چۆن لە ئازادی تێبگەین؟

رامان عوسمان کوردە

رامان عوسمان کوردە

رەنگە رەفتارەکانى سایە کەریم لاى زۆربەى خەڵک پەسەند نەبێ، بەڵام ئەگەر بوار نەبوایە چۆن کەسێکى ئاوا جەوهەرى خۆى دەربخستایە؟! رەنگە وەک هەزاران کەس تەمسیلى بکردایە و خۆى بەجۆرێکى تر نیشان بدایە. کەواتە ئەوە ئازادییە وا دەکات ئێمە جەوهەرى هەموو کەس ببینین. لە فەلسەفەى وجودیدا ئازادى بنەماى هەموو شتێکە. بوون بە ئازادییەوە پەیوەستە. وەک ساتەر دەڵێت: مرۆڤ مەحکومە بە ئازادى.

ئێمە ناتوانین چاک و خراپ لێکجیا بکەینەوە تا ئازادى نەدەینێ، بۆ ئەوەى خۆى بەیان بکات. ئازادى بۆ ئەوە نییە خەڵک بەدڵى کەسانى تر قسە بکەن یان خۆیان بەیان بکەن، بەڵکو فەلسەفەى ئازادى واتاى ئەوەیە خەڵک بەو جۆرەى خۆیان دەخوازن رەفتار بکەن و جەوهەرى هەقیقى خۆیان دەربخەن بێ ئەوەى ترسیان هەبێ.

تۆڕە کۆمەڵاتییەکان ئەمڕۆ گەورەترین مەیدانى ئازادین، چونکە لەم تۆڕانەدا فشارەکان لەسەر ئازادی کەم دەبێتەوە. خود سانسۆرى لەسەر تاک لاواز دەبێت. تاک جوانتر جەوهەرى خۆى و بیرورا و ئاستى بیرکردنەوەى خۆى دەردەخات. رەنگە ئەم دەرفەتە بێ وێنەیە کە ئەم تۆڕانە خوڵقاندوویانە پۆخڵەوات و تۆز و خۆڵیشى تێدا بێت، چونکە دەرفەتیان رەخساندووە بۆ هەموو کەس قسە بکات و بنوسێت و راى خۆى دەربڕێت کە لە مێژوودا شتى وا بوونى نەبووە! بەڵام لەهەمان کاتدا دەرفەتى رەخساندووە هیچ جۆرە بیروڕایەک شاراوە نەمێنێ و کۆمەڵگە شەفاف تر بێت و هەموو کەس بیروڕاکانى ئاشکرا بکات بێ ئەوەى ترسى هەبێت. هەروەها کۆمەڵگەو حزب و دامەزراوەکان فێر ببن لەگەڵ راى جیاوازدا هەڵبکەن و قبوڵى بکەن.

پەرلەمانتار رەنگە قەڵس و نیگەران بن لەوەى خەڵک لە کۆمێنت و پۆستەکاندا جنێویان پێدەدەن و قسەى ناشیا و دەکەن و رێز لەو پێگە وەهمییە ناگرن کە ئەوان لەمێشکى خۆیاندا سازیان کردووە! بۆیە دەیانەوێت بە یاسا دەمى خەڵک بگرن!

ئەوان نازانن ئەگەر دەمی خەڵک بگرن یان نا، جنێو و قسەى ناشیرین هەر بەرامبەریان دەکرێت، چونکە سروشتى ئیشى ئەوان و خراپى ئەدایان هەر ئەوەى لێ دەکەوێتەوە! تەنیا جیاوازییەکە ئەوەیە رەنگە جنێوەکان نەچێتەسەر شاشەکان!

بەڵام باجى ئەوە زۆر قورس تر دەبێت لەسەر سیاسەت و کۆمەڵگە، چونکە بەپێى هەموو تیۆرە زانستییەکان کاتێک سیستمێکى سیاسى و ئیدارى و ئابورى خراپت هەیە، ئەگەر دەرفەتێک نەبێ خەڵک بیروراکانیان بەشێوەیەکى مەدەنى دەرببڕن ئەوا سەرنجام بەشێوەى توندوتیژى و لەقاڵبى رێکخستنى توندڕەودا خۆى دەردەخات!

چارەسەرى ناشیاوییەکانى ناو نێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرزکردنەوەى ئاستى وشیارى تاکە نەک دەمکوت کردن. دەمکوت کردن پیشەى دیکتاتۆرە دۆڕاوەکانە، بەپێچەوانە وڵاتە ئازاد و کراوەکان لەگەڵ جیاوازییەکانى خۆیاندا هەڵ دەکەن و هیچ گروپ و کەسێک سەرکوت ناکەن، بۆ ئەوەى خۆیان بەیان بکەن و جەوهەرى خۆیان دەربخەن.

Check Also

ئەگەر لە بازنەیەکی سەرووی خۆمانەوە لە جیهان بڕوانین/ بەشی یەکەم

د.مەدیحە سۆفی گۆی زەوی لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەختی کێشەی جۆراوجۆردایە، کە ئیدی دەستی مرۆڤ ناتوانێت بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *