لە نێوان پۆشاک و جلوبەرگ

محەمەد ئەحمەد

پۆشینی جەستە لەلایەن مرۆڤەوە ھەمیشە دوو ڕەھەندارە. ڕەھەندێکی سروشتی و ڕەھەندێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری. رەھەندە سروشیەکە بۆ خۆپارێزیە لە سروشت. ڕەھەندە کۆمەڵایەتیەکە ھەم بۆ خۆ جیاکردنەوە و خۆپارێزیە لە ئەویتری نامۆ، ھەم بۆ سەلماندنی پابەندیە بە نەریتی باو و بەھای ئارای ئەو کۆمەڵەی تیایدا ئەندامی و پێوەی لکاوی. وەلێ، بۆ ئەوەی بەھای کولتووری و شوناسی پۆشین ڕوون بکەینەوە پێویستە جیاکاری بکەین لە نێوان (پۆشاک و جلوبەرگ).

پۆشاک تەنھا بریتیە لە کردەی پۆشینی جەستە یان بەشێک لە جەستە؛ ئەمەش کردەیەکە ھەموو کۆمەڵگاکانی مرۆیی پەیڕەوییان لێی کردووە، جا چ بەھۆی ناچاری سروشتی بێت وەک خۆ پاراستن لە زبری و خشان و ساردی و گەرمی، یاخود بەھۆی ناچاری بەھا و رێسا دانراوەکانی کۆمەڵگابن.

جلوبەرگ تەنھا بریتی نیـە لە کردەیەکی پۆشینی ڕووت، بەڵکو جلوبەرگ کردەیەکی مانادار و ھێمادار و ئاماژەدارە. جلوبەرگ ھەڵگری پەیام و گوتارێکیشە.

جلوبەرگ دەکەوێتە نێو جیھانی جیاوازیی و ململانێکان، جلوبەرگ ھەمیشە گوزارشتکاری جیاوازی و ململانێی کولتووری و چینایەتی و نەتەوەیی و ڕەگەزی بووە. ھەر تاکێک لە رێگای جلوبەرگەوە دەیەوێت بڵێت ئەوە کەسایەتی منە، ئەوە ئاستی داراییەکەمە، سەربەو ئاراستەیەم، یا سەر بەو چین و توێژ و پێگەیەم، سەربەو نەتەوەیە، یا سەر بەو ئایین و مەزھەبەم ھتد… 

بەمانایەکی تر، جلوبەرگ کردەیەکی نواندنکاریە، تاک و کۆ لە رێگای جلوبەرگەوە بەو شێوەیە خۆیان دەنوێنن کە دەیانەوێت. واتە وێنەی تاک خۆی بەو شێوەیە لە زھنی ئەوانیتر بچەسپێنێت کە دەیەوێت. ئەمەش مەرج نیە ھەر لە گرینگیدان بە جلوبەرگەوە بێت، بەڵکو دەکرێت بە پێچەوانەوە بێت. واتە لە رێگای گرینگی نەدان بە جلوبەرگ، بڵێیت من وەکو ئێوە گرینگی بە جلوبەرگ نادەم. ئەوەی ئێوە بەھای پێدەدەن، لای من بێ بەھایە و ھیچ گرینگی و بایەخی نیـە.

لە ھەموو سەردەمەکاندا جلوبەرگ رۆلی ھەبووە، وەک دەرخەر و ئاماژەدەری جیاوازی چینایەتی و کولتووری. هەروەها بەپێی سەردەمەکانیش گۆرانی بەسەردا ھاتووە، تەنانەت لەنێو ھەمان کۆمەڵگاشدا، بۆنموونە لە سەدەی XIX لە ئەوڕوپا باڵاپۆشی نیشانەی شارستانیەت و پێگەی کۆمەڵایەتی و خانەدانی بوو : بە پێچەوانەوە نیمچە ڕووتی نیشانەی بەربەری و کۆیلایەتی و پلەی نزمی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام لە سەدەی XX و XXI بە پێچەوانەوە بویەوە لە ئێستادا باڵاپۆشی لە ئەوروپا نیشانەی داخراوی و دواکەوتووی و نائازادی ئافرەتە بە پێچەوانەوە نیمچە رووتی نیشانەی کراوەیی و مۆدێرنە و پێشکەوتنە.

ئەوەی جێگای سەرنجدانە، ئافرەتان لەم ململانێیە کولتووری و شووناسیە ھەمیشە چەقی ململانێکان بوون. بۆنموونە لە جەزائیر لە سەردەمی کۆڵۆنیالی فەرەنسیدا، کە فەرەنسیەکان دەیانەویست لە پاڵ داگیرکاری سەربازی بەھا و کولتوور و ناسنامە و شێوازی ژیانی رۆژئاوایی بەسەر جەزائیریەکاندا بسەپێنن (کە ئەمە سیاسەتی ھەموو کۆڵۆنیالیستەکان بوو) لە بەرامبەریشدا ناسوینالیستەکانیش دژایەتی گشت بەھاکانی رۆژئاوا و کۆڵۆنیالیستیان دەکرد و پارێزگارییان لە بەھا سونەتی و رەسەنەکانی خۆیان دەکرد؛ تا وایلێھاتبوو ئەو ئافرەتانەی کە سفور بوون لەلایەن ناسوینالیستەکانەوە تووشی تانە و تۆمەت دەبوونەوە بە جێبەجێکاری ھەژموونی کولتووری رۆژئاواییان لە قەلەم دەدان. بە پێچەوانەوەش، ئافرەتانی باڵاپۆش ھێمای خۆراگری و نەبەزی و پارێزگاری بوون لە ھەمبەر ھەژموونی رۆژئاوایی و کۆڵۆنیالیزم.

بەھەمان شێوە، کاتێک ئەمریکا لەرێگای شای ئێرانەوە ھەوڵی بە رۆژئاواییکردنی کولتووری ئێرانی دەدا، جلوبەرگی مۆدێرن و رۆژئاواییان لەبەر دەکرد. لە کاردانەوەی ئەمەدا شۆرشی ئێران جلوبەرگی ئایینی سەپاند، وەک جەنگێکی شووناسی و کولتووری بەرامبەر رۆژئاوا.

لە ئێستاشدا بە ھەمان شێوە، کاتێک ئیسلامخوازەکان دڵیان بە جلوبەرگی ئایینی و باڵاپۆشی ئافرەتان خۆش دەبێت، ئەمە لەبەر خودی ئافرەتەکە نیە وەکو تاک، بەڵکو ئەمە جەنگێکی شووناسی و کولتووری و ئایدۆلۆژیە، ھەر ئەمەشە ھۆکاری زۆر جەختکردن لەسەر باڵاپۆشی و بە چەقکردنی لە ململانێکاندا. کاتێکیش سیکۆلارەکانیش بە جلوبەرگی ئایینی و باڵاپۆشی ئافرەتان قەڵس دەبن، ھەمان ھۆکارە. واتە لەبەر خودی ئافرەتەکە نیە کە پێویستە ئازاد و مۆدێرن و کراوە بێت، چونکە گەر بەدوای ئازادی ژن دەگەڕێیت دەبێت ئەو خۆی بڕیاربدات نەک لە جیاتی ئەو بڕیاری بۆ بدەیت. بەو مانایەی گەر ئازادی ئەویان دەوێت، دەبێ رێز لە بریارەکەی ئەو بگیرێت، نەک سوکایەتی بە بڕیارەکەی بکرێت! بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، ھۆکارەکە چاکەخوازی و باشەخوازی نیە بۆ تاکەکە، بەڵکو ململانێی گروپبەندیە ئایدۆلۆژیەکانە. واتە بابەتەکە دڵخۆشبوونە بە فراوانبوونی بازنەی ھاوفکر و ھاومەشرەبەکان. بەدیوەکەی تریشی، دڵتەنگبوونە بە پێچەوانەکەی. ئەمەش ڕەتکردنەوەی ئەویترە کە لوتکەی دەمارگیریە.

Check Also

ســـــینەمای ئێـــــرانی و دیـــوەکـــــەی تـــری مــــرۆڤ

خەلیل زێوەیی ئەگەرچی سینەمای ئێرانی بەدەرنیە لە کاریگەریی سیستەمی سیاسی، وەک هەر سینەمایەکی تری وڵاتانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *