كۆرۆنا : پەلاماردانى سروشت بێ باج نییە

رامان عوسمان كورده‌

جۆرە مرۆڤى Homo – Erectus زیاتر لە ٢ ملیون ساڵ ژیاون، جۆرى ئێمە ٢٠٠ هەزار ساڵێکە سەروکەلەمان دەرکەوتووە! ئاخۆ بەنیازین ریکۆردى ئەوان بشکێنین؟ زۆر لەوە ناچێت ئەقڵمان بەوە بشکێت بەو پێیەى خەریکین هەرچى سەرچاوەى سروشتە لە ئاو و خاک و نەوت و کانزایە بەخێرای دەرى دەهێنین. لەو لاشەوە ژینگەمان تێکداوەو بەخێرایی خەریکى قڕکردنى ماسییەکان و گیاندارەکانى ترین و لەقووتوویان دەنێن بۆ رەفەى مارکێتەکان. دارستانەکان دەکەین بە کلینکیس بۆ تەوالێتەکان ئەوەندە بەخێراى ئەم شتانە دەکەین وەک ئەوەى دواى ئێمە ئیدى نەوەى تر و ساڵ و زەمانى تر نەبێ.

ئەم باردۆخە یەک هۆکارى زۆر زەقى هەیە، دەوڵەمەندبوون و کەڵەکەکردنى سامانه‌ بەخێرایى. ئەمە سەرى کێشاوە بۆ ئەوەى هەرچیمان بەردەستکەوت وەک پارە بیبینین و مانایەکى بازرگانى پێ ببەخشین.

نمونەیەک

ساڵى پار لە بازارى سلێمانى فرۆشتنى گوڵى نێرگز بە ڕەگەکەیەوە سەرى هەڵدابوو بۆ ئەوەى خەڵک بیبەن بۆ ماڵەکانیان و لە حەوشەو باخەکانیاندا بیڕوێنن. ئەمە واى کردبوو خەڵکانێک ئەو دەشت و دەرە بگەڕێن و هەر بنە نێرگێزێکیان دەست کەوت بەڕەگەوە هەڵى بکەنن و بهێنن بۆ شار و بیکەن بە دوو عانە. ئەمەش واتا بنەبڕکردنى نێرگز لەدەشت و دەر! خۆشبەختانە قائیمقامى سلێمانى فریاکەوت و قەدەغەى کرد.

بەداخەوە ئەم بەڵایە هەر رووى لە نێرگز نەکردووە. زۆربەى گیا کێوییەکان و لە قنگر و رێواز و تەنانەت گیاندارە کێوییەکان و گەلێ شتى ترى گرتووەتەوە. هۆکارەکەش ئەوەیە ئەو کەسەى بۆ فرۆشتن ئەم شتانە کۆ دەکاتەوە زۆر تەماح گیر و چاوچنۆک دەبێت و دەست ناپارێزێت و بەبڕى زۆر دەیانهێنێتەوە.

ئەمە بۆ ئاستى جیهان و شتەکانى تریش هەر وایە. کەسێک بۆ حەزى خۆى ماسى بگرێت، بە تەن نایگرێت و قەناعەت بە چەند ماسیەک دەکات، هەزاران قرش ناکوژێت بۆ ئەوە بە پەڕەکانى شۆربا ساز بکات، یان ناچێت بە هەزاران شەمشەکوێرەو پەنگۆلین بە قاچاغ راو بکات بۆ ئەوەى بیکات بە شلەو عالەم توش بکات.

مرۆڤ لە٦٠-٧٠ ساڵى رابردوودا کارێکى بەسەر زەویی و ژینگە هێناوە بە درێژایی مێژوو وێنەى نەبووە. خۆپەرەستییەکەى چووتە ئاستێکەوە ئەگەر هەموو زەویش قوت بدا هێشتا ئۆخەى ناکات. وەک چۆن مادەى بێهۆشکەر و تریاک بارزگانى کردن پێیانەوە یاساغە، دەبێ لیستێک لە شتەکانى ناو سروشت هەبێ کە نەکرێن بە کەرەستەى بازرگانى و پارە پەیدا کردن. ئەگەر کەسێک حەزى لەماسى دەریایە، یان دڵى بۆ رێواس و قنگر دەچێ، با خۆى بچێت و زەحمەت بکێشێ بەشى خۆى راو بکات یان بهێنێتەوە، ئەگەرى ناتوانێ دیارە شایستەى خواردنیان نییە.

ئەبێ کۆرۆنا ئەو دەرسە بە حکومەتەکان و خەڵک بدا کە ئەم پەلاماردانەى سروشت بێ باج نییە؟!





رامان عوسمان كورده‌

نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

Check Also

تابوو یێ هزر و فه‌لسه‌فێ

جوان عزەت هه‌ر ژ سه‌رده‌مێ سۆكرات بگره‌ هه‌تا دگه‌هیته‌ سه‌رده‌مێ ده‌ستهه‌لاتداریێ دیرۆكا مرۆڤاهیێ دگوت: “هزر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *