یه‌ك شه‌ممه‌, نیسان 28, 2024
frku

نەرمە گۆرانی

ڕۆمانی لەیلا سلێمانی

 بەیان سەلمان

”نەرمە گۆرانی” Chanson douce دووهەم ڕۆمانی نووسەری فەرەنسی بە ڕچەڵەک مەغریبیە (لەیلا سلیمانی) Leïla Slimani . ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ٢٠١٦ لە چاپخانەی گالیمار دەرچوو و هەمان ساڵ خەڵاتی (گۆنکور) کرا.

Image: Editions Gallimard

نووسەر لە ساڵی ١٩٨١ لە ریبات لە مەغەریب لەدایکبووە. لە خانەوادەیەکی دارا پەروەردە بووە. نووسەر ئەو ژینگەیە بە “بڵقێکی پارێزراو” ناو دەبات. لە منداڵیشەوە هەر بە فەرەنسی قسەی کردووە و کەمێک بە عەرەبی قسە دەکات.

هەوڵەکتێبێکی تریشی هەیە بەناونیشانی ”سێکس و درۆ” لەسەر دۆخی ژیانی سێکسی تاکەکان لە مەغریب دەدوێت.

لەم ڕۆمانەی ”نەرمە گۆرانی”، هەروەها دەکرێ بەناونیشانی ”گۆرانییەکی شیرین” و تەنانەت بە ”لایەلایە”ش باشترە وەربگێڕدرێت. چونکە ناونیشانی ڕۆمانەکە لە نەریتی لایەلایە بۆ کۆرپە هاتووە.

 لەیلا سلیمانی لەڕێگای دوو هاوسەری بۆرژوای ئەم سەردەمە، کە دوو منداڵیان هەیە و ژیانیان بەرەو ئاڵۆزبوون دەچێت، کاتێ ژنەکە دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ سەر کار، بەڵام نازانن چۆن ئاگاداری منداڵەکانیان بن. مریەم دایکی دوو منداڵە پێشتر لە ئۆفیسی پارێزەرێک کاری کردووە، بەڵام لەبەر منداڵەکانی ژیانی پیشەیی وەلاوەناوە و ژیانی بۆ منداڵەکانی تەرخان دەکات. لێرەوە، هەستی لە نێوان ئەوەی بۆ کارەکەی بگڕێتەوە و خۆی بۆ منداڵەکانی تەرخان بکات، تووشی نائومێدی دەکات. بۆیە بڕێار دەدات بگەرێتەوە بۆ سەر کارەکەی. ئەم دۆخە نوێیەی ناو خێزانەکە ژیانی هەردوو هاوسەر ئاڵۆز دەکات. پەیوەندیشیان تادێت پڕ قەیران دەبێت. ناچار دەبن بگەڕێن بۆ ژنێکی دایەن، ئەوەی پێی دەڵێن (بێبی سیتەر). دوای گەڕانێکی زۆر، رایان دێتە سەر (لویز) کە بە وتەی خۆیان ”نە لە تەمەنەدا پیرە، نە لەچک لەسەرە، نە جگەرەکێشە… کەسێکە هەتا بڵێی لە هەموو روویەکەوە شێاوە، بگرە مەلایکەتە…”. بەهاتنی لویز ژیانیان رەهەندێکی تر وەردەگرێت. دایەنەکە زۆر بەسوودە، زۆر ئاگاداری منداڵەکانە، هەتا ئەو ئاستەی کە منداڵەکان چیتر پێویستییان بە دایک و باوکیان نامێنێت. لویز هەموو ئەرک و بەرپرسیارەتییەکیان لەکۆڵ دەکاتەوە و ئەوانیش شادمانن بەو ئاسانکارییە، بەتایبەتی لەوەتی ئەو هاتووە تێبینی دەکەن کە کاتێکی باشیان بۆ دەمێنێتەوە وەکو دوو هاوسەر بایەخ بە پەیوەندی نێوانیان بدەن.

ڕۆمانەکە لە کەشوهەوایەکی زۆر قورس و ڕیتمێکی لەسەرخۆ بەرەو ناخی لویز دەمانبات. وردە وردە گەشەی دەروونی کەسایەتی ئەم ژنە دایەنە سەیرە ئاشکرا دەبێت. لەسەرەتادا وەک دایەنێکی بێ کەموکوڕ دەخرێتە ڕوو کە تەنها بە ئەرکی چاودێریی منداڵەکان هەڵناسێت، بەڵکو هەموو شتێکی ماڵەکەش لە خواردن و شۆردن و پاکژی ناوماڵەکەش دەکات. وەک دەشڵێن ”لەو کەسانە بترسە کە باشیی زۆرت لەگەڵدا دەکەن”. گەشەی ڕووداوەکان هاوکاتە لەگەڵ گەشەی مەترسی دەروونی لویز و بەجۆرێک لە جۆرەکان شیتبوونیشی، بەو شێوەیە ڕووداوەکان بەرەو پلەیەکی بەرز دەبات و ئاکامێکی تراژێدی لێ دەکەوێتەوە.

سەرەتای ڕۆمانەکە بەئاشکرابوونی کوشتنی هەردوو منداڵەکە دەست پێ دەکات. بە فلاش باک دەچینەوە سەر ڕووداوەکانی پێشوو و بۆمان ئاشکرا دەبێت کە لویز کوشتویانی. لە ڕاستیدا ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە لەسەر فیگوری دایکایەتی کاری کردووە. دوو ژن لە نێوان هەستی دایکایەتی و مەحرومبوون لەو هەستە دەکەونە ناو هەلومەرجی ژنێتی و دایکایەتی و پیشەیی. لە نێوان کار و هاوسەربوون و دایکایەتی تووشی هاودژیی دەروونی دەبن. وەک بڵێی کێ هەڵگری پرسیاری ڕاستەقینەی دایکایەتیە؟ ئەوەی کە منداڵەکەی لە سکدا هەڵگرتووە و دایکی بایۆلۆژیە؟ یان ئەوەی هەستی ڕاستەقینەی دایکایەتی بە منداڵەکان دەبەخشێت بەبێ ئەوەی پەیوەندیداری بایۆلۆژی پێوە هەبێت؟ بوونی ژن لە نێوان ئەو هەستانە دۆخی ژن دەکاتە سەر تای ئەو پرسیارانە. لویز، وەک دایەنێک و دایکێکی بەقەرز، بەتەواویی فیگوری دایکێکی نەریتیی بەرجەستە دەکات کە منداڵ بەخێو دەکات، نانیان دەداتێ، ماڵ خاوێن دەکاتەوە، جلوبەرگیان بۆ دەشۆرێت و ئاسوودەیی خێزان رادەگرێت. فیگوری مریەم، ژنێک بەرجەستە دەکات کە ڕەتی ئەو فیگورە نەریتیە دەکاتەوە.

ناوکێشەی سەرەکەی ئەو ڕۆمانە پابەندە بە دۆخی کوشتنی منداڵەکان کە ڕوون نییە! بێجگە لەوەی، بە ڕوویەکی شاراوەدا ژنان هاندەدات لە چوارچێوەی فیگوری دایکایەتی بمێنێتەوە. یان ئەوەتا دەیخاتە بەردەم هاودژی لە نێوان فیگوری دایک و هاوسەر و کارکردن. دواجار بەرابەر بەو فیگورەی ژن، هەرگیز پیاو لەم ڕۆمانەدا جێی ئەو پرسیارە نییە وەک فیگوری دووهەمی منداڵ بەخێوکردن! وەک بڵێی منداڵ تەنها لەئەستۆی ژنە و بە تێگەیشتن لە دیوێکی شاراوەی ڕۆمانەکە، گەڕانەوەی ژنەکە بۆ سەر کارەکەی، پاش بەسەرچوونی ماوەی پشووی دایکایەتی، دەبێتە هۆی هێنانی دایەن و لە ئاکامدا کوشتنی منداڵەکان!

Check Also

٨ی ئازار، بەرەو ڕۆژێکی نوێ

ڕۆژێکی نوێ بۆ پاراستنی مافی هەموو مرۆڤێک بۆ داکۆکی لە گشت ئازادییەک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *