محمد احمد
ره‌نگه ئه‌وه پرسیاری هه‌موومان بێت بۆچی هه‌ندێک که‌س به ویستی خۆیان ده‌بنه ژێر ده‌سته و ملکه‌چی که‌سانی دیکه؟ نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی جێگای زیاتر سه‌رسورمان و پرسیارکردنه ئه‌وه‌یه که ئه‌و جۆره که‌سانه چێژیش له‌م ملکه‌چی یه ده‌بین! وه ئاماده نین ده‌ستبه‌رداری ئه‌م خووه ببن. یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێک که‌س حه‌زی خۆزاڵکردن و ئازارگه‌یاندنیان هه‌یه به‌سه‌ر ئه‌وانیتر و چێژ له ملکەچی و ئازاردانی ئه‌وانیتر ده‌بینن.
بەبۆچوونی (ئێریک فرۆم) ئه‌مانه‌ی یه‌که‌م حه‌زێک به‌سه‌ریاندا زاڵه ئه‌ویش حه‌زی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه یان خۆته‌سلیمکردن به ئه‌ویتر، ئه‌م حه‌زه‌ش له روانگه‌ی سایکۆلۆژیه‌وه پێی ده‌ڵێن (ماسۆشیزم).
ماسۆشیزم له به‌رئه‌نجامی چه‌ند هه‌ستێکی مرۆیی پێکدێت وه‌کو هه‌ستکردن به ته‌نیایی، ترس، ناته‌واوی، بێ ئاسایشی، دڵه‌راوکێ، خۆبه‌که‌مزانی.
لێره‌دا کاتێک ئه‌م هه‌ستانه دێنه‌کایه‌وه تاک به دوای هێزێک ده‌گه‌رێت له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی تا خۆی له په‌نا حه‌شاربدات و ته‌نیای و نائارامی و دڵه‌راوکێیه‌که‌ی بره‌وێنێته‌وه و، قه‌ره‌بووی هه‌ستی ناته‌واویه‌که‌ی بکاته‌وه.
ده‌توانین بڵێین ئه‌م هه‌سته نێگه‌تیڤانه له سه‌ره‌تادا ره‌هه‌ندێکی بایلۆژی و سروشتیشیان هه‌یه، مرۆڤ کاتێک له‌دایک ده‌بێت ، هه‌ست به بێ توانایی و ناته‌واوی و ترسێک ده‌کات. هه‌ستده‌کات که ناتوانێ پشت به‌خۆی ببه‌ستێت، به‌ڵکو ده‌بێت که‌سانێک هه‌بن سه‌رپه‌رشتی بکه‌ن و بیپارێزن و ئاسایش و ئارامی بۆ دابینبکه‌ن له هه‌مبه‌ر هه‌موو مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوکێیه‌ک. ئیتر ئه‌و منداڵه وا سه‌یری دایک و باوکی و سه‌رپه‌رشتیاره‌کانی ده‌کات که وه‌ک قه‌ڵغانێکن بۆ ئه‌و. ئه‌وان چی باشه و چی له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وه بۆی ده‌که‌ن، ئه‌ویش به‌وپه‌ڕی متمانه‌یی و لاوازی خۆیه‌وه خۆیانی ته‌سلیم ده‌کات تا ده‌گاته ته‌مه‌نی پێگه‌یشتن و گه‌وره‌بوون. لێره ئه‌وکه‌سه ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌تری ده‌بێت و پێداویستیه‌کانی گۆرانکاری به‌سه‌ردادێن، وه جۆری ترس و دڵه‌راوکێی و بئ ئاسایشه‌که‌ی ده‌گۆرێت. چیتر دایک و باوکی به‌س نین، یاخود ئه‌و هێزه نین بتوانن ببنه مایه‌ی دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆی. به‌م پێیه ئه‌وکه‌سه به‌دوای هێزێکی گه‌وره‌تر ده‌گه‌رێت جا ئه‌م هێزه گه‌وره‌یه ئایدۆلۆژیایه‌ک بێت، یان باوه‌رێکی باو و گشتی بێت، یان حیزبێک و سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی بێت، یان عه‌شیره‌تێک، یان هه‌ر جۆره گروپ و رێکخراو و ھێزێک بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی ته‌نیاییه‌که‌ی بره‌وێنێته‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش ته‌واو ئاماده‌یه خۆی له‌م هێزه‌دا بتوێنێته‌وه و ته‌واوی ویست و ئیراده‌ی خۆی ته‌سلیمی ئه‌و هێزه بکات، چونکه ئازادی و ره‌هابوون و خۆبەریکردن له‌م هێزانه ده‌بێته مایه‌ی ته‌نیایی و گومانداری و نامۆبوون و دڵه‌راوکێ و بێ ئاسایشی و بێ پشت و په‌ناو بێ نه‌وایی.
که‌سانێک که خۆیان ته‌سلیمی حیزبێک یان سه‌رکرده‌ک ده‌که‌ن و ده‌ستبه‌رداری سه‌ربه‌خۆیی و ئیراده‌ی خۆیان ده‌بن، ئه‌مانه که‌سانێکن هه‌ست به‌ته‌نیایی و ترس و بێ ئاسایشی ده‌که‌ن، پێیان وایه خۆیان ناته‌واو و که‌م و کورن، خۆیان به‌س نین به‌ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئاسایش و ئارامی بۆ خۆیان په‌یدابکه‌ن و بتوانن به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بپارێزن.
ئیتر له به‌رئه‌نجامی ئه‌م هه‌سته نێگه‌تیڤانه ئاماده‌ن خۆیان ته‌سلیمی هێزێکی وه‌کو حیزب یان سه‌رکرده‌یه‌ک بکه‌ن. بەمەش کاتێک خۆیان ده‌سلیم ده‌که‌ن و ده‌ستبه‌رداری سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ده‌بن، خۆیان له هێزێکدا ده‌بیننه‌وه، به‌م شێوه‌یه‌ش ئارام ده‌بنه‌وه و هه‌ست به ئاسایش و پارێزراوی و هێزێکی زۆرده‌که‌ن وه زۆر چێژ له‌و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانه ده‌بینن.
هه‌ر وه‌ک (گوستاف لۆبۆن) ده‌ڵێ تاک کاتێک ده‌چێته نێو گروپێک هه‌ست به هێز و گروتینێکی زۆر و پالپشته‌کی ته‌واو ده‌کات، هه‌میشه ووروژاو و ئاماده‌یه، ئیتر ته‌واو ده‌بێته تاکێکی جه‌ماوه‌ری ، ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات.
به‌ڵام جیاوازیه‌ک هه‌یه له نێوان غه‌ریزه‌ی سروشتی و حه‌زه سه‌ره‌تاییه‌کانی منداڵ له‌گه‌ڵ حه‌زه ماسۆشیسته‌کان، چونکه مندال که له‌دایک ده‌بێت ناته‌واو و پێنه‌گه‌یشتووه له‌ڕووی جه‌سته‌یی و عه‌قڵیه‌وه، به‌مانایه‌کی تر له‌م دوو روووه‌وه گرێداراو و وابه‌سته‌ی که‌سانی دیکه‌یه و ناتوانێ بێ ئه‌وان گه‌شه‌بکات و ته‌نانه‌ت بژێت، چونکه هێشتا به‌شێکی جیانه‌بووه‌وه‌یه له دایک و باوک و سه‌رپه‌رشتیارانی، به‌ڵام حه‌زه مازۆشیسته‌کان زاده‌ی هه‌ستی ترس و بێ ئاسایشی و خۆبه‌که‌مزانین و ناته‌واویه.
تاکی ماسۆشیست بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌سته نیگه‌تیڤانه‌ی، ده‌بێت خۆی ته‌سلیمی هێزێک بکات و خۆی تیایدا حه‌شاربدات تا ئارامی و ئاسایش بدۆزێته‌وه. ئه‌مه‌ش جێگای سەرزنیشتکردنە، چونکه تاکی ماسۆشیست ته‌واو پێگه‌یشتووه له‌ڕووی عه‌قڵی و جه‌سته‌ییه‌وه واته تاکێکی ئازاده، یان ئازادکراوه، به‌ڵام له ئازادیه‌که‌ی خۆی ده‌ترسێت و لێی راده‌کات، چونکه ئازادیه‌که‌ی ته‌نیای و بێ ئاسایش و ترس و دڵه‌راوکێی بۆ هێناوه.
به‌م پێیه ماسۆشیزم ئامرازێکه بۆ گه‌یشتن به ئامانجێک که ئه‌ویش ده‌ستبه‌رداربوونه له ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ته‌نیایی له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئاسایشێکی ریسوا‌و و ناره‌سه‌ن و درۆیینه.
که‌واته ئازادی و خۆره‌هاکردن و خۆ بەڕێکردن له هه‌موو هێزه ده‌ره‌کیه‌کان، بریتییه له بێ قه‌راری و بێ ئاسایشی و ترس و دڵه‌راوکێ و هه‌ستکردن به ته‌نیایی و نامۆیی. به پێچه‌وانه‌وه‌ش، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بریتیه له ئاسایش و ئارامی و هه‌ستکردن به پاڵپشتی و پارێزراوی و هێزێکی گه‌وره.
ھەروەھا ئەریک فرۆم پێی وایە له هه‌مبه‌ر حه‌زه ماسۆشیسته‌کان، حه‌زه سادیزمه‌کان هه‌یه. سادیزم به‌کورتی، واته حه‌زی زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌وانیتر و ملکه‌چکردنیان و سەرداریکردن له‌سه‌ریان. ده‌سه‌ڵات په‌رسته سادیسته‌کان زۆر چێژ له ئازاردانی ئه‌وانیتر، یان ژێرده‌سته‌کانیان ده‌بینین، به‌ڵام ئازاردانی ده‌روونی، واته چێژ ده‌بینن کاتێک له ده‌وروبه‌ریان که‌سانێکی به‌زیو و ریسوا‌و و خۆبه‌که‌مزان ده‌بینن و مه‌راییان بۆ ده‌که‌ن. سادیسته‌کان هه‌میشه ده‌یانه‌وێ به‌رامبه‌ره‌که‌یان بکه‌نه ئامێرێکی بێ ئیراده و رۆبۆت ئاسا له خزمه‌ت حه‌ز و شه‌هوه‌تی ده‌سه‌ڵاتیان، وه‌کو په‌یژه به‌سه‌ریان که‌ون بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان.
سه‌رکرده‌ی سادیزم دەیه‌وێ بڵێت (من به‌راستی شایه‌نی ئه‌وه‌م به‌سه‌رتان حوکم بکه‌م، چونکه منم ده‌زانم چی بۆ ئێوه باشه چیش خراپه، ئێوه نایزانن! من نه‌بم ئێوه چین! ئێوه به‌بێ من وێڵ و سه‌رگه‌ردان ده‌بن! ته‌نیا من ده‌زانم رێگای راست و به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه له کوێیه وه ته‌نها منیش ده‌توانم به‌م رێگایه‌تان بگه‌یەنم و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانتان به‌دیبهێنم! ته‌نها من ده‌توانم بتانپارێزم و رێبه‌رایه‌تیتان بکه‌م. له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌یه خۆتان ته‌سلیم و ملکه‌چی من بکه‌ن، چونکه باشه و چاکه‌ی ئێوه له‌وه‌یه شوێنی من بکه‌ون، بە کورتی جگە لە خۆی باوەڕی بە کەسی تر نیە، یاخود کەس لە خۆی بەشایەنتر نازانێت کە بێتە جێگای ئەو رابەرایەتی خەلک بکات …) ئیتر زۆر چێژ له سەرداریە‌تیکردن به‌سه‌ر خه‌ڵک ده‌بینێت و کاتێک ده‌بینێت خه‌ڵک هیوایه‌کی زۆریان پێی هه‌یه و هه‌موو چاویان له‌ده‌ستی ئه‌وه تا شتێکیان بۆ بکات و هه‌موو وه‌کو جوجکه چوونه‌ته بن باڵی تا بیانپارێزێت و ئاسایشیان بۆ دابینبکات. به‌م پێیه‌ش کێ له هه‌مووان زیاتر بتوانی ملکه‌چی بنوێنێ ئه‌وی له هه‌مووان زیاتر خۆشده‌وێت و له خۆی نزیک ده‌کاته‌وه و خه‌ڵاتی پێده‌به‌خشێت.
خاڵی لێکچوونی حه‌زه ماسۆشیسته‌کان (حه‌زی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان) و حه‌زه سادیسته‌کان (حه‌زی خۆزاڵکردن به‌سه‌ر ئه‌وانیتر) ئه‌وه‌یه، که هه‌ردووکیان له هه‌ستی ته‌نیایی و ناته‌واویی و بێ ئاسایشیی سه‌رچاوه ده‌گرێت. سادیسته‌کان به‌هه‌مان شێوه که‌سانی قه‌له‌ق و پڕ دڵه‌راوکێن، هه‌ست به‌بێ ئاسایشی و بێ توانایی ده‌که‌ن، ناتوانن به‌ته‌نیا وه‌کو مرۆڤێکی ته‌ندروست و ئاسایی بژین و ئاسایش په‌یدا بکه‌ن، به‌ڵکو هه‌رده‌بێت که‌سانێکیان هه‌بێت له‌ده‌وروبه‌ری تا ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌سه‌ریان بنیادبنێت و ببێته مایه‌ی ئاسایشی.
ماسۆشیسته‌کانیش به‌هه‌مان شێوه، ده‌بێت خۆیان ته‌سلیمی هێزێک له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بکه‌ن بۆ هه‌ستکردن به ئاسایش. هه‌ر بۆیه به هه‌ردووکیان ده‌وترێت هاوژین، چونکه بوون و ئاسایشیان په‌یوه‌سته به‌یه‌که‌وه وه ته‌واو به‌یه‌که‌وه گرێدراون وه‌ک دوو بوونه‌وه‌ری مشه‌خۆر له‌سه‌ر لاشه‌ی یه‌کتری ده‌ژین.
هاوژینیش له‌روانگه‌ی ده‌روونناسیه‌وه بریتیه له یه‌کگرتنی دوو رۆحی ته‌نیا و سه‌ربه‌خۆ ئه‌و یه‌کگرتنه‌ش به‌رئه‌نجامی ته‌حه‌مولنه‌کردنی رۆحی ته‌نیاییه واته هه‌ست ده‌که‌ن که ناته‌واون بۆ ئه‌وه‌ی ببنە تەواوکەری یەکیدی، پێویستیان به یه‌کتره. به مانایه‌کی تر، ترسیان له ته‌نیای و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ره‌هابوون له ئه‌وانیتر هه‌یه، بۆیه ئه‌مانه یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن و ئاسایش و ئارامی بۆ یه‌کتر دابین ده‌که‌ن وه‌ک سوودێکی دوولایه‌نه.
خاڵی جیاوازیشیان ئه‌وه‌یه که ماسۆشیسته‌کان زیاتر ره‌هه‌ندێکی ناهۆشیارانه‌یان هه‌یه، وه‌کو ئامرازێکن و هه‌ست به ناعه‌قڵانیه‌تی خۆیان ناکه‌ن که چۆن یارییان پێده‌کرێت و به وتارێک یان سوپاس و ده‌ستخۆشییه‌ک یان وێنه‌گرتنێک له‌گه‌ل رابه‌ر و سه‌رکرده‌که‌یان. به‌ڵام سه‌باره‌ت به سادیسته‌کان هه‌ندێک پێیان وایه که‌سانی عه‌قڵانی و هۆشیارن، ده‌زانن به‌رژه‌وه‌ندییان له چیدایه و چۆن هۆشیارانه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن. پاریتۆ یه‌کێکه له بانگه‌شه‌که‌رانی ئه‌م بۆچوونه، به‌ڵام هه‌ندێکیتر له ده‌روونناسان وەک فرۆم، پێیان وایه سه‌رکرده سادیسته‌کانیش له‌ژێر کاریگه‌ری شه‌هوه‌تی ده‌سه‌ڵات و حه‌زێکی کوێرانه‌ن بۆ خۆزاڵکردن به‌سه‌ر ئه‌وانیتر و ملکه‌چی ئه‌و خووه نه‌گریسه بوونه و چێژ وه‌رده‌گرن له ئازاردانی که‌سانی تر. به‌مه‌ش ره‌هه‌ندێکی سادیزمییان پێده‌به‌خشن، که ملکه‌چی شه‌هوه‌تی ده‌سه‌ڵاتن.
هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێریک فرۆم جیاوازی داده‌نێت له نێوان چه‌مکی هێز له‌گه‌ڵ چه‌مکی ده‌سه‌ڵات. ته‌نانه‌ت به دوو چه‌مکی دژ به‌یه‌کیان داده‌نێت له هه‌مبه‌ر یه‌کتر، چونکه پێی وایه که‌سانی به‌هێز پێویستیان به ده‌سه‌ڵات نیه، به‌ڵکو ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵاتداری هی که‌سانێکی لاواز و ناته‌واوه ده‌یانه‌وێت به په‌یداکردنی ده‌سه‌ڵات قه‌ره‌بووی ناته‌واوی لاوازی خۆیان بکه‌نه‌وه.
له هه‌مبه‌ر ئه‌مه‌دا که‌سێک به‌هێزه که ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بێت، پشت به‌خۆی ببه‌ستێت، چێژ له ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ببینێت، لێی نه‌ترسێت، لێی رانه‌کات و په‌نا بۆ هێزێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆی نەبات. به‌مانایه‌کی تر ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان حه‌زێکی سادیزمیان هه‌یه، ئه‌م حه‌زه‌ش وه‌ک ئاماژه‌مان پێ‌کرد زاده‌ی هه‌ستی خۆناته‌واوی و بێ ئاسایشی و دڵه‌راوکێیه، ده‌یه‌وێت له‌رێگای ده‌سه‌ڵات په‌یداکردن به‌سه‌ر ئه‌وانیتر زاڵ بێت و چێژ له ئازاردانی ده‌روونی و ملکه‌چیان وه‌ربگرێت و دواجار ئاسایشێکی ناره‌سه‌ن بۆ خۆی په‌یدا بکات.
به‌کورتی ئه‌و دوو جۆره که‌سانه دوو ڕووی یه‌ک دراون و ته‌واو په‌یوه‌ستن به‌یه‌که‌وه. بوونی یه‌کێیان په‌یوه‌سته به بوونی ئه‌ویتر، چونکه ناره‌سه‌ن و ناته‌واون خۆیان به‌یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. واته ناتوانن وه‌ک مرۆڤێکی ره‌سه‌ن و ته‌ندروست سه‌ربه‌خۆییانه و ئازادانە بژین.
بەڵام پرسیاری بنەڕەتیتر ئەوەیە، سەرچاوە و ھۆکاری ئەم ترس و دڵەراوکێیە لە کوێوە دێت، کە دەبێتە پاڵنەرێک بۆ خۆتوانەوە و خۆتەسلیمکردن بە ھێزێک ؟ لە چ بارودۆخێکدا تاک ئەم ھەستە نێگەتیڤانەی بۆ دروست دەبێت؟
سەرەرای ئەوەی ئاماژەمان بە ھۆکار و رەھەندی بایەلۆژی دا، بەڵام ئەوەی گرینگە لێرەدا ئاماژە بە دوو بارودۆخی گرینگ بکەین کە دەبنە سەرچاوەی ئەم ترس و دڵەراوکێیانە:
یەکەم- گۆڕانی کۆمەڵایەتی : کاتێک کۆمەڵگا لە نەریتگەراییەوە بەرەو مۆدێرنە دەچێت، تاکەکان بەرە بەرە تووشی قەیرانی شوناس و بۆشاییەکی ڕۆحی و دەروونی دەبن بەھۆی دابڕانیان لە ھێزە نەریتیەکان، وەک بنەماڵە و عەشیرەت و ئایین و مەزھەب و حیکایەت و خورافە و دڵنەواییەکان و …. ھتد. ئەم ھێزانە مایەی ئارامی و دڵنەوایی دەروونی و جێگیری رۆحی و پێکھێنەری شوناسی مرۆڤی کۆن بوون.
بەڵام تاک کاتێک لەو ھێزانە دادەبڕێت و دەکەوێتە نێو شارە گەورەکان و کۆمەڵگای مۆدێرن، توشی ترس و دڵەراوکێ و نیگەرانی دەبێت لە ھەمبەر رووبەڕووبونەوەی ژیان. تاک ھەست بە تەنیایی دەکات ، ھەست دەکات کەوتۆتە نێو شوێنێکی قەڵەباڵغ کە تیادا کەس بە کەس نیە. پەیوەندیە رۆحیەکان، گیانی ھاریکاری، بەسەرکردنەوە، ئەمانە لاوازبوونە. بە پێچەوانەوە، ململانێکان لە پێناو ژیان و مانەوە، خۆزاڵکردن بەسەر ئەوانیتر، ئیدۆلۆژیە جۆراوجۆرەکان زۆر توندە. ئەگەر زوویش فریای خۆی نەکەوێ رەنگە ھەستی نامۆیی داگیری بکات و بکەوێتە ژێر پێیان.
پێشتر تاک لە کۆمەڵگایەکی بچووک و داخراودا دەژیا کە ھەم پەیوەندیەکی توند‌و تۆڵی لەگەڵ دەوروبەرەکەی ھەبوو، کە ھەموو یەکتریان دەناسی و لەپاڵ یەکتر ھەستیان بە ئارامی و ئاسایش دەکرد؛ ھەم زۆر بە سادەی بێگەردی باوەڕی بە ھەموو ئەو بیروباوەڕ و بەھا و داب و نەریتە بۆماوەییانە ھێنابوو بەبێ ھیچ دوودڵیەک لە ھەمبەریان.
بەڵام کاتێک تاک لە کۆمەڵگا نەریتگەراوە دەکەوێتە نێو کۆمەڵگای مۆدێرن، ئاشنا دەبێت بە بیروباوەڕ و بەھا مۆدێرنە جۆراوجۆرەکان بەمەش دڵی کرمێ دەبێت، ھەم لەو پەیوەندیە نەریتیە خێڵگەراییەی کە بەھۆی تەداخولکردن زۆرێک لە ئازادیە کەسیەکانی داگیرکردبوو، ھەم لە بیروباوەر و بەھا و نەریتە کولتووریەکان.
لە حاڵەتێکی لەم چەشنەشدا تاک بۆشاییەکی دەروونی بۆ دروست دەبێت، چونکە لە ھێزگەڵێکدا دابراوە کە پێداویستیەکی دەروونی ئەون بۆ ئاسایش و دڵنەوایی؛ بەمەش لەلایەن وەک پێداویستیەکی دەروونی پێویستی بەم ھێزانەیە وە لە ھەمانکاتیشدا ناتوانێت بگەرێتەوە بۆ ھێزە نەریتیە کۆنەکان، چونکە دڵی لێ کرمێ بووە و تووشی گومانداری بووە لە ھەمبەریان. ھەر بۆیە تاک بەدوای ھێزگەلێکی تردا دەگەرێت تا ترس و ھەستە نامۆکەی بڕەوێنیتەوە.
بۆ ئەمەش حیزب، سەرکردە، رێکخستنی سیاسی و ئایدۆلۆژیە جۆراوجۆرەکان وەک ھێزگەلێکی کۆمەڵگای مۆدێرن شوێنی ھێزە نەریتیەکان دەگرنەوە. تاکەکان خۆیان لە رێکخستنە سیاسی و ئایدۆلۆژیەکان دەتوێننەوە تا لە پاڵیان ھەست بە ئاسایش و ئارامی بکەن و ئەو بۆشاییە دەروونیە پڕ بکەنەوە کە لە جێ‌ھێشتنی کۆمەڵگای نەریتی و ھێزەکانی بۆیان دروست ببوو.
دووەم- ترس لە ئەوانیتر لە ھێزەکەی تر: کاتێک دەسەڵاتی سیاسی تەنھا گوزارشت لە خواست و ویستی ئەندام و شوێنکەوتوانی خۆی دەکات، یاخود تەنھا گوزارشت لە بەرژەوەندی چەند گروپ و ھێزێکی کۆمەڵاتی دیاریکراو دەکات، لە بەرامبەردا تاک و گروپ و ھێزە کۆمەڵایەتیەکانی تر دەکەونە خانەی پەراوێزخراو و مەترسیەوە.
جا رەنگە دەسەڵاتی سیاسی تەنھا گوزارشت لە باوەڕ و ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو بکات و ئایدۆلۆجیاکانی تر بخاتە پەراوێز و مەترسیەوە، یا تەنھا گوزارشت لە خواستی چینێک بکات و چینەکانی تر بخاتە پەراوێزەوە وەک سەرمایەداران، یاخود کرێکاران، یاخود تەنھا گوزارشت لە خواستی نەتەوەیەکی دیاریکراو یا مەزھەبێکی دیاریکراو بکات، یا رەنگە لەسەر ھیچ یەک لەو بنەمایانە نەبێت، بەڵکو تەنھا لەسەر بنەمای ملکەچی بێت بۆ دەسەڵات واتە دەسەڵات تەنھا گوزارشت لە خواستی ئەو کەس و ھێزە کۆمەڵایەتیانە بکات کە ملکەچی بوونە، ئەوانیتر کە ملکەچی نین ھەمووان بخاتە پەراوێزەوە.
لێرەدا ئەو گروپ و ھێزە کۆمەڵایەتیانەی لە خانەی دەسەڵاتی سیاسین ھەست بەھیچ ترس و بیم و دڵەراوکێیەک ناکەن، وە سوود و بەرژەوەندیەکانیان بەباشی دابین دەکرێت و دەسەڵات بە ھی خۆیان دەزانن. بەڵام ئەو تاک و گروپ و ھێزە کۆمەڵڵایەتیانەی دەکەونە خانەی پەراوێزەوە ھەمیشە ھەست بە ترس و نامۆیی و دڵەراوکێی و نیگەرانی و بێ ئاسایشی و دابین نەبوونی ماف وبەرژەوەندیەکانیان دەکەن. بەمانایەکتر ھەست بە ھیچ ھێزێک ناکەن تا لە پاڵیدا ئەم ترسەیان برەوێنیتەوە .
ھەر بۆیە لە بارودۆخێکی لەم چەشنەشدا کاتێک کەسێک یان سەرکردەیەک یان حیزبێکی سیاسی نوێ سەرھەڵدەدات و گوزارشت لە خواستی تاک و گروپ و ھێزە کۆمەڵایەتیە پەراوێزخراوەکە دەکات و بانگەشە دەکات بۆ وەرگرتنەوەی مافی زەوتکراویان و پاراستنی کەرامەتیان وە خۆی وەک ھێزێک نمایش دەکات لە ھەمبەر دەسەڵاتدا، ئەوا یەکسەر ئەو تاک و لایەنە پەراوێزخراوە کۆمەڵایەتیانە ھەموویان بە پیرییەوە دەچن و ئامادەن خۆیان لەم ھێزەدا بتوێننەوە تا ببنە ھێزێکی سیاسی بەرامبەر دەسەڵات، چونکە وەک فریادرەسێک چاوی لێدەکەن.
ئەم ترسەی چین و توێژە کۆمەڵایەتیە پەراوێزخراوەکان زەمینەی بەجەماوەریبوونی کۆمەڵگا و دروستبوونی حیزبی فاشیستی دێنێتە کایەوە.
گەر سەیری بارودۆخی سەرھەڵدانی فاشیزم بکەین لە ئەڵمانیا، دەبینین لەو سەردەمەدا ململانێیەکی توند ھەبوو لە نێوان لایەنگرانی سۆسیالیستی مارکسی و سەرمایەداری لیبرالی. زۆربەی کرێکاران پاڵپشتی سۆسیالیست بوون و سەرمایەدارانیش لایەنگری سەرمایەداری لیبرالی بوون. ئەوەی لەو نێوەندە مابۆوە و پەراوێزخرابوو وە ھەستی بە ھیچ ھێزێک نەدەکرد کە پاڵپشتیان بێت و بەرژەوەندیەکانیان بپارێزێت لە ترسی ئەو دوو تەوژمە، ئەوا چینی گەورەی مامناوەند و وردەبۆرژوا و دوکاندارەکان بوون …
بۆیە ھەرکە حیزبی نازی سەریھەڵدا و دژایەتی ئەو دوو تەوژمەی کرد‌و بە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگە و نەتەوە و دەوڵەتی ئەڵمانی لەقەلەمدان، ئەوا یەکسەر چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی پەراوێزخراوی چینی ناوەند و وردەبۆرژواکان بەتوندی ھاتنە ریزەکانی ئەو حیزبە کە مژدەی رزگاری و سەرفرازی پێدابوون و لە ترسی دوو تەوژمەکەی تر بەتەواوی خۆیان لەم حیزبەدا تواندەوە.
بۆیە ھەرکاتێک دەسەڵاتی سیاسی گوزارشتی لە ئیرادەی گشتی نەکرد، بەڵکو تەنھا گوزارشتی لە خواستی چین و توێژێکی دیاریکراو و شوێنکەوتوانی خۆی کرد، ئەوا لە بەرامبەردا چین و توێژ و ھێزە کۆمەڵاتیە پەراوێزخراوەکان ھەمیشە بۆ ڕەواندنەوەی ترس و دڵەراوکێ وە بۆ ھاتنەدی خواست و بەرژەوەندیەکانیان ئامادەن بچنە پاڵ ھەر سەرکردەیەک یا ھێزێک کە خۆی وەک فریادرەس بناسێنێ، جا ئەم سەرکردەیە یا ئەم ھێزە ھەرچەندە فاشیست و گەندەڵ و بەربەریش بێت.
بەکورتی، ھۆکاری یەکەم زیاتر ھۆکارێکی دەروونیە، کە بەھۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتیەوە روودەدات. بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی تازە پێ دەنێننە مۆدێرنە و تازە خەریکە لە ھێز و بەھا نەریتیەکان دادەبڕێن کە بۆیان ئاسان نیە ئەم بازدانە گەورەیە بدەن وەک مرۆڤێکی مۆدێرن بە ئازادی و بەتەنیایی بژین دوور لە ھێزە کۆگەراکان.
بەڵام ھۆکاری دووەم زیاتر کۆمەڵاتی و سیاسیە، ئەویش بەھۆی ململانێ و خۆسەپاندنی ھێزێک بەسەر ھێزێکی تردا. ئەم دوو فاکتەرە وادەکەن کە تاک ئیرادەی خۆی لە ھێزێکی وەک حیزب بتوێنێتەوە تا لە پاڵیدا ترسەکانی برەوێنیتەوە و ھەست بە ئاسایش و دڵنەوایی بکات وە لە پاڵ ھێزێکدا لە ھەوڵی بەدیھێنانی بەرژەوەندیەکانی بێت.