوڵێتەوە و كاردەكات. بەم مانایە، ئەو شتەى وەك دەرەكیی یان ناچوونییەك لەگەڵ بەرهەمەكەدا دەستپێدەكات، وەك ناوەكیی و ناواخنی بەرهەمەكە كۆتایی بەخۆی دەهێنێت. بەرهەمێكی ڕیالیستیی دەبێت ڕێز لە لۆژیكی ناچوونییەكی ماتریالی خۆی بگرێت (ناتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات كە نیویۆرك لە جەسمەری باكوورە، وەك بەرهەمی مۆدێرنیست یان پۆستمۆدێرنیست ئەنجامی دەدات)، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەمە، لەهەمانكاتدا ئەم واقیعە لەناوەوەى پێكهاتەى خۆ-ڕێكخستنی خۆیدا پیشان دەدات و نەخشەى دەكێشێت.

Image: Comfreak de Pixabay

پرسیار: ئاماژە بەوە دەكەیت تیۆرە پۆستمۆدێرن و پاش-بونیادگەرییەكان كە بە تیۆرەى “فەندەمێنتالیزمی دژ-جەوهەرگەرایی” كۆتاییان پێهاتووە، ئاوێنە و ڕەنگدانەوەى هەمان ئەو “فەندەمێنتالیزمانە”ن كە دەیانویست تێیان پەڕێنن و تێكیان بدەن. پێناسە پۆستمۆدێرنەكان وەك پێناسەگەلى باڵادەست لەنێو گوتاری كولتووریی و ئایدیۆلۆژییدا دەمێننەوە یاخود هەلومەرجی نوێی قەیرانی سەرمایەداریی و زیندووبوونەوە و نوێبوونەوەى سنوورداری خەباتی چینایەتیی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو تیۆرە تازانەى كە هەم لەڕووی تیۆریی و هەم كۆمەڵایەتییەوە گومانخواز [مەبەست لەگومانكردن لە هەموو شتێك بە خەبات و سیاسەت وهتدەوە-وەرگێڕ] نین؟

وەڵام: پۆستمۆدێرنیزم وا لەقەڵەم دەدرێت دژە-بناغەیی بێت. بەڵام دەكرێت بانگەشەى ئەوە بكەین كە پۆستمۆدێرنیزم كۆمەڵە بناغە و دامەزراوەى نەریتیی دیاریكراو بۆ شتێكی دیكە دادەمەزرێنێت: كولتوور. لای پۆستمۆدێرنیزم، كولتوور ئەو شتەیە كە ناتوانیت ژێرپێی هەڵبكەنیت، بۆ ئەوەى ئەم كارە ئەنجام بدەیت پێویستت بە بەكارهێنانی كولتوور (چەمكەكان، میتۆدەكان و هتد).

بەم شێوەیە، دەكرێت بانگەشەى ئەوە بكەین كە دژە-دامەزراوەییخوازیی یان ئەنتی-بناغەگەرایی (anti-foundationalism) پۆستمۆدێرنیزم ساختە و تەزویرە. هەرچۆنێك بێت، هەموو ئەمانەش پەیوەندییان بەوەوە هەیە كە مەبەستمان لە بناغەیەك چییە. هەموو بناغەكان بەزەرووریی مێتافیزیكیی نین. بۆ نموونە، توانا و ئەگەری بناغەیەكی پراگماتیكیی هەیە، كە دەكرێت لە ڤیتگنشتاینی دواتردا بیدۆزینەوە.

حەزدەكەم كەمتر دەربارەى ئەوە بدوێم كە ئایا گوتاری پۆستمۆدێرن هێشتا گوتارێكی باڵادەستە یان نا. لە 11ی سێپتێمبەرەوە، ئێمە شایەتحاڵی دەركەوتن و ئاشكرابوونی گێڕانەوەیەكی تازە و هەروەها ئاگاداركەرەوەین، كتومت لەو كاتەدا كە دەگوترا حیكایەتە گەورەكان بەخۆشی خۆیان كۆتاییان پێهاتووە و دووركەوتوونەتەوە. یەكێك لە حیكایەتە گەورەكان – واتا جەنگی سارد – لەڕاستیدا تەواو بووە، بەڵام، بەهۆی ئەو هۆكارانەى لەو شەڕەدا بەستراونەتەوە بە سەركەوتنی خۆرئاواوە، جەنگی سارد زووتر لەوەى بەر زەوی بكەوێت، كۆتایی هاتبوو. پۆستمۆدێرنیزم، وەها حوكمی لەسەر مێژوو دەدا كە ئێستا بووبێتە پاش-مێتافیزیكیی، پاش-ئایدیۆلۆژیی و تەنانەت پاش-مێژوویی، ئەمەش تووشی سەراسیمەیی و پەرتەوازەیی كردبوو. و بۆیە پێموانییە هەرگیز زیندوو ببێتەوە.

پرسیار: تۆ گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر دابەشكردن و دەگمەنییەكانی تیۆرە ئەدەبییە جیاوازەكان دەكەیت كە لە سەدەى 20دا گەشەیان سەندبوو. پێدەچێت ڕوانگەى ماركسیستیی كێش و قورساییەكی ئێجگار گرنگی لەسەر تێگەیشتن و لێكدانەوەكەى تۆ هەبێت. ئایا ئەم نەریتە هێشتا لە بواری تیۆری ئەدەبییدا پڕبەرهەمە، وەك لە بوارەكانی دیكەدا تەواو چالاك و بەرهەمدار دەبینرێت؟

وەڵام: بۆ وەڵامی كورتی ئەو پرسیارەى ئایا هیچ بەشداریی نوێی ڕەخنەیی ماركسیستیی بۆ تیۆری ئەدەبی هەیە یان نا، دەڵێم نەخێر نییە. سیاقی مێژوویی چیتر بۆ ئەمجۆرە گەشەسەندنانە دادپەروەر و لەبار نییە. كارەكەى فریدریك جیمسن، ئەو كەسەى لە لای من بەرجەستەترین و باڵاترین ڕەخنەگری جیهانە، هەر بەردەوام دەبێت. ئەو یەك لەدوای یەك كتێبی پڕشنگدار و گرنگ لە ڕۆژگارێكدا دەنووسێت و بڵاودەكاتەوە كە ڕەخنەگرە هەرە بەناوبانگەكانی دیكە، قەڵاقوپیان كردووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

بەڵام جەستە و كۆمەڵەیەكی نوێی ڕەخنەی ماركسیستیی بوونی نییە. و بە بیركردنەوە لە هەلومەرجە مێژووییە ناخۆش و نەگونجاوەكانی ئێستا، زۆر قورسە چاوەڕوانی شتێكی وەها بكەین. هەموو ئەمانە بەلایەك، ماركسیزم بەبێگومان مەیدانەكەى چۆڵ نەكردووە، بەڵام لەبەرانبەردا پاش-بونیادگەرایی (بەشێوەیەكی تەواو ناڕوون) و تەنانەت پۆستمۆدێرنیزمیش كۆتاییان پێهاتووە و ماڵئاواییان كردووە. ئەمەش زۆر بەڕوونیی بەهۆی ئەوەى ماركسیزم شتێكە زۆر زیاترە لە میتۆدی ڕەخنەیی. ماركسیزم پراكتیكێكی سیاسییە و ئەگەر ئێمە لەنێو قەیرانێكی گەورەى سەرمایەدارییدا بین، ماركسیزم حەتمییەتێكە كە لێرە و لەوێ دێت و دەچێت و بەردەوام دەبێت. هەمان شت بۆ فیمینیزمیش ڕاستە، كە خاڵی بەرزی ڕەخنەیی ئەم بزووتنەوەیە لەنێو ئەو سەردەمانە دایە كە بەجێمان هێشتوون، بەڵام لەنێو فۆرمێكی دەستكاریكراو و گۆڕاودا ماوەتەوە چونكە ئەو پرس و كێشە سیاسییانەى فیمینیزم دەستوپەنجەیان لەگەڵدا نەرم دەكات، كۆمەڵە پرس و كێشەیەكی تەواو گرنگ و ژیانیین. تیۆرەكان دێن و دەڕۆن. ئەوەى دەمێنێتەوە، ناعەدالەتیی و نادادپەروەرییە. هەتا ئەو كاتەى ئەمە كێشەكە بێت، هەمیشە چەند جۆرێكی كردەى ڕۆشنبیریی و هونەریی بونیان دەبێت وەڵامی ئەم نادادپەروەرییە بدەنەوە.

Check Also

رۆشنبیرێ ئازادیخواز کییە؟      

جوان عزەت رۆشنبیرێ ئازادیخواز کییە؟ ئەڤە ئێک ژ پرسیارێن گرنگ و پێویستە کو هەر ئێک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *