وەهمی هەژاری زمانی کوردی

نەوزاد جەمال

truth-Gordon Johnson

پێشەکی

ئەوە راستییەکی زانراوە کە ‘زمان’ سامانێکی نەتەوەیی نیشتمانییە. چونکە، زمان ئەمبارێکە کە لەخۆیدا یادەوەری و نەریت و بیرکردنەوەو هەست و خولیاکان هەڵگرتووە. دەشکرێت بڵێن، زمان ئەرشیفێکی مێژوویی ووشەو دەستەواژەو زاراوەو دەربڕینە جیاکانی تێدا تۆمارکراوە. بەواتایەیەکی تریش، مێژووی ئەو بیرۆکەو رووداو هەست و نەستانەن کە چوونەتە قاڵبی وشە، رستە، پەخشان، ئیدیۆم، مەتەڵ، پەند، قسەی نەستەق، شیعر، هۆنراوە و داستانەکانەوە. لەبەرئەوە، هەموو دەربڕینێک لە زماندا، دەرخەری بیرۆکەیەکە لە دەرەوەی خۆیدا. وەکچۆن بۆنموونە ‘جوانی’ ئاماژەیەکە بە بیرۆکەی جوانیی و پێناسەی بابەتی جوان، ئاوەهاش وشەی چەوسانەوە، بەڵگەی ستەمکردنە لە بەستێنێکی مێژوویی و سیاسی فەرهەنگێکدا. بۆیە، دەکرێ بووترێ زمانی گەلێک، ناسنامەیەکەتی بەڕاستی و زیندوویەتی.

لەم سۆنگەوە، دەمەوێت ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت ”زمانی کوردی هەژارە”، بخەمە بەرباس و لێکدانەوە. ئەگەرچی نە زمانناس و هاوکات زمانزانێکی پسپۆڕنیم، دەمەوێت لە گۆشەنیگای کۆمەڵێک تەوەری جیاوە، ئەو بۆچوونە سەرپێیە هەڵبوەشێنمەوە. هاوکات، باس لە گلەیی نووسەران بکەم لە زمان و پرسی توندوتژیزی زمان و پەیوەندی زمان بە ناسنامەوە و باڵایی کولتوریەوە شرۆڤەکەم. 

گلەیی لە زمان یا نووسەر؟

بە سادەتریین پێناسە، نووسەرێتی دەسەڵاتی زمان و تواناشکانە بەسەر دەربڕین و داڕشتندا. لەبەرئەوە، لاوازیی زمان، هەر نووسینی بێهێزیی لێدەکەویتەوە. بەڵام زۆرجار بێدەسەڵاتی و کەمتوانایی نووسین، دەخرێتە ئەستۆی زمان. هەڵبەت، راستە کە هەردەم زمان بە فریای نووسەرو توێژەرو رۆژنامەنووس و وەرگێڕو شاعیرانەوە نایەت، بەڵام ناهەقییە ئەگەر ئەوە بۆ خودی زمان، نەک دەستەوسانی بەکارهێنەرەکەی بگێڕدرێتەوە.

لەبەرئەوە، ساڵانێکە لێرەو لەوێ گوێبیستی ئەوەین کە ”زمانی کوردی هەژارە”. ئەم هەژاریەش بەپێی ئەو بۆچوونە، دەگەڕێتەوە بۆ دەگمەنی زاراوەو چەمکی جیاواز لە کایەی زانستیەکاندا. واتە، بە بەراورد بە زمانەکانی تر کە زیندووترو کاراترو چالاکترن، ئەوەی ئێمە لاوازە. هەروەها، هەندێک وەک “شاعیرێک” دەڵێن: بیرو ئەندێشەو هەستەکانمان بۆ ناخرێتە نێو فۆرم و قاڵبە زمانیەکانەوە. هۆکارەکەش خودی زمانەکەیە کە توانای دەربڕینی ئەو هەست و ئەندێشەییەی ئێمەی نییە! بەم پێیەبێت، زمانەکە لە دەربڕینی ئەنگیزەو ئەندێشەو خەیاڵەکدا کورتدەهێنێت.

لەبەرئەوە، ناچارین بە زمانی تر بنووسین و بدوێین، چونکی زۆر بابەت و پرسی گرنگی ئەمڕۆ لەدەستدەدەین و زمانەکە تەنها وەک میراتێکی کەلەپوری بۆ هەندێک بواری کۆن بەکاردێت، دەنا بۆ کایەو بواری زانستی ناشێت! لەوانەیە ئەم بۆچوونە تائەوێ راستبێ کە دەربڕینی نووسەرێک لاوازو تەنک و سادەو کەمدەستە، بەڵام ئەوە نیشانەی زەبوونی و هەژاری خودی زمانەکە نییە، بەڵکو ئەو ئەندێشەو هەست و خەیاڵە کە لە رێگەی دەربڕیندا ناکام دەبن. واتە، لە دەربڕینێکی گونجاو شیاو بە خودی بابەتەکە، ناکام دەبن.

بۆیە، لێرەدا دەبێ ووردتر ئەو رایەی کە دەڵێت “زمانی کوردی هەژارە” لێکبدرێتەوە. یەکەم، دەبێ ئەوە یەکلابکرێتەوە کە ئایا ‘زمان’ ئامرازە یا هەر خودی زمان شتێک نییە کە لە بیروهزر جیابکرێتەوە؟ ئاشکرایە وەک (هایدیگەر) لە رایەکی ناسراویدا دەڵێت: ”ئەوە ئێمەنیین کە بە زمان دەدوێین، بەڵکو ئەوە زمانە قسە بە ئێمە دەکات و بونیادی جیهان و شوێن و دیدگەمان دیاریدەکات.”. بۆیە، دەشکرێ بڵێین: ئەوە زمان خۆی نییە کە دەستەوسان و بێدەسەڵاتە لە بەردەم دەربڕین و گەشەکردندا، بەڵکو ئەو ئەقڵیەتەی کە پێی دەدوێ، دەنوسێ و بیردەکاتەوە،  ناتوانێ زمانەکە بە باشیی رام بکات.

ئیدی، ناتوانایی زمان، واتە بێدەسەڵاتی و هەژاری بیرو ئەقڵیش. دەنا هیچ زمانێک بۆخۆی دەوڵەمەند نییە، ئەگەر کارو بیری بەردەوامی پێنەکرابێتەوە. زمان وەک منداڵە لە گەشەکردن و پێشکەوتن و دەوڵەمەندبووندایە تاڕادەی بەخێوکردنی. بۆیە، نەتوانینی دەربڕینی دروست و قووڵ و بیرمەندانە، رەنگە هەر دەسەڵات نەشکان بێ بەسەر خودی زمانەکەدا، نەک لاوازیی زمانەکە وەکخۆی. لەبەرئەوە، تەواو پێچەوانەی ئەو ئەفسانە دروستکراوەی ساڵانێکە کە لەنێو رۆشنبیرو خوێندەواراندا دەوترێتەوە: زمانەکەمان هەژارەو تێیدا توانای دەربڕینی ئاسان نییە!

ئەمە هەر ئەو بیرکردنەوە هەژارانەیە کە زیانی زۆری لە بیری کوردی داوەو بە جۆرێکیش هەژاریکردووە. واتە رێگربووە لە گەشەپێدان و پەرەپێدانی لە بواری جیادا. بۆیە، ئەو رایە لەباتی پەنا بۆ توانست و ئەگەرەکانی دەربڕین و چەمکسازی و زۆر رێگەی تر بەرێت، دەکەوێتە سەروپۆتەڵاکی زمانەکە. چونکی، ئەگەر ئەو نووسەرانە راستدەکەن بەزیندووترین زمانی سەرئەم زەویە بنووسن، بزانین چیان لەدەستدێت و چەندە ئەو دەسەڵاتەی زمانەوانیەی هەیانە قوڵایی بیرکردنەوەو و رەهایی خەیاڵ و ئەندێشەی تێدایە؟

لێرەوە، پێمخۆشە ئەو کەسانە بگەڕێنەوە بۆ تێزەکانی فەیلەسوفی ‘شیکاری زما’ی ناسراو (ڤیتگنشتاین) بەتایبەت راو سەرنجەکانی لەمەڕ دەربڕین و ماناو زۆر شتی تر. یەکێک لە دەربڕینە جوان و گرنگەکانی ئەو بریتییە لەوەی “ئەوەی کە ناتوانین بیڵێین، دەبێ لێی بێدەنگبین”.

باڵایی کولتووری بە زمانە

ئاشکرایە، بەهۆی زمانەوە هەندێک شارستانی شانازی بەخۆیەوە دەکات و ئەوانیتر بە ناشارستانی و مرۆڤگەلێکی “بەربەر” تەماشادەکات. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەربووردەی مەسەلەی جیاوازی زمانەوانی لە دەقێکی ئایینی وەک ‘تەورات’دا دەردەکەوێت کە جیاوازی و فرەیی زمانەکان نەفرەتێکی خودایە بۆ پەرتکردنی مرۆڤ لە زەویدا. بەتایبەت، لە دروستکردنی ‘بورجی بابل’دا ئەو مەسەلە واباسکراوە کە دابەشکردنی جیهان و پەرتەوازەیی گەلان، بۆ جیاوازی زمان دەگەڕێتەوە[i].

 لێرەوە، بۆ ناسینەوەی شێوازو پۆلێنکردنی مرۆڤەکانی جیهان لەڕێگەی جیاوازی زمانەوە بەسەر بەربەرو زمانە ناڕێک و جیاوازەکاندا دەکرێت. بۆیە دروشمی ‘باڵادەستی کولتووری’ بەهۆی زمانەوە ئایدلۆجیایەکە کە بۆ ناسیۆنالیزمێک پەراوێزکار رێخۆشدەکات. هەڵبەت، لە سەردەمی یۆناندا ‘بەربەر’ بە واتای دڕندەو ئەوەی کە بە یۆنانی نادوێت[ii]. بۆیە، دەکرێ بپرسین ئاخۆ ئەوانەی کە یۆنانی نەبوون، لە بەرچی پێیانوتراوە بەربەر؟

دیارە، یۆنانەکان پێیان وابووە کە کەسێکی نامۆ دێتە وڵاتەکەیان و بە زمانەکەیان دەدوێ، ناتوانێ بەڕەسەنی و رەوانی بدوێ و رستەکان تێکەڵدەکات[iii]. تەنانەت (ئەفلاتون) لە کتێبی “کرایتل”دا باس لە دیالۆگێکی نێوان (هیرمۆجین) و (کرایتل) دەکات. لە دیالۆگەکەدا (سۆکرات) بەڵگەی ئەوەیە کە (کرایتل) نەزانە بە زمانی بەرگری لە وەڵامدانەوەو مشتومڕدا[iv]. بۆیە، ئەو نەزانیە مۆرکی ‘بەربەری’ وەرگرتووە. دواجار، وشەی بەربەری کە بەرامبەر مرۆڤێکی نائەسینایی بەکارهاتووە، بارگاوی بە ئاماژەیەکی تر: نەزانی و کەمشارستانی ئەویترێک!

 کەواتە، زانینی زمانێک رایەڵێکی گرنگی ناسنامەی ئەو گەلەی خاوەن زمانەکەیە، هەرکەس بە زمانێک بدوێت و بیرکاتەوە، بەو مانایە هەڵگری ئەو زمانەیە. وەکچۆن (هایدیگەر) رایەڵێک نەپساو لەنێوان زمان و بوون و بیرکردنەوە گرێدەداتەوە. واتە، بوونێتی بەندە بە زمانەوە. لێرەوە، زمان رەهەندێکی ئۆنتۆلۆجی هەیە و تەواوکەری ئەو سێکوچکەیە. واتە، بوون و ناسنامەو بیر پێکەوەگرێدەداتەوە.

شایانی باسە، جیاوازی و یەکسانی زمانەکان، ناگەڕێنەوە بۆ خودی زمان، بەڵکو بۆ ئەوانەی قسەی پێدەکەن. چونکی ئەوانە (بۆنموونە بەربەرەکان) نەیانتوانیوە گەشەی پێبدەن[v]. بۆیە، داگیرکردن لە بەپاشکۆکردنی زمانی نەتەوەییەوە دەستپێدەکات، ئینجا داگیرکردنی بیرو خاک و نیشتمان. بۆیە، چەوسانەوەی گەلێک، چەوسانەوەی زمانەکەشیەتی. لەبەرئەوە، قەدەخەکردنی زمان سەندنەوەی مافی دەربڕین و لێبردن و تاڵانکردنێەکە کە زۆرجار ئەو ستەمە لەژێر چەتری قانونیی وڵاتە نادیموکراسیەکاندایە، وەک وتراوە “هەموو تاوانێکی کوشتن بەپێی قانون لێرەوە دەستپێدەکات؛ کە لە کەسێک زمانەکەی بدزیت(بێبەشی بکەیت) بەڵام بەناوی زمان خۆیەوە”[vi].

جگەلەوەی کە زمان ناسنامەیە، ناسنامەش لەڕێی زمانەوە خۆی بەرجەستە دەكات، زمان نەک هەر دەبێتە كەرەسەی دەربڕین‌و دواندن، بەڵکو بۆخۆی هەڵگری ناسنامەی خۆیەتی وەك جیا لە زمانەكانی تر. بە دەربڕینێکی تر، زمان بنچینەی بیركردنەوەی مرۆڤ لەپەیوەندیكردندا دائەڕێژێ‌، بەڵام بیركردنەوەش دەبێتە بنەمایەک-ستروكتورێک-‌ بۆ فۆرمەکانی پەیوەندیكردن و ئاڵوگۆڕ.

لێرەوە، من دەتوانم بدوێم‌و بیربكەمەوە‌و تێبگەم، بەڵام تەنها لەو ڕێڕەوەی كە زمان ڕێی پێداوە. سەرەڕای ئەوەی کە زمان‌و بیركردنەوە‌و ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بەیەكدیەوە هەیە. بەڵام، ئەستەمیش نییە ئەگەر هەندێجار شتێ کە لە خولیاو بیركردنەوەدایە‌ خاوەنەکەی نەتوانێ بە زمان دەریبڕێ‌ یا هێشتا واژەی ئامادەی نەبێ‌. وەك دەركەوتووە زمان بێ‌لایەن‌و سەربەخۆ نییە، بەڵكو پڕە لە بەهاو نۆرمی كولتووری. واتە، پێوەرو بەهایەک كە ‘تاك’ دەبەستێتەوە بە سەرجەم كۆمەڵگە‌و بەهۆیەوە پەیڕەوی ئاكارو ڕەفتاری گشتی دەكات.

بێ‌ زمان، ناسنامە نایەتەدی، نەك هەر لە دەربڕیندا، بەڵكو لە چۆنیەتی دیاریکردنی ناسنامەشدا. واتە، ئەگەرچی ناسنامە لەڕێی زمانەوە پێناسەی خۆی دەكات،‌ بەڵام هەر لەوێشەوە زمانێكی تایبەت ‌لەناو زمان خۆیدا هەڵدەبژێرێ. کەواتە، ئەگەرچی لەناو زماندا كاردەكات، بەڵام پێناسەكردن‌و خۆبەرجەستەکردنی بە زمانێكی جیاتر ئەبێ‌. چونکی زمان‌و ڕەوشت‌و كولتوور لە پێكهێنانی ناسنامەی كەسێ یان كۆمەڵێكدا توخمی سەرەكین.

 ئیدی وەك چۆن بەها ڕەوشتیەکان، لە هەڵسوكەوتدا مرۆڤ بە كەسانی ترەوە دەبەستێتەوە، بەهەمان شێوە زمانیش لەپەیوەندیدا دەبێتە كەناڵێک‌ بۆ بەیەك گەیشتن‌و لەیەكگەیشتن. لەهەمانكاتدا زمان وەك كەرەسەیەكی ناسنامە، دەبێتە بەشێك لە ناسنامە خۆی ‌و شێوازێكی تایبەت وەردەگرێ‌‌ تائەو رادەی کە دەبێتە شێوەزمانێك.

هەڵبژاردنی زمان، هەڵوێستە

 زۆرجار هەڵبژاردنی زمانی ئاخاوتن بە رەفتارێکی خۆڕسک و ئاسایی دەبینین، بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی کە فرەنەژادو نەتەوەن. هەمیشە لەوێدا زمانی زاڵ و باو، زمانی نەتەوەی سەردەستەو فەرمانڕەوایە. دەستوورو دەقە قانونی و نوسراوە فەرمیەکان، خوێندن و راگەیاندن و زمانی ئاڵوگۆڕی رۆژانە، هەمووی لە بیرۆکەی یەک زمانەوە دێت. بەمەش، باڵادەستی زمان بەتەنها لەیەک زماندا کۆدەبێتەوەو دواجار ئەفسانەی باڵادەستی زمانی زاڵ، دەبێتە بەڵگەنەویست و نیشانەی شارستانیەت و هێزی سیاسی و کولتووری. بەدەربڕینێکی تر؛ ئەفسانەی “یەک زمانیی” بۆ کۆمەڵگەیەکی فرەنەژادو فرەکولتوور، وەک بنەڕەتێک و پێوەرێکی نموونەی هەموو زمانە خۆجێیەکان، ئایدۆلۆجیایەکی باڵادەستی دەوڵەتە. بەتایبەت کە زمانێک دەبێتە زمانی دەقی پیرۆزو دەستوور، دواجار دەبێتە سەنتەرو ئەویتر (زمانە خۆجێی و زمانی نەژادەکانی تر) دەکەوێتە پەراوێز! کەواتە ئەفسانەی بنەڕەتی زمانی وڵات و دەوڵەتی سەردەست، ئەفسانەی زمانسالاریش لەتەک خۆیدا دەهێنێت! 

لەکاتێکدا کە ‘فرەیی زمان’ نەک هەر بەندنییە بەیەک کۆمەڵگە وگەلو وڵاتێکەوە، بەڵکو تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ جیهاندا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ‘فرەیی زمان’ ئەستەمە. بەواتایەکی تر، فرەیی قەدەرو چارەنووسی هەموو جیهانە! بەڵام لەوێدا کە یەک زمان باڵادەستە، دواندن بەزمانی دایک لای کەمینەکان، هەڵوێستنواندنە. واتە پەیامێکە کە ویستی خۆبەدەستەوەنەدانی تێدایەو رەفتارێکە لەدەرەوەی تەنها بەکارهێنانی ئاسایی زمان. کەواتە، پرسەکە لێرەدا تەنها قسەکردنەک نییە، بەڵکو هەڵوێستە کە “من” قسەدەکەم بەمە، نەک بەزمانی ئەویتر[vii]. کاتێک بۆنموونە فەرمانبەرانی وڵاتێکی ئەفریقی لەسەر کارەکەیان بەزمانی فەرەنسی دەدوێن لەناوخۆیاندا، مانای ئەوەیە کە چاولێکەری نموونەی خۆرئاواییەکان بن و بەوەش خۆیان لە هاونیشتمانییەکانیان جیاکەنەوە کە خوێندەوارترو هەڵگری بڕوانامەن! ئەگەر فەرمانبەرێک لەوێدا بە فەرەنسی قسەنەکات، ئەوە هەڵوێستێکە لەبەرامبەر داگیرکەری فەرەنسی و ئینتماکردنەوە بۆ زمانی نیشتمانی خۆماڵیی![viii]

لەو سۆنگەوە (لویس کالفی) نووسەری کتێی “تێوری زمان و داگیرکەر” باسی ئایدۆلۆجیاو پەیوەندی زمان و داگیرکاری دەکات[ix]. لەوێدا ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن جیاوازی و رەگوڕیشەی زمان، رۆڵی لە ئادیۆلۆجیای -کۆلۆنیالیزم-دا گیرکاریدا هەیە. هاوکات، جیاوازی زمانی و بەروارد لەنێوان زمانی ئەورپی و هیندوئەروپی و ئەوانیتردا، بۆخۆی جۆریکە لە ململانێی شارستانی و سیاسی. ململانێی و ئایدۆلۆجیایەک کە مێژووی گەلانی خۆرئاوایی پێدەستنیشاندەکرێت. ئیدی ئەوەی فرەیی زمان و جیاوازییەکان، پرسیارێکی گرنگ و ئەوەی لێکەوتەوە کە پێدەوترێ جەنگی زمانەکان. جەنگێک لەنێوان ئەوەی بانگەشەی ‘زمانە زیرەک و باڵاکانە’. بێگومان، ئایدۆلۆجیای ئایینی و خاوەن شارستانیەکان خۆشکەری ئەو جەنگە بوون. بۆیە، جیاوازیەکانی زمان نەبوونە هۆی چەسپاندنی یەکسانیی نێوان زمانەکان و داننان بە مافی سروشتیاندا. ئیدی، دواجار ئەو نایەکسانی و جیاوازیانە گۆڕان بە پاشکۆیی لەڕیی زمانەوە. واتە زمانی ئەویتر گۆڕا بەزمانێکی نزم و پاشکەوتوو و هەژار[x].

بۆیە، دەکرێ بڵێین پاشکۆیی زمانەوانی، پاشکۆیی هزری و کولتووری بەدوای خۆیدا هێناوە. هاوکات جیاوازی زمانی، لەئەنجامی پێشکەوتنی زمانێکەوە و بەهۆی هەلومەرجی سیاسیەوە دەکرێتە پێوەری گەشەکردن و دەوڵەمەندیی زمانێک. بەم پێیەش بێت، ئەویتر کە ئەو هەلەی بۆ نەڕەخساوە، دەبێتە پاشکەوتوو و نزم و هەژار! واتە، زمانی داگیرکەر هەمیشە باڵاو گەشەکردوو دەوڵەمەندو زیندووەو نیشانەی شارستانیەت و پێشکەوتنە. بەڵام، ئەویتریش زمانی خۆیی و پەراوێز! بەڵام، ئەم هەڵسەنگاندنە، هیچ پەیوەندی بەخودی زمانەوە نییە بەدیوە زانستیەکەیدا، بەڵکو روانینە لە پێگەو سەنگی سیاسی زمانێکەوە.

توندوتیژی لە بەکارهێنانی زمانێکدا

رەنگە لامان سەیربێت ئەگەر بووترێ: بەکارهێنانی هەر زمانێک لەخۆیدا هەڵگری جۆرێک توندوتیژییە. بەپشتبەستن بە تێزی (ژان ژاک لوسرکل) لە کتێبی “توندوتیژی زمان” لێرەدا  مەبەستەکە روونتر دەکرێتەوە[xi]. دیارە، پرسیارو تێزی سەرەکی کتێبەکە لە پرسیارێکی دێرین و کۆنەوە سەریهەڵداوە: کەسێک کە زمانێک بەکاردەهێنێت، کێ لەوێدا ئاخێوەرە(قسەکەر)؟ زمانەکە یا کەسەکە؟

بەمانایەکی تر؛ ئایا ئاخێوەر دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئامرازەکانی بەکارهێنانییدا هەیە کە زمانە؟ واتە، بەو جۆرەی کە خۆی دەیەوێت و تێدەگات و بەو بۆچوونەی کە پێشتر هەیبووە؟ یا ئەوە زمانە کە خۆی رۆڵی سەرەکی لە دەربڕیندا هەیە؟ واتە مەرج و گوشاری خۆی هەیە لەسەر ئاخێوەرە یا گەمەکاری بنەڕەتیی لە پرۆسەی ئاخاوتندا؟[xii]

دیارە، ئەو نووسەرە ‘رەگەزەی دووەم’ کە ‘زمان’ە بە توندوتیژی زمان ناودەبات. چونکی، وەڵامی پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە: کە زمان قسەدەکات، ئینجا من قسەی پێدەکەم! بێگومان، بۆچوونەکانی ئەو نووسەرە وەکخۆشی دانیپێدادەنێت نوێ نیین، بەڵکو پێشتر چەندیین فەیلەسوفی وەک (هایدیگەر، ڤیتگنشتاین، دلۆز، لاکان) و زۆریتریش لەو دەرگەیان داوە.

بۆیە، لەسۆنگەی بۆچوونێکی (لاکان)ەوە کە پێیوایە، زمان تەنها دەفری بیرو زانیارییەکان نییە، هاوکات تەنها ئامرازی گەیاندنیش نییە[xiii]. بەڵکو شکستی تێگەیشتن و پەیوەندی مانا و دەلالەت و پەیامێکی گرنگی هەیە: دۆخەکانی خراپ لەیەکگەیشتن و شێواندن و ئەزموونە شێلگیرەکان (هەڵە زمانەوانیەکانیش)، هەموو نیشانەو هەڵقولاوی زمان خۆیین و لەخۆییەوە دێنەئاراوە[xiv]. ئەمە، جگەلەوەش ‘زمان’ جیگیرو سەربەخۆ و بێلایەنی نییە!

ئەنجام

لە کۆتاییدا دەبێ ئەوە وەبیرخۆمان بهێننینەوە کە ئەگەر وەهمی ‘هەژاریی زمانی کوردی’ ببوایە بەباوەڕو قایلبونێکی سایکۆلۆجی سەرسەخت، ئەوسا نەدەبوو (خانی) و (نالی) و (سالم) و هیچ نووسەرو بیرمەندێکی کورد پێنویسی بخستایەیەتە سەر کاغەزو تاقە بەرهەمێکی خۆماڵی بەجێهێشتایە. لەبەرئەوەی، هەریەکەیان بگرە زیاتر لەزمانێکی داگیرکەری زانیوەو بەباشیش دەسەڵاتی نووسینی بەسەر ئەو زمانانەدا شکاوە. جگەلەوەی، لەنێو نەتەوە سەردەستەکاندا بەهۆی خوێندەواری زیاتریان، شانسی دەرکەوتنی ناوبانگی باشتریان دەبوو!

 بەڵام، ئەوان ئەو رێگە ئاسان و بەرژەوەندیخوازانەیان هەڵنەبژارد، بەڵکو بوونە دەستمایەکی باشی نووسین بە کوردی و پوچەڵکردنەوەی ئەوەی ئەگەریش زمانی کوردی هێشتا بە فەرمی نەناسراوبێ و پێی نەخوێنرێت، وەلێ کەمایەسی و کەموکورتیەکە لەخۆیدا نییە، بەڵکو هەلومەرجە سیاسیەکە رێگرو کۆسپە. واتە، نەبوونی ئازادی مرۆڤ، بەشێکی دانەبڕاوە لە چەوسانەوەی زمانی کوردی و کولتوورەکەی. دەنا، زمانی خۆماڵی ئەگەر توانستی (پۆنتێنسیاڵی) لە زمانە سەردەستەکان زێتر نەبێت، بێ سێو دوو کەمتر نییە. سەرەڕای ئەوەی، بیرۆکەی هەژاریی زمان لەڕووی زانستی و فەلسەفەی زمانەوە کەم شارەزاییە، هاوکات پەسەندکردنی توندوتیژیەکی ئایدۆلۆجیای نەتەوەزاڵەکان لە بەکارهێنانی زمانەکان بۆ نووسین و کاری روناکبیری و بەئاڵۆگۆڕی هەستوسۆزیشەوە. بەکارهێنانی زمانی بیانی، جگەلەوەی واتە بیرکردنەوە لە سیتمی هزری و ئایدۆلۆجیی ئەوان، داننانە بە تواناو هێزو دەستەوسانی خۆمان.

لەبەرئەوە، گلەیی و پاساوەکان کە ئاراستەی زمان دەکرێت، جگەلە دەستەوسانی توانای نووسین، بانگەشەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆجیای باڵادەستی نەتەوەکانی تر لەرێگەی بەکارهێنانی زمانەکانیانەوە. ئەمە بەهەموو پێوەرێک مانای خۆبەدەستەوەدانی زمانییە، نەک پاشکەوتووی زمانەکە. بەدەربڕینێکی تر، پاشکۆکردنێکی راستەوخۆیی کولتووریی و وابەستەکردنی نەتەوەیەکە بە دەوڵەتێکی نەتەوەی سەردەستەوە.

ژێدەری سەرچاوەکان:

جان جاک لوسرکل: عنف اللغة. ت. د. محمد بدوي. ط٢ بیروت ٢٠٠٦

موریس أولندر: لغات الفردوس. ت. د. جورج سلیمان. ط١ بیروت ٢٠٠٧

لویس جان کالفي: حرب اللغات و السیاسات اللغویة ت. د. حسن حمزة. بیروت ٢٠٠٨


[i]  ایدولوجیا التفوق. لویس جان کالفي: حرب اللغات و السیاسات اللغویة. د. حسن حمزة. ٣٠ -٦٠. بیروت ٢٠٠٨

[ii]

[iii]  ه. س. ل١٠٢

[iv]  ه.س. ١٠٣

[v]  ه.س. ل١٠٧

[vi] ه.س. ل١٣٤

[vii]  ه.س. ل١٣٩

[viii]  ه.س

[ix][ix]  ه.س. ل ١١٧

[x] ه.س. ل ١١٩

[xi]  جان جاک لوسرکل: عنف اللغة. ت. د. محمد بدوي. ص ٣٠-٦٠. ط٢ بیروت ٢٠٠٦

 [xii] ه.س. ل:٧ و ٢٠٥-٢٣٠

[xiii]  لویس کالفي: ل١٤

[xiv]  ه.س ل ١٤





نەوزاد جەماڵ

توێژەرو پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر

Check Also

به‌رخۆریی هزریی له ‌روناکبیری کوردیدا

نه‌وزاد جه‌مال photo: LeoNeoBoy سەرەتا ئەم نووسینە تاوتوێکردنی دۆخی پاشکۆییە لە روناکبیریی کوردیداو پەردەلادانە لەسەر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *