(8ی ئازار) ڕۆژێک بۆ ژن؟

Image: natalianovikova

چیمەن ساڵح

لە مێژوویەکی وەک ئەمڕۆدا، کە مرۆڤایەتی خەریکە لە ناوخۆیدا دەکەوێتە گرفت و ئاڵۆزییەوە، بارودۆخێکی وا زۆر بە خراپ بۆ سەر ئەو ھەوڵ و خەباتە دەگەڕێتەوە کە ژنانی دنیا لە سەد ساڵی ڕابردوو داویانە تا دوای مێژووێکی دوورو درێژ دەست بە گێڕانەوەی ھاوسەنگی مرۆڤبوونیان بکەن. لە ئێستادا، کولتووری شەڕ، لە ھەموو سەردەمێک زیاتر خەریکە پەرەدەستێنێ. فۆرمی شەڕێش لە ھەموو سەردەمەکان ھەمەڕەنگترە، بۆیە ئەگەری ئەوەیە زۆرترین مرۆڤ ببنە قوربانی بە ھەر شێوەیەک لە شێوەکان، چ ژیانیان، یان ئاسودەیی و ئارامیان، یان داھات و کار و سەرچاوەی ژیانیان، یاخود، بەھا و ناسنامە و پێکھێنەرەکانی کەسایەتی مۆڕاڵییان. ھەشتی مارس، لە سەر بنەمای وەرچەرخانێکی گەورەی بەشداریی ژنان لە کاردا بوو بە مێژوو، ھاتنە ناو کایەی کار زۆر گرنگ و گەورەیە، مرۆڤ چ پیاو بێ یان ژن کار دەیکاتە مرۆڤێکی خاوەن ناسنامە و داھات و بڕیار. لەسەر ئاستی کۆ گەورەترە و بەرفراوانترە و گۆڕانکاریی دیکەی بەدوادا دێ. ھەر ۆیە ناکرێ چاوەڕێ بکەی کۆمەڵە مرۆڤێکی خاوەنکار یان بڕیار و وتەو شێوە ژیانی کۆمەڵە مرۆڤێکی بێکاری ھەبێ. ئەمە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار دەداتەوە کە لە ئێستادا لە گەلێک شوێنی دنیا و کوردستانیش پرسیارن. ھەربۆیە، ئاساییە کە کۆمەڵی نەریتیش دژ بە نوێکارییەکانی ژیان و مرۆڤ بوەستنەوە. کارکردن گەورەترین دەروازەیە کە مرۆڤ دەخاتە چەقی مێژوو و ھێز و سەربەخۆییەوە.  بۆچی ھەندێکجار تەنیا کار بەس نییە؟ لەو بارەدا فەرھەنگسازیی پێویستە بە فەرھەنگسازیی مرۆڤ بە دادپەروەریی دەبن بە دەنگ لە مێژوودا و دەبن بە خاوەنی مێژوو.  لە ئێستادا، ژنان لە سەرتاسەری جیھان فەرھەنگسازیی و جیھانبینییەکی زۆر ناوازە و مرۆڤانە و دادخوازانەیان پێویستە، لەھەمان کاتدا ئازایەتی و خۆڕاگرێ و ڕووبەڕووبوونەوەشیان پێویستە، تا لە ناوەندی ئەو ھەموو کێشە و شەڕ و نادادییەی کە بەردەرگا و بەرۆکی مرۆڤایەتییان گرتووە بگۆڕێن بە دەروازە بۆ ئاشتی و دادپەروەریی بۆ هەموو جیهان.  لێرەدا ژنان لە ھەموو جیھان و لە کۆمەڵگای خۆشمان تاڕادەیەک ھێزێکی تاقی نەکراوەن و دەتوانن بە شێوەیەکی زۆر چالاک و زیرەکانە بێنە پێشەوە و بە ھێزی عەقڵ و جیھانبینیی بەرھەمدار بیسەلمێنن کە دەتوانن ھێزی وەرچەرخان بن. لەھەمان کاتدا بە مانەوە لە دوورەوە و مانەوە ھەر وەک ھەیکەل لە شێوەی مرۆڤدا دوور نییە لەم قۆناغە شەڕانگێزەی جیھاندا دووبارە سەردەمێکی دیکەی ژیان بە پەراوێزیی ببینن. سەردەمی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ تا لەوێوە بگەنە سەرەڕێی ھەنگاونان بۆ خۆگونجان و کەسایەتی شیاو بۆ ژنان ئەمە گرنگییەکەی دوو ھێندەیە، چونکە ژنان چەند ھێندە بەھۆی گەلێک شتەوە ڕێگایان لێ دەگیرێ. بۆیە ژنان لەسەردەمی بە جیھانیبوون و یەک سیستەمی بەرفراوان توانیان بە کۆ بەھێزتربن نەک تەنیا بە تاک و تەرا. بۆیە زۆر گرنگە ببنە دەنگ و پاسەوانی ئەو سیستەمە کە ئێستا لەبەر ھەڕەشەی زۆرە. خەونەکانی مرۆڤ کە لەسەر پێشکەوتنی جیھان بنیاتی نابوو، خەریکە ھەر بە کەڕووی ئەو سیستەمە لەناودەچن و تەنگژە جێیان دەگرێتەوە، بۆیە لە خاڵی گۆڕانکاری و پڕ ئاڵۆزی و سەخت وادا گرنگە کە ژنان نەگەڕێنەوە و پاشەکشەنەکەن خۆیاب بکەن بە خاوەنی مێژوو. لەڕاستیدا ژن نەک خاوەنی مێژووە بەڵکو ھەر مێژوو خۆیەتی، بێ ژنان مرۆڤایەتی تاوێک بەڕێوە ناڕوات. بەڵام ژن نە خاوەنی زمانی خۆی بووە ( لێرەدا مەبەست زمانی خۆ دەربڕینە) و نە خاوەندارێتی لە مێژوو کردووە، تەنانەت لە تاودەرە گرنگەکانی مێژوو وەک ئابووری، ئاین، سیاسەت، مێژوو خۆی… زۆربەی جار ئاراستەی ژن لە رێی پیاوەوە دەکرێ.

عەبدوڵوەهاب تاڵەبانی

لە رۆژو بۆنەی ٨ ی مارسدا دیارە مێینە لە سێبەری کۆمەڵگاکانی پیاوسالاریدا تا ماوەیەکی درێژیش پاش شۆرشی پیشەسازی لە ئەوروپا بە مێژوویەکی پڕ ئەشکەنجەو ئازاردا تێپەریوە، وە ئەگەر لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئەم دونیایەدا، بە تایبەتی پاش بڵاوکردنەوەی باوەڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکانی ساڵی ١٩٤٥کە تایبەت بوو بە دانانی چوارچێوەیەکی مێژوویی و یاسایی نێودەوڵەتی بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو، ئەوا “رۆژی ژنانی جیهان”  کە دەکاتە ٨ی مارسی هەموو ساڵێک دەبێ بۆ پەرەپێدان ودەرخستن و پتەوکردنی ئەو دەسکەوتانە بێت کە ژنان لە هەموو مەیدانەکانی ژیاندا وەکو “پلانە درێژخایەنە ئابووریەکان و کۆمەڵایەتیەکان وریزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئاشتی و ئاسایش “وەدەستیان هێناوە. لە هەمان کاتدا ئەو رێ وشوێنانە دەستەبەر بکا کە هانی ژنان دەدا بۆ برەودان بە تواناکانیان وسەپاندنی مانای یەکسانی لەگەڵ رەگەزی پیاودا. ئەمە لە سەر ئاستی ئەو پەیەرەوانەی لە بروانامەی نێو نەتەوەییدا هاتون، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەم پەیرەوانە تاچەند لە وڵاتانی جیا جیای جیهاندا پیادەکراون؟

بێگومان ئەم بابەتە زۆر ئاسان نیە لێرەدا و لەم کورتە باسەدا بە پێی پێویست توێژینەوەی بۆ بکەین و جێگەی بکەینەوە. کوڵتووری کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە زیاتر پابەندن بە رێ وڕەسمی ئاینەوە و کۆمەلگای پیاو سالارن، کە کوردستانیش بەشێکە لەو کۆمەڵگایانە، تا ئێستاش سەرەرای ئەو هەموو گۆڕانکاریانەی لە دونیادا روویان داوە هێشتا ئەشکەنجەی ژن تیایدا دیاروو بەرچاوە، هەندێ لە پیاوانی ئاینی ئەوەندەی خەریکی کەمکردنەوەی بەهای ژنن ئەوەندە خەریکی رەسمە ئاینیەکانی تر نین، زۆرتریش لە نرخی ژن بەوە کەم دەکەنەوە کە گوایە ژن لە رووی هێزی بازووەوە “هێزی فیزیکی” لە پیاو لاوازترە، بەڵام کەی لە رۆژی ئەمرۆدا هێزی فیزیکی لە هەرە زۆری چالاکیە مرۆییەکاندا پێوەرە بۆ توانای مرۆڤ؟ ئەوی لە زوربەی هەرە زۆری ئەو چالاکیانەدا بریاردەرە تەنیا هێزی مێشکە و بەس. هەر بۆیە رۆڵێکی زۆر نزم ولاواز بۆ ئافرەت دیاری دەکەن، بەم شیوەیەش پێشێلی زۆر لە مافە کانی دەکەن و زیاتر خۆیان خەریکی لایەنە سێکسیەکان دەکەن و هەزارو یەک “عه يب و عاری” بۆ دەدۆزنەوە وەکوو بڵێی سێکس تاک لایەنە بێ.  دەربارەی کوردستان سەرباری گەلێ چاکسازی کە لە رووی سیاسی و یاساییەوە دەربارەی رۆڵ و ژیانی ئافرەت کراوە کە نابێ ئینکاری بکەین، بەڵام تاوەکو قەدەرى ژن بە کولتووری دواکەوتووی بیابانەوە بەسترابێتەوە لە رێی دستووری عيراقەوه، ئەوا هەر وەکو پرۆژەیەکی ئازاردان دەمینێتەوە. کوردستان دەبێ ببێ بە خاوەنی دستووری خۆی، ئەو دستوورەی یەکاسانیەکی بەرچاو و مەدەنیانە و شارستانیانە لە کۆمەڵگای کورستاندا لە نێوان ژن و پیاودا دەستەبەر دەکاو وڵاتێکی پێشکەوتوو.

سەباح یاسین

لەم کاتەدا کە لە نەخۆشخانەم و دایکم کە بی ئاگاییە، گران بۆ بە وردی بیر بکەمەوە. لەگەل ئەوەشدا ئەم واتانەت دەنووسم و واتەکانیش زیاتر لە تیگەیشتم لە دایکم وەک ژن مانای وەرگرتووە. جا ئەو مانایەش وەک تیگەیشتنی خوم بۆ کولتووری زمانی و بەها سروشتیەکانی کولتوور و کولتووری پەروەردەی دەگەریتەوە. دایکم هەر کاتیک کە باس لە بەرپرسیاری و بەشداری مێ بێت، بۆ دایکی خوی وەک ئەوەی پەروەردەکەریکی باشی بووە، بە کردەوەش هانی کچەکەی داوە کە هەلسوکەوتی هاوتای کار و بیر بیت. کاتیک کە لە مانای ژن وەک سەرچاوەی نوێبووەنەوەی ژیان و ژان کە لێی ورد دەبینەوە، دەبینین ژان بە مانا سروشتیەکەی نویبونەوەی نەوەیە کە کور و کچ و بە مانای کولتوورەکەی نویبوونەوەی کولتوورەکەیە و ئەو نویبوونەوەیە لە پشتی مانای نوێبوونەوە و ئەو گەشەکردنە شارستانیە کوردستانی دیرین بووە کە یونانیەکان بە میزۆپوتامیا ناویان بردووە. لیرەشدا درک بەو مانایە دەکەین کە دایکی دایکم وەک کار و بیر بە نەوەکانی کە کور و کچ بوون گەیاندویەتی و ئەوەش ئەوە دەگەینێت کە کولتووری پەروەردە گرنگە بنەماکەی وەکو ژان بێت و مانای سروشتی و گەردوونی هەیە بژینرێتەوە تا نەوەی کور و کچ لەسەر بنەمای بوونەکەیان بەشداربن لە ریکخستنەوەی کۆمەلگا کە ئیمپراتۆر و دینە مەزاجی و سەرکردە ئایدولوجیەکان بۆ سی هەزار سالیک دەچێت بنەما پەروەردەیەکەی کە سروشت و گەردوونیە شێواندویانە.

Check Also

بانگخواز و کچە مۆدێل

دلێر محەمەد نوری بانگخواز ئەو پیاوە ڕیشنە ڕێکپۆشەیە، کە جبەیەکی عەرەبی، پەتی، ئیسلامی بە عەمامەیەکەوە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *