بەدیجیتاڵکردن: گواستنەوە بۆ قۆناغی دیجیتاڵ

کاروان بازیان

karwan BAZYAN
کاروان بازیان

لە سەردەمێکداین هەموو ژیان بووە بەدیجیتاڵ. کۆمپانیان و ئیدارە و دامودەزگاکان لەوە دەرچوون تەنها بەشێوەیەکی کلاسیکی ئیشوکارەکانیان بەڕێوەبەرن، بۆیە ناچارن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆژیای کۆمۆنیکەیشن خۆیانبگونجێنن، واتە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ دیجیتاڵ، کە ئەویش پێی دەوترێت پرۆسەی بەدیجیتاڵکردن digitalisation یان گواستەوە بۆ قۆناغی دیجیتاڵ، بە فەڕەنسی پێیدەوترێت La transformation numérique و بە ئینگلیزیش Digital transformation .

وشەی دیجتاڵ لە چییەوە هاتووە؟

بەدیجیتاڵکردن بریتییە لە پرۆسەو گواستەوەی کارێک، پرۆسەیەک، پیشەیەک، لە هەموو بوارەکاندا، لە قۆناغی تەقلیدییەوە بۆ قۆناغی سەردەمی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ، لە رێگەی ئامرازەکانی دیجیتاڵەوە. تا لەم رێگایەوە بەشێوەیەکی کاریگەرتر بتوانرێت کارەکان بەڕێوەببرێن. کە ئەمەیش کرۆکی بەدیجیتاڵکردنە و لەگەڵ سەرهەڵدانی ئینتەرنێت سەریهەڵداوە. ئامانج لێی بریتییە لە : خێرایی زیاتر، سیکوریتی، کوالیتی باشتر و زیاترکردنی قازانج. کە دواتر بە درێژیی باسی دەکەین.

بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی بۆ پێناسەکە چەند نموونەیەکی زیندوو دەهێنمەوە:

  • ئیمەیل جێگەی پۆستی گرتووەتەوە، کە لە سەرئێشەی بەڕێوەبردنی ئیداری بەشێوەی کاغەز رزگارمان دەکات.
  • بەدواداچوون بۆ ئەوفاتوورانەی کە پارەکەیان نەدراوە، لە رێگەی پرۆگرامی بواری بەڕێوەبردن لەسەر کۆپیوتەر – سۆفتوێر -.
  • کڕین لە رێگەی کێسی ئۆتۆماتیک لە سۆپەرمارکێتدا، کە ئەوەش وادەکاتی لەماوەکی کەمدا کڕیارێکی زۆر بەڕێبخڕێت و پێویستی بە کارمەندێک نەبێت.
  • خەزنکردنی داتاکان بەشێوەیەکی نامەرکەزی لەسە سێرڤەر کە دەتوانی لە هەر شوێێک بتەوێت ئیشی لەسەر بکەی.
  • سایتی ئینتەرنێت سەرچاوەی زانیاری، هاواڵ، رێنمایی، حیجزکردن و گڕینی شتومەک و خزمەتگوزارییە.

فاکتەرەکانی سەرکەوتنی گواستەوە بۆ قۆناغی دیجیتاڵ

– بەڕێوەبردن 

پێوىستە ئەوە لەبەرچاوبگیرێت کە دیجیتاڵ دابڕانێک درووستدەکات و دەبێتەهۆی کۆتایهێنان بە بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەلای یەک لەس یان لەسەر بنەمای رێکخستنی هەرەم. واتا بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای گۆڕانکاری و بڵاوکردنەوەی کولتووری دیجیتاڵ و ئیشکردنی پێکەوەیی لە تەواوی بەشەکانی ئەو کۆپانیایە یان ئەو بەڕێوەبەراتییەی ئیشی تێدا دەکەین.

– بەشداریپێکردنی هەموو کارمەندان لە خولەکانی بەدیجیتاڵکردن

تەواوی کارمەندان پێویستە بەشداری لە خولەکانی بەهێزکردنی بواری دیجیتاڵ بکەن. پێویستە پرۆسەی راهێنانی کارمەدان بەشێوەیەکی جدی وەربگیرێت و بە شێوەیەکی سیستەماتیک کاری لەسەربکرێت. واتا هەریەکە و لە بواری جیاجیا و پێویستی ئیشکردن راهێنانی پێبکرێت.

– فەراهەمکردنی ژینگەیەکی دیجیتاڵ بۆ کارمەندان

بۆ ئەوەی کارمەندان بتوانن پراکتیکی کارەکانیان بکەن پێوستە ژینگەیەکەی دیجیتاڵیان بۆ بڕەخسێنرێت. ئەویش بە فەراهەمکردنی پێداویستییەکانیان لە رووی ئامێر و رێکخستنی ئیداری.

– کرانەوە بەڕووی دەرەوە یان ئەوانی تردا

برەودان بە کرانەوە لە هەموو ئاستەکاندا بۆ هێنانەدی داهێنانی هاوبەش. هەروەها هاوبەشی پێکردنی زانیارییەکان بۆ بەشداری پێکردنی هەموو لایەک لە سیستەمەکە بۆ بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە کڕیار یان بەشداربووان.

سوودەکانی بەدیجیتاڵکردن

بەدیجیتاڵکردن وادەکان کارەکان بە سانایی تر بڕۆنبەڕێوە، بەتایبەتیش وا دەکات کە کارمەندان بەشێوەی کارکردنی هاوبەش کاربکەن. هەروەها دەبێتە دەستخستنی زیاتری بەرهەم و قازانجی زیاتر. وا دەکات بەکارهێنەران و کڕیاران زیاتر دەستیان بە بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان بگات. جگەلەوانەیش بەدیجیتاڵکردن وا دەکات چیتر ئیش لەسەر کاغەز نەکەین ئەوەیش بەسوودە بۆ داگیرنەکردنی جێگا، هەروەها دۆستی ژینگەیە.

سوودەکانی بەدیجیتاڵکردن بۆ دامودەزگا و کۆمپانیاکان 

  • خێرا رایکردنی کارەکان لە رووی ئیداری و رێکخستنەوە.
  • خێرایی کۆمۆنیکەیشن و ئاسانکاریی بۆ پەیوەندیکردن.
  • کەمکردنەوەی هەڵە.
  • دۆخ و ژینگەی کارکردنی کارمەندان باشتر دەکات.
  • بەدیارخستن بەشێوەیەکی روون و ورد بۆ ئەو بودجانەی کە تەرخانکراون، و هەروەها زیادکردنی قازانج.
  • باشتر ناسینی بەکارهێنەران و کڕیاران بەهۆی کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەریان، هەروەها خستنەڕووی ئۆفەر و ئەو چاوەڕوانیانەی کە بەکارهێنەران هەیانە.
  • کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر رکابەرەکان.
  • کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کۆمۆنیکەیشن، چونکە دەزانرێن ئامانجەکان لە کوێن.
  • بەهۆی بەرنامەی CRM – ئامرازی پەیوەندی کردن بە کڕیارانەوە-، بە ئۆتۆماتیککردنی هەموو پرۆسە و داتاکان کە ئەوەش وا دەکەن کۆمپانیاکان باشتر ئیشەکانیان بەڕێوەبەرن.

سوودەکانی بەدیجیتاڵکردن بۆ کڕیار یان بەکارهێنەر

  • دەبێتەهۆی جوانکردنی وێنەی کۆپانیا و دامودەزگاکە.
  • بەکارهێنەران بە ئاسانی دەتوانن پەیوەندی بە کۆپانیاکەوە بکەن، هەروەها دەبێتە هۆی درووستکردنی متمانەی زیاتر.
  • پێشنیارکردنی ئەو ئۆفەرانەی کە کڕیار بە دوایاندا دەگەڕێت یان ئارەزوویان دەکات.
  • رەزامەندی زیاتری کڕیاران، هەروەها کڕیاران بە ئاسانی و بەخێرایی دەتوانن پەیوەندی بە فرۆشیارەوە بکەن دوای کڕینی پێداوستییەکانیان ئەگەر هەر شتێکیان ویست تا بیزانن.
  • کڕیار بە ئاسانی دەتوانێت بەراودبکات لەنێوان شمەک و پێداوستییەکانی تا بتوانێت ئەوە هەڵبژێرێت کە جێگەی رەزامەندییەتی.

پێداویستییەکان بۆ بەدیجیتاڵردن

– سێرڤەر

زاراوەی سێرڤە بریتییە لە ئامێری تایبەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کڕیار و بەکارهێنەر. ئەو خزمەتگوزارییەش خۆی لەمان دەبینێتەوە:

  • کۆنێکتکردن بە وێب
  • نامەگۆڕنەوە
  • خەزنکردن و پەیوەندی کردن بە بانکی زانیارییەکانی
  • پاراستنی زانیارییەکان

– سۆفتوێر

بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان پێوستی بە سۆفتوێر هەیە، بە تایبەت Enterprise Resource Planning پلانی سەرچاوەکانی کۆپانیا، Customer Relationship Management بەڕێوەبردنی پەیوەندی بەکارهێنەران، بەڕێوەبردنی پارەدان و ژمێریاری، بەڕێوەبردنی سەرچاوەمرۆییەکان، بەڕێوەبردنی لۆژستی، هتد.

– سایتی ئینتەرنێت

سایتی کۆمپانیا و دامەزراوەکان پێویستە زانیاری پێویستیان تێدابێت و هەمیشە ئەپدەیت بکرێن. سایت گرنگە بۆ : وەرگترینی زانیاری، رێنمایی بەکارهێنان، مەوعید دانان، کڕین … هتد.

– ئەپلیکەیشن

سەرەڕای بوونی سایتی ئینتەرنێت، بوونی ئەپلیکەیشنیش گرنگە، چونکە لە ئێستادا داتوانین بڵێین تەواوی بەکارهێنەران سمارتفۆنیان هەیە و بەکاریدێنن. ئەپلیکەیشن بریتییە لە بەرنامەیەکی سۆفتوێر، درووستدەکرێت بۆ سمارتفۆن و تابلێت، چەندین سوودی هەیە:

  • لە رووی بەکارهێنانەوە خێرایە.
  • لەرووی ئینتەرفاسەوە سادەیە و بە ئاسانی داتا و زانیارییەکان لەسەری دەدۆزرێنەوە.
  • هەندێ ئەپلیکەیشن هەن دەتوانرێت بەبێ تۆڕی ئیتەرنێتیش باکاربهێنرێت (ئەوەش پەیوەستە بە درووستکردنییەوە کە دەکرێت وا درووستبکرێت بەبێ تۆڕی ئینتەرنێتیش بەکاربهێنرێت).
  • لە رێگەی ئەپلیکەیشنەوە ئاگادارکردنەوەمان پێدەگات notifications.
  • درووستکردنی متمانە لای بەکارهێنەر، چونکە هەمیشە لەسەر بیرۆی مۆبایلەکەیە.
  • بازاڕی زیاتر پەیدادەکات، چونکە خاڵی نزیکبوونەوەی نێوان بەکارهێنەر و دامودەزگا یان کۆمپانیاکەیە.

– نیوزلێتەر

نیوزلێتەرnewsletter زاراوەیەکی ئینگلیزییە، بریتییە لە ئیمەیلێکی بازرگانی کە دیزاینێکی تایبەتی هەیە و بەشێوەکەی دەوری: هەفتانە، دوو هەفتە جارێک یان مانگانە، دەنێردرێت بۆ بەشداربووان. ناوەڕۆکی نیوزلێتەر دەکرێت هەڵبژاردەیەک بێت لەو بەرهەمانەی کە دەمانەوێت بیانفرۆشین یان هەندێجار بریتییە لە زانیاری.

لە کۆتایشدا پێیوستە ئەوە بزانین بەدیجیتاڵکردن تەنها بریتی نییە لە هەڵبژاردنێک بەوەی کە ئەگەر ویستمان بیکەیەن ئەگەریش نا پشتگوێی بخەین، بەڵکو بۆ هەموو کۆپانیایەک و دامودەزگایەک پرۆسەیەکی ئیجبارییە.

بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوە فەڕەنسیانە وەرگرتووە:

Check Also

٨ی ئازار، بەرەو ڕۆژێکی نوێ

ڕۆژێکی نوێ بۆ پاراستنی مافی هەموو مرۆڤێک بۆ داکۆکی لە گشت ئازادییەک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *