یه‌ك شه‌ممه‌, ئایار 5, 2024
frku

وەڵامێک: لە داکۆکی کردن لە فێمینیزمی دایاسپۆرای کوردیدا

ئێمە (ئەڤین عەزیز، هۆزان مەحمود، ڕێگا ڕەوف، شارا تاهیر)  وەڵامی بلۆگێک دەدەینەوە، کە لە مانگی جونی٢٠٢٠دا، لەژێر ناونیشانی “لۆمەکردنی فێمینیستەکان؛ هەوڵن بۆ لاوازکردنی بزوتنەوەیەک” (١).  کە لە  ماڵپەری زانکۆی )ئێل ئێس ئی-(LSE لەندەن بڵاوکراوەتەوە.

ئەم نوسینەمان هەوڵێکە بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی خەباتی دیاسپۆرای کوردی و دەرخستنی هەوڵ و چالاکیەکانی دیاسپۆرا لە چوارچێوەیەکی مێژووی و هەنوکەییدا. هەروەها بەهەندوەرگرتنی دەستکەوتگەلێکی زۆری جەماوەری و ژنانی چالاک و زانستخوازانی کورد، کە کوردستان و تاراوگەشیان نزیکتر خستۆتەوە لە یەکسانی جێندەری.

ئێمە کۆمەڵێک ژنین سەر بە باکگراوندی جیاوازین کە بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان لە کوردستان و تاراوگەدا، مێژوویەک لە خەبات کۆمان دەکاتەوە. بەشێکی زۆری ژنانی تاراوگە لە دەست جەنگ و زەبرو توندوتیژی دەوڵەتی هەڵاتوون.  دیارە ئێمە سەرەڕای دووریی جوگرافیایی و  ژیانمان لە دیاسپۆرا، هەر  دانەبڕاوین لە گرفت و کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی. بۆ ئێمە، هیچ کات دووریی نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم کار و نووسین و هونەر و هەڵسوڕانی بەردەواممان، یان تێگەیشتنمان بۆ دۆخی ژنان لە باشووری کوردستان. بە پێچەوانەوە، ئێمە بەردەوام ئامادەییمان هەبووە لەوێ لەڕێگەی کار و کەمپینی نێودەوڵەتی،کتێب، گۆڤار(٢)، کۆڕ و سیمینار و کۆنفرانسەوە(٣). هەرچەند هەندێک هەوڵدەدەن ڕەخنە لە ژنانی تاراوگە بگرن بەوەی کە “هیچ ناکەن و تەنها ڕەخنە دەگرن” ئەم وەڵام ڕەتکردنەوەی ئەو چەواشەکاریەیە و گرنگی کار و چالاکی ژنانی تاراوگە دەخاتەڕوو.

فێمێنیزمی دایاسپۆرا: بەشداربوونی بنەڕەتی و واقیعی ئێستا

بەهۆی دابەشکردنی کوردستان نزیک  سەدەیەک لەوەبەر، ژیانکردن لە مەنفا، یان بوون بە بەشێک لە کۆمەڵی دایاسپۆرای پەرتەوازە بە دونیادا، بۆتە بەشێکە لە کورد بوونمان(٤). زۆرجار نیشتیمان هاوکاری سیاسی لە کاتە قەیراناویەکاندا لە تاراوگەوە ڕادەکێشێت و ڕۆژئاوای کوردستان نموونەیەکی زیندووی ئێستامانە. پەیوەندی سیاسی و ڕۆشنبیری نێوان تاراوگە و کوردستان هەمیشە توندوتۆڵ بووە، ژنانی دایاسپۆرا هەمیشە چالاکبوون لە ڕێکخستنی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و سیاسی تاراوگەدا بۆ پشتیوانی لە کوردستان. لەهەمان کاتیشدا چالاکبوون و وەستاونەتەوە بەرامبەر هەموو فۆرمەکانی توندوتیژی ڕەگەزی. لەوانەش؛ کوشتنی ژنان لەژێر بەهانەی شەرەفدا، خەتەنە، بەشوودانی زۆرەملێ و هتد.(٥) لەوەش زیاتر ژنانی دایاسپۆرا بەشدارن لە بەرەنگاربوونەوەی ئایدیاڵە کۆنەپارێز و ستریۆتیپیکاڵەکان (وێنەی باو و سپێندراو) سەبارەت بە ژنی کورد. زۆر بابەت کە تابۆ بوون سەبارەت بە ژن، جەستە و سێکسوالیتی و نۆڕم و پەیوەندیە جێندەریە بەسەرچووەکان، لەلایەن ژنانی دایاسپۆراوە بە تێرو تەسەلی نووسین و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە(٦).

 هەندێک لە ژنانی دایاسپۆرا بەشداربوون لە چالاکیە سەرەتاییەکانی خەباتی ژنان لە کوردستان لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوو. کە توانیویانە پێشێلکاریەکانی مافەکانی ژنان دوکومێنت بکەن و لەئەنجامی ئەوەشدا کەوتوونە بەر هەڕەشە و ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن, لە مەنفا بژین(٧).

کار و چالاکی دایاسپۆرا بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەگرێتە خۆ و لەمەش زیاتر ڕێکخستنی کۆڕ و کۆنفرانس و کەمپینی جیهانییە. بۆ نموونە، کەمپین لە دژی مادەی (٧) حەوتی دەستوری هەرێم، کە تیایدا هاتبوو “شەریعەت یەکەم سەرچاوەی یاسادانان بێت”، لێرەوە ئەم کەمپینە دیبەیتێکی گرنگی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرپاکرد کە لە ئاستی میدیایی و پەرلەمانیشدا  دەنگدانەوەی هەبوو(٨).

یەکێک لە ئامانجەکانی خەباتی دیاسپۆرا دروستکردنی فشار بووە لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ گۆڕینی یاساکانی کە لەسەر بنەمای (هەڵاواردن داڕێژراون)، لێرەوە  کەمپینی جیهانی لە دژی بەردەبارانکردن و کوشتنی ژنان لە ساڵی ٢٠٠٧دا نموونەی ئەو کەمپینە بەهێزانە بوو کە زیاد لە (شازدە هەزار) ئیمزای کۆکردەوە لە دژی بەردەبارانکردنی (دوعا خەلیلی) حەڤدە ساڵەی ئێزیدی، کە بەهۆی بەهانەی شەرەفەوە کوژرا (٩). بەهەمان شێوە بەردەوام بوون لەسەر سیمینار و کۆنفرانسی ساڵانە بۆ ئەم یادە، بۆ ساڵەکانی دواتریش، بووە هۆی دەرچوونی یاسای (بەرەنگاری بوونەوەی توندوتیژی خێزانی) لە ساڵی ٢٠١١دا (١٠)، کە ئەمەش هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ ئەو بەرەنگاربوونەوە زۆرەی کە لە کوردستانیش هەبوو لە دژی ئەم کوشتنەی (دوعا) (١١). ژنانی دیاسپۆرا بەردەوامن لە دیبەیتکردن و کەمپین و کار و چالاکی سەبارەت بە ڕزگاری ژنان هەم لە کوردستان و هەم لە دایاسپۆرا. هەربۆیەش ئەو بەهانەیەی کە دەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی “ژنانی کوردی دیاسپۆرا دابڕوان لە واقیعی ئاڵۆزی کوردستان” بێ بنەمایە و نەرەتیڤێکی هەڵەیە، لەهەمان کاتیشدا بەرەنگاری قووڵی ژنانی دایاسپۆرا و خەباتیان لەبەرچاو ناگرێت.

کێ مەعریفە بەرهەمدەهێنێت؟

لە کاتێدا دامەزراوە ئەکادیمیەکان لە کوردستان، کارامەنەبوون لە دیبەیت کردنی دۆزی ژندا، بەڵام چەندین ژنی دایاسپۆرا زۆر چالاکانە بەشداربوون لە ڕێکخستنی دیبەیت و بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی تایبەت لەو بوارەدا. 

بە دیوێکی تردا، ژنانی سەربەخۆی فێمینیست چالاکانە لە هەوڵدابوون بۆ بونیادنانی (هۆشمەندییەکی فێمینیستانە) کە بتوانێت تێگەیشتنە باو و کۆنەپارێزەکان تێپەڕێنێت سەبارەت بە دۆخی ژن. ئێمە بەو باوەڕەوە کاردەکەین کە دۆزی ژن دەبێت وەک پرسێکی سیاسی بمێنێتەوە، نەک وەک کەیسێکی پرایڤاتکراو و بە دامەزراوەیی کراو، کە تەنها لە ڕێگەی فەندی نیۆلیبراڵی و وەلائی حیزبیەوە درێژە بە خۆیبدات.

(بەرهەمهێنانی مەعریفە) پرۆسەیەکە دەکرێت پەیوەست بکرێتەوە بە هەڵسوڕانی جەماوەری، یان لەسەر بنەمای ئەوەی پێشتر چیکراوە، چی گوتراوە یان دیبەتکراوە، بنیاتبنرێت. بەڵام لە کوردستانی باشوور، ئەم ئەجێندایە زۆرتر پەیوەست دەکرێت بەو ڕێکخراوانەوە کە لەسەر بنەمای فەند و پرۆگرامی فەندەر و بە پشتیوانی و چاوساغی ئەوان و حیزبەکان و نیۆلیبرالیست و کۆلۆنیالیستەکانەوە دەڕۆنە پێشەوە.

ئەو گروپ و چالاکوانە سەربەخۆیانەی کە بەرپەرچی ئەوە دەدەنەوە، کە بچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتەوە دەخرێنەلاوە و لاواز دەکرێن و زۆرجاریش تەنانەت مێژووی خەبات و کارکردنیشیان دەسڕدرێتەوە. بیر و ئایدیا و نووسین و خەبات و هەڵسوڕانیان لە دژی کۆی سیستمێکی نایەکسانیی، پیاوگەرا، کۆنەپارێز و خێڵەکی زۆربەی جار، بە دەستی ئەنقەست ئاماژەی پێناکرێت، یان لەلایەن  لێکۆڵینەوەکان و ئەکادیمیا و ئەو دامەزراوانەی کە سەر بەدەسەڵاتدارانن، بەلاڕێدا دەبرێت. ئەم لایەندارییە، بەوەی کە هەندێک جۆری (چالاکی) یان هەڵبژاردن و شەرعیەتدان بەکاری هەندێ گروپ و ڕێکخراوی ژنان بۆئەوەی لەگەڵ چوارچێوەی کاری بەناو (مەعریفە بەرهەم هێنانە)کەیانەوە بگونجێت، چیرۆکێکی کۆن نییە. لە ڕاستیدا ئەمە لەگەڵ گێڕانەوەی خودی لێکۆڵەرەوەدا دێتەوە، نەک لەگەڵ ئەوەی لە واقیعدا چی دەگوزەرێت.

لە ڕاستیدا دەبێت زۆر بە گومان بین، لەهەمانکاتیشدا پرس بخەینە سەر ئەمجۆرە بەرهەمهێنانی زانستە کە لەلایەن ئەم دام و دەزگایانەوە بەرهەمدەهێنرێت کە بە (فەندی بونیادنانەوەReconstruction Fund-) و بە پشتیوانی حکومەتی ئەمریکی و ئەوروپی بەڕێوە دەچێت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئەم ستانداردی بەناو بەرهەمهێنانی مەعریفەیە کێشەساز و شرۆڤە بکەین، چونکە ئەم جۆرە ستانداردانە، لە زۆربەی کاتدا وەکو (ئامڕازێكی دەوڵەتی) بۆ سەرکوتکردن و بەلاڕێدا بردن، بەکاردەهێنرێت. پێویستە ئێمە بە وریاییەوە ڕەخنەگربین لەمجۆرە بەرهەمهێنانی مەعریفەیە کە لەمجۆرە دام و دەزگایانەوە دێتەدەر، کە بە فەندی نیولیبڕالی و سەرمایەداری دێتە بوون.

ئایا هەر فیکر و دونیابینیەکی فێمینیستی فەندی ئەوروپی و ئەمریکی لە پشت نەبێت بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفە نییە؟! ئەمجۆرە لە (مەعریفە و زانست) کە لەلایەن کەسە ئەکادیمیەکانی پیشەسازی بنیاتنانەوەوە بەرهەمدێت، بێگومان بۆ وەلانانی کاری جیدی و خەباتی ڕاستەقینەی ئەو فێمینیستانەیە کە دژایەتی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەپاو دەکەن. لەهەمانکاتدا ئەو جۆرە لە بەرهەمهێنانی مەعریفە بە فەند و ستانداردی نیۆلیبراڵی کاری هەندێک لە ئین جی ئۆ دروستکراوەکان بە مەزن ناوزەد دەکات، لە کاتێکدا ئەمانە لە بنەڕەتدا ئەسپی ترۆیای نیۆلیبڕالیزمن لەم ناوچەیەدا.

وەستانەوە بە دژی لە سیاسەت خستنی دۆزی ژن

یەکێک لە سەرەکیترین پرەنسیپەکانمان ئەوەیە کە دۆزی ژن و مافی ژن وەکو دۆزێکی سیاسی بمێنێتەوە. ئەوەی هەیە لە ئێستادا لە کوردستان، کۆمەڵێک ڕێکخراوی پەرتەوازەی ژنانن، هەندێکیان بە فەندی دەرەکی و هەندێکی تریان تێوەگلاون لەگەڵ حیزبەکاندا. واقیعێک کە تواناکانی ئەوانی پەکخستووە لەوەی بتوانن بە باشی تێکەڵ بن بە هزر و خەباتی فێمینیستی. ئەو ژنانەی کەسەر بە حیزبەکانن، وەلائی بەهێزیان هەیە بۆیان. بێگومان زۆربەی کات بە گومانەوە لەگەڵ یەکدا مامەڵە دەکەن(١٢)، لەهەمان کاتدا ئەم نەبوونی سەربەخۆیی سیاسیە وایان لێدەکات کە وەڵامدەرەوە بن بە هەژموون و کاریگەری حیزبەکانیان بەسەر کار و چالاکیەکانیدان(١٣)، نەک هەر ئەوە، بەڵکو کێ لە کوێدا دابنرێت و پلەی پێبدرێت(١٤)

دیارە ئەمە شاراوە نییە، کە لە کوردستان ئەوانەی پلە و پۆستی باڵایان دەدرێتێ لەم سێنتەر و دامەزراوانەدا، لەلایەن پیاوانی دەسەڵاتداری حیزبەکانەوە دادەنرێن. ئەمانە نەک هەر مێنتاڵیتی و نۆرمی نێرسالاری بەرهەمدەهێننەوە، بەڵکو بەشداریشن لە ستراتیژو هەوڵی جیاکارانەدا بۆ ئەوەی کە ژنانی سەربەخۆ و خاوەن دەنگ، پەراوێزبخەن و بێدەنگیان بکەن و لەکار و کردەوەدا پەرتیان بکەن.

لە دوای داگیرکردنی ئێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، شاهیدی ئەوە بووین کە یەکێتی ئەوروپا و حکومەتی ئەمریکی چۆن پارەیان دەبەخشیەوە بەبێ بەرپرسیارێتی. ئەمەش بووە هۆی هەڵتۆقینی چەندین ڕێکخراوی ئین جی ئۆ، و لە کۆتایدا ئەمە بووە هۆی بە (ئین جی ئۆ) بوونی دۆزی ژن (١٥). دەکرێت لەوەش زیاتر بڵێین کە دوا بەدوای ئەمەش هەڵسوڕانی ژنان بە دامەزراوەیی بووە.  لێرەوە، ژنی ( دەمڕاست، دیڤا و ئەستێرەکان و ئەوانەشی وەکو سێلێبریتی) لەناو ڕێکخراوەکانی ژناندان پەیدا بوون. ئەوەی لەمەوە بەجێماوە، کولتووری بەدامەزراوەیی بوون و (پڕۆفیشناڵیزە بوونێکی) نیولیبراڵی دۆزی ژنە (١٦).

ڕاستیەکە ئەوەیە، کە ئەم ژنانەی خۆیان سەپاندووە وەکو سەرۆکی ئەم سێنتەر و دامەزراوە و ڕێکخراوانە، ڕابەرانی ڕاستەقینەی دۆز و بزوتنەوەی ژنان نین، کە خاوەن ڕوئیایەکی سیاسی بن. دەکرێت بڵێین کە پۆستە باڵاکانی ناو ئەم دامەزراوە و ڕێکخراوانە لەلایەن ئەو ژنانەوە داگیرکراوە کە پەیوەندی خێزانی نزیک و لینکی سیاسیان لەگەڵ پیاوە سیاسەتمەدارەکاندا هەیە. ئەمجۆرە ژنانە گەورەدەکرێن لەلایەن حکومەتەکانی وەکو ئەمریکا و بەریتانیا و دەوڵەتانی ئەوروپای یەکگرتوەوە و دام و دەزگاکانیانەوە. چونکە ڤێرژنی فێمینیستی ئەم ژنانە کۆکە و هاوتایە لەگەڵ نیۆلیبڕالیزم بەوەی کە چینێکی تری جیاکاری و  پلەبەندییەکی  تر دروستدەکەن، کە بیرهێنەرەوەی ڕەفتاری کۆلۆنیالیستانەیە لەناوچەیەکدا، کە بێگومان داڕزاوە بەهۆی نێپۆتیزم([i] ) و جەنگ و جێنۆسایدەوە.

ئەم دیاردەیە بۆتەهۆی دروستبوونی (گوتارێکی لاواز) و شێوێندراو و ناڕۆشنی دۆزی ژن لەلایەن ئەم جۆرە ژنە دەسەڵاتخوازانەوە. هەرچەند هەندێک لەم ژنانە زمانی فێمینیزم و ئازادی ژنیان دایەنگە کردووە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوان لە سەربازێکی نیۆلیبڕالی زیاتر شتێکی تر نین. هەروەها دونیابینی ئەوان بۆ فێمینیزم زیاتر نییە لە داواکردنی؛ (کۆتای جێندەری) و( دروستکردنی ژنی سەرکردە)، یان (زیادکردنی ژمارەی ژنان لە وەزارەتەکان) و لە ( پۆستە باڵاکاندا).

ئەمجۆرە لە فێمینیزم هەر هەمان فێمینیزمە کە (شێریل ساندبێرگی)(١٩) دەستەی بەڕێوەبەری فەیسبووک لە کتێبی (وەرە پێشەوە)دا بانگەشەی بۆ دەکات، جۆرێکە لە پلە و پایە و دەسەڵاتخوازی، کە ئامادەیە هەموو کەسێکی بۆ بچەوسێنێتەوە بە ژن و پیاوەوە، لە خزمەتی سەرمایە و هێزی دامەزراوەییدا(٢٠).

دەرئەنجام: 

ڕەخنەی ئاشکرا و ڕاستگۆیانەی ئێمە نابێت وەکو بەهەند وەرنەگرتنی ژنانی ڕاستەقینەی دۆزی ژن وەربگیرێت، یان ئەوانەی کە یارمەتی مادی وەردەگرن، بەڵام کاری جیدی و گرنگی پێئەنجام دەدەن. ئێمە لێرەوە دەستخۆشی لەو گروپ و کەسە سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمانە دەکەین کە بە ڕاستی بۆ دۆزی ژن کاردەکەن، بەڵام لەلایەن ئەوانەی کە فەندی دەرەکی و حکومی گەورەیان هەیە خراونەتە پەراوێزەوە. ئێمە لێرەوە جەخت لەوە دەکەینەوە، کە بێدەنگ نابین لە ئاست ئەوانەی کە خۆیان بە فێمینیست دەزانن، بەڵام لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی هێز و هەیمەنەی دامەزراوەیی و دەسەڵات دەکەن.

کۆی کاری ئێمە هەوڵدان بووە و بەردەوامیش دەبین بۆ دروستکردنی دونیابینی و مەعریفەیەکی ژنانە، کە مەعریفەی ترادیشناڵ و کۆنەپارێزی تێپەڕێنێت، کە چیتر ژنی کورد پێویستی بە فریادڕەسە پشتبەستووەکان بەدەسەڵات و فەند و پشتیوانی پیاوە سیاسیەکان نەبێت، بەڵکو خۆی بتوانێت گوزارش لە خواست و دونیابینی و ژیان و ئایدیاکانی خۆی بکات و نەبێتە ماتریاڵی فەند و دامەزراوە و کارمەند و سەرۆک و مودیرەکان و…هتد.  هەوڵمان دەرکێشانی ژنی کوردە لەو وێناکردنە ناشرینەی، کە لە قوربانیەک زیاتر هیچ فەزایەکی قسەکردن و نوێنەرایەتیکردن و تەعبیرکردن لەخۆی بۆ نەماوەتەوە.

ئێمە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنین؛ کە بۆچی ئێمە خەتی کارکردن و بیرکردنەوەی خۆمان لەم ترێندە بە(دامەزراوەیی) بوونە نیۆلیبراڵەی لە کوردستاندا بۆتە باو، جیاکردۆتەوە. بۆ ئەم کارەش لە ڕێگەی هەندێک گوتار یان تەنانەت پۆستی فەیسبووکی ئەم کارەمان کردووە.

لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێمە لەمه‌ودوا له‌ هیچ چەواشەکاریەک خۆش نابین لە پرسی ژندا، ئێمە ساڵانێکی زۆرە کات و ژیانی خۆمان لەسەر داناوە و ئەرکی سەرشانمانە بەرامبەر جۆرێک لە (فێمینیزمی ئاڕاستەکراوی دامەزراوەیی و دەوڵەتیدا) بوەستینەوە، کە دۆزی ژن بەلاڕێدا دەبات بۆ بەدەستهێنانی پێگە و پۆست و دەسەڵاتخوازیی.

نووسەران:

ئەڤین عەزیز: ڕەفتارناس، فێمینیست و شارەزا لە بواری جێندەر.

هۆزان مەحمود: فێمینیست و شارەزا لە بواری جێندەر.

ڕێگا ڕەوف: نووسەر و  کۆمەڵناس.

شارا تاهیر: نووسەر و دەرونناسی کۆمەڵایەتی.

سەرچاوەکان:

  1. Hardi, C. (June 2020). Blaming the Feminists: Attempts to Debilitate a Movement. Available: https://blogs.lse.ac.uk/wps/2020/06/03/blaming-the-feminists-attempts-to-debilitate-a-movement/ [Accessed on 28 July 2020].
  • Culture Magazine: http://cultureproject.org.uk/kurdish/
  • Begikhani, N., Gill, A. K., & Hague, G. (2015). Honour-based violence: Experiences and counter-strategies in Iraqi Kurdistan and the UK Kurdish diaspora
  1. Conference to Remember Du’a Khalil and denounce Honour Killings globally 2008-London: https://humanists.international/2008/03/conference-remember-du-khalil-and-denounce-honour-killings-globally/ ( last accessed 24 August 2020)
  1. Act No 8, 2011 The Act of Combating Domestic Violence in Kurdistan region -Iraq http://www.ekrg.org/files/pdf/combat_domestic_violence_english.pdf ( Last accessed 26 August 2020)
  1. Al-Ali, Nadje, and Pratt Nicola. “Between Nationalism and Women’s Rights: ​The Kurdish Women’s Movement in Iraq.“​ Middle East Journal of Culture and Communication 4, no. 3 (2011): 339-55. doi:10.1163/187398611×590192.
  1. Al-Ali, Nadje, and Pratt Nicola 2010- What Kind of Liberation?: Women and the Occupation of Iraq.​ Berkeley, CA: University of California Press.
  1. Mojab, S (2007): Women’s NGOs Under Conditions of Occupation and War https://solidarity-us.org/atc/129/p576/ (Accessed 7 July 2020)
  1. Mojab ( 2009 ). ‘Post-war Reconstruction’, Imperialism and Kurdish Women’s NGOs In Nadje Al-Ali and Nicola Pratt (eds.), Women and War in the Middle East: Transnational Perspectives, ,   ,           pp.98 – 128 . London: Zed  Publishers.
  1. Petras, J (1999) NGO’s: In the Service of Imperialism; Journal of Contemporary Asia 29(4):429-40.
  1. Arwa Mahdawi (2018) The Guardian: Sheryl Sandberg saga shows it’s time to lean out of corporate feminism, https://www.theguardian.com/commentisfree/2018/dec/01/sheryl-sandberg-lean-out-corporate-feminism  Last Accessed 6 Sept 2020.
  1. Nancy Fraser, Tithi Battacharya & Cinzia Arruzza 2018- New Left Review;  Notes for A Feminist Manifesto, https://newleftreview.org/issues/II114/articles/nancy-fraser-tithi-bhattacharya-cinzia-arruzza-notes-for-a-feminist-manifesto    Last Accessed 2 Sept 2020.

Nepotism: بە عەرەبی: المحسوبیة، (کاتی خۆی بۆ قەشە و پیاوانی ئاینی بەکارهاتووە) بە واتای سەردەم: کەسێکی سیاسی، بەرپرس، دەسەڵاتدار… ئەندامی بنەماڵەکەی لەدوای خۆی لەهەمان پلەبەندی پۆستێکدا جێگیری دەکات.

Check Also

ڕۆڵی ئافرەتانن دوای شۆڕشی پیشەسازی

بەهیە بارام لەگەڵ سەرهەڵدانی پیشەسازیدا ژنان هاوشێوەی پیاوان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان و منداڵیان هانایان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *