توانا حه‌مه‌نووری
له ڕووداوێکی تیرۆریستی‌دا، گه‌نجێکی ته‌مه‌ن بیست و دوو ساڵ ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی کردووه و تووشی نه‌خۆشی کۆرۆنای کردووه. ئه‌و تیرۆریسته به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکو به‌هۆی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه چووه بۆ سه‌یران. ماچوومووچی له‌گه‌ڵ چوار هاوڕێیدا کردووه. ئێستا دوانیان گیانی له‌ده‌ستداوه و دوانه‌که‌ی دیکه‌شیان باری ته‌ندرووستیان ناجێگیره. به‌ده‌ر له‌وه‌ش، له‌گه‌ڵ گرووپێکدا به‌شداری له هه‌ڵپه‌رکێدا کردووه، که پێکهاتبوون له 25 که‌س. هاوکات دوای بڵاوبونه‌وه‌ی کرده‌وه تیرۆریستییه‌که، ئێستا ئه‌و بیست و پێنج گه‌نجه و خانواده‌کانیان ده‌ستبه‌سه‌رکراون. هه‌ر وه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌کانیش به‌رده‌وامه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که خانه‌واده‌ی ئه‌و به‌رکه‌وتووانه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ کێی تردا کردووه تاکو ده‌ستبه‌سر بکرێن. دوای لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌لایه‌ن ئاسایشی پزیشکییه‌وه، ده‌رکه‌وتووه، نزیکه‌ی سێ سه‌د که‌سی تریش تێکه‌ڵاوی خه‌ڵکی تربوون و سه‌ردانی چه‌ندین شوێنی هه‌ستیاریان کردوه. له‌وانه، یه‌کێكیان سواری پاسێکی 45 نه‌فه‌ری بووه و گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و نه‌فه‌رانه به‌رده‌وامه، به‌ڵام ناسنامه‌ی هیچیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. هاوکات، یه‌کێکی تریشیان به‌شداری نوێژی جه‌ماعه‌تی کردووه له‌گه‌ڵ 200 نوێژخوێن، له ئێستاشدا هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وامن بۆ دۆزینه‌وه‌ی نوێژخوێنه‌كان. که دوو پزیشک و چوار پۆلیسی تێدا بووه و به‌هۆیه‌وه دوو نه‌خۆشخانه و چوار بنکه‌ی پۆلیسیش داخراون و خراونه‌ته که‌ره‌نتینه‌وه.
به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئه‌ندامی خێزانێک سه‌ردانی بازاڕێکی گه‌وره‌ی کردووه و دووکان به‌دووکانی بازاڕه‌که گه‌ڕاوه و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی دووکانداره‌کاندا کردووه. به پێی پێشبینییه‌کان، ئه‌و خانمه ده‌ستی له که‌لووپه‌لی نزیکه‌ی چل و پێنج دووکان داوه و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دووكانداره‌كان کردووه و به‌ته‌نیشت سه‌دان که‌سیشدا تێپه‌ڕیووه، له‌کاتێکدا گه‌رمی له‌شی به‌رزبوه‌ته‌وه و کۆکه و هه‌ڵامه‌تێکی قورسیشی هه‌بووه.
به پێی لێکۆڵینه‌وه‌کانی حکومه‌ت، ئه‌و تیرۆریسته ده‌یان هه‌زار که‌سی کردووه به قوربانی و دۆخه‌که له کۆنتڕۆڵی حکومه‌تدا نه‌ماوه، بۆیه باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که‌س له‌ماڵ ده‌رنه‌چێت، چونکه پریشکی کرده‌وه تیرۆریستییه‌که گه‌یشتووه‌ته هه‌موو په‌ناو قوژبنێکی شاره‌که و له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا، ئاسه‌واری کرده‌وه‌که له‌و که‌سانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که پریشکی کرده‌وه‌که‌یان به‌رکه‌وتووه.
هاوڕێیان، ئه‌م چیرۆکه ته‌نز نییه، هه‌روه‌ها خه‌یاڵیش نییه، به‌ڵکو ئه‌مه واقعێمه که ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕوومانبوه‌ته‌وه. هیوادارم په‌ند و وانه‌یه‌کی لێوه وه‌ربگرن. تکایه که‌س له‌ماڵ ده‌رنه‌چێت، راسته له ئێستادا شتی وا رووینه‌داوه، به‌ڵکو ده‌کرێت له‌مه‌ش خراپتر رووبدات.