فەڕەنسا چی لەھەرێمی کوردستان دەوێ؟

سەرکەوت شەریف: مامۆستای مێژوو لەزانکۆی چەرموو

لە چەند رۆژی رابردوو ئیمانۆیل مەکرۆنی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا سەردانی عێراقی کرد و زنجیرەیەك کۆبونەوەی چڕی لەگەڵ زۆربەی دەسەڵاتداران و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراقدا کرد. فەرەنسا ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و مافی ڤیتۆی ھەیە. ئەندامی ناتۆیە و دۆستی نزیکی ئەمریکا و درێژەپێدەری سیاسەتی ئەمریکایە لەناوچەکە و جیھانیشدا. لەھەمووشی گرنگتر ھاوشانی ئەڵمانیا ھاوسەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا دەکەن و ھۆکاری مانەوەو پایەی گرنگی بەھێزی یەکێتییەکەیە.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق

ئەم سەردانە بۆچی بۆ عێراق؟

١- ھۆکاری تورکیا: روونە ئێستا تورکیای ئەردۆگان چاوقایمانە دەستی کردووە بەدەستخستنە ناو کاروباری ژمارەیەک دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەتایبەتیش لیبیا و گەڕان بەدوای نەوت و گازی سروشتی لەرۆژھەڵاتی دەریای ناوەراست و سنورەکانی قوبرس و یۆنان، تورکیا پاش ئەوەی سیستەمی بەرگری ئێس ٤٠٠ کڕی لەروسیاو میساقی ناتۆی پێشێڵ کرد ھیچ متمانەیەکی لای خۆرئاواییەکان بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی نەھێشت، تەنیا پەیوەندی و شەریکایەتی ھەردوو زاواکەی ئەردۆگان و ترامپە وایکردووە لای ترامپیش جارێ بێ متمانە نەبێ. چوونی ھێزەکانی تورکیای بێ متمانە و گوماناوی دۆستی روسیا بۆ لیبیای ھاوسنوری ئاوی فەرەنسا ماکرۆنی تەواو قەڵس کردووە، ھەر بۆیە ماکرۆن و وەزیرەکانی کە پێشووتر سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بەئاشکرا بەنێچرفان بارزانیان وتووە ھەرێمی کوردستان دووربخەوە لەتورکیا و ناوەند بەھێزبکەن و لەوێوە مافەکانتان وەربگرن بەپێی دەستوور.

٢- ھۆکاری عێراقی: ئەمریکیەکان زۆرجار کە لەناوچەیەک رووبەرووی فشار یا شکست ببنەوە خێرا فەڕەنسا دێننە ناو بابەتەکەوە ھەروەکو ئەوەی لەسوریا کردی، ئێستا ئەمریکا ئەجێندای لەقاڵبدانی ئێرانی گۆڕیوە و ستراتیجی نوێ پیادە دەکات ئەویش بەھێنانە ناوەوەی فەرەنسا و بەھێزکردنی حکومەتەکەی کازمی کەبەدۆستی خۆیانی دەزانن، ھەر بۆیە ماکرون، نێچرفان بارزانی وەکو سەرۆکی ھەرێم و نوێنەری پارتی و لاھۆر شێخ جەنگی وەکو یەکێتی بانگی بەغدا کردوو بەروونی پەیامی پێدان یەکپارچەیی خاکی عێراق ھێڵی سورە و کەس نابێ ھەوڵی لاوازکردن و پەرتبوونی بدات.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *