بۆچی خۆپێشاندانەکانی ئێمە توندوتیژی لێدەکەوتەوە؟

موحەمەد ئەحمەد

موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د
موحە‌مە‌د ئە‌حمە‌د

یەکێک لە ئەرکە ھەرە گرینگەکانی ھەر سیستەمێکی سیاسی بریتیە لە ھێنانەئارای کەشێکی گونجاو کە تیایدا تاک و گڕوپ و گشت ھاوڵاتیانی بتوانن بە ئازادانە لە ڕێگای کەناڵگەلێک گوزارشت لە خواست و بەرژەوەندی و داواکاریەکانیان بکەن و بیگەێنن بە دەسەڵاتی سیاسی، دەسەڵاتی سیاسیش لە دارشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیدا بتوانێت گوزارشت لەو بەرژەوەندی و داواکاریانە بکات کە لەلایەن ھاوڵاتیانی پێی گەیشتوون.

لەو وڵاتانەی کە دیموکراسیەکی جێگیر و بە دامەزراوەکراویان ھەیە سیستەمی سیاسی کەناڵگەلێکی فەرمی وەک پەرلەمان و دادگا و دام و دەزگاکانی حکومەت، گەناڵگەلێکی نافەرمیشی وەک حیزبە سیاسیەکان و گڕوپ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گڕوپی فشاری… دابینکردووە کە لە ڕێگایانەوە ھاوڵاتیان و توێژە جۆراوجۆرەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان بەشدارن لە دروستکردنی سیاسەتی گشتی. بەمەش زۆربەی ئەو سیاسەتە گشتیانەی کە دەسەڵاتی سیاسی دەریدەکات خەڵک بە بڕیاری خۆیانی دەزانێت نەک بە سەپاندن، ئەنجامی ئەوەش دروستبوونی متمانەیە لە نێوان خەلک و دەسەڵات، سەرەنجام سیستەمی سیاسی تا ڕادەیەکی باش سەقامگیری وەردەگرێت.

لەم جۆرە سیستەمە سیاسیە دیموکراسیە سەقامگیرانە زۆر بە کەمی خۆنیشاندانی گەورە دەکرێت، گەر بشکرێت بەشێوەیەکی ئاشتی و مەدەنیانە دەکرێت و کۆتایی پێدێت بەبێ خوێن ڕشتن ئەمەش لەبەر دوو ھۆکار:

– یەکەم، وەک گوتمان ھاوڵاتیان لە ڕێگای کەناڵە فەرمی و نافەرمیەکان بەشێوەیەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە دروستکردنی بڕیار و سیاسەتی گشتی وڵات. بۆیە ڕەزامەندن لەسەر ئەو سیاسەتە گشتیانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیەوە دەردەچێت.

– دووەم، ھەر کاتێک خۆنیشاندان بکەن ئەوا سیستەمی سیاسی لە ڕێگای کەناڵ و دەزگا جۆراوجۆرەکانیەوە ھەڵدەستێ بە کۆکردنەوە و گەڵاڵکردنی داخوازی و بەرژەوەندی خۆپێشاندەران و بەھەندوەرگرن و کار لەسەرکردنی، ئینجا بە گوێرەی توانا و سیستەم و ڕەوایەتی داواکاریەکانی خۆپێشاندەران سیستەمی سیاسی بڕیار و دەرھاوێشتەی دەبێت لە پێناو چارەسەرکردنی گرفتەکە.

ھەرچی سیستەمە داخراو و چەوسێنەرەکانە ھیچ ڕێگا و کەناڵێک بۆ ھاوڵاتیان ناھێڵنەوە تا گوزارشت لە بەرژەوەندی و داواکاریەکانیان بکەن، وە ڕێگرییش دەکەن لە ھەر کار و چاڵاکی و گردبونەوە و تەنانەت دەربڕینی بۆچوونەکانیش. بەمەش ھاوڵاتیان ناچارن خۆیان بچەپێنن و لە ترسا گوزارشت لە بەرژەوەندی و داواکاریەکانیان نەکەن لە ئەنجامدا دەسەڵاتی سیاسیش بێ باکانە ھەر لەسەر ستەمی خۆی بەردەوام دەبێت تا سەرەنجام ئەو ھەموو ستەمە پەنگخواردووە و خەفێنراو و چەپێنراوەی کە لە ناخی ھاوڵاتیاندا کەڵەکەبووە لە چرکەساتێک و دەرفەتێکدا دەتەقێتەوە و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.

واتە ھاوکێشەکە بەو شێوەیەیە کاتێک کەناڵە شەرعی و یاساییەکان بەدەست نەبن بۆ ھاوڵاتیان کە تیایدا گوزارشت لە بەرژەوەندی و داواکاریەکانی خۆیان بکەن و ئاوا ھاوڵاتیان ناچار دەبن پەنا بۆ کەناڵە ناشەرعی و نایاسایی و توندوتیژی ببەن.

بەڵام، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، خۆ لە سیستەمی سیاسی ئێمەدا کەناڵگەلێکی فەرمی و نافەرمیمان بۆ فەراھەمکراوە کە تیایدا بتوانین گوزارشت لە داواکاریەکانمان بکەین و بتوانین بەشداریەکی کارا بکەین لە دروستکردنی سیاسەتی گشتی وڵات، ئەی بۆچی خۆپێشاندانەکانی ئێمە ھەر توندوتیژی لێدەکەوێتەوە سەرەڕای بوونی کەناڵگەلێکی شەرعی ھاوشێوەی سیستەمە دیموکراسیەکانی تر؟

Image: Engin Akyurt

ھەرچی سەبارەت بە کەناڵە شەرعی و یاساییەکانی ئێمەیە بەتایبەت کەناڵە فەرمیەکانی وەک پەرلەمان و دادگا و دامو دەزگاکانی حکومەت، ئەوا ھەر لەسەرەتاوە دەسەڵات ھەوڵی بێ بایەخکردنی پەرلەمانی داوە کە گرینگترین و کاریگەرترین کەناڵە کە تیایدا ھاوڵاتیان بتوانن لە ڕێگای نوێنەرەکانیانەوە کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن دروست بکەن. ئەم بێ بایەخکردنەش چ لە رێگای ئەو دیسپلینە بەھێزە بێت کە حیزب بەسەر ئەندامانی خۆی ھەیەتی لە پەرلەمان کە لە کاریگەری خستوون، چ لە رێگای ناردنی کەسانی نەشیاوی پۆپۆلیستی و شەعبەویەوە بێت تا لە شکۆ و بایەخی پەرلەمان کەمببێتەوە، یا لە رێگای داخستنی پەرلەمان و تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسا بە زۆرینە بەبێ گوێدانە داواکاری خەلک و شەقام، یاخود وڕوژاندن و فۆکەس خستنەسەر  بابەتی موچە و خانەنشینی پەرلەمانتاران، تا خەلک ڕقیان لێیان ببێتەوە و وەک نوێنەرێک سەیریان نەکەن کە لە ڕێگایانەوە کاریگەری دروست بکەن. بە کورتی، بە چەندین ڕێگا دەسەڵات ھەوڵیداوە تا پەیوەندی نێوان خەلک و پەرلەمان تێکبدا… بەجۆرێک دەسەڵاتی سیاسی لێرەدا ھەوڵیدا لە ڕێگای بێ بایەخکردنی پەرلەمان وێنەیەکی وا لە زھنی ھاوڵاتیان دروست بکات کە پەرلەمان دەزگایەکی بێ کەڵکە و پشتی پێ نەبەسترێت نەبوونی باشترە لە ھەبوونی، بێگومان لەوەشدا سەرکەوتوو بووە.  

ھەرچی سەبارەت بە دادگاکانیشە، ئەوا بەھەمان شێوە، بە ھۆی ئەوەی لەژێر ھەژموونی حیزبی دەسەڵاتن و بە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان ھەڵنەستاون خەڵک ھیچ متمانەیەکی پێیان نیە، بۆیە پەنای بۆ نابردرێت، تاوەکو لەڕێگایەوە سزای گەندەڵکاران و تاوانبارە دەسەڵاتدارەکانی پێبدێت. واتە لێرەشدا ھیچ متمانەیەک لە نێوان ھاوڵاتیان و دادگاکان و داواکاری گشتی نیە تا ھاوڵاتیان وەک کەناڵێکی کاریگەر سەیری بکەن.

دام و دەزگا و دامەزراوەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش بە تەواوەتی بە حیزبیکراوە و لەژێر ھەژموونی حیزبەکانی دەسەڵاتە، خەڵک وەک دامەزراوەی نیشتمانی سەیریان ناکات، بەڵکو وەک کۆمەڵێک دام و دەزگای بە حیزبیکراو و خۆسەپێن سەیریان دەکەن کە تەنھا گوزارشت لە خواست و بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەکەن.

جگە لەو کەناڵە فەرمیانە کە حیزبی دەسەڵات ھەژموونی بەسەردا کردوون و لە کاریگەری خستوون و نامۆی کردوون بە ھاوڵاتیان، بەھەمانشێوە حیزبەکانی دەسەڵات ڕۆڵ و کاریگەری کەناڵە نافەرمیەکانیشیان لە کارخستووە، ئەویش لە رێگای ھەژموونکردن بەسەر زۆربەی گڕوپ و کۆمەڵە پیشەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیەوە، بگرە تا تیپی تۆپی پێ و نەشڕەی قوتابخانەکانیش…

بەکورتی، حیزبی دەسەڵاتدار ھەموو ئەو ڕێگا و کەناڵە شەرعی و یاساییانەی کە تیایدا ھاوڵاتیان دەتوانن گوزارشت لە داواکاری و بەرژەوەندیەکانیان بکەن و بەھۆیەوە بەشداربن لە دروستکردنی سیاسەتی گشتی وڵات خنکاندوونی و لە کاریگەری خستوون و ھیچ ڕێگایەکی یاسایی و شەرعی و ئاشتیانەی بۆ ھاوڵاتیان نەھێشتۆتەوە، بەمەش لە ئەنجامی نا کاریگەری و بێ بایەخکردنی ئەو دەزگا و کەناڵە شەرعیانە ئەوا ھاوڵاتیان ناچارن پەنا بۆ ئامرازی نا شەرعی توندوتیژی ببەن.

کاتێک ھاوڵاتیانی دام و دەزگا گشتیەکان دەسوتێنێ ئەمە دەرخەری ئەوەیە بە ھی خۆی نازانێ و ئەو ھەستەی بۆ دروست نەبووە کە ھی ئەوە، چونکە ئەم دام و دەزگا گشتیە ھەرگیز گوزارشتی لە خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەو نەکردووە، بەڵکو تەنھا گوزارشتی لە خواستی نوخبەیەکی دەسەڵاتدای خۆسەپێن کردووە.

بۆیە ئەوە ھاوڵاتی نیە ھێرش دەکاتە سەر دام و دەزگای گشتی و کردەی توندوتیژی ئەنجامدەدات، بەڵکو ئەوە دەسەڵاتی سیاسیە ھاوڵاتی ناچار بەمەکردووە، چونکە ھیچ ڕێگایەکی یاسایی و شەرعی و ئاشتیانەی بۆ نەھێشتۆتەوە.

سەرەنجام، دەتوانین بڵێین ھەموو ئەو خۆپێشاندانانەی کە لە سیستەمە سەرکوتکەرەکان دەکرێت و توندوتیژی لێدەکەوتەوە و دام و دەزگای گشتی تێدا دەسوتێندرێت خۆپێشاندان نیە، بەڵکو لە جەوھەردا ڕاپەڕینێکە دژی خودی دام و دەزگا سەرکوتکەرەکان.

Check Also

بانگخواز و کچە مۆدێل

دلێر محەمەد نوری بانگخواز ئەو پیاوە ڕیشنە ڕێکپۆشەیە، کە جبەیەکی عەرەبی، پەتی، ئیسلامی بە عەمامەیەکەوە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *