وه‌رگێڕانی: توانا حه‌مه‌نووری
به‌شی یه‌كه‌م
ـ حەنا مینه له ساڵی 1924 له خێزانێكی هه‌ژار له‌دایك بووه، له‌گه‌ڕه‌كی (ئه‌لموسته‌نقه‌ع) له یه‌كێك له گونده‌كانی لیوای ئسكه‌نده‌رۆن، كه دواتر له‌ساڵی 1939 ئه‌و لیوایه به توركیاوه لكێندرا، ئه‌و كات له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا گه‌ڕایه‌وه بۆ لازقیه‌و وه‌كو سه‌رتاش ده‌ستبه‌كار بوو، له ساڵی 2008یشدا و له ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا وتارێكی له رۆژنامه‌یه‌ك بڵاوكرده‌وه و تێدا داوای كرد به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌واڵی مردنی له رۆژنامه‌كان بڵاونه‌كرێته‌وه، له ئێستاشدا ئه‌گه‌ر له ژیاندا مابێت ئه‌وه له ته‌مه‌نی نه‌وه‌د ساڵیدایه1.
ـ له‌سه‌رتادا له به‌نده‌ره‌كان وه‌كو بارهه‌ڵگر كاری كردوه، و دواتر له‌سه‌ر یه‌كێك له كه‌شتیه‌كان بوو به ده‌ریاوان.
ـ له‌چه‌ندین بواری جیادا كاری كردوه، له شاگردی چاككردنه‌وه‌ی پاسكیل و بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌كو داینی منداڵ له ماڵی خانه‌واده‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند كاری كردوه و ماوه‌یه‌ك وه‌كو كرێكاری ده‌رمانخانه‌یه‌ك كاریكردوه، له‌وێوه بووه به سه‌رتاش و دواتر به رۆژنامه‌نووس، دوای ئه‌و هه‌موو كاره، بووه به نووسه‌ری زنجیره‌ی رادیۆ، دواتر بووه به فه‌رمانبه‌ری حكومه‌ت و له كۆتاییدا رۆمان نووسی كردوه تا ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ئێستای.
ـ یه‌كه‌م چیرۆكه‌كانی ناردوه بۆ رۆژنامه‌كانی دیمه‌شق.
ـ له‌ساڵی 1946رووی كردوه‌ته به‌یرۆت بۆ كاركردن و له ساڵی 1947 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ دیمه‌شق و له‌وێ جێگیر بووه، له رۆژنامه‌ی (ئه‌لئینشا‌و) كاریكرد تا بوو به‌سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌كه.
ـ سه‌رتای كاره ئه‌ده‌بیه‌كانی زۆر لێهاتو نه‌بووه، نامه‌ی بۆ دراوسێكانی ده‌نووسی و عه‌ریزه نووس بووه.
ـ كاری له دارشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ و وتاری بچوك كردوه له رۆژنامه‌كانی سوریا و لوبنان، تا ده‌ستی كردوه به نووسینی كورته چیرۆك.
ـ ژیانی ئه‌ده‌بیاتی مینا له نووسینی شانۆگه‌ری (دۆنكیشوتیه) ده‌ستی پێكرد.
ـ یه‌كه‌م رۆمانه‌كانی به ناوی (المصابیح الزرق).
ـ كاره ئه‌ده‌بیاته‌كانی بریتین له 30 رۆمان، هه‌شتیان تایبه‌تی كردوه له‌سه‌ر ده‌ریا، چونكه عاشقی ده‌ریا بووه.
له رۆمانه به‌ناوبانگه‌كانی (النجوم تحاكم القمر)، (القمر فی المحاق)، (نهایه رجل شجاع)، (بقایا صور)… به‌شێكیشیان بوون به كاری ته‌له‌فیزیۆنی.
ـ له ته‌مه‌نێكی زۆر كه‌مه‌وه چوه ژیانی سیاسی و حزبیه‌وه ئه‌و كات ته‌مه‌نی 12 ساڵ بوو، خه‌باتی دژی داگیركه‌ری فه‌ره‌نسی كردوه، له‌ناوه‌رٍاستی شه‌سته‌كانیشه‌وه ده‌ستبه‌رداری كاری حزبی بوو و ژیانی بۆ كاری ئه‌ده‌بی ته‌رخان كرد، به‌تایبه‌ت بۆ رۆمان.
ـ ئه‌زمونی غوربه‌تێكی سه‌ختی له نێو شاره‌كاندا كرد: له لازقیه‌وه ده‌ستی پێكرد بۆ ده‌شتایه‌كانی (ئه‌رسۆز) له نزیك (ئه‌نتاكیه)، له‌وێوه بۆ ئسكه‌ندرۆنه، دووباره بۆ لازقیه و دواتر به‌یروت و دیمه‌شق، تاكو هاوسه‌رگیری كرد و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا ده‌ربه‌ده‌ر بوو و ئه‌وروپایان تێپه‌ڕاند تا گه‌یشتنه وڵاتی چین، له‌وێدا پێنج ساڵ ژیانیان به‌سه‌ر بردوه، ئه‌وه بۆ سێهه‌مجار بوو، كه به زۆره ملێ له نیشتمان دورخرابوه‌وه، ئه‌و دوورخراوانه‌ش ماوه‌ی ده ساڵی خایاند.
ـ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك نووسه‌ری چه‌پڕه‌وی سوری رابیته‌ی نووسه‌رانی سوریای له ساڵی 1951 دامه‌زراند، كه ئه‌ندامه‌كانی بریتی بوون له (سه‌عد حۆرانیه، فاتح ئه‌لدارس، شه‌وقی به‌غدادی، سه‌ڵاح ده‌نی، مه‌واهب كه‌یالی، حه‌سیب كه‌یالی، مسته‌فا حه‌لاج، چه‌ند نووسه‌رێكی تر، له ساڵی 1954 یه‌كه‌م كۆنگره‌ی نووسه‌رانی عه‌ره‌بیان سازكرد كه‌تێدا ژماره‌یه‌ك له نووسه‌ری نیشتیمانی و دیموكراتی و له‌سوریا و وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان به‌شداربوون.
ـ به‌شداریكرد له دامه‌زراندنی یه‌كێتی نووسه‌رانی عه‌ره‌ب.
ـ ژماره‌یه‌ك رۆمانی نوسی، كه زۆربه‌یان باسی ژیانی ده‌ریاوانی لازقیه و مه‌ترسیه‌كانی ده‌كرد.
ـ باوكی پێنج منداڵه، یه‌كێكیان به ناوی (سه‌لیم)بوو، له‌ساڵانی په‌نجاكاندا به‌هۆی بارودۆخی خه‌بات و نه‌بوونی و سه‌ختیه‌وه گیانی له‌ده‌ستداوه و كوڕه‌كه‌ی تریشی به ناوی (سه‌عد)ـه، كه بچوكترینی منداڵه‌كانێتی و له ئێستادا یه‌كێكه له ئه‌كته‌ره ناسراوه‌كان، وه‌كو پاڵه‌وانی زنجیره ته‌له‌فیزیۆنی (نهایه رجل شجاع) به‌شداری كردوه، كه یه‌كێكه له رۆمانه‌كانی باوكی، هاوكات سێ كچیشی هه‌بووه، به ناوه‌كانی (سه‌لوه، پیشه‌ی دكتۆره)، دووه‌میان (سه‌وسه‌ن، دكتۆری سڕكردنه و بڕوانامه‌ی ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی هه‌یه)، سێهه‌میشیان به ناوی (ئه‌مه‌ل، ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نیه) هه‌رسێكیشیان ژیانی هاوسه‌ریان پێكهێناوه.
به‌شی دووه‌م
مینا له‌باره‌ی خۆیه‌وه ده‌ڵێت:
(من نووسه‌ری خه‌بات و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه‌كانم) خه‌بات به‌خته‌وه‌ری خۆی هه‌یه، چێژێكی به‌هێزی هه‌یه، به‌تایبه‌تی كاتێك ده‌زانی له پێناو ژیانی كه‌سانی تردا ژیانی خۆت فیداده‌كه‌یت، كه هه‌ر نه‌شیاناسی، به‌ڵام تۆ له ناخی خۆتدا بڕوات به كاره‌كه‌ی خۆت هه‌یه، كاتێك ئه‌و كه‌سانه له‌ژێر ده‌ستی ترس و نه‌خۆشی و برسێتی و زه‌لیلی رزگار ده‌كه‌ی، ئه‌وانه شایه‌نی ئه‌وه‌ن كه قوربانی بده‌ی له‌پیناویاندا، تا ئه‌و ئاسته‌ی به مردنیش بێت به‌ده‌ستی بێنی، من ئه‌زمونم گواسته‌وه بۆ هۆشیاری، یه‌كه‌م ئه‌زمونم له گه‌ڕه‌كی (ئه‌لموسته‌نقه‌ع)بوو له ئسكه‌ندرۆنه، له‌وێ گه‌وره بووم، كه له‌م جیهانه‌ش كۆچ ده‌كه‌م ده‌بێته دواین ئه‌زمونم.
ئه‌زمونی خه‌باتكردن بۆ ئه‌وه بوو رێگه به خه‌ڵك بده‌ین پێشبینی هه‌بێت و هاوكاریان بكه‌ین له ژیانی جه‌هاله‌ت رزگاریان ببێت، له گه‌ڵیاندا بڕۆین بۆ زانیاری، ئه‌مه‌ش ئه‌و رێبازه گه‌وره‌یه هه‌نگاوی یه‌كه‌مه به‌ره‌و رۆژێكی باشتر.
له‌باره‌ی دواین كاریه‌وه ده‌ڵێت:
پیشه‌ی نووسه‌ری، بازنگێكی زێڕین نییه تاكو له‌ده‌ستی بكه‌ی، به‌ڵكو كورترین رێگه‌یه به‌ره‌و خه‌مناكیه‌كی ته‌واو، هه‌ڵه لێم تێمه‌گه‌ن، ژیان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌خی شتی پێ به‌خشیم، ده‌ڵێن گوایه من نوه‌سه‌رێكی عه‌ره‌بی زۆر ناسراوم، له‌گه‌ڵ نه‌جیب مه‌حفوز و نۆبڵه‌كه‌ی و نه‌زار قه‌بانی و ئه‌و غه‌زه‌لیاتانه‌ی كه نازناوی (عومه‌ر بن ئه‌بی ره‌بیعه) سه‌ده‌ی بیسته‌هه‌م-ی پێ به‌خشی.
له‌ئێستادا داوام لێ ده‌كه‌ن هاوشێوه‌ی كاره‌كانی سه‌رتام كار بكه‌م، چونكه سودی بۆ ره‌خنه‌گران و خوێنه‌ران هه‌یه، به‌ڵام من پێم وایه، گه‌ڵای پایز (مصابیح زرق)ی به‌ردایه‌وه.
به‌شی سێهه‌م
له‌باره‌ی ده‌ریا كه عاشقی بووه ده‌ڵێت:
ده‌ریا هه‌میشه سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی من بووه، زۆربه‌ی كاره‌كانم به ئاوی شه‌پۆلی سه‌خت ته‌ڕ بووه، پرسیاری ئه‌وه ده‌كه‌م ئایه به‌مه‌به‌ست وامكردوه؟ له وڵامدا ده‌ڵێم: سه‌ره‌تا مه‌به‌ستم هیچ نه‌بووه گۆشتی من ماسی ده‌ریایه، خوێنم ئاوه سوێره‌كه‌یه‌تی، ململانێی من له‌گه‌ڵ قرشه‌كاندا، ململانێی ژیان بوو، به‌ڵام زه‌ریانه‌كان نه‌خشێكیان له‌سه‌ر پێستی من نه‌خشاند.
كاتێك هاواریان كرد : ئه‌ی ده‌ریا!
من وڵامم دایه‌وه، من ده‌ریام، له‌ناویدا له‌دایك بووم، ده‌خوازم هه‌ر له‌ناویدا بمرم، ده‌زانن مانای چییه كه مرۆڤ ده‌ریاوان بێت؟
ئه‌و مه‌به‌ستێتی هاوشێوه‌ی یوحەنا به ئاوی ده‌ریای ره‌ش پاك ببێته‌وه نه‌ك روباری ئوردن.
من پرسیارتان لێ ده‌كه‌م، كارێكی سه‌یر نییه، ئێمه له كه‌ناری ده‌ریاداین و ده‌ریا نه‌ناسین؟ ئایه له‌سه‌ری نانووسین؟ سه‌ركێشی ناكه‌ین؟ كه ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی كۆن و تازه ده‌ریای تێدا نه‌بێت، وێنه‌یه‌ك له وێنه‌كانی جیهانی تێدا نه‌بێت، كه وشكانی به‌شێكه لێی؟ ده‌ریاوان به (تاوه‌یه‌ك) ڕاو ناكات، له‌سه‌ر كه‌ناره‌كانیش دانانیشێت وچاوه‌ڕێی ماسیه‌كی سه‌ردینی بێ نرخ بكات، ئه‌و گه‌وره‌تره زۆر گه‌وتره، من لێره‌دا باسی كوڕی به‌نده‌ره‌كان ناكه‌م، باسی ده‌ریاوان ده‌كه‌م!
عه‌ره‌ب زۆربه‌یان له‌سه‌ر ده‌ریا هیچیان نه‌نوسیوه، چونكه ترسان له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی شه‌پولی هاروهاجدا مه‌رگ تاقیبكه‌نه‌وه.
من ئیدعای ئه‌وه ناكه‌م كه سوارچاكم، به‌ڵكو سه‌ركێشی ده‌كه‌م، باوباپیرانی من ده‌ریاوان بوونه، ئه‌مه پیشه‌یان بووه، كوڕیش پیشه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی فێر ده‌بێت، له‌به‌نده‌ره‌كاندا بارهه‌ڵگرێكی لێهاتووبووم، دواتر بووم به ده‌ریاوانێكی لێهاتوو، ئه‌وه له رابردویه‌كی سه‌خت و میهره‌بانی ژیانم بوو، ئه‌و رێبازه دوور و درێژه‌م به پێی بڕی، به پێ خاوسی، له كێڵگه‌یه‌كی پڕ له بزمار، خوێنم له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانم ده‌چۆڕا، ئێستا كه ده‌ڕوانمه رابردوو، دیدێكی بێ لایه‌نم هه‌یه، تووشی موچڕك ده‌بم، چۆن، چۆن؟ له‌كوێ، له كوێ؟! ده‌ریا له‌وێیه و منیش له‌سه‌ر وشكانیم؟! هه‌میشه ئاواتم ئه‌وه بووه دیمه‌شق بگوازرێته‌وه بۆ ده‌ریا، یاخود ده‌ریا بگوازرێته‌وه بۆ دیمه‌شق، پێتان وا نییه ئه‌مه خه‌ونێكی جوانه؟! هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به ته‌لێكی نادیار به‌سترامه‌ته‌وه به غۆته، به‌ستراوه به ملوانه‌كه‌ی یاسه‌مین به شه‌وانی هاوینی شامی قه‌شه‌نگ، به پاسه‌وانێكی متمانه‌پێكراو له‌سه‌ر چیای قاسیۆن و عاشقێكی وابه‌سته به (به‌ره‌ده)، بۆیه فه‌یرۆز و شامیاتم خۆشده‌وێت.
* گرنگترین رۆمانه‌كانی:
(المصابیح الزرق)، (الشراع و العاصفه)، (الیاطر)، (الابنوسه البیضا‌ء)، (حكایه بحار)، (نهایه رجل شجاع).
به‌شی چواره‌م
تیشكێك له‌سه‌ر خودی ژیانی
پێم وا نه‌بوو ببمه نووسه‌ر
ته‌نانه‌ت كه ته‌مه‌نم چل ساڵیش بوو، پێم وا نه‌بوو ببمه نووسه‌رێكی ناسراو، له ته‌مه‌نی 13 ساڵی گه‌شتی بێده‌ره‌تانیم ده‌ستی پێكرد، ئه‌و گه‌شته كۆچكردن بوو له شوێنێكی كاره‌ساتبار بوو بۆ شوێنێكی تر، ئێستا ته‌مه‌نی ئه‌و گه‌شته هه‌شتا ساڵه، به‌ڵام گه‌شتكردنم له‌گه‌ڵ زه‌مان له‌وه دوورتره و هه‌تا مابێتم ده‌مینێت.
باوكم به ره‌حمه‌ت بێت كۆچه‌رێكی تایبه‌ت بوو، له‌گه‌شته‌كانیدا نه‌سودی ده‌به‌خشی و نه‌ش سودی وه‌رده‌گرت، له‌پێناو شتێكی نادیار گه‌شتی ده‌كرد، هه‌میشه خێزانه‌كه‌ی به‌جێ ده‌هێشت، به‌ره‌و گونده‌كانی ترس و برسێتی و تاریكی، هه‌میشه پرسیاری ئه‌وه‌م ده‌كرد، ئاخۆ به‌دوای چ ئامانجێك هه‌وڵ ده‌دات؟ بێگومان وڵامم ده‌ست نه‌كه‌وت، به‌زگماكی بوهیمی بوو.
من نه‌خۆش بووم و دایكم و هه‌رسێ خۆشكه‌كه‌شم وه‌كو كاره‌كه‌ر كاریان كردوه، ته‌نیا من كوڕه لاوازه‌كه‌یان بووم و وه‌كو كرێكار كارم ده‌كرد.
سه‌ره‌تای كاری ئه‌ده‌بیاتی من ساده بوو، له‌و كاته‌وه‌ی كه ده‌ستبه‌رداری خوێندنی سه‌ره‌تای بووم، نامه‌م بۆ دراوسێكانم ده‌نووسی و نوسراوم بۆ حكومه‌ت ده‌نووسی، من زمانی زیندووی كه‌سوكاره‌كه‌م بووم، له فه‌رمانگه‌كاندا باڵیۆزی متمانه‌پێكراویان بووم، هه‌میشه نووسراو و سكاڵای خه‌ڵك و شاره‌كه‌م ده‌نوسی، كه‌سێكی ڕووبه‌ڕوو بووم، له‌سه‌ره‌تای چاوكردنه‌وه‌مدا، ئێمه هه‌میشه برسی بووین، بێكار و نه‌خۆش و نه‌خوێنده‌وار، كه‌سانی هاوشێوه‌ی ئێمه ده‌بێت داوای چی بكه‌ن؟ كار، نان، خوێندن، نه‌خۆشخانه، ده‌رچونی داگیركه‌ره فه‌ره‌نسیه‌كان و له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌ت داوای ئه‌وه‌مان ده‌كرد به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن…
سه‌ره‌تای كاره ئه‌ده‌بیاته‌كانم، شانۆگه‌ری (دۆنكیشۆتیه)م نووسی، به ئاره‌زووی خۆم هاوارم تێدا كرد، به ئاره‌زوی خۆم جیهانم تێدا گۆڕی، جیهانم هه‌ستانه سه‌ر پێ و رێگه‌م نه‌دا دابنیشێت، شانۆگه‌ریه‌كه ون بوو، له‌و كاته‌وه خۆم بۆ نووسینی شانۆ ئاماده‌كرد و تاكو ئێستاش به‌رده‌وامم، چیرۆكه‌كانم ون بوون، داخم بۆیان نه‌خوارد، داخ بۆچی بخۆم كه من ژیانم ونبووه؟ دواتر كه سه‌رتاش و سیاسه‌تمه‌دارێكی راونراوبووم، هه‌رگیز بیرم له‌وه نه‌كردوه‌ته‌وه ببمه نووسه‌ر، ئه‌و له‌سه‌رووی ئاواته‌كانمه‌وه بوو، هه‌رچه‌نده پێم خۆش بوو ببمه شتێكی وا، به‌ڵام بڕواتان هه‌بێت من كه‌سێكم چومه‌ته ناو پیشه‌یه‌كه‌وه و دوای ته‌مه‌نێكی زۆر بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه دۆخه‌كه راستبكه‌مه‌وه و ده‌سبه‌رداری نووسین ببم، چونكه نووسه‌ری بازنگێكی ئاڵتون نییه، به‌ڵكو كورترین رێگه‌یه به‌ره‌و خه‌مۆكی.
هه‌ندێكی شتی رێكه‌وتم له‌سه‌ر ژیانم نووسیوه، كه نزیك بوومه له ده‌ریا یاخود توانیومه له ته‌نیشتی ده‌ریا ببم، به‌ڵام ته‌نیا به‌وه قایل ده‌بم ماڵم له دیمه‌شق بێت كه زۆرم خۆشمده‌وێت و بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بڕۆم من موغازه‌له‌ی ده‌كه‌م.
بۆ ماوه‌ی شه‌ست ساڵ خاچه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆم هه‌ڵگرت، كه‌چی كه‌سێكم نه‌دۆزیه‌وه له‌خاچم بدات و رزگارم بكات، خه‌ریكه ڕقم له نووسین ده‌بێته‌وه، وام لێهاتوه ڕقم له‌م پیشه خه‌مناكه‌یه، هه‌رگیز ڕزگارم نابێت لێ، ته‌نیا به مردن نه‌بێت، وام لێهاتوه له مردن ناترسم، ئه‌وه وه‌كو سزایه‌كه بۆ من كه ساده‌ییم به‌زاند، هه‌میشه به نیگه‌رانی ده‌ژیم، ئه‌م نیگه‌رانیه‌ش سێ‌جار پیرۆز ده‌كه‌م و نه‌فره‌ت له ئارامی ده‌كه‌م، كرمی فكر له مێشكمدا ده‌گه‌ڕێ و ڕێم پێنادات پشو بده‌م، ناخیشم ده‌یه‌وێت ئارام بگرێت، رۆحیش بریندار و خوێناویه، پیر نابێت به‌ڵكو خاوه‌نه‌كه‌ی بۆ نێو گۆڕێك داده‌گرێت، هه‌موو ژیانمم له سه‌ره‌ڕۆیدا به‌سه‌ر بردوه، ژوانم له‌گه‌ڵ مه‌رگدا هه‌بووه باكم نه‌بووه، مردن ترسنۆكه بۆ كه‌سێك كه خۆی لێ ئاگادار بكاته‌وه، هه‌شتا ساڵه له‌سه‌ر شوێنێكی خلیسكدام، كه‌چی ئه‌و مه‌رگه‌ی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌م لێم هه‌ڵدێت!
به‌شی پێنجه‌م
ده‌رچووی چ زانكۆیه‌كی؟
خوالێخۆشبوو دكتۆر عادل عه‌وا مامۆستای فه‌لسه‌فه بوو له زانكۆی دیمه‌شق، له‌یه‌كێك له بۆنه‌كاندا پێی وتم: “دكتۆر حەنا، ده‌رچووی چ زانكۆیه‌كی؟”، به‌شێوه‌یه‌كی نا جدی پێم وت “له زانكۆ هه‌ژاریی ره‌ش”، وتی “سه‌یره هه‌رگیز ناوی ئه‌م زانكۆیه‌م نه‌بیستوه!”
دكتۆر ئه‌لعوا كه‌سێكی زۆر باش بوو، فه‌لسه‌فه‌ی له زانكۆی دیمه‌شق ته‌واوكرد، به‌ڵام پێده‌چێت دوای روویكرده خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه و هه‌ندێك نووسینی له‌باره‌یه‌وه نووسیوه، له نووسینه ناسراوه‌كانی (الكرامه) بوو، كاتی نه‌بوو بۆ خوێندنی ئه‌ده‌ب، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی داخه، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه واقعه، چونكه چینی لیبرال له سوریا، به‌ڵكو له نیشتمانی عه‌ره‌بیشدا ئه‌ده‌ب ناخوێنێنن، بۆچی بیخوێنێنن، كه هه‌وڵی شتێك ده‌دات زیاتر سوودی لێوه‌ربگرێت، خۆشی دونیا له لوتبه‌رزیدایه، ئه‌وه زۆر سودی هه‌یه، ته‌نانه‌ت له ڕێزگرتنیشدا، یاخود كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی كه جه‌خت له‌و ڕێزگرتنه ده‌گرن و جێگیری ده‌كه‌ن و بریقه‌كه‌ی زه‌رد ده‌كه‌ن، وه‌كو ڕوناكی خۆر له ڕۆژانی هاویندا، بۆ دواجار خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب بۆ تێربوونه، ئه‌و كه‌سه‌ی كه برسی ڕێزگرتن و سه‌روه‌ریه ئه‌ده‌ب ده‌خوێنێت، یاخود ئاره‌زوی پێگه‌یه‌كی باڵا بكات له نێو كۆمه‌ڵگه، وه‌كو هه‌ندێك له رۆشنبیر و خوێندكارانی زانكۆ و ئه‌و چینانه‌ی كه هه‌وڵ بۆ زانست ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له دونیا تێبگه‌ن له‌جیهاندا چ ده‌گوزه‌رێت!
سه‌باره‌ت به خۆشم، من ده‌رچوی زانكۆی هه‌ژاری ره‌شم، هه‌ژاری دوو جۆره، سپی وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا تێدا ده‌ژیم و ره‌ش وه‌كو ژیانی منداڵیم، ئه‌و كات برسی و پێی په‌تی و رووت، دایكم هه‌وڵی له‌گه‌ڵمدا تاكو له قوتابخانه بخوێنم بۆ ئه‌وه‌ی پیته‌كانم حینجه بكه‌م، له‌دوای حونجه‌كردنی پیته‌كانیشه‌وه ببمه قه‌شه‌یه‌ك یاخود پۆلیسێك، تاكو كه گه‌وره بووم ببمه نێوان گیر، له دژی داگیركه‌ری فه‌ره‌نسی خۆمم فڕێدایه نێو ڕه‌وتی خه‌ستی به‌رگریه‌وه، ئه‌و كات دایكم هیوای ده‌خواست كه هه‌رگیز نه‌مخوێندبایه، به‌ڵكو ببوایه‌م به شوانێك له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌بات له پێناو سه‌ربه‌خۆی بكه‌م، مه‌ینه‌تی زۆرم چه‌شت له گرتوخانه‌كانی فه‌ره‌نسا و ته‌نانه‌ت گرتوخانه نیشتمانیه‌كانیش، به‌درێژایی سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گه‌كان و دوای سه‌ربه‌خۆی، دایكم هه‌ر ماندوبوو به‌ده‌ستمه‌وه.
ئاواته‌كانی دایكم نه‌هاته دی، نه‌بوومه قه‌شه و نه‌ش پۆلیس، قه‌ده‌ریش نه‌یكردم به شوان، هه‌رچه‌نده كاری زۆر له‌وانه قورس‌تر و ناشرینترم كرد، كاری زۆرم كردوه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ژیانم زانراوه، كرێكاری و كرێكاری و كرێكاری، له‌دوای داگیركردنی سوریا له‌لایه‌ن فه‌ره‌نساوه له‌جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا، به‌خۆبه‌خش چومه هێزی ده‌ریاوانیه‌وه، به‌ختی ئه‌وه‌م نه‌بوو به‌شداری له‌شه‌ری (عه‌له‌مه‌ین) بكه‌م له دژی سوپای رۆمل كه به گورگی بیابان ناسراوه، ده‌ستم له كاری هێزی ده‌ریاوانی به‌ردا و بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له‌نێوان به‌نده‌ره‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕواست له‌سه‌ر به‌له‌مێك كارم كرد، له‌كاتی زریان‌دا له‌سه‌ر ئه‌و به‌له‌مه، به نیگایه‌كی سارده‌وه مردنم تاقیكرده‌وه، وه‌كو هاواری مارێك، له‌وێوه سۆزم بۆ ده‌ریا په‌یدا كرد.
كاتێك پیشه‌یه‌كی خه‌مناك و پیس و به‌چیژم گرته ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ریا نووسیم، هاوشێوه‌ی گوزارشتی ئه‌رنست هیمنگوای بۆ ده‌ریا، كه مردن نه‌بێت هه‌رگیز لێی نابمه‌وه.
به‌شی شه‌شه‌م
به‌شێوه‌یه‌كی راستگۆیانه وتم، من به هه‌ڵه له‌دایكبووم، به‌هه‌ڵه‌ش پێگه‌یشتم، به‌هه‌ڵه‌ش نووسیم، چونكه ژیانی منداڵی نه‌خۆش وه‌كو گڕی مۆمێك وایه كه شنه‌بایه‌ك لێبدات و نه‌یكوژێنێته‌وه ته‌نیا ده‌یله‌رێنێته‌وه، له‌دوای كاركردنم وه‌كو ده‌ریاوان له‌سه‌ر ئه‌و به‌له‌مه، نان بوو به خه‌یاڵ، ده‌بوایه نانیشم په‌یدا بكردبایه، تاكو برسێتی خێزانه‌كه‌م تێر بكردبایه، چیتر شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م نه‌ما ببمه پاڵه‌وان، ناچاربووم وه‌كو بارهه‌ڵگرێك له‌نێو به‌نده‌ره‌كان كار بكه‌م، دواتر بووم به سه‌رتاش له‌شاری لازقیه، له‌سه‌رتاشیه‌وه بۆ رۆژنامه‌گه‌ری و بۆ نووسینی زنجیره‌ی ته‌له‌فیزیۆنی و دواتر فه‌رمانبه‌ر له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، پێش ئه‌وانه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی سه‌خته‌وه دوورخراوبووم، له ئه‌وروپا بێ لانه بووم، له‌ژێر پرده‌كانی سویسرا ده‌خه‌وتم، له وڵاتی (چین) داوای كارم ده‌كرد، نه‌ك زانست، هه‌موو ئه‌مانه و زیاتریش، پێویسته به‌خوێنه‌ران ئه‌وه بڵێم كه ته‌نیا بۆ سوپاسگوزاری باسی ئه‌مانه ده‌كه‌م، نه‌ك بۆ باسكردنی دۆخه‌كه‌م، چونكه ژیانم پڕه له ئه‌زمونی قورس، سودی زۆریشی بۆم هه‌بوو، چونكه وه‌كو ئه‌و ئاسنه بووم كه به‌ئاگر پۆڵاین بوو، كاتێك به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه ده‌ستم به نووسین كرد ته‌مه‌نم 40 ساڵ بوو.
كاركردن له ده‌ریادا، سودی زۆری بۆم هه‌بوو له نووسین له‌باره‌ی چادر و زریان و به‌نده‌ر، به‌هۆیه‌وه، رۆمانی (نهایه رجل شجاع)م نووسی، هه‌ر وه‌ك رۆژانی خۆحشاردان له فه‌رنسیه‌كان له‌نێو جه‌نگه‌ڵدا بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌م ده‌ست بكه‌وێت (الیاگر)م نوسی، كه مانای، له‌نگه‌ری پاپۆڕه، كه یه‌كێكه له رۆمانه به‌ناوبانگه‌كانم، هه‌رچه‌نده به‌شی دوهه‌میم نه‌نوسی، ئه‌و كه‌سه‌ی كاره‌كانم بڵاو ده‌كاته‌وه هه‌میشه دوام كه‌وتوه و داوام لێده‌كات ئه‌و به‌شه‌ی دیكه‌شی بنوسم، به‌ڵام ئیتر له‌تۆی هه‌وره سپیه‌كان، كه له كاتی رۆژئاوادا ره‌نگیان ده‌چێته سه‌ر ره‌نگی شه‌راب ماوه‌ی 30 ساڵه به‌ڵێن جێی به‌ڵێن ده‌گرێته‌وه، تا ته‌مه‌ن به‌سه‌ر چوو، به‌شی دووه‌میش له‌بیر كرا، خوێنه‌ر لێم وه‌رز بوو، به‌شێوه‌یه‌ك پشومدا كه هه‌رگیز پشوی وامنه‌داوه، ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ریشم تێگه‌یاند كه من نیمچه ژیر و نیمچه شێتێكم، هه‌روه‌ها نیمچه شێت و نیمچه ژیرێكیشم!
كێشه‌كه له‌وه‌دایه (هه‌ركه‌سێك به‌شتێكه‌وه گه‌نج بوو، پێوه پیر ده‌بێت) منیش له‌خۆشه‌ویستی شه‌ركێشیه‌وه گه‌نج بووم، تا تێكه‌ڵی خوێنم بوو هه‌میشه‌ش له ژواندام له‌گه‌ڵی، له‌هه‌ركوێیه‌ك بێت من له‌وێم، چونكه ئه‌و له گه‌رۆی (به‌ره‌ده)یه، به‌ڵام ئه‌م فڕینه بۆ گه‌ڕان به‌دوای سه‌ركێشی به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه مرۆڤ كه نووسینی هه‌ڵبژارد، دوو ئه‌گه‌ری له پێش ده‌بێت، یا ده‌بێته باڵی چۆله‌كه، یان باڵی داڵ، له شیعردا ده‌بێت شاعیر باڵی داڵ هه‌ڵبژێرێت، ئه‌گینا ده‌بێت به‌شكستی له‌سه‌ر زه‌لكاوی نوسیدا باڵ لێبدات، به بێ ئه‌وه‌ی بفڕێت، فڕین له داهێناندا مه‌رجی خۆی هه‌یه، ده‌بێت له مردن نه‌ترسێت، هه‌رچه‌نده ئه‌وه وابه‌سته‌یه به‌كاری خوداوه، بڵام به‌ڕای من ترسنوكه، وه‌كو ئه‌وه وایه مردن له‌جێ خۆی بانگ بكه‌ن، زۆرترین ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌مردن ده‌ترسن و خۆیان لێی ده‌پارێزن له خواردن و خورادنه‌وه دوور ده‌كه‌ونه‌و سه‌ركێشی ناكه‌ن و هیچ هه‌وڵێك بۆ گۆڕینی ژیانیان ناده‌ن، له سیستمی ژیانی خۆیاندا ده‌مرن، پێشتریش هه‌ر مردون له ترسی مردن مردون، له مردن زیاتر ئازار ده‌چێژن، رێك وه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ی له هه‌ژاری ده‌ترسن، وه‌كو هه‌ژار ده‌ژین و به‌كۆڵ پاره‌یان هه‌یه و خه‌رجی ناكه‌ن ئه‌وه‌شی له‌دوای مردنی بۆی ده‌مینێته‌وه، كه‌سوكاره‌كه‌یه‌تی پاره‌كه‌ی په‌رشوبڵاوده‌كه‌نه‌وه، كه‌سوكاره‌كه‌شی وه‌كو تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك له‌وكه‌سه‌ی كه ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی هه‌بوو و بێ به‌شیانی كردبوو، هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌وه هه‌ندێكیان ژیانیان به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت و خۆشگوزه‌ران ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر شیعر له مامناوه‌ندیدا شیعر نه‌بوو، ئه‌وا شاعیر له فڕین‌دا به بێ خه‌ونه، ده‌كه‌وێته عه‌ده‌مه‌وه، وه‌كو چیكۆف، یاخود یوسف ئدریس، به‌هه‌مان شێوه هۆكاری هه‌یه و ته‌نانه‌ت پێویستیشه ئاستی هونه‌ره‌كه‌ی به‌رزتربكاته‌وه، هه‌میشه بۆ به‌رزتر، هه‌وری داهێنانی له‌به‌رزایه‌كانه، هه‌ندێكی عه‌تر ده‌بارێنێته سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی فه‌یروز، وه‌كو سه‌عید عه‌قڵ ده‌ڵێت فه‌یرۆز باڵیۆزی ئێمه‌یه بۆ لای ئه‌ستێره‌كان، ئه‌وه‌ی به چیرۆكنوس ده‌وترێت له رۆماننووس زۆرتره، كه به‌بێ ئه‌زمون سه‌ركێشی بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بكه‌وێته مه‌ترسیشه‌وه، بۆیه هه‌رگیز نابێته رۆماننوس، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بگات به‌و ئاسته‌ی كه‌سایه‌تی نێو رۆمانه‌كه‌ی به گۆشت و خوێن دروستی بكات، یان بگاته كه‌سایه‌تی رۆمانه‌كه له گۆشت و خوێن، بۆیه خوێنه‌ر چێژی راكێشان له‌ده‌ستده‌دات، یاخود فڕین له‌گه‌ڵ رۆمانه‌كه بۆ بۆشای ئاسمان، كه له واقعه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، له‌بوونی ئه‌م واقعه‌ش رووداوێكی هزری ره‌نگبداته‌وه له خودی داهێنه‌ر و ده‌رچون لی و به‌داهێنه‌رانه چاره‌سه‌ری بكات، پێویستی به ئه‌فراندن و خه‌یاڵ و بیكردنه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی نوێیه له باسكردن و دیالۆگدا.
به‌ڵێ من ده‌رچووی زانكۆی هه‌ژاری ره‌شم، ئه‌وه‌ش به‌ده‌ست خۆم نه‌بوو كه بچمه ئه‌و زانكۆیه یان زانكۆیه‌كی تر، تاكو بتوانم له‌سه‌ر زانكۆ و قوتابخانه‌كان بنوسم!
به‌شی حه‌وت
ئێوه پرسیاری ژیانم ده‌كه‌ن و منیش وڵام ده‌ده‌مه‌وه
له 9/ئادار/2003 دا ته‌مه‌نم گه‌یشته هه‌شتا ساڵ، هه‌تاكو ئه‌م به‌رواره خۆمم هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تاند، یاخود ناخم هه‌ڵیده‌خه‌ڵاتاندم، بۆیه به خه‌ڵك و به خوێنه‌ره ئازیزه‌كانم ده‌گوت، كه هۆكاری ناوبانگی من وه‌كو رۆماننووس و بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوه‌كه‌م له نیشتمانی عه‌ره‌بی و جیهان به گشتی، بۆ به‌خت ده‌گه‌ڕێته‌وه، من زۆر به‌خته‌وه‌رم، هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌مخوێننه‌وه، و هه‌میشه ناوه‌كه‌م زیاتر بڵاوده‌بێته‌وه، به پێی ئاماری هۆڵه‌كانی ئه‌ده‌ب و ده‌زگاكانی چاپی لوبنان خه‌ریكه هێنده‌ی نزار قه‌بانی به‌ناوبانگ ده‌بم.
مه‌لیحه خان كه خاوه‌ن دكتۆرابوو له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و سه‌رۆكی به‌شی منداڵان بوو له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری سوریا، پرسیاری لێكردم كه هۆكاری ناوبانگیم به‌م شێوه فراوانه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له وڵامدا وتم:
ـ خانمه‌كه‌م هۆكاره‌كه‌ی بۆ به‌خت ده‌گه‌ڕێته‌وه
وتی:
ـ له‌دوای به‌خت؟
ـ ته‌نیا به‌خته و هیچی تر!
ـ نه‌خێر، شتێكی تر هه‌یه، به‌راستگۆی پێم بڵێ.
به لوت به‌رزیه‌وه وتم:
ـ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت ببێت ده‌بێت!
ئه‌و خانمه چیتر ده‌نگی نه‌كرد و زۆر سه‌رسام بوو له وڵامه‌كه‌م، به‌ڵام من كه ته‌مه‌نم گه‌یشته هه‌شتا زستان، بۆم ده‌ركه‌وت كه له دوو شت‌دا درۆم كردوه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ی باسی زیره‌گی من ده‌كات، تۆمه‌تێكی ناڕاسته و رۆژێك له رۆژان ئاشكرا ده‌بێت، كاری دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه كه من به‌خته‌وه‌ر نیم، چونكه من سێ نه‌وی خێزانه‌كه‌م تووش ده‌رده‌سه‌ری كردوه، كه‌چی هێشتا له‌ژێر روناكی هه‌ڵه‌كانمدام، كه هیچ هۆكارێكیان نه‌بوو به هیچ شێوه‌یه‌ك، من خۆم خه‌م ده‌خه‌مه رێی خۆم، به‌هۆی سێ نه‌خۆشیه‌وه ده‌ناڵێنم یه‌كه‌میان گه‌ده‌مه، كه هیچ ده‌رمانێك چاكی ناكات، دووه‌میان ئازاری ئێسكی پشتمه، كه به‌هۆیه‌وه خه‌ریكه هاوار ده‌كه‌م، سێهه‌میشیان ئه‌ژنۆی راستمه كه وشكی كردوه، دكتۆره‌كان پێم ده‌ڵێن رۆژانه یه‌ك كاتژمیر بنوسه و پشو بده، كه‌چی من به‌چه‌ندین كاتژمێر به‌رده‌وام ده‌بم له نووسین.
ناوی ئه‌م هه‌مووه بنێم چی؟ باسی رۆمانه‌كانم بكه‌م و ماندوتان بكه‌م؟، باشتر وایه به‌شێوه‌یه‌كی كورت شته‌كان بخه‌مه روو و باسی ژیانی ئه‌ده‌بی خۆم ده‌كه‌م كه چۆن ده‌ستم پێكرد، من تا ته‌مه‌نی 40 ساڵی پێم وا نه‌بوو ببمه نووسه‌رێكی به‌ناوبانگ، وه‌كو زانراوه من به‌هه‌ڵه له‌دایك بووم و به‌هه‌ڵه پێگه‌یشتم و به هه‌ڵه‌ش نووسیم، ئه‌گه‌ر باسی ژیانی منداڵیم بكه‌م كه ئێستا زۆر دوورم لێیوه، كۆچكردنی كاره‌ساتاوی له شوێنێكی خراپه‌وه بۆ شوێنێكی خراپتر، كۆچه‌كانم ئێستا ته‌مه‌نیان هه‌شتا ساڵه، به‌ڵام كۆچی من له‌گه‌ڵ زه‌مان له‌وه دوورتره، هه‌تا من بمێنم ئه‌ویش ده‌مینێت، چونكه من به قوڵی بیرده‌كه‌مه‌وه و ئاوه‌ڕ ده‌ده‌مه‌وه و ده‌ست ده‌خه‌مه سه‌ر چاوم تاكو بڕوانمه دوور، ئه‌مانه یه‌كه‌م هۆشیاریبوونی بوونه، هه‌موو ئه‌م بیره‌وه‌ریانه كه دێته‌وه بیرم و درێژیان كێشا، من نه‌فره‌تیان لێ ده‌كه‌م، چونكه بێ به‌زیانه ده‌مكوژێت.
دایكم ناوی مه‌ریانا میخائیل زكوره، سێ كچی بوو، بۆ ئه‌و زه‌مانه وه‌كو سێ كاره‌سات بوو، سه‌ختی زۆری به‌ده‌ستیانه‌وه چه‌شت، چینی هه‌ژار تاكو ئه‌و په‌ری ناخۆشی سه‌خت بوو، خاوه‌ن عه‌قڵێكی كۆن په‌رست بوون، ئه‌و چینه و كه‌سوكاره‌كانی، دایكی منیان زه‌لیل كرد، هه‌میشه تۆمه‌تباریان ده‌كرد به‌وه‌ی كه ته‌نیا منداڵی كچی ده‌بێت، لانی كه‌م ده‌بوو ژن كوڕێكی ببوایه، یاخود ده‌بوایه ئه‌گه‌ر منداڵی یه‌كه‌م كچ بێت گرنگ بوو دووه‌م كوڕ بێت، كه‌چی دایكی من سێ كچی له‌سه‌ر یه‌ك هێنا، هه‌رسێ جاره‌كه‌ش ده‌رده‌سه‌ری به‌سه‌ر هات.
به‌شي هه‌شت و كؤتايي
كه گه‌وره بووم دایكم وتی (حەنا گوێ بگره، تۆ كوڕی كه‌سێكی زۆر داواتی كردوه، له‌و رۆژه‌وه‌ی هاوسه‌ریم له‌گه‌ڵ باوكت كردوه و له‌هه‌موو جارێكدا كه دووگیان ده‌بووم و كچێكم ده‌بوو باوكت سزای ده‌دام، به‌ڵام تۆ له‌جاری چواره‌مدا و دوای چاوه‌ڕوانیه‌كی زۆر هاتی، ئه‌و كات له خۆشی‌دا گریام، كه‌چی پێشتر به‌هۆی خه‌مه‌وه ده‌گریام، له‌دوای چاوه‌ڕوانیه‌كی زۆر به‌ده‌ستمهێنای، ده‌رده‌سه‌ریه‌كی زۆرمكێشا، به‌ڵام ئه‌و به‌خششه هه‌ڕه‌شه‌لێكراو بووى به نه‌خۆشی و ترس، له‌خودا ده‌پاڕامه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌رزیه‌كه‌م بژێت، تاكو جارێكی دی تووشی خه‌م نه‌بمه‌وه، به‌راستی ئه‌وه‌ش روویدا و به نه‌خۆشی له‌دایكبووی و به نه‌خۆشی پێگه‌یشتی، له‌و ماڵه هه‌ژاره‌دا ژیان و مردن هه‌میشه به‌ده‌وروبه‌ری جێخه‌وه‌حه‌سیره‌كه‌تدا ده‌سوڕانه‌وه، ماڵێك به مانای وشه پۆچ بوو، وه‌كو گڕی مۆمێك بووی بای نه‌خۆشی ده‌تیله‌رانده‌وه، هه‌میشه ده‌ستم بۆ خودا به‌رز ده‌كرده‌وه و جۆره‌ها نزرم ده‌كرد و چه‌ندین جار له‌خودا پاراومه‌ته‌وه كه بایه‌ك نه‌یه‌ت مۆمه‌كه‌م بكوژێنێته‌وه و تووشی ئازارێكم بكات و به‌ره‌و گۆڕم ببات، كه چی ویستی خودا به‌و شێوه‌یه بوو كه هه‌میشه له‌ناوه‌ڕاستی مه‌ترسیدا ببی، ئه‌و مه‌ترسیه هه‌تا ته‌مه‌نی گه‌نجێتیش هه‌ر له‌گه‌ڵتدا بووه، دواتر له مه‌ترسی مردنه‌وه بوو به مه‌ترسی ونبوون له گرتوخانه‌كان و دوورخراوه‌كان، ئه‌وه‌ش وایكرد دوو هێنده‌ی تر بگرێم، له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌توانم جارێكی دی بتبینمه‌وه، تۆش به‌ده‌ستی خۆت، خۆت فڕێده‌ده‌یته ده‌ست ئازاره‌وه، له‌پێناو ئه‌و شته‌ی كه ناوت لێناوه داگیركه‌ری فه‌ره‌نسی و به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.
له‌نێو دڵی مه‌ترسیدا له‌دایكبووم، له‌هه‌ناویشیدا به‌خێوكرام، به بێ هودا خه‌باتم له‌دژی ئه‌و مه‌ترسیه كرد، له‌سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپه گه‌وره بووم، كارلێكه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی هه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ربوونی جه‌ستیی و ده‌روونیم، بۆیه رۆژێك كه ببووم به نووسه‌ر وتم “من نووسه‌ری خه‌بات و به‌خته‌وه‌ری مرۆیم”، خه‌باتكردن به‌خته‌وه‌ری هه‌یه و شادومانی هه‌یه، بۆیه چێژێكی زۆر به‌هێزی هه‌یه، كاتێك هه‌ست ده‌كه‌یت ژیانی خۆت له‌پیناو كه‌سانی تردا ده‌به‌خشیت، كه‌سانێكن هه‌رگیز رووبه‌ڕوو نه‌یانتناسیون، به‌ڵام له قوڵای ناخی خۆتدا بڕوات وایه كه له‌ژێرده‌ستی ترس و برسێتی و زه‌لیلی ڕزگاریان ده‌كه‌یت، شایه‌نی ئه‌وه‌یه قوربانی له‌پێناویدا بده‌یت، نه‌ك خۆتیش به‌خته‌وه‌ربی له‌گه‌ڵیان به‌ڵكو بشمریت له‌گه‌ڵیدا.
هۆشیاربوونی من، به‌شێوه‌یه‌ك بوو، له ئه‌زمونه‌وه گواسترایه‌وه بۆ هوشیاری، یه‌كه‌م ئه‌زمونی من له گه‌ڕه‌كی موسته‌نقه‌ع بوو له ئسكه‌نده‌رۆنه، كۆتا ئه‌زمونیشم له‌و كاته‌دا ده‌بێت كه له‌م دونیایه‌دا كۆچ ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها ئه‌زمونی خه‌بات و پێدانی پێشبینی به خه‌ڵك له‌پێناو هاوكاریكردنی له په‌تای جه‌هاله‌ت و رێكردن له‌گه‌ڵیان به‌ره‌و زانست، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م هه‌نگاوی رێبازه گه‌وره‌كه‌یه به‌ره رۆژێكی باشتر ده‌ڕوات.
ته‌مه‌ن به چه‌ند زنجیره‌یه‌كی یه‌ك له‌دوای یه‌كدا تێپه‌ڕی، به‌ئامانجێكی جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌ش به‌ده‌ستهێنانی مرۆیی خۆم له رێگه‌ی به‌ده‌ستهێنانی مرۆی خه‌ڵك، منداڵیی خۆم به‌سه‌ختی سه‌رفكرد، به‌ڵام ئه‌و سه‌ختیه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه به‌سه‌رمدا سه‌پێندرا، به‌پێیپه‌تی و به‌رووتی و برسێتی ژیام، بێ به‌ش له‌هه‌موو به‌هاكانی به‌رائه‌ت، چونكه سیاسه‌ت به‌نه‌قاشی ئازار وێنه‌كانی خۆی له‌سه‌ر نینۆكم نه‌خشاند، به‌خێرای فێربووم كه چۆن به‌سه‌ر ئازاری تایبه‌ت سه‌ركه‌وم به‌ره‌و ئازاری گشتی بڕۆم، فێر بووم چۆن نكۆڵی له‌خۆدی خۆم بكه‌م و به‌سه‌ر له‌خۆبایبوون سه‌ركه‌وم، له‌ناخی مندا مرۆڤێك هه‌یه، ئاره‌زوی هه‌ر شتێكی هه‌بێت به‌ده‌ستی دێنێت، نه‌ك شتێك كه نه‌یه‌وێت.
ئه‌و نێوه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی تێدا پێگه‌یشتم، به مانای وشه، نه‌خوێنده‌وار و دواكه‌وتوو بوون، به ڕێژه‌یه‌كی هێنده زۆر كه بڕوای پێناكرێت، له هه‌موو گه‌ڕه‌كی موسته‌نقه‌عدا كه‌سێك نه‌بوو بزانێت بنوسێت و بخوێنێته‌وه، خه‌ڵكی ئه‌و گه‌ڕه‌كه و گه‌ڕه‌كانی ده‌وروبه‌ری له ئازاردراوه‌كانی زه‌وی بوون، له‌وانه‌بوون به بێ هیچ ئه‌نجامێك ده‌گه‌ڕان به‌دوای رزگاربوون و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كه ته‌نانه‌ت نه‌شیان ده‌زانی ناوی چییه!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژێك دێت و فێر ده‌بن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ندی، بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ژاری له خوداوه نییه، بۆیه وته‌یه‌كی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب ده‌هێنمه‌وه وه‌كو نمونه (هیچ ده‌وڵه‌مه‌ندێك ده‌وڵه‌مه‌ند نییه به بێ بوونی هه‌ژار)، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ن هه‌موویان خراپ نیین و ئه‌وانه‌ی له‌خواره‌وه‌ن هه‌موویان باش نین.
- حەنا مینا لە ساڵی ٢٠١٨ لە دیمەشق، لە سوریا کۆچی دوایی کرد.