د. مه‌دیحه سۆفی
مرۆڤ و سروشت دوانه‌یه‌کی له‌یه‌ك دانه‌بڕاون، له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌م بوونه‌وه، مرۆڤ له ژینگه‌یه‌کی هاوسه‌نگدا بوو، سروشتیش به سروشتی خۆی ببووه سه‌رچاوه‌ی خۆراك و زینده‌گیه‌کی ئاسایی بۆ هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کان، بێ ئه‌وه‌ی هیچیان هه‌ڕه‌شه بن بۆ سه‌ر ئه‌ویتر. له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کاتدا، له‌گه‌ڵ په‌لهاویشتنی مرۆڤ بۆ دابینکردنی حه‌ز و خولیاکانیدا، به‌رده‌وام له هه‌وڵی ملکه‌چکردنی سروشت بوو بۆ پرۆژه ئابووریه‌کانی خۆی و زیاتر داگیرکردنی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی، نه موڵکی مرۆڤن و نه موڵکایه‌تی پێوه ده‌کرێ. ئه‌م ڕه‌فتار و چاوبرسێتیه‌ی مرۆڤ، که هاوسه‌نگی سروشتی تێكدا، بووه هۆی هاتنه‌کایه‌وه‌ی چه‌نده‌ها بیرۆکه و ڕێکخستنی چه‌نده‌ها بازنه‌ی خه‌مخۆری جیهانی، تا بتوانرێ به‌ر له ده‌ستدرێژیکردنی مرۆڤ بۆسه‌ر ئه‌و سروشته پێبگرێ، که له‌وه‌ته‌ی هه‌ن دوانه‌یه‌کن، یه‌کتر هاوسه‌نگ ده‌که‌ن، له‌وانه‌ش ده‌سته‌ی ژینگه بۆ پاراستنی سروشت و گۆڕانی که‌شوهه‌وا له نێو ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا.
لە بەندەکانی یەکەم کۆنفڕانسی جیهانی بۆ ژینگە، کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەساڵی ١٩٧٢ لە شاری ستۆکهۆڵمدا سازکرا، باس لە پەیوەندی نێوان ژینگە و مافی مرۆڤ دەکرێ ولە یەکەم بەندیدا دەڵێ:
” ده‌بێ مرۆڤ مافی تەواوی لە ئازادی و یەکسانیدا هەبێ، که ژیانێکی خۆشگوزەران پڕ له کەڕامەتی پێ ببه‌خشێ، له هه‌مان کاتدا ده‌بێ له‌گه‌ڵ ژینگه‌که‌شیدا دادپه‌روه‌ر بێت”[[1]]
لە پاش تێپەڕبوونی بیست ساڵ به‌سه‌ر کۆنفڕانسی یه‌که‌م، لە کۆنفڕانسی جیهانی ژینگە لە ساڵی ١٩٩٢ دا، دوبارە جەخت لەسەر وابەستەبوونی دەسەڵاتدارە سیاسیەکان کرایه‌وه، کە پەیڕەوی سیاسەتێکی بەئەخلاق بکەن، جگەلەوەی مرۆڤی وەکو تەوەرێکی گرنگی گەشەسەندنی بەردەوام ئەژمار کرد، بە مەرجێ ژیانێکی شیاوی تەندروست و بەرهەمهێنەری هەبێت، کە بتوانێ لەگەڵ ژینگەکەیدا بە ئاشتی بژێت.
لە ساڵی ٢٠١٥ دا، نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداری ١٩٣ دەوڵەت، ئەجیندای ساڵی ٢٠٣٠ خستە ئاراوە، کە بریتی بوو لە حەڤدە ئامانج، کە لەناوبردنی هەژاری، یەکسانی رەگەزەکان لە خوێندن، فەراهەمکردنی ئاوی پاك بۆ هەموو کەس، پاراستنی ئیکۆسیستیم و فرەزیندەوەر و زۆر ئامانجی دیکەی ڕیزبه‌ند کرد، کە به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه هەمووی لە پێناو بنیاتنانی ژیانێکی ئاشتیانە و شایان بە مرۆڤی ئەم سەردەمە ده‌بێت.
ئەم هەوڵانەی لەلایەن ئەو لایەنانەوە دەدرێن، بۆ ئەوەیە کە سروشت به‌هاوسه‌نگی بمێنێته‌وه و بتوانرێ کۆمەڵگاکان گەشەیەکی بەردەوام بکەن و لە میانەی ئەو گەشە بەردەوامەدا، ژینگه بپارێزرێ، مافی مرۆڤ دابین بکرێ، بەرهەمی ئیکۆلۆژی ببێتە بەرهەمێکی خۆماڵی و کاریگەریەکانی سەر گۆڕانی کەشوهەوا کەمتر ببنەوە و زۆر کێشه‌ی دیکه‌ی ژینگه‌ی جیهان چاره‌سه‌ر بکرێن.
لەلای ژینگەناس و شارەزایانی ئەو بوارە ئاشکرایە، کە لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیەوە، بەتایبەتی لە سی ساڵی دواییدا و لەم سەردەمی گلوبالیزمەدا، ئەوەندەیتر ژینگە کەوتە ژێر چەپۆکی سەرمایەدار و دەسەڵاتداره سیاسیەکانەوە، بێ ئەوەی ڕەچاوی هیچ شێوەیەك لە شێوەکانی پاراستنی ژینگە و سامانەکەی بکەن، چاوبرسێتی ئەو سەرمایەدارانەی، سیاسیەکان پاڵپشت و هاندەریانن، ئەوەندە سنووری بەزاندووە؛ کە دەمێکە هێڵی سووری بڕیوە و ئاودیوی بەکاربردنی یەدەگی داهاتی سروشتی بوونە، ئەو داهاتەی بەشی نەوەی داهاتووشی تاڵان کردووە.
لە ناوەڕۆکی ڕاپۆڕتی (یانه‌ی ڕۆما) له ساڵی ١٩٧٢ دا، باس لە سنووری بەرهەمهێنان دەکات له جیهاندا، واتە واڵابوونی سنووری بەرهەمهێنان و ڕەچاونەکردنی بەرخۆری و به‌کاربردنی سامانی سروشتی، بەتایبەتی وزە و کان و کانزا، کاریگەری هەیە لەسەر گەشەی بەردەوام و بێبەشکردنی نەوەی داهاتوو لەو داهاتە سروشتیەی، لە میانەی تەمەنی مرۆڤایەتیدا دووبارە نابێتەوە. کێشەکە ئەوە نیە کە ئەم شێوازە بەرهەمهێنانە کلاسیکیە بووەتە سیاسەتی بازرگانی سەرمایەدارەکان، کێشەکە لەوەدایە ئەمڕۆ سیاسەتەکە بریتیە لە شێواندنی ژینگە و پەیڕەوکردنی سیاسەتی چاوبرسیەکان، بۆ دەستبەسەراگرتنی زیاتری ئەو سامانەی، لە زۆر شوێندا و لە کوردستانیش، بووەتە موڵکی تایبەتی سیاسی و دەسەڵاتدارەکان.
ئەگەر زۆر بە وردی لە سوتاندنی چڕە دارستان و جەنگەڵی ئەمازۆن بکۆڵیتەوە، دەردەکەوێت کە هۆکاری ئەو سوتاندنە، بۆ دەستکەوتی سەرمایەداری و بەرهەمهێنانە، بۆ فەراهەمکردنی ڕووبەری زەویوزار و چاندنی بەروبوومی کشتوکاڵیە، ئەو بەروبوومانەی داواکاری زۆری لەسەره بەتایبەتی لە ئەوروپا، وەکو سۆیا و گۆشتی ڕەشەوڵاخ، لێرەدا سیاسەتی بازرگانی بۆ دەسەڵاتدارەکان، بووەتە سیاسەتی دەوڵەت، لەبەرئەوەی سیاسەتمەدارەکان سیاسەتمەداری سیاسین.
کێشە ئابووریەکان لە کوردستاندا، لەگەڵ دۆزینەوەی نەوت و گازدا چڕتر و پەنهانتر بوون، هیچ بەرچاوڕوونیەکیش لە گۆڕانێکی بنەڕەتی دەرناکەوێ، بەڵام دیاردە تازەکان بۆ دەستکەوتی زیاتر، وێرانکردنی ژینگە، قۆرخکردنی زیاتری مافی مرۆڤ، دەمکوتکردنی ناڕەزایی، پیسکردنی هەوا و خاك و نانەوەی پلانی ژێربەژێر بۆ هاتنەدی مەرامی ئابووری چەند کەسێك، بەردەوام لە برەودایە، لەوانە سوتاندنی ڕوبەرە سەوزەکان بەتایبەتی سنەوبەرەکانی ڕێگای تاسلوجە و سوتانی دامێنی چیای گۆیژە، لێرەدا هەموو مافەکان دەکەونە ژێر پرسیارەوە، دەبێ بە مافە کولتوری، ژینگەیی، سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، دەروونی و ئیکۆنۆمیەکەی هاوڵاتی ئەم نیشتیمانەدا بچینەوە و بەتایبەت بوارە ئیکۆلۆژیەکەی، کە تیایدا مافی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە پێکەوە گرێ دەدات.
وێرانکردن سەوزایی و تێکدانی سروشت، بەشێکە لە دەستدرێژیکردنە سەر مافی مرۆڤ و سروشت، بەتایبەتی لە کاتێکدا لەوە دڵنیابیت کە تەنها لە خزمەتی دەسەڵاتێکی دوور لە پێوەرە مرۆڤایەتیەکانە، لە ئێستادا دەستدرێژیکردنە سەر سامانی سروشتی بەتایبەتی وزە لە باشوری کوردستاندا، تەنها ژینگەی پیس کردووە و هیچ خۆشگوزەرانی و گەشەیەکی وای نەهێناوەتە کایەوە، بەڵام سوتاندنی ڕووبەرە سەوزەکان، لەناووبردنی فرەزیندەوەر، بەفیڕۆدانی ئاو و بێ کەڵکی سیستەمی دابەشکردنی ئاو و چەندەها کێشەی ژینگەیی، کە جگە لەوەی ڕۆڵی گرنگ لە وێرانکردنی سروشت و تێکدانی ئیکۆسیستەمی زیندەوەر دەبینێ، گەشەی بەردەوامیش دەپوکێنێتەوە و مافی مرۆف پێشێل دەکات.
لێرەدا، مافی مرۆڤ و پاراستنی سروشت ده‌چنه ڕیزبه‌ندی گه‌شه‌ی به‌رده‌وامه‌وه، چونکه ناهاوسه‌نگی له به‌کاربردنی داهاتی سروشت، پشتگوێ خستنی ئیکۆلۆژی، به‌دکاری له به‌ڕێوه‌بردنێکی لۆژیکی ئیکۆنۆمی و ڕایه‌ڵنه‌کردنی چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌یه‌کسانی له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، کۆمه‌ڵگا شاش و له‌یه‌كترازاو ده‌کات، به‌ڵام کاتێ له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به ئه‌نقه‌ست سروشت وێران ده‌کرێ، ئیتر ڕێکاری هاتنه‌وه سه‌رخۆی کۆمه‌ڵگا و بیرکردنه‌وه له داڕێژانی چاره‌سه‌ر ب ۆئێستا، ده‌چنه خانه‌ی مه‌حاڵه‌وه.
تا ده‌ستی حوکمڕان له وێرانکردندا باڵا بێت، تا سیاسه‌تمه‌داری سه‌رمایه‌دار خاوه‌ن پرۆژه‌ی داڕمانی پێگه‌کانی پێشکه‌وتن بن، نه به‌نده‌کانی کۆنفڕانسه‌کانی جیهان بۆ ژینگه ده‌توانێ کار له‌سه‌ر گۆڕانه ئه‌رێنیه‌کان بکات، نه کۆمه‌ڵگایه‌ك فه‌راهه‌م ده‌کرێ که ڕوانینه‌کانی به‌ره‌و دواڕۆژێکی باشتر و خۆشتر ئاراسته بکات، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی به‌م شێوەیە به‌رده‌وام بێت، ڕێز لە سروشت نەگرێت، وزه تاڵانتر بکرێت، ژینگه پیستر ده‌بێت، ته‌ندروستی ناهه‌موارتر و شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگا هه‌ڵوه‌شاوه‌تر ده‌بێ.
[1] Declaration of the United Nations Conference on the Human Environment, Report of the United Nations Confer-ence on the Human Environment – A/CONF.48/14/Rev.1, Stockholm 1972.