ژنانی ڕواندا لە ناوەندی بڕیاردانن

د. مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا

Image: Portraitor

دواجار، ژنانی ئەتیوبیا ڕاچڵەکین، ئاگاداربوونەوە و زانیان، کە ئەو کوپە قاوە گەرمەی سەر ئەو مێزە، کە بووەتە مایەی حەسانەوە  و دەرمانی سەرئێشەی هەموو ملیۆنێر و ملیاردێرەکانی جیهان، بەرهەمی دەست و پەنجە زبر و وشكبووەکەی ئەوانە، کە بەبێ پشوو و بە کۆڵەپشتێکی ساواوە، دەیچننەوە و عەمباری دەکەن و بەرەو دەربەندەکانی جیهانی دەنێرن. ئەتیوبیا کە سەرچاوەی چاندنی قاوە و هەناردەکردنی قاوەیە، لە ئێستادا سەرقاڵی هەژموونێکی نوێی تازەگەری و گۆڕانە.

ژنانی ئەفریقا لە زۆربەی وڵاتەکانی ئەو کیشوەرەدا لە شۆڕشی ناساندنی تواناکانی خۆیانن، لە ئێستادا خاوەنی پۆستی باڵای حکومەتن و جومگە گرنگەکانی فەرمانڕەوایی بەڕێوەدەبەن، لە وڵاتی مالی وەزیری دەرەوە، لە کینیا وەزیری بەرگری، لە سینیگال پارێزگاری شارەوانی شاری دەککای پایتەختن، جگە لەوەی،  پەرلەمانی ڕواندا ڕێژەی ٦١،٣ % ی پەرلەمانتارەکانی ژنانی بەتوانا و شیاوی ئەو کارەن و بەرزترین ڕێژەی ژنانی پەرلەمان دەگرێتەوە لە ئاستی هەموو جیهاندا.

کاتێ لە ئەپریلی ساڵی ٢٠١٨ دا ئابی ئەحمەد عەلی، وەکو سەرۆك وەزیرانی ئەتیوبیا هەڵبژێررا، هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، هەشت لە وەزیرەکانی کابینەی پێشتری لەکار دوورخستەوە و سەر لەنوێ کابینەکەی بە زۆرترین ڕێژەی ژنی بەتوانا و شارەزا کارا کردەوە. بۆ یەکەم جار زۆربەی پۆستەکانی کابینەی نوێی ئەتیوبیا، بەو ژنانە درا؛ کە متمانەیان پێ دەکرا و شارەزابوون و شیاوی ئەو بەڕێوەبردنە بوون.

لە نۆڤەمبەری ٢٠١٨ دا، پۆستی سەرۆکی دادگای گشتی دەوڵەت درا بە خاتوو میئازا ئاشینافی کە ژنێکی خاوەن ئەزموون و یاساناسێکی شارەزای بواری مافی ژنانە لە ئەتیوبیا، ڕۆڵی زۆری هەبوو لە نووسینەوەی دەستوری نوێ لەو وڵاتەدا، ئەم ژنە هەڵقوڵاوی نێو سەختی ژیانی ژنانی ئەتیوبیایە، یەکێکە لەو کەسانەی لە بواری داکۆکیکردنی مافی مرۆڤ و ژناندا کاریگەری زۆری لەسەر ئەو بڕیارانە هەبوو کە ژنی لە ڕێزبەندی پێشەوە دیاریکرد.

لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا پۆستی سەرۆکایەتی دەوڵەتیش ڕادەستی خاتوو شەهلا زیودی کرا و وەکو یەکەم ژن لە ئاستی کیشوەری ئەفریقیادا، لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسیدا ئەژمار دەکرێ. ئەو پۆستە، ئەگەرچی پۆستێکی پێشوازی و تەشریفیە، بەڵام وەکو هەنگاوێك متمانەی بوونی توانای ژن بۆ دەسەڵات دەسەلمێنێ، گۆڕانێکی بەرچاوە و کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی ژنان دەبێت نەك هەر لە ئەتیوبیا بەڵکو لە سەر ئاستی تەواوی کیشوەرەکەدا.

لەو دەمەی ئابی ئەحمەد دەسەڵاتی سەرۆکایەتی وەزیرانی گرتەدەست، فیتسوم عاسیمە لە یەکێك لە زانکۆکانی هەرێمی هێسن لە ئەڵمانیادا لەبارەی سیستەمی ئاودێری و ئابووری کشتوکاڵیدا، سەرقاڵی تێزی دکتۆراکەی بوو؛ فیتسوم عاسیمە بێ ئەوەی ئاگاداری کاندیدکردنی خۆی بێت بۆ یەکێك لە وەزارەتەکانی کابینەی نوێ، لە ڕێی تەلیفۆنێکەوە داوای لێکرا بە زوترین کات بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکەی بگەڕێتەوە بۆ وڵات. وەرگرتنی پۆستی وەزاری و پۆستە سەرەکیەکانی حکومەت لەلایەن ژنانەوە، یەکێك بوو لەو گۆڕڕانانەی، لە لایەن ئابی ئەحمەدی سەرۆك وەزیرانەوە، لە تەواوی بنیاتنانی کابینەی نوێی حوکومەتدا کرا.

ئەم بەشداری و ڕایەڵکردنی توانای ژن و گرتنەدەستی پۆستە باڵایانە، ئەگەر بۆ ڕوکەش نەبێ و لە سەر بنەمای شارەزایی و متمانە و بڕوا بەخۆبوونەوە بێت، بێ گومان شیرازەی کۆنەپەرستی بنبڕ دەکا، نوێخوازی دێنێتە کایەوە، پشتێکی پتەو و پاشخانێکی باش و هاندانێکی بەزەبر و بناغەیەكی پتەو دەبێ بۆ پەیڕەوکردنی دادپەروەری، مافی مرۆڤ، یەکسانی و لەقکردنی ئەو فوندامێنتاڵە چەقبەستووەی، کۆمەڵگا بەدەستیەوە دەتلێتەوە. بەڵام، ئەگەر بۆ ڕوکەش و خستنەڕووی تەنها ڕێژەی ژن بێت و ڕوخسار و دیواری حکومەتی پێ جوان و ڕەنگاوڕەنگ بکرێ و بۆ ئەوە بێت لە پشتی ئەو دیوارەوە مەرامەکانی دژ بە بەرژەوەندی تاك و کۆمەڵ و نیشتیمانی پێ بپێکرێ؛ ئەوە تاوانێکە لەودیو ماسکی دەسەڵات و پۆستەوە زیانی گەورە بە نیشتیمان دەگەیەنێ و ئاوێنەی چاوەڕوانیەکانی خەڵك ڵێڵتر دەکات.

لە هەر دەوڵەتێکدا بێت، گرنگترین هەنگاو بۆ نوێبوونەوە و ڕایەڵکردنی توانای سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ حوکمڕانی بە تەکنەلۆژیای نوێ، نوێخوازی، جێهێشتنی ڕەوتی کۆنەپەرستی، بریتیە لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، هەتا ئەم هەنگاوە پەیڕەو نەکرێ ناتوانرێ توێژ و توخم و چین و چەندێتی و چۆنییەتی کاراکتەرەکان تێهەڵکێشی یەکتر بکرێ. ناتوانرێ سود لە تواناکانی تاك بۆ بەرژەوەندی گشتی وەربگیرێ، لە دەقی دەستوری ساڵی ١٩٩٤ی ئەتیوبیادا، جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتی لەیەکتر ڕاگەیانرا و کرا بە کرۆکی پەروەردەیەکی تەندروست و هەڵچنینی شورایەکی تۆکمە لە نێوان یاساکانی دەوڵەت و ئازادی بڕوای تاك بۆ خۆی. ئەم هەنگاوە بوێرە زۆر لە بنەماکانی دەسەڵات و حوکمڕانی هەڵتەکاند، دیارە گرنگترین پێگەو مەرج و بناغەی ئەم بوێریەش، بوونی سەرکردەی شایستە و بەتوانایە، بوونی بەرنامەی سەربەخۆ و ئازادی بڕیاردان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی وڵات و دواڕۆژیەتی.

ئەم پۆستە باڵایانەی ئێستا لەلایەن ژنانەوە ڕێبەری دەکرێن، بوونەتە جێ ئومێدی ئەو کچانەی کە هەروا بە شان ئاو دەکێشن و بەکۆڵ تورەکە قاوەکان هەڵدەگرن، یا وشکەساڵی و بێ ئاوی ناچاری کۆچ و کۆچڕەوی کردوون و لەژێر زەبری سەختی ژینگەی ئەو وڵاتەدا نەخوێندەوارن و مافی مرۆڤ و یەکسانی تیایدا غائیبە، بوونی ئەو کەسانە لە کابینەکانی ناوەندی بڕیارداندا، دەبێ ببێتە دینەمۆیەکی کاریگەر بۆ سەپاندنی یاسایەکی گونجاو، کە بەسەر هەموو تاکێكدا وەکو مرۆڤ بسەپێنرێ نەك وەکو توخم و ڕەگەز.

بۆنی خۆڵ و بۆنی خوێن

هەمیشە لە ڕواندا، لەو وڵاتە گەرمەی ناوەندی کیشوەری ئەفریقادا، لەگەڵ بارانی مانگی ئەپریل و بۆنی خۆڵی پاش باران، یەکسەر بۆنی خوێنیان دێنێتەوە یاد، کاتێ لە سەرەتای ئەو مانگەی ساڵی ١٩٩٤وە تا ناوەندی مانگی یولیو (تموز) بۆ ماوەی سەد ڕۆژ، هەشت سەد هەزار مرۆڤی بێ تاوانی خێڵی توتسی بەدەست خێڵی هوتووەکانەوە کۆمەڵکوژ کران، جینۆسایدێكی ئاشکرا بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە، بێ ئەوەی هیچ دەوڵەتێك بەدەنگیانەوە بچێت، تەنانەت بەدەنگ بڕیارەکانی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی جیهانیشدا نەچوون لەوانە ئەڵمانیا و فەڕەنسا.

خێڵی توتسیەکان لە ڕواندا، پێشتریش هەر لەلایەن خێڵی هوتووەکانەوە سەرکوتکرابوون، لە نێوان ساڵانی ١٩٥٩ تا ساڵی ١٩٦٤، نزیکەی سەدوسی هەزار توتسی بەرەو ئۆگەندا هەڵاتن، ساڵی ١٩٩٠ و پاش تێپەڕبوونی نزیکەی سی ساڵ لەو گرژیەی نێوان توتسی و هوتووکان، مناڵی هەڵاتووەکانی توتسی گەورە بوون و لە دەرەوی ڕواندا بەرەی نیشتیمانی ڕواندایان پێكهێنا، کە سەرۆکی ئێستای ڕواندا (پاول کاجامی) خۆی یەکێك بوو لەو مناڵانەی لە کۆڕەوەکەدا، هەر بەڕێکەوت ڕزگاری بووبوو و پاشتر بووە ئەندامێکی ئەو بەرەیە. ساڵی ١٩٩٣ هەردوولا لە تەنزانیا و لەژێر چاودێری بلجیکا و فەڕەنسا ڕێك کەوتنێکیان بۆ ئاگربەست مۆر کرد بێ ئەوەی هیچ لایەکیان وابەستەی ئەو ڕێكکەوتنە ببن، تا جینۆسایدی ساڵی ١٩٩٤ ڕوویدا و دوا کۆمەڵکوژی توتسیەکان لەلایەن هوتووەکانەوە ئەنجام درا و سێ یەکی توتسیەکانی تێدا لەناوچوون.

ئەم ڕابووردووە سەخت و ئاڵۆزەی، کە کاریگەری لەسەر دەروونی تاك تاکی کۆمەڵگا هەبوو، تەنها لە ڕوانگە و نەخشە و پلانی سەرکردایەتیەکی وڵاتپارێز و خۆنەویست و لێبوردە و ئاشتیخواز، دەرفەتی چارەسەرکردنی بۆ دەڕەخسێت، کە بتوانێ دوو خێڵی دژ بەیەکی وەکو توتسی و هوتوو لەسەر مێزی دانوستاندن کۆبکاتەوە و لە ژێر چەتری یەکسانیدا و بە دەستپێکێکی نوێ و لە بەرژەوەندی هەموولایەكدا حوکمڕانی بکات و بتوانێ بۆنی کاری هەرەوەز و بۆنی بەرهەمی قاوە، جێگای بۆنی خوێن بگرێتەوە.

لە ئێستادا ڕواندا یەکێك لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەفریقایە، ڕێژەی ژنانی لە پەرلەمان زیاتر لە ٦٥% یە و زۆرتر لەو ڕێژەیەی لە وڵاتە ئەسکەندنافیەکاندا هەیە. ژنان لە ڕواندا زۆربەی جومگەکانی دەوڵەت بەڕێوەدەبەن، نمونەیەکی جوانیشی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتن لە جیهاندا. ئەو جینۆسایدەی لەو وڵاتەدا کرا و زیاتر لە پەنجا هەزار بێوەژنی لێ کەوتەوە، بووە فاکتەرێکی گرنگ، بۆ ئەوەی ژن بە ڕوانگەیەکی جیاوازتر خۆی ئاراستە بکات و لە دەستوردا زۆر لایەنی ترادسیۆنی تێدا گۆڕا، یەکێك لەوانە بەشەمیراتی ژن بوو، کە لەساڵی ١٩٩٩وە چەسپێنرا ، جگە لەوەی هاوڵاتی تەنها بە هاوڵاتی ڕواندی ناونرا و کەس بە توتسی و هوتوویی جودا نەکرایەوە.

Image: Umberto Battista

ڕواندا پاکترین وڵاتی ئەفریقایە. لە ژینگەپارێزیشدا لە ڕیزبەندی یەکەمە. لە ساڵی ٢٠٠٨ وە هیچ تورەکەیەکی پلاستیك بەکارناهێنرێ و خۆڵ و خاشاکی بە سیستەمێکی تایبەت کۆدەکرێتەوە. لە بوارەکانی پەروەردە و یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان و تەندروستی و گەشەی بەردەوام و ژینگەپارێزی و داهێنانی زانستی و پاراستنی کەشوهەوادا پێشڕەوە. لە خشتەی گەندەڵی ساڵی ٢٠١٧دا لەسەر ئاستی جیهاندا ڕیزبەندی ٤٨مین وڵات بوو، تەنانەت پێش هەندێ وڵاتی ئەوروپا کەوتبوو وەکو ئیتاڵیا و یۆنان، کەچی هەر لەو ساڵەدا، عیڕاق لە کۆی ١٨٠ دەوڵەت لە ڕیزبەندی ١٦٩ بوو و هەرێمیش هەر لە چوارچێوەی عیڕاقدا ئەژمار دەکرێ.

 ئەمڕۆ ڕواندا لە گەشەکردنێکی بێ وێنەدایە و گەشەی ئابووریەکەی دەگاتە نزیکەی ٨% و سیستەمی دابینکردنی بیمەی تەندروستی هەیە و بواری پەروەردەی پێشکەوتووە و لە ساڵی ٢٠١٠وە خوێندنی بە زمانی ئینگلیزیە و لە بواری پەروەردە و دارایی زیاتر پەیڕەوی مۆدێلی سەنغافورە دەکات. ژن لە هەموو بوارێکدا خاوەن ئەزمون و کاری خۆیەتی. بانکی نێونەتەوەی، ڕواندای وەکو باشترین وڵاتی سەرنجڕاکێشی ئابووری لە ئەفریقا لەقەڵەم داوە، وەکو وڵاتێکی گەشتیاریش ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێك کەس میوانداری دەکات.

لە پاش کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٩٤وە، پایەی ژن هەر لە هەڵکشاندایە، ئەو ژنانەی لە سەر کورسی پەرلەمانن، هەر تەنها ڕوکەش و ژمارە نین، بەڵکو خاوەن پرنسیب و توانا و پرۆژە و بەردەوامین و کار لەسەر پرۆژەکانی گەشەکردنی تاك دەکەن. بەرنامەی جۆراوجۆریان بۆ دەرچوون لەو بارە دەروونیەی سەردەمی جینۆساید داڕێژاوە، پشتیوانی ژنانی لێهاتوو دەکەن بۆ بوونەخاوەنی ئابووری ئازادی خۆیان و قەرزی دەوڵەتیان پێ دەبەخشرێ بۆ سەلماندنی توانای بەرهەمهێنان لە تەواوی بوارە جیاوازەکانی کارکردندا. سەرمایەگوزاریەکی باش لە خزمەتی ئەو پرۆژانەدایە کە چینی ناوەند گەشە پێ دەکات، ئەو چینەی زۆربەی جەماوەری ماندوو دەگرێتەوە و هەر بەو سیستەمە دەتوانرێ خەڵکێکی زۆر لەسەر پێی خۆی بوەستێ و بڕوای بەخۆی بێت و نەخشە و پلانی ڕۆژ و ساڵ و تەمەن دابڕێژێ. لەوێ ژنان لە ناوەندی بڕیاردانن، لە بواری گەشەی ئابووری، ماڵداری و ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە خەڵك. لەوێ ژنان لە هەموو ناوەندێکی نیشتیماندا پێگە و دەنگی خۆیان هەیە.

کۆڵەکەی سەرەکی ئەو سەرکەوتنانەی ڕواندا، بریتیبوون لە باڵادەستی یاسا، ماڤی مرۆڤ، یەکسانی ڕەگەز، گۆڕینی ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی حوکمڕانەکان بۆ حوکمڕانی و بەرژەوەندی نەتەوەیی. لەوێ سیاسیەکان خاوەنی موڵکیەتی تایبەتی سامانی دەوڵەت نەبوون، ڕق و کینە سیاسەتی نێوخۆی هەڵنەکۆڵی، بەرژەوەندی حیزب بەرژەوەندی خەڵك و خاکی نەکڕیبوو، دروشمەکانیان یەکسانی ڕەگەز و مافی مرٶڤ و لێبوردن و چاندنی تۆوی ئاشتەوایی بوو، لەهەمووی گرنگتر پەروەردە و تەندروستی سێکتەری سەرەکی کارنامەکەیان بوو.

ئەبێت ئەوەش بڵێین، کە ئەم وڵاتە لە پەیڕەوکردنی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و یەکسانیدا هێشتا زۆری ماوە کە سیستەمێکی دیموکراتی وای هەبێت کە هەموو توێژ و چینەکان لە هەموو گۆشەیەکی وڵاتدا بگرێتەوە، بەڵام وڵاتێك لە ناوجەرگەی ئەفریقا و بەبێ نەوت و وزە و تەنها بە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و کرانەوە بەڕووی جیهاندا، بتوانێ هەنگاوی ناوازە بهاوێ و ببێتە نمونە لە جیهاندا، بێ گومان جێگەی تێڕامانە.

Check Also

مرۆڤی ساختە

 عەلی حەسەن  دەموچاوەکان ئاشنانین، پێکەنینەکان، حەژمەتەکان، کەس ئاشنای کەس نییە. خێرە ئەم هەموو نائاشناییە! کەسم …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *