(8 ئازار) لە بۆنەی ڕۆژانی جیهانی ژنان چۆن ژنان و پیاوان ده‌ردەدڵی خۆیان دەرەبڕن؟

Image: Alexandr Ivanov

هەشتی (٨) مارس بۆنەیەکە ساڵانە لە ڕۆژهەڵات وەک کلێشەیەک دووبارە دەکرێتەوە. تا ڕادەیەک دەجاکێندرێتەوە، بە دەستی ئەنقەست و بە شاراوەیی  پەراوێز دەخرێ، ئامانجی سەرەکی  و ڕاستقینەی لەیادکردنەوەی ئەم ڕۆژە وەلاوە دەنرێت، ئەگەر بکرێت قەدەغەش دەکرێت. لە خەباتی ئەمڕۆی ژنان بۆ ماف و دەسکەوت و نەهێشتنی توندوتیژی، دنیای ئەمڕۆ بۆتە دوو بەش، بەشێکیان سەر بە وڵاتان ڕۆژهەڵاتە و ئەویتریش لە ڕۆژئاوا.  

ترێ محمود

دەردەدڵی من؟  کوا مافی ژن؟ هەزارویەک ڕیکخراو هەن، بەڵام بۆگیرفانی  خۆیانە، هیج مافێکی ژن ناسێنن بەدوای؟  پارە و بێ  قیمەتیەوەن

فرمێسک علی

سوکایەتیکردن بە ژن با بەس بێت بەکارھێنانی ژن بۆ بەرژەوەندی و ناچارکردنی بۆ دوو فلسە دینار و دەستدرێژکردنە سەری و کوشتن و بڕینی با بەس بێت.

بوشرا زەنگەنە

روژي ژنان روژيكي پيروزه ريزگرتن له ژن و خوشەويستي بوي به نرخي خوت دەسەلمێنێت.

پارسا میر

ژن ھێشتا بە چاوێکی کالاکڕین و ئیشکەری ماڵەوە و بەخێوکەری ماڵەوە سەیر دەکرێت. ھێشتا دەبێ ھەنگاوی جیدی بدرێت کە بە چاوی یەکسان لەگەل رەگەزی بەرامبەر سەیر بکرێت. دەتوانم بلێم ژنیش ھەنگاوی باشی وناوەو قوربانی زۆریشی داوە تا ئەو بەربەستانەی شکاندووە، بەڵام پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندار و رێکخراوەکان ھەنگاوی جیدی و بنبڕکردن بنێن بۆ ئەو ستەماکرییەی کە ھێشتا بەرامبەر بە ژن دەکرێ. رۆژی ژنانیش پیرۆز دەکەم لەو پیاوانەی کە ھەمیشە ژن بە تەواوکەری خۆیان دەزانن.

ئەمیرە عەزیز

دەردە دڵی من هەندی لەم مەلا فیکر داعشیانە ئەمرۆ بوون بە موتەکەی کومەڵگا! بۆ خۆناساندن و گەورەبوونی خۆیان کومەڵگا کۆیر دەکەن.

دڵسۆز زەنگەنە

۸ی مارس ئەورۆژە کەدەبێ ئیمەی ژن هەڵوێستەیەک بکەین ئاورێک لەساڵی رابردومان بدەینەوە بزانین چەند ناهەقی بەرامبەر کراوە! خواردنی مافەکان چەندهێندبووە لەو رۆژەدا بریار بدەین کە یەك دەنگ بین بەرەنگاری پێشلکاریەکان بوەستێنن، زیاترو زیاتر خۆمان بسەلمێنین.

سۆز بابان

دەردە دڵی من  و ژنان  کولتووری سەقەت، یاسا بەناو یاسایە،    پیاوانی ئیستا بۆ ژن دین و شەرع دێننەوە ڕێگە پێدراو کاکی برام تۆ مافی یەک ژنت پی ڕچاو ناکرێت چوار ژن جێ ژنی دووەم  دێنیت دەسبەرداری ژنی یەکەمت دەبیت. ئەوکات چوار ژن ڕێگە پیدراوبوو    ماف هەبوو قەناعەت هەبوو ژیان سادە بوو.  پیاوەکانی ئەوکات کاتێ ژنی دووەمی دەهێنا وازی لە ژنی یەکەم نەدەهێنا.   تۆ داوای مافی خۆت دەکەی تۆی پیاو، بۆ ماف نادەیتە هاوسەرت ئەویش وەک تۆ مرۆڤە؟ چی بۆ تۆ پیویستە ئەویش بەهەمان شێوە. داوا لە ژنان دەکەم بەسە ئیتر ترس و کویلەبوون و زوڵم. قبوڵی مەکەن، تۆی ژن بۆ ژیان زەواج دەکەی نەک لێدان و سووتان و کوشتن و کۆیلایەتی یاسا سە روەر بێت. ژن ژیانە.

نازە کوێستانی

توندوتیژی بەرامبەر ژن ڕۆژ بە ڕۆژ لەپەرەسەندندایە. بابزانی زۆرێک هەرلەماڵەوە زیادلەپێویست چەوساوە و لێدانی لەسەرە لەبەر عەیبە قسە ناکات. نازانم ئەمانە چارەسەریان چیە؟؟؟

خۆزگە هەندێک ژن ئەوەنە دەست بەسەروچەوساوە نەبوایە.

سەرگوڵ خانمی بابان

دەردە دڵی من ئەوەیە تاکەی بەدڵی خۆم نەژیم وا خەریکە ئەم دنیایە جێ دێڵم نەمتوانیوە بەدڵی خۆم هەڵسوکەوت بکەم!!

ڕوناک زندی

من سروە عوسمان / نووسەرو شاعیر …

بە دەقێکی شیعری بەشادار دەبم کە هەموو هەست و سۆزو نەهامەتی و ئەندێشەی ژن لەو ڕۆژەدا باس دەکات …

”هەشتی مارس و ژن”

هەشتی مارسم بۆ چیە

کە گشت ڕۆژەکانی ساڵ بۆ ژنبوونم ئەنفال بێت؟

تەنیا ڕۆژێک پێناسەی ژنبوون بێ!

دەبا ئەو ڕۆژە شوومەش هەر نغرۆ بێ، بە نەفرەت بێ

دیاری و گوڵەکان بۆ 8 ی مارس هەڵمەگرن،

چی لەو یادە سوواوەکەم؟

کە من تێیدا مۆمیاکراوبم!!

کە هەمیشە بێبەش و لەبیر کراوبم!!

سەرجەم بەهارەکانی ژیانم بەبەر چاوی

تەمەنی پڕ سۆزی ژنبوونمەوە دێن و دەچن

کە من لەهەموو ساتەکاندا هەر ژنبووم 

تەنها لە چاوی پیاوبوونی تۆدا ـ نا ! 

لە چاوی ئەوانەی برسین بەجەستەی من ـ نا ! 

لە دیدی ئەوانەی ژنیان بۆ شەوێکی سوور دەوێت ـ نا !  

کەی وەک هەنگ ڕوانیتە گوڵ لەلانکی مێژووی ژنان،

هەر ئەو کاتە ۸ی مارسەو خۆشترین ڕۆژە بۆ من!

ئەی پیاو:

گومان لەهزری پیاوبوونی خۆتدا بسڕەوە …    

بەشانازییەوە من ژنم و هەر ژن دەبم …

ـ ئاخ گەر دەزانیت ژنبوون شانازیی سروشتمە!

ـ ئاخ گەر دەزانیت ژن خۆی جوانترین سروشتە!

ئەو دەمە هەروەک سپێدەی بەیان

سپی سپی پاک و بێگەرد

وەک خۆشەویستەکەی جاران لێرە دەبم

هەم ژنە میهرەبانەکەم و هەم دایکە پڕ سۆزەکەم …  

تۆش بەسادەیی ژن لەمن بڕوانە ئەی پیاوی هاوتام،

کەمن هەر لەبوونمەوە بۆ تۆ هێلانەی ئەوینم،

هەمیشە وەک دوو بەهارم و هەر لێرەم

بە عیشق و خۆشەویستی و باوەشەوە

٭ هەی ژین هەی ژین ٭ ت بۆ دەڵێمەوە…  

ڕۆژەکانم بەخێرایی دێن و دەچن،

مانگەکان وەک تەلیسم بە بەرچاوم گوزەر دەکەن،

گۆڕینی وەرزەکانیش بەداماڵینی بەرگەکانیان 

هەست پێ دەکەم …

کە هەشتی مارسیش بەژنانە دێتەوە،

من هەر ژنم،

چاک دەزانم ساڵێکی تر لەتەمەن و

لۆچێکیتر لەنێوچەوانم زیاد دەکەن!

کەی هەست بەژنبوونم دەکەی؟

هەموو شەقام و کۆڵانەکان بۆ پیاسەیە ـ

بۆ ئەو ڕەوایە و بۆ من ـ نا !

هەموو باخچە و پارک و شوێنە خۆشەکان

بۆ حەسانەوەیە، بۆ ئەو ڕەوایە و بۆ من ـ نا!

هەموو چایخانە و قاوەخانەکان

جێی کات بەسەربردنە ـ

بۆ ئەو ڕەوایە و بۆ من ـ نا!

کوشتن و بەردباران ڕەوایە بۆ من …

ئازاردان و لێدان و سووتان خەڵاتە بۆ من …

هەرچی لە ویژدان و مرۆڤایەتی

بە دووربوو، حەڵاڵە بۆ من …

کە هەشتی مارسیش بەژنانە دێتەوە

بیری دەکەوێتەوە!

یان ڕاگەیاندنەکان وەبیری دەخەنەوە

کە من ژنم، کە من هەم!

بێ ئاگا لەوەی ساڵانێکە

بەدووای دۆزینەوەی ژنێتیمدا وێڵم …

دەمەوێ بە شیعر …

سێبەرێک بۆ ژنە سووتاوەکانی بەر گڕی دۆزەخ چێ بکەم …

ببمە سایە و ژیانیان ئاسوودەکەم،

فێرە یاخیبونیان بکەم …

گوێیان پڕ بانگی ئازادی بکەم،

دەمەوێ ژنە سەرگەردانەکان

لە پێدەشتێک کۆکەمەوە و

ڕەشماڵێکیان بۆ هەڵدەم،

بیانپارێزم،

بیانپارێزم لەزریانی بێبەزەیی ئاسمان و

لە تۆفانی نەفرەتی ئاین و

لە چاوی پیسی کەمتیارە پاشوو نزمەکان،

پەنایان دەم … داڵدەیان دەم …

چارەنووسیان بۆ بگۆڕم …

ئەوە دیسان هەشتی مارس هاتەوە،

چیتان هەیە بۆ ئێمەی ژن … هەڵیڕژن …

دووبارە دەیڵێمەوە ئەی پیاوی هاوتام:

کەی ڕوانینت بۆ گشت ڕۆژەکانی پێکەوەبوونمان

هەشتی مارس بوو،

بێگومانبە من هەر لێرەم ـ من هەر ژنم!

هەموو ڕۆژەکانی ژینت بۆ دەکەم بە مارس و

خۆشمدەوێیت بەهەموو بوونم …

                (سروەی بەیان)

بڵاوکراوەی کتێبی “هەناسەکانی ژنێک”  

سروە عوسمان

من ده ڵێم پێویسته ژنی کورد بۆخۆی خەبات و تێکۆشان بکات لەپێناوی سەپاندنی خۆی، کاتێ توانی خۆی هەبێت ئەو دەمه دەتوانێت بەری رەنجی خۆی بکاته بنیاتی سەربەستی و ئازادییەکانی.

احمد عارف

ھەڵەی ژنانی کورد ئەوەیە کە پێیان وایە مافەکانیان لە چنگی کەسێک یان ڕێکخراوێکدایەو دەبێت پێیان بدات! دەبێت مرۆڤ فێربێت و پێبگات. ماف نادرێت بەڵکو ھەموو مرۆڤێک خۆی بەرپرسە لە مافی خۆیی و بوێریی خۆی. مرۆڤێک کەخۆی چەتری کۆیلەیی لەسەر ژیانی خۆی ڕاگرتبێ بە ھەزار کەس و ھەزار ڕێکخراو ئازاد ناکرێت! باشتر وایە مرۆڤ پێش ھەموو کەس خۆی تاوانبار بکات ئەگەر ڕێگەی دا سوکایەتی پێ بکرێ، یان مافی زەوت بکرێت…

ناسک واحید

بەڕای من ژنانی باشور لە فەڕاغێكی هوشیاری قوڵا دەژین، نەخۆیان ئامادەگیان تیایە خۆیان هوشیاربكەنەوە، نە هیچ جیهەت ولایەنێكیش ئەم ئەركە ناگرێتە ئەستۆ! زنجیرە هوشیاریەكی فراوان و مەودا دوور دەستپێبكات بۆ ژنان (كە دڵنیام كەسانێكی زۆرهەن ئەسڵەن نایەنەوێ ژن هوشیار بێت، چونكە بەرژەوەندیان لە ناهوشیاری ژندایە).

سەرەڕای دژایەتی و ملشكاندن و یەكتر ناشرینكردنی خودی ژنان لەنێو خۆیاندا، ئەونەی ژن قوربانی دەستی ژنە هەر ئەوەندەش قوربانی دەستی پیاوانێكە، كە ئەمە پرسیارێكی گرنگەو دەبێت لەخودی ژنان بكرێت بۆ ئەوها خۆخۆرو نایەك دەنگن و قوربانی دەستی یەكترن كە پێویستی بە ئیشكردنی جیدیە بۆ چارەسەركردنی ئەمە.

لەرۆژی هەشتی مارسدا گرنگە ژنان شەڕی چەسپاندنی مافەكانیان و ئامانجەكانیان و دروستكردنی ژینگەیەكی ئارامی بن. لانیكەمی كەمکردنەوەی توندوتیژی و لەبازنەی دروشم و قسەی بێ كردارو چەند وردە چالاكیەكی لاوازو كەم دەریکەن. كاریگەر بێنە دەرەوە، و بایكۆتی سەرجەم ڕێكخراوەكانی ژنان بكەن و خۆیان بێبەری بكەن لەوەی چاوەرێی كۆمەڵە رێكخراوێكی حیزبی بن تا پارێزگارییان لێبكات و دیفاعكەرێكی ساختەو درۆزنی ژنان بن.

لەكۆتاییدا ئەڵێم، گرنگە ژن یەكگرتوو بێت، یەكدەنگ بێت، كاتێك ژنێك دەكوژرێت، توندوتیژی بەرامبەر دەكرێت، گرنگە بێ دەنگ نەبن فشاری جیدیان هەبێت. ژن، خۆیەتی ئەگەر بیەوێ دەتوانی مافی خۆی بسەنێ نەك چاوەرێی ڕەحمی ڕێكخراوەكانی ژنان بكات!

ئاڤان محمد

دبێت هەموو روژێك پەیاممان هەبێت. پشتگیرو داکۆکیکار بین بۆ داواکانمان. په یامی ئاشتی و لێکگەیشتن لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر بەمەبەستی ژیانێکی ئاسووده و خۆشگوزەران تا کومەڵگا تەندروست بێت.

کویستان اکرم فرج

سه رۆکی شارەوانی هەڵەبجه

ئه‌و ئازاره‌ی له ژیانمدا له هاوره‌گه‌زه‌کانی خۆم بینیومه تا ئێستا هیچ پیاوێک ئه‌ونده ئازاری نه‌داوم! کەواتە، په‌یامی من بو رۆژی ژن: ژنت خۆش بوێت.

تروسکە توتاکیجی

گلەییم لە کەناڵە تەلەفزیۆنەکانە کە لەجیاتی ببەردەوامی ڕیکلام بۆ کاڵای ھێنراو دەکەن با ١٪‏  پەیامی خۆشەویستی و ڕێز بۆ ژنان و مناڵان بنووسن! پەیامی یاسایی بنووسن کە دژی دەستدرێژیکردن بێت، بۆ ژیانیان، پشتگیری لەو کەسانە بکەن کە تاوانیان لێکراوە نەک شاردنەوەیان.

ئاسیا مەجید

تەواوی ئازادیخوازان ناتوانن ژنێک ئازادبکەن! ئەگەرخۆی باڵی فڕینی نەبێت… ژن کراوە بەکاڵاو لەبازاڕی باوەڕداران و سیاسیەکاندا مامەڵەیان پێوەدەکرێت. ژن کارگەی وەبەرهێنانی مناڵە… لای زۆرینە وادەبینرێت! ئازاری ژنێک، برینێک لەسەرجەستەی شەکەتی مێژوو تۆماردەکات. لەهەر۲٤ کاژێرێکدا، ژنێک دەبێتە قوربانی کولتوورێکی بەزۆرسەپێنراو، پەت، فیشەک، چەقۆ لەسەرگەردنی ژن دانراوە، گەر خۆی بەکارهێنەربێت یان نا ئەوا بکەر دەوروبەرو کۆمەڵگایە. ژن لەژیان دەربهێنێت ئەوا یەکسان دەبێت بە سفر! ژن دەبێت بجەنگێت تا ماف و ئازادی بەچنگ بێنێت، نەک چاوەڕێبێت لەسەرسینی نادادپەروەری فەرمووی لێبکرێت تا وەریگرێت! تاکو ژن ئازادنەبێت کۆمەڵگاش ئازاد نابێت. تەوقی دیلێتی بشکێنن بیروهۆشتان ئازادکەن، تا ژیان جوانی و بەردەوامی لەدەست نەچووە. ژن، ژیان، ئازادی.

نیشتیمان ــ زامی دڵی نیشتیمان

دەستان خۆش منیش بەژدار ئەبم دەردە دڵ و گرفتی ئێمە ژن زۆرو فرە ڕەنگە لە کۆمێنتی ترا ڕوونتر ئەنووسم

ئاشتی عارف

ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا هەمیشە لەژێر زەبرو ستەمدان هەرگیز ناهێڵن ئازادبن، چونکە داناو ژیرن کۆنەپەرستان لەهەموو دەنگێکی ئازاد دەترسن!

تەنیا کەریم

دەنگی ژنان لە رۆژئاوا بە هیچ هێزێک کپ ناکرێت، بەڵکو دەنگی ژنان بەرخودانی ژنانی رۆژئاوا بۆتە بە سەرمەشقی هەموو ژنان لە دنیا. لە باشور ژن بەڵێ بەکویلەکراوە، تەنها خەمی زیڕو مکیاج و جەراحی پلاستیکین، نازانن لە ژیر ئەوەدا چی هەیە!؟ لە نەوەتەکان لە هەموو شاری سلیمانی دوو ژنی مەحجبەت نەدەبینی، پارسال هاوین دوو رۆژ لە سلیمانی بووم بە گەرمای ٥٠ پلە، ژنان لەبن حیجاب و سەرپۆشدا  هیندە زۆربوون… زۆر سەیرە!!

محمد احمد پور

لەهەشتی مارسدا بۆکچان و ژنانی گەریلا ئەم شیعرەم نوسیووە پێش کەشی سایتەکەتان بێت:

ئەی گەریلای لێو بەخەندە

شۆخی پڕ میهرو جوانی

ڕوخسارت بەوێنەی مانگە

چونکە ئارایشت نازانێ

تۆلەبری ملوانکەی زێڕ

فیشەکدانت والەگەردن

خەوبەسەربەستی ئەبینی

مل کەچ ناکەی تاکو مردن

ژوانی تۆلەسەنگەرتە

شاخ ودوڵ وبن دارێکە

هاوژین و ئەوینی تۆ

تفەنگ و فیشەک دانێکە

ئەی کچی بەرزی ووڵاتم

ئیلهامی شیعری جوانم

مەشخەڵی ئازادیت پێ یە

بۆگەل وبۆ نیشتمانم

پەری قەرەداغی

8ی مارس سەرچاوەی دوور کەوتنەوە لە کۆیلایەتیە.

لە 8ی مارسدا ژنان بۆ وەرگرتنی مافەکانیان شۆڕشیان کردوو سەرکەوتوو بوون… ژن دەبێ وەک مرۆڤێکی تەواو، نەک نیوەی پیاوێک، ڕێزی خۆی بگرێت و بۆ گەیشتن بە مافەکانی هەوڵ بدات و ژێرباری زوڵم و ناحەقیەکان نەچێت… مافی من عەقل و زانست و بوونی منە. کەس ناتوانێت مافم بداتێ ئەگەر خۆم هەوڵی بۆ نەدەم.

نەسرین تەنیا

ژن نەبێت ژیان نابێت، دەکەواتە بێڵێن با بەئازادی بژین مافەکانمان پێشل مەکەن.

ئامینە احمد

 دەمکوتکردنی پیاوانی دینی و سووکایەتیکردنیان بە ژنان زەروورە بکرێتە درۆشمی ئەمساڵ.

گوڵە حسێن

کەمی بەرنامەی تایبەت یەخزمەتی دۆزی ژن لەتیڤیەکاندا کێشەیەکی فرەگەورەیە بۆ بە ئاگاهێنانەوەی ژن و پەروەردەی خێزان و منداڵان. هاوکات زۆر بەکەمی هاوکاری ژنی نووسەر دەکرێت بۆچاپی بابەتەکانی، بەتایبەت ئەدەبی منداڵان کە لە پاشەکشەیەکی مەترسیداردایە.

فەوزییە مەنمی

لە هەموو باشوری کوردستان چەند ئافرەتێکی چالاک هەیە لە بواری ماف و ئازادی و یەکسانی ئافرەتان! لە بەرامبەردا زۆرینەی ڕەها هێندەی خەریکی ڕووکەشیانن هیچ بابەت و باسوخواسێکی تر لەلایان جێگای سەرنج و هەڵوێست و ڕاچڵەکین نییە! هەر ئەو زۆڕینەیەش ئەگەر ڕوداوێک ڕووبدات بێسنوور، بە قسەی ناشیرین ڕێکخراوەکانی ئافرەتان بە گشتی تاوانبار دەکەن. ئەگەر لێیان بپرسیت ئەی خۆت بۆ مافی خۆت چیت کردووە؟ وەڵامەکەی ئەمە دەبێت: من تاقەتی سیاسەتم نییە! ئەی خۆ خۆشەویستکردن بە جنێودان بە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان لە لای پیاوان سیاسەت نییە!! لەوانەیە پەلەشی بێت بۆ چوون بۆلای پزیشکی جوانکاری، یان پاککردنەوەی کەوانتەرەکەی دوا دەکەوێت!

یادگار محمود

ژنان دەبێت مێژووی خۆیان، ڕەنجیان و بەرهەمی خۆیان بزانن. سەرەتا لە مێژوودا و ئێستە ڕۆڵی چیە؟ ژن پێویستە بە ڕەنگ، ئەقڵ و هزری ژن خۆی پەروەردە بکات و کاربکات. لەژێر ڕکێفی ئەقڵی پیاو، حیزب نێرینە، بێتە دەرەوە، بۆئەوەی بە جەوهەری خۆی بەشداربێت لە کاری سیاسی و بڕیارداندا. پرسی ژن لەهەرکووێ بێت بە پرسی خۆیی بزانێت، چونکە هەموو ژنان پرس و ئازارەکانمان یەکن. وە ژنان تەنها بۆ موچەو پلەو پۆستی حیزبی نەیەتە مەیدانەوە، چونکە هەموو پرسەکان پەیوەندیدارە بە ژنانەوە، کاتێ ژن بەهێزبێت و زانا بێت دەتوانێ ببێتە خاوەن بڕیار و ئابووری خۆی وەکو ژن، نەک ئەقڵی سەرمایەداری ستەمکارو ژنان بچەوسێنێتەوە و زوڵم لە ڕەگەزی خۆی بکات وەکو ژن.

ژن دەبێت لە پرسی سیاسی، نەتەوەییدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت دوور لە بیری تەسکی حیزبە بنەماڵەیەکان کە هیچ لە بەرژەوەندی ژندا نیە.

ژنانی کۆمەڵگە کاتێک چاویان لەژنانی ناو حیزب و ڕێکخراوەکان دەبێت کە تەنها بۆ موچە کار دەکەن، ئیتر ژنانی تریش بێ هیوا دەبن، بێ باوەڕ دەبن، ئەوەتا داگیرکەران کاتێک دێت سەرەتا پەلاماری ژن دەدات، نمونەی هەرە بەرچاو داعش و دەوڵەتی تورک، لە کۆنیشدا هەروایان کردووە. وە کاتێک نێر پەلاماری ژن دەدات و ژن دەکوژێت و دەسوتێنێ بە موڵک و ناموسی خۆیی دادەنێت، چونکە هەموو یەک بیرو ئەقڵ و یەک یاسایان هەیە بۆ ژن.

دەبێت ئیتر ژن ئەو ڕاستیە بزانێت، کە ئەقڵی کونەپەرستی و سەرمایەداریش بۆ ژن هەمان شتن. لەژێر ناوی نامووس و ئاین ژنیان کردوە بە کۆیلە و تاموچێژ تەنها بۆ پیاوەو خزمەتکارە، وە حیزبە بنەماڵەییەکانیش ژن بەکاردێنن بۆ مەرامی سیاسی و گەورەکردنی حیزب. لەکاتی بڕیاردان وپۆستەکاندا ژن نیە، ئەگەر ژنێکیش هەبێت دەبێ تەنها بەڵێ بۆ بڕیارو کارەکانی ئەوان بکات، نەک وەکو ژنێک بتوانێ ڕۆڵی هەبێت.

بۆیە دەڵێم با ژن مێژوی خۆی بزانێت چونکە نیوملیۆن ساڵ ژن کۆمەڵگەی بەڕێوە بردووە کە ئەوەش درێژترین قۆناخە لە مێژوودا. ئەویش دایکە خواوەندەکان بوون لە کۆمەڵگەی سروشتی کە کشتوکاڵیان پێش خست، قاپەگڵینەیان دروست کردووە، گژوگیایان دۆزوەتەوەو تام کردووە و بۆ خواردن تاقیان کردۆتەوە و بۆ چارەسەریان بەکارهێناوە، ئاژەڵیان ماڵی کردووە و99 یاسایان داناوە بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.

دواتر شامانەکان، واتە پیاوانی بەئەزموونی بەتەمەن، خەڵکیان ڕێک خست دژی ژن و بەکوشتارودزینی یاساکان کۆتایی بەو قۆناخە زێڕینە هێنا کە ژن کۆمەڵگەی بەڕێوە دەبرد.

دوجار، خواوەندی ژن ئینانا، کە تیاماتی کوڕی بە سێ تیر کوشتی، تیرێک لە مێشکی، واتە ئەقڵ و هزرو ئەزمونی؛ تیرێک لە دڵی واتە سۆز و ویژدانی؛ وتیرێک لە مناڵدانی واتە بەرهەمهێنانی ژن. بەم جۆرە لە ژنیان دا، و قوناخ بەقۆناخ ژن کرا بەکۆیلە، لە قۆناخی دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەر ژنان لە پەرستاگاندا خرانە شوێن و ماڵی تایبەت و کرانە سۆزانی. قۆناخی کۆتایش ئەوکاتە بوو کە بەناوی ژنە جادوگەرەوە ژنە بە ئەزموونەکانیان کوشت و سەربڕی و سووتان، ئەو ژنانە ئەوە ژنانە بوون کە دەرمان ساز بوون، بۆیە گرنگە ژن لە بواری ژنۆلۆژیدا خۆی قوڵبکاتەوە تا بزانین چۆن ڕزگاربین لەو هەموو ستەم و داگیرکاریە کە بەسەر ژندا هێنراوە، و لە کەسایەتی ژندا هەموو مرۆڤایەتی خراوەتە ناو ستەم و گێژاوەوە.

ژینۆ ڕشید

 بەڕای من دەبێ بە شێوەیەک خەبات بکەین بەتایبەتی لە بواری ڕۆشنبیرییەوە. دوای ئەوەند هەوڵ و کۆشش و خەبات و کۆڕو سمینارو  بەرنامەی جۆراوجۆر، دۆخەکە زۆر خراپتر بووە بۆ ئەم 8ی مارسە!  کۆڕبەندێکی فراوان بکرێ لە هەمو کەناڵەکانمان تا بگەینە چارەسەرێکی مامناوەند تائەوەندە کاری قێزەون نەکرێ بەرامبەر هەموو مرۆڤێک و بەرامبەر بە خۆیشمان.

دیمەن بەرزنجی

پێش هە موو شتێک ژنان دەبێت مانای ئازادی ژن تێبگەن!

سالح نیگار

من بيشنيار دەكه م رێكخراوەكان مافي ژنان بووني خويان بسه لمێنن به بيشكەشكردني بەرنامەی بەهێزو به گونجاندنيان له بارودۆخ و دۆزي ژن ئەوەش به بيشكەشكردني توێژينەوه و ئامارو داتا قسه له سه ر كيشه سەردەمي و بيشيلكاريەكاني مافي ژن بکن، له جياتي سەنگەر له يەكگرتن و ناشرينكردن و خۆخەريككردن به هەندێ پرۆگرامەوە كه له بەرژەوەندی ژن نيه. بۆ نموونه ئەوەی لەم ماوەيەدا رويدا، جونكه ژن هەميشە داواي مرۆفدۆستي كردووه! پێويسته رێكخراوەكان باشتر خۆيان رێكبخەنەوه لەپێناو ژن، نەك مەبەستي تر! هەندێ گەنجەكان هاندەن بەكردنەوەی خولي باش و بەسوود كه داكوكيكاري مافي ژن بن نەك تەنها بۆ راگەياندن و هيجيتر! من ئامادەم هاوكارتان بم.

  لانه بابان

ئافرە تان  بە بەراورد  لە گەڵ  پێشوودا تا ڕادەیەکی باش مافیان هەیە، چونکە ڕێگەیان پێ  دەدرێت کە  بێنە  ناو  کایەکانی ژیانی کۆمەڵگە، بەڵام بەداخەوە سوود نەبینراوە لەو مافانە بۆ خۆڕۆشنبیرکردن و زیاتر ڕۆڵبینین لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە و  پێشکەوتنی ئافرەتان و بتوانن ژیانی ئافرەتان باشتر بکەن، بەڵام گەورەترین ڕۆڵی ئافرەت دەرکەوتووە لە جوانکاری و نمایشکردنی کاڵاکانی کۆمپانیاکان کە ئەم کارە مافی گە ورەی  ئافرەتانی پێشێل  کردووە،  چونکە جوانکاری پێشکەوتن نیە و ڕۆڵبینین لە ڕێکلام  لاوازیی ئافرەت  دەر ئەخات، نەک  پێشکەوتن و ئازادی.  ڕۆشن فکری بۆ ئافرەتان گەورەترین ماف بۆ خۆیان دابین دەکەن.

پارێزە ری  ڕاوێژکار / نظیرە جاف (نەزیرە جاف)

من پێم وانیە لە باکور و ڕۆژئاوا کپ بکرێت، تێکۆشانێک هەیە ڕۆژ دواوی ڕۆژ دەنگی ژن زوڵاڵ تر دەبێت و زیاتر پێشکەوتن دروست دەبێت.

بێریڤان محمد

هەرگیز دەنگی ئازادی و هەبوونی ژن کپ ناکرێت! هەرچەن   فێل، هێز پاوان… بخەنەکار. بەڵکو ژنان سوربوونی خۆیان چالاکتر دەکەن بۆ بەگژداچوونەوەی تاریکی.

مژدە علی

ھەتا ژن ئازاد نەبێت، پیاویش ئازاد نابێت.

نازەنین حسن

Tanha rozhek grng nya bo zhn balkw dabe aqlyati kurdi gorani basardabet ta ba yaksani tamashai zhn bkret

بەهار محمود

ئازادیەکانی ژن لای خۆیەتی نەک پیاو. ئافرەت دەبێت لەپەروەردەکردنی کوڕەکەی، براکەی، هاوسەرەکەی، بەرنامەی ژیانی خۆی دارژێتەوە، چونکە هەر ژنە پیاویش پەروەردە دەکات.

 نینا محمود

سپاسی میدیاکار، خاتوو ترێ محمەد دەکەین بۆ کۆکرندەوەی ئەم بیروڕایانە

Check Also

کورتە گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەمکی جێندەر

د. شه‌ونم یه‌حیا و ناسك سعید ناسك سعید: هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *